عەون زیاب وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق رایگەیاند، دوای بەدواداچوونە ھاوبەشەکانیان لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ بۆیان دەرکەوتووە بەھۆی بارانبارینی زۆر لە بیابانەکانی خۆرئاواو بەشی خۆرھەڵات لە سەر سنورەکانی نێوان عێراق و ئێران ئاستی گلدانەوەی ئاو بۆ ٥.٨ ملیار مەتر سێجا بەرزبووەتەوە و ئەوەش کاریگەری ئەرێنی و سوودێکی زۆری بۆ کەرتی کشتوکاڵ و ئاودێری دەبێت.
وتیشی، ئەو ئاوەی گلدراوەتەوە بەشێوەیەکی یەکسان بەسەر ھەموو ناوچە کشتوکاڵییەکانی عێراقدا دابەش دەکرێت و داواش لە جوتیاران کراوە بەپێی پێویست ئاو بەکاربھێنن و زیادەڕەوی نەکەن لە بەکارھێنانیدا بۆئەوەی لە وەزی ھاویندا روبەڕووی کێشەی کەمئاوی نەبنەوە.
ئەیسر غەریری وەزیری بازرگانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ژمارەیەکی زۆر بارھەڵگر کە بارەکانیان ھێلکە و شیرو ئارد و مریشکە نێردراون بۆ ناوەندەکانی فرۆشتن لە بەغداد و پارێزگاکانی تری عێراق ، تا بە نرخی کەمتر لە بازاڕ بفرۆشرێن بە ھاووڵاتیان.
وتیشی، وەزارەتەکەی لە رۆژانی داھاتوودا گۆشت و ماسی و کەرەستەکانی تر بە نرخی ھەرزان دەستبەر دەکرێت و ھەڵمەتی زیاتر دەکەن بۆ دابەشکردنی ماددە خۆراکییە جۆراوجۆرەکان بەئامانجی دابینکردنی پێداویستییەکانی ھاووڵاتیان و رێگری لە گرانی.
بە پێی ئامارەکانی ئەنجومەنی جیھانی زێڕ، لە ساڵی رابردوودا بانکە ناوەندییەکان لە جیھاندا بڕی ١١٣٦تۆن زێڕیان بە بەھای ٧٠ ملیار دۆلار کڕیوەو بەرزترین رێژەی لە ٥٥ ساڵی رابردوودا تۆمارکردووە.
رونیشیکردۆتەوە، رێژەی کڕینی زێڕ لە نیوەی دووەمی ساڵی رابردوو بەراورد بە نیوەی یەکەم زیادی کردووەو بانکە ناوەندییەکانی جیھان ٨٦٢ تۆن زێڕیان کڕیوە، لەکاتێکدا لە نیوەی یەکەمدا ٢٧٤ تۆنیان کڕیوە.
بە پێی ئامارەکانی ئەنجومەنی جیھانی زێڕ، لە نێو وڵاتانی عەرەبی میسر بە کڕینی ٤٤.٦ تۆن زێڕ پلەی یەکەمی گرتووەو عێراقیش بە کڕینی ٣٣.٩٧ تۆن پلەی دووەمی گرتووە.
سەبارەت بە نیشتیمانیکردنی پیشەسازی دەرمان لە عێراق، محەمەد شیاع سودانی لەگەڵ کۆمەڵەی بەرھەمھێنەرانی دەرمان کۆبۆوەو رایگەیاند،حکومەت دۆسیەی تەندروستی کردۆتە کاری لە پێشینەی کارنامەکەی و پێی وایە پیشەسازی دەرمان یەکێکە لە بزوێنەرەکانی ئابوری و رۆڵی ھەیە لە دابینکردنی ھەلی کار.
وتیشی، عێراق تەنھا لەسەدا ١٠ی دەرمانی خۆی بەرھەمدەھێنێت و ساڵانە دەرمان بە بەھای ٣ ملیار دۆلار دەرمان ھاوردە دەکات کە زۆرینەی پشکینی بۆ ناکرێت.
سەرۆک وەزیران جەختیکردەوە لە توانای کەرتی تایبەت لە پیشەسازی دەرمان و رایگەیاند، کەرتی تایبەت دەتوانێت ٢٥٠ جۆری تری دەرمان بەرھەمبھێنێت.
ژمارەیەک رێکخراوی عێراقی و نێودەوڵەتی تایبەت بە ژینگە لە راپۆرتێکی ھاوبەشیاندا ئاماژەیان بەوەکردووە، مەترسییەکانی کەمبوونەوەی سەرچاوەکانی ئاو لە سنوری پارێزگای نەینەوا بە گشتی و خۆرئاوای پارێزگاکە بەتایبەتی رۆژ لە دوای رۆژ لە زیادبووندایە و ئەگەر چارەسەری بەپەلەشی بۆ نەدۆزرێتەوە لە ماوەی دە ساڵی داھاتوودا نزیکەی دوو ملیۆن دانیشتووی پارێزگای نەینەوا ناچار دەبن ناوچەکانیان چۆڵ بکەن و ئاوارە ببن.
وەزارەتی ژینگەی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، لەم ساڵانەی دواییدا لە سنوری پارێزگای نەینەوا کەمترین باران باریووە و وشکەساڵی بەرێژەیەکی زۆر پارێزگاکەی گرتووەتەوە و بووەتە مەترسی لەسەر کۆی دانیشتوانی پارێزگاکە بە گشتی و شارۆچکەکانی شنگال و تەلەعفەر و بەعاج بەتایبەتی کە پێشبینی دەکرێت بەھۆی بێئاوییەوە ناچار ببن ناوچەکانیان بەجێبھێڵن و ئاوارە ببن.
محەمەد حەلبوسی لە تویتێکدا رایگەیاند، جاری یەکەم نییە بەھای دینار گۆڕانکاریی بەسەردا دێت، رێکارەکانی بانکی ناوەندیی عێراقیش گوونجاوە لەگەڵ داواکارییە نێودوڵەتییەکان و سیاسەتی نەختینەیی و ئامانج لێیان رێکخستنی جوڵەی دراوی بیانی و رێگریکردنە لە قاچاخچێتیکردن بە دراو.
حەلبوسی وتیشی، پێویست بە نیگەرانی و ترس ناکات و ئاماژەکان لەبارەی ئابووریی عێراقەوە ئەرێنیین، بەتایبەت بەھۆی یەدەگی نەختینەیی و ئاستی داھات کە زیادیکردووە، ھەروەھا راشیگەیاند، بەھای دۆلار دەگەڕێتەوە بۆ دۆخی ئاسایی خۆی، لەگەڵ رێکارەکانی بانکی ناوەندی و ھەوڵەکانی حکومەت بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاڵوگۆڕ و رێگریکردن لە یاریکردن و قاچاخچێتی و پارێزگاریکردن لە سەقامگیریی.
ھەروەھا ھێڵی ئاسمانی تورکیا لە ڕاگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، بەھۆی ھاتنی شەپۆڵێکی بەھێزی بەفربارینی بۆ ناوچەکانی مەڕمەڕە و ئیستەنبووڵ، سەرجەم گەشتەکانی رۆژانی یەکشەممە و دووشەممەی فڕۆکەخانەی ئیستەنبووڵ رادەگیرێن.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، گەشتەکانی ئەو دوو رۆژەی فڕۆکەخانەکە ٢٣٨ گەشتن، لەو گەشتانەش ٧٢یان ناوخۆیین و ١٦٦یشیان نێودەوڵەتین.
ئیڤان فایەق وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، بریاری دەرکردوە بۆ دابەشکردنی سوتەمەنی بەسەر ٢٤١٧ خێزانی ئاوارە لە کامپەکانی سنوری دھۆک و ھەولێر و بۆ ھەر خێزانێکیش ١٠٠ لیتر دابین دەکرێت.
دوابەدوای بریارەکەش تیمی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران لە دھۆک ١١٨ ھەزار لیتر نەوتی سپی بەسەر ١١٨٠ خێزانی ئاوارەی نیشتەجێی کامپی داودیە لە قەزای ئامێدی و کامپی بیرسفی لە قەزای زاخۆ دابەش کردوە. ھەروەک تیمەکەیان لە پارێزگای ھەولێر ١٢٣ھەزار و ٧٠٠ لیتری بەسەر ١٢٣٧ خێزانی کامپەکانی بەحرکە و حەسەن شام دابەش کردوە.
فایەق زێدان سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادەوەریی عێراق، فەرمانێکی ئاڕاستەی سەرجەم دادگاکانی لێکۆڵینەوە کرد و داوای لێکردن، رێکاری یاسایی بەرامبەر ھەر کەسێک بگرنەبەر، کە لە رێگەی بازرگانیکردن بە دراوی بیانی یاخود قۆرغکردنی کاڵا و ماددە خۆراکییەکان و پێداویستییە سەرەکییەکانی رۆژانەی ھاووڵاتیان، زیان بە "ئابووریی نیشتمانی" بگەیەنێت.
فایەق زێدان داواشی لە وەزارەتی ناوخۆ و دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق کرد، بەڕێوەبەرایەتییەکانی پۆلیس و تیمەکانی ئاسایشی نیشتمانی رابسپێرن، ھەماھەنگی لەگەڵ دادگاکان و ئەندامانی داواکاری گشتی بکەن، تاکو نوسینگەکانی کۆفرۆشی و ئەو شوێنانەی ئاڵوگۆڕی دراوی بیانییان تێدا دەکرێت، بپشکنن و سەرپێچیکارانی یاسا دەستگیر بکەن.
ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، کۆبوونەوەکە سەعات شەشی ئێوارەی ئەمڕۆ دەبێت و تایبەت دەبێت بە رەوشی عێراق.
لە کۆبوونەوەکەدا جینین پلاسخارت نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق یونامی، نوێترین راپۆرت سەبارەت بە دوایین پێشھاتەکان سەبارەت بە رەوشی سیاسی و خزمەتگوزاری و ئابوری و مرۆیی عێراق دەخاتەڕوو.
لە دوایین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو بەڕێوەچوو، پلاسخارت پشتیوانی نەتەوە یەکگرتووەکانی بۆ حکومەتی عێراق دووپاتکردەوە و داوای یەکگرتوویی لایەنەکانیشی کرد، راشیگەیاند گەندەڵی لە عێراق بووەتە کێشەیەکی زۆر گەورە.
ئەمڕۆ لە بەغداد د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عێراق پێشوازیکرد لە "فەیسەل بن فەرحان" وەزیری دەرەوەی سعودیە و جەختیکردەوە لە قوڵی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵات و پابەندییان بە پەرەدان بە ھەماھەنگییەکانیان لە بوارە جیاکان و پرسە ھەرێمی و نێودەوڵەتییەکاندا، کە بەرژەوەندی ھەردوو وڵاتی تێدایە.
د. لەتیف رەشید راشیگەیاند، عێراق و سعودیە لە پایە سەرەکییەکانی سەقامگیری ناوچەکەن.
وەزیری دەرەوەی سعودیەش، پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ ھەوڵەکانی عێراق لەپێناو بەدیھێنانی سەقامگیری دووپاتکردەوە، جەختیشیکردەوە لە گرنگی کارکردن بۆ پتەوترکردنی پەیوەندییەکان و فراوانکردنی ھەماھەنگییەکان و ئاڵۆگۆڕی بازرگانی. وتیشی، عێراق توانای روبەڕوبوونەوەی ململانێکانی ھەیە، ئامادەیی وڵاتەکەشی دەربڕی بۆ ھەماھەنگی و وەبەرھێنان لە پرسی غازدا.
موحسن مەندەلاوی لە میانی پێشوازیکردنی لە "ئسبن ئیڤینت" باڵیۆزی نەرویژ لە عێراق رایگەیاند، دوای تەواوکردنی سەرۆکی لیژنەکان، ئەنجومەنی نوێنەران گرنگی بە پڕۆژەیاسا گرنگەکان دەدات، لە گرنگترینیشیان پڕۆژەیاسای بودجەیە کە جەختدەکاتەوە لەسەر خزمەتگوزارییەکان و چالاککردنی پیشەسازی ناوخۆیی و وەبەرھێنان و گرنگیدان بە دابینکردنی ئاو و کەرتی کشتوکاڵ و تەندروستی و ئاسانکاریکردن بۆ کۆمپانیا جیھانییەکان.
"مەندەلاوی" داوای کاراکردنی پڕۆگرامی نەوت بەرامبەر گەشەپێدانی کرد، کە لەنێوان عێراق و نەرویژ ئیمزاکراوە و ھاوکار دەبێت لە بەدیھێنانی بەرژەوەندییەکانی ھەردوو وڵات.
لە میانەی دیدارەکەدا، سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لەوە کردەوە کە شاری کەرکوک گرنگییەکی تایبەتی ھەیە و لە سەردەمی رژێمی لەناوچوودا رووبەرووی نادادپەروەری و گۆشەگیری و پەراوێزخستن بۆتەوە، جەختیکردەوە لەسەر پێویستی باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان و نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی کەرکوک لە پێناو بەدیھێنانی داواکارییەکانی خەڵکی شارەکە.
ھەرلە کۆبوونەوەکەدا باس لە دۆخی شارەکە و گرنگی دەستپێکردنی پڕۆژەی ستراتیژی و بنیادنانی شار کرا.
لە بەرامبەردا ئەندامانی وەفدەکە باسیان لەو ئاستەنگانە کرد کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە ، ھەروەھا ئەوکێشانەی دانیشتوانی کەرکوک بەدەستیەوە دەناڵێنن.

نوسینگەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، لە چوارچێوەی پڕۆگرامی حکومەت و ھەوڵە بەردەوامەکان بۆ گەڕانەوەی پارە بەتاڵانبراوەکان لە دەرەوەی عێراق، توانراوە زیاتر لە ٨٠ ملیۆن دۆلار بگەڕێندرێتەوە وڵاتەکە.
راشیگەیاند، ئەو پارەیە گەڕێندراوەتەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت.
پێشتریش سودانی لە چەندین بۆنەی جیاوازدا تەئکیدیکردووەتەوە لە بەردەوامی ھەڵمەتەکان بۆ گەڕانەوەی پارەکانی عێراق و دەستگیرکردنی داواکراوان بە تۆمەتی گەندەڵی و بردنە دەرەوەی پارە.