نوسینگەی مەرجەعی باڵای شیعەکان لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو بومەلەرزە بەھێزەی ناوچەیەکی فراوانی لە تورکیا و سوریا گرتەوە، ژمارەیەکی زۆر قوربانی و زیانی ماددی گەورەی بە شوێنی نیشتەجێبون و ژێرخانی ئابوری گەیاندووە و کارەساتێکی مرۆیی کەم وێنەیە لەم سەردەمەدا.
راشیگەیاندووە، مەرجەعی باڵای ئاینی لە نەجەف، ھاوخەمی و ھاوسۆزی خۆی بۆ کەسوکاری قوربانیان دەربڕیوە و ھیوادارە لایەنە پەیوەندیدار و گشتییەکان و کەسانی خێرخواز ھەوڵەکانیان یەکبخەن بۆ دابینکردنی پێداویستییە گرنگەکان بۆ زیانلێکەوتووان بە زووترین کات.
عەلی عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق رایگەیاند، حکومەت و بانکی ناوەندی لە ھەوڵەکانیان بەردەوام دەبن بۆ سەقامگیرکردنی بازاڕی دراو و دوای رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیران لەسەر نرخی نوێی دۆلار، ئەمرۆ ١٠٠ دۆلار بە ١٣٠ ھەزار دینار دەخرێتە بازاڕەوە، بەڵام تائێستا بانکی ناوەندی ئاشکراینەکردووە بۆ ئەمرۆ چەند ملیۆن دۆلار دەخاتە بازاڕەوە.
دانانی نرخێکی نوێ بۆ فرۆشی دۆلار، بەھای دیناری لە بازاڕەکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە عێراق و ھەرێمی کوردستان بەرزکردەوە و لە ماوەی چەند سەعاتێکدا بەھای دۆلار نزیکەی ١٠ ھەزار دینار دابەزی.
نوسینگەی لێکۆڵینەوە لە دەستەی دەستپاکی فیدراڵی بڵاویکردەوە، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ یەکێک لە ئەندامانی ئێستای ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەرچووە، بە تۆمەتی وەرگرتنی بەرتیل بە بڕی ٧٥٠ ھەزار دۆلار لە بازرگانێک بە ھاوبەشی لەگەڵ پەرلەمانتارێکی خولی پێشوو، لەبەرامبەر ئەوەی باس لەو گەندەڵیانە نەکەن کە تایبەتە بە کۆمپانیکانی ئەو بازرگانەی بەرتیلەکەی پێداون.
دەستەی دەستپاکی ئاماژەی بەوەدا، بڕیاری بانگھێشتکردن و دەستگیرکردن بۆ ئەو پەرلەمانتارە دەرچووە بە مەبەستی ھەڵگرتنی پارێزبەندی، بەھۆی یەکلانەبوونەوەی دۆسیەکەش ناوی پەرلەمانتارەکان و بازرگانەکەی ئاشکرانەکردووە.
لە ماوەی ٢٤ سەعاتیشدا ئەوە دووەمین پەرلەمانتاری ئەنجومەنی نوێنەرانە کە لەلایەن دەستەی دەستپاکییەوە بانگھێشتبکرێت.
د.لەتیف ڕەشید سەرۆک کۆماری عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، گەلانی ناوچەکە بەتایبەتیش سوریا و تورکیا بەھۆی بوومەلەرزە و ناجێگیری کەشوھەوا لە رەوشێکی ناھەمواردا دەژین، بۆیە داوای ھاوکاری لە ھەموو لایەک دەکەن بۆئەوەی فریاگوزاری بەپەلە بگەیەنرێتە ئەوانەی زیانیان بەرکەوتووە، داواشی لە حکومەت و لایەنە سیاسییەکان کردووە ناکۆکییەکانیان پشتگوێ بخەن و ھاوکاربن لەگەیاندنی ھاوکاری بە زیانلێکەوتووان، داوای لە لایەنە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانیش کردوە بەھانای لێقەوماوانەوە بچن و ھەموو ئەو بڕیارو سیاسەت و ناکۆکییانە رابگرن کە زیانیان بە ھاوڵاتیانی مەدەنی گەیاندووە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، زیانەکان پێویستیان بە پلانی فریاگوزاری درێژخایەن ھەیە، بەو پێیەی بەشێک لە خەڵکی مەدەنی بۆ مانگەکانی داھاتوو و ڕەنگە ساڵانی داھاتووش بێ کار و خانوو و خزمەتگوزاری دەمێننەوە و ھەزاران برینداریش ھەن کە پێویستیان بە خزمەتگوزاری و چارەسەرکردن ھەیە و ناوچە وێرانبووەکانیش پێویستیان بە ئاوەدانکردنەوەیەکی خێرا ھەیە بۆ گەڕاندنەوە ژیانی ئاسایی.
"محەمەد شیاع سودانی" سەرۆک وەزیرانی عێراق سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی کرد کە تایبەت بوو بە گفتوگۆکردن لەسەر یەکخستنی داتاکانی حکومەت، لە کوبونەوەکەدا جەخت لەسەر گرنگیی ئاسایشی داتاو گرتنەبەری ڕێوشوێنی پاراستنی داتاکانی حکومەت کردەوە، کە بنکەی زانیارییەکان لەدەزگا جیاجیاکانی حکومەتدا دەتوانن بەھایەکی زۆریان ھەبێت بەتایبەتی لە یەکخستنیان سوودیان دەبێت لە وردبینی و باشترکردنی ئامانجدا.
راشیگەیاند، پێویستە یەک پێکھاتەی سەرەکی بۆ بنکەی داتای نیشتمانی ھەبێت، دواتر ھەر لایەنێک دەتوانێت بزانێت چی رێگە پێدراوە بۆیان.
ھاوکات سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، ھانی پەرەپێدانی میتۆدی مۆدێرنی دا بۆ بەڕێوەبردنی داتاکان بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان، بۆ بەدیھێنانی ئاسایشی داتاکان، بەمەبەستی ئاسانکردنی ڕێوشوێنەکان و کەمکردنەوەی تێچوونەکان و بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی.

فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڵاویکردەوە، زیاد عەلی فازڵ وەزیری کارەبای عێراق لە کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاندووە، بۆئەوەی بتوانن کارەبای ٢٤ سەعاتی دابین بکەن، پێویستان بە ٣٧ ھەزار مێگاوات کارەبا ھەیەو لەئێستاشدا ١٤ مێگاوات کارەبا کورتھێنانیان ھەیە بۆئەوەی بگەنە ئەو ئاستە.
وەزیری کارەبای عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە، داوایان کردووە لە پرۆژەیاسای بودجەی ٢٠٢٣دا بڕێکی پێویست پارەیان بۆ تەرخان بکرێت بۆئەوەی لە بواری وەربەرھێنانی کارەبا و چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەی وێستگەکانی کارەبا خەرجی بکەن و لەگەڵ ئەوەشدا پێوێستییەکی زۆریان بە بنیاتنانی ئەو وێستگانە ھەیە کە لەرێگەی تیشکی خۆرەوە کارەبا بەرھەم دەھێنن.
د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عێراق لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا لەگەڵ بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا ھاوخەمی خۆی دەربڕی بۆئەو کارەساتەی بەھۆی بومەلەرزەوە سوریای گرتەوە.
راشیگەیاند، حکومەت و گەلی عێراق ھاوخەمی تورکیایە و سوریایە و ئامادەشن بەھەموو شێوەیەک ھاوکاری زیانلێکەوتووانی بومەلەرزەکەی سوریا و تورکیا بکەن.
ھاوکات محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراقیش لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا لەگەڵ بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا رایگەیاند، گەل و حکومەتی عێراق بەھەموو شێوەیەک ئامادەن ھاوکاری زیانلێکەوتووانی بومەلەرزەکە بکەن.
ئەمڕۆ سێشەممە لەکاتی کردنەوەی بازاڕی دراو لە ھەرێمی کوردستان ١٠٠ دۆلار بە ١٦٢ ھەزار دینار بوو، بەڵام پاش خستنەڕووی دۆلار لەلایەن بانکی ناوەندییەوە بەھای دینار زیاتر بەرزبووەوە.
بانکی ناوەندیی عێراق بۆ ئەمڕۆ سێشەممە ٨١ ملیۆن و ٧٠٠ ھەزار دۆلاری خستۆتەروو کە ٤١ ملیۆن و ٨٠٠ دۆلاری بەکاش و ٣٩ ملیۆن و ٩٠٠ ھەزار دۆلاری بە حەواڵەیە.
ھۆکاری بەرزبونەوەی بەھای دینار بەرامبەر دۆلار بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بڕیارە ئەمڕۆ وەفدێکی بانکی ناوەندیی عێراق بگاتە واشنتن دی سی بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لەبارەی جێبەجێکردنی میکانیزمەکانی خستنەڕووی دۆلار.
بەرزبوونەوەی بەھای دینار بەرامبەر دۆلار لە دوای ئەوە دێت کە لەھەفتەی رابردوودا ١٠٠ دۆلار ١٧٤ ھەزار دیناری تێپەڕاند، بەرپرسانی حکومەتی عێراق ئەوە دووپاتدەکەنەوە کە بەھای دینار بەرامبەر دۆلار بەرزدەکەنەوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لێپرسراوانی عێراقی بڵاویانکردووەتەوە، وەفدەکەی عێراق لە جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوە و وەزیری دارایی و پارێزگاری بانکی ناوەندی و چەند لێپرسراوێکی تری عێراقی پێکدێن.
بڕیارە لە کۆبوونەوەکاندا لەگەڵ لایەنی ئەمریکی، گرنگی بە باسکردنی بەھای دینار بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی بدرێت لەپێناو گەڕانەوەی سەقامگیری بۆ بازاڕەکانی دراو، ھەروەھا رێککەوتنی ستراتیژی نێوان بەغداد و واشنتۆن و کەرتی وزە و بە بازاڕکردنی و پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان تاوتوێ دەکرێن.
سەرەتای ئەم مانگەش وەفدێکی بانکی ناوەندی و وەزارەتی دارایی عێراق سەردانی ئیستەنبوڵیان کرد و لەگەڵ نوێنەرانی بانکی فیدراڵی و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا کۆبوونەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا سودانی بە وردی رێکارەکانی دانانی بودجەی فیدرالی و گونجاندنی لەگەڵ بەرنامەی حکومەتی باس کرد.
ھەروەک باسی ئەو کۆبوونەوەیەی کرد کە لە نێوان بانکی ناوەندی عێراقی و بانکی فیدرالی ئەمریکی لە ئەستەنبوڵ کرا و هەروەها دووپاتی کردەوە چارەسەرەکانی بانکی ناوەندی لە چوارچێوەی پرۆسەی چاکسازی دارایی و بانکیدایە.
لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا باس لە رێشوێنەکانی حکومەت کرا بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریی بەھای دۆلار لەسەر خەڵکی ھەژار کرا.ھەروەک باسی سەردانی چاوەروانکراوی وەفدی عێراق بۆ واشنتۆن بە سەرۆکایەتی وەزیری دەرەوە بۆ تەواوکردنی کۆبوونەوەکەی ئەستەنبوڵ کرا.
سودانی لە پەیامێکدا بەناوی گەل و حکومەتی عێراقەوە پرسەنامەیەکی ئاڕاستەی قوربانیانی بومەلەرزەکە لە تورکیا و سوریا و ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان کرد و فەرمانیکرد بە خێرایی ژمارەیەک تیمی بەرگری شارستانی و تەندروستی و کەرەستەی پزیشکی و پێداویستی داڵدەدان و بەھاناوەچوون و بڕێکی زۆر لە سەبەتەی خۆراک و سوتەمەنی رەوانە بکات وەک بەشدارییەک لە پێشکەشکردنی دەستی ھاوکاری بە قوربانیان و زیانلێکەوتووان.
ھەروەھا سودانی فەرمانی کرد حاڵەتی ئامادەباشی و وەڵامدانەوەی خێرا بۆ کارەساتە سروشتییەکان بەرز بکرێتەوە.
ھاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بە سەرۆکایەتی محەمەد حەلبوسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و بە ئامادەبوونی محەمەد شیاع سودانی دواین پێشھاتەکانی پەیوەست بە عێراق و ناوچەکە و جیھانی تاوتوێ کرد.
ھاوکات لیژنەی ھەڵبژاردنەکان ئامادەی کۆبوونەوەکە بوو بۆ یەکلاکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردن وەک ئامادەکارییەک بۆ ھەڵبژاردن لەکاتی خویدا.
ھەر لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک وەزیرانی عێراق ئامادەیی تەواوی دووپاتکردەوە بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن لە بارودۆخێکی ئەمنی گونجاودا.
ئەحمەد سەحاف وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، ئەمرۆ لاڤرۆڤ دەگاتە بەغداد و پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵات لە بواری وزەدا تاووتوێ دەکات.
ئەوەشی راگەیاندوە، وەفدی یاوەری لاڤرۆڤ پێکدێت لە نوێنەری کۆمپانیاکانی بواری نەوت و گاز و رۆژی دوو شەممەش لەگەڵ سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق کۆ دەبێتەوە، دواتر لاڤرۆڤ سەردانی ھەرێمی کوردستان دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی ھەرێمیشدا کۆدەبێتەوە.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرایکرد، سودانی لە وەڵامی داواکاری خۆپیشاندەرانی زیندانیانی سیاسی کە پێشتر موچەکانیان ڕاگیرابوو، لیژنەیەکی تایبەتمەندی لەلایەنە پەیوەندیدارەکان ڕاسپاردوە، لەگەڵیان کۆببێتەوە و گوێ بۆ داواکارییەکانیان بگرێت.
لیژنەکە چاوپێکەوتنەکانی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان کردوە، کە پێکھاتبوو لە ئەنجومەنی شورای دەوڵەت و دەزگای زیندانیانی سیاسی و دەستەی خانەنشینی نیشتمانی و ڕاوێژکاری یاسایی لە نوسینگەی سەرۆک وەزیران و ڕاسپاردەکانیش بەرزکراوەتەوە و سەرۆک وەزیران پەسەندی کردوون.
بە پێی بریارەکان مووچە ڕاگیراوەکان بۆ ئەو مامەڵانەی بە یاسا یەکلایی نەکراوە خەرج دەکرێن.
بە پێی راگەیەنراوێکی بانکی ناوەندی، بڕی فرۆشتنی دۆلاری بۆ گەشتکردنی مانگانە بەرزکراوەتەوە بۆ ٧٠٠٠ دۆلار و فرۆشتنی دۆلار بە مەبەستی حەواڵەی کەسی لە رێگەی بریکاری کۆمپانیاکانی حەواڵەی دارایی بە نرخی ١٤٧٠ دینار بۆ ھەر دۆلارێک دەبێت.
ھەروەھا پارەدارکردنی مامەڵەی رێگەپێدراو بە دراوی بیانی فراوانکراوەو چەند بوارێک دەگرێتەوە لەوانە: ھاوردەکردنی کاڵا ، کڕین و دابینکردنی خزمەتگوزاری یاسایی و شەحن ، پارەدارکردنی لایەنی ھاوردەیی گرێبەستەکان لەگەڵ فەرمانگەکانی دەوڵەت .
بەشێکی تر لە ئاسانکارییەکانی دەستخستنی دۆلار تایبەتە حەواڵەی کڕینی خانووبەرە لە دەرەوەو چارەسەری نەخۆشی و کڕێی خوێندن و وەبەرھێنانی بیانی و قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتوان و قازانجی پشکەکان لە کۆمپانیا تۆمارکراوە.
ھەروەھا بانکی ناوەندی ژمارەیەک ئاسانکاری بۆ حەواڵەی دەرەکی راگەیاندوەو لە قۆناغی یەکەمدا سەرجەم کۆمپانیا تۆمارکراوەکان لە وەزارەتی بازرگانی و پرۆژە تۆمارکراوەکان لە وەزارەتی پیشەسازی و کۆمپانیا بچوکە دامەزراوەکان لە ژووری بازرگانی و ھەموو جۆرە کۆمپانیا و کارگەو پرۆژەیەکی تۆمارکراو لە ھەرێمی کوردستان دەگرێتەوە دوای پێشکەشکردنی بەڵگەنامەی رێگەپێدان و مۆڵەتپێدان.
سەباح سوبحی ئەندامی لیژنەی نەوت و وزە و سەرچاوە سروشتییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاندووە، لەدوای دەستپێکردنی شەڕی نێوان روسیا و ئۆکراینەوە بازاڕی بازرگانیی نەوت لەسەر ئاستی جیھان گۆڕانکاری زۆری بەسەردا ھاتووە و بووەتە کێشەیەکی گەورەش لەبەردەم بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق، بەتایبەتی دوای ئەوەی ھندستان و چین کە دوو کڕیاری سەرەکی نەوتی عێراق بوون، لەئێستادا رویان کردووەتە نەوتی روسیا چونکە نرخی نەوتی ئەو وڵاتە لە نرخی نەوتی عێراق ھەرزانترە.
وتیشی، داوا لە وەزارەتی نەوت دەکەن ھاوشێوەی ئەمریکا و وڵاتانی کەنداو، نەوت ھەناردەی ئەوروپا بکات و چوارچێوەی ھەناردە و بازرگانیکردنی نەوتیش لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا فراوانتر بکات، چونکە قسەکردن لەسەر زیادکردنی ئاستی ھەناردە و بەرھەمھێنانی نەوت لە عێراق ھیچ مانایەکی نییە ئەگەر چۆنێتی بە بازاڕکردنی دیاری نەکرێت.