عەباس ئەلمالکی، سەرکردە لە دەوڵەتی یاسا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەمریکا لە ھەوڵدایە بۆ تێکدانی سەقامگیری عێراق و دەیەوێت لە رێگەی دروستکردنی قەیرانەکانەوە دۆخی عێراق بە ناسەقامگیری بھێڵێتەوە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەمریکا دەتوانێت تورکیا پابەندبکات بە بەردانەوەی پشکی عێراق لە ئاو بەڵام نایکات و قەیرانەکە بە چارەسەرنەکراوی دەھێڵێتەوە، ھاوشێوەی قەیرانە سیاسی و ئابوورییەکان.
ئەو سەرکردەیەی دەوڵەتی یاسا وتیشی، ئەمریکا سەرجەم ئەو پرۆژانەی لە عێراق راگرتووە، کە دۆخی کارەبا باش دەکەن و بەوەش دەیەوێت متمانەی نێوان ھاوڵاتییان و حکومەت لاواز بکات.
مەزھەر محەمەد ساڵح، راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، جوڵەیەک بۆ جێگیرکردنی بازاڕی دراو ھەیە، ئەوەش لە رێگەی دابینکردنی دۆلار بە بەھای رەسمیی بۆ ھاوردەکارە بچووکەکان، کە یەک دۆلار بە ھەزار و ٣٢٠ دینار دەگۆڕنەوە.
وتیشی، بازرگانی دەرەکی و ھاوردەکردنی کاڵا لە دەرەوە، رێژەیەکی گەورەی بازرگانیی عێراق پێکدەھێنێن، کە رێژەی ٦٠%ی پێویستییەکانی بازاڕی ناوخۆیی لە دەرەوە ھاوردە دەکرێن.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاندووە، لەسەر رێگای نێوان ھەردوو قەزای مەیمونە و مەجەڕی گەورە لەسنوری پارێزگای میسان، شەڕە تەقە لە نێوان ھێزێکی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی نەھێشتنی ماددەی ھۆشبەر و بازرگانێکی مەترسیداری ھۆشبەر کە بە (ئابیش) ناسراوە دروستبووە، لە ئەنجامدا ئەو داواکراوە کوژراوە و نزیکەی کیلۆیەک و ٥٠٠ گرام ماددەی ھۆشبەر و چەک و تەقەمەنیشی پێبووە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری ماددە ھۆشبەرەکانیش رایگەیاندووە، لە بەغداد دوو بازرگانی ماددەی ھۆشبەر لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراون کەدوو کیلۆ ماددەی ھۆشبەریشیان لە جۆری کریساڵیان پێبووە.
وەزارەتی تەندروستی عێراقیش ئاماژەی بەوە کردووە، لە فەرمانگەی پزیشکی دادی لە بەغداد، بڕی ٦٠٠ کلیۆ ماددەی ھۆشبەر لە جۆری کپتاگۆن بە سێ قۆناغ لەناوبراوە.
دەزگای ھەواڵگری عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، لە چوارچێوەی ھەوڵەکانی وەزارەتی ناوخۆ بۆ رێگریکردن لە بردنە دەرەوەی پارە لە عێراق و دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی بوونەتە ھۆی ناسەقامگیری بازاڕەکانی دراو، دەزگای ھەواڵگری لە ئۆپراسیۆنێکدا ھەوڵێکی بە قاچاخ بردنە دەرەوەی پارەی لە پارێزگای دیالە شکستپێھێنا.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە ئۆپراسیۆنەکەدا، باندێکی سێ کەسی دەستگیرکراون، کە ھەوڵیانداوە بڕی ١٢٨ ھەزار و ٥٠٠ دۆلار بە قاچاخ لە رێگەی ھەرێمی کوردستانەوە ببەنە دەرەوە.
دەزگای ھەواڵگری عێراقی ئاماژەی بەوەشداوە، رێککاری یاسای بەرامبەر ئەندامانی باندەکە گیراوەتەبەر و رەوانەی لایەنی پەیوەندیدار کراون.
سەیف بەدر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق ئاماژەی بەوەدا، ئەو دەرمانەی ئاژانسی بلومێرگ باسی لێوەکردووە بە ناوی "کۆڵد ئاوت"، لە وەزارەتی تەندروستی تۆمارنەکراوە و مامەڵەکردن بەو دەرمانەوە نایاساییە.
راشیگەیاند، بابەتی دەرمانی کۆڵد ئاوت، کە دەرمانێکە بۆ نەخۆشی سەرمابوونی منداڵ بەکاردەھێندرێت، بابەتێکی نوێ نییە و پێشتر وەزارەتی تەندروستی بەدواداچوونی بۆ کردووە.
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی جەختیشیکردەوە، تیمەکانی چاودێری وەزارەتی تەندروستی بەردەوامن لە بەدواداچوون بۆ ئەو دەرمانە و ھاوشێوەکانی و بە سزاگەیاندنی لایەنی سەرپێچیکاری پشت ھاوردەکردنی ئەو دەرمانانە.
وەزارەتی کارەبای عێراق لە راگەیەنراوێکدا کارپێکردنەوەی وێستگەکانی بەرھەمھێنانی کارەبای راگەیاند و ئاماژەی بەوەدا، دۆخی کارەبا لەو پارێزگایانەی کارەبایان لێ بڕدراوە قۆناغ بە قۆناغ ئاسایی دەبێتەوە.
لای خۆیەوە، لیژنەی کارەبا و وزەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ژمارەیەک لیژنە بۆ بەدواداچوون لە ھۆکاری بڕانی کارەبا لە چەند پارێزگایەکی عێراق پێکھێندراوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی تائێستا دەست لیژنەکان گەیشتووە، لە وێستگەیەکی گواستنەوەی پارێزگای بەسڕە ئاگرکەوتووە و ئەوەش لە کارکەوتنی وێستگەکانی بەرھەمھێنانی کارەبا و بڕانی کارەبای لە چەند پارێزگایەک لێکەوتووەتەوە.
لیژنەی کارەبا و وزە دەڵێت، دوای تەواوبوونی بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەکان لە حاڵەتەکە، سەرجەم ئەو لایەنانەی کەمتەرخەمبوون لە کارەکانیان و بوونەتە ھۆی رووداوەکە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت، ھەروەھا رێوشوێنی پێویست دەگیرێتەبەر بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو حاڵەتە.
کازمی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ئاماژەی بەوەکرد، حکومەتی ھەرێمی کوردستان پابەندی رێککەوتنی سیاسی سەبارەت بە ھەناردەکردنی نەوت بووە، ئەگەر حکومەتی ناوەندیش ئامادەیە بۆ وەرگرتنی ٤٠٠ ھەزار بەرمیل، دەبێت ھەرێم تەنھا پابەندی بەرھەمھێنان بێت و رادەستی حکومەتی ناوەندی بکات.
وتیشی، تا ئێستا نەتوانراوە کۆنترۆڵی بەقاچاغبردنی نەوت بکرێت لەڕێی تەنکەرەوە و ئەو بە قاچاغبردنە لەلایەن ھەرێمەوە بەردەوامە، ئەوەشی رێککەوتن کراوە لەسەری بە تەواوی جێبەجێ نەکراوە.
موعین کازمی جەختیکردەوە، دەبێت حکومەتی عێراق شایستەکانی سەرجەم پارێزگاکان بە پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستانەوە بدات، بەو مەرجەی ھەمووان پابەند بن بەو رێککەوتنانەی کە کراوە.
سەبارەت بە ئابوری عێراقیش ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی ووتی، گرفتی ئابوری تەنھا بە ھەمەجۆرکردنی سەرچاوە و داھات و پشت بەستن بە پیشەسازییە ناوخۆییەکان چارەسەر دەبێت.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق بڵاویکردەوە، ئەو ئۆتۆمبێلانەی جامەکانیان بەڕێژەی ٥٠٪ رەش دەکرێت دەبێت پێنج ملیۆن دینار بدەن، ئەو ئۆتۆمبێلانەشی جامەکانیان بەڕێژەی ٤٠٪ رەش دەکەن پارەکەی دەگاتە سێ ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار دینار و رێژەی ٣٠٪ش پارەکەی دەگاتە دوو ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار دینار.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق راشیگەیاند، ئەو بڕیارە ئۆتۆمبێلی سەرۆکایەتی کۆمار و ئەنجومەنی نوێنەران و ئەندامەکانیان و وەزیر و بریکارەکان و ھەروەھا سەرۆکی دەستەکان و نێردە دیپلۆماسییەکان و سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگاکان و راوێژکاران دەگرێتەوە
ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کارنامەی کۆبونەوەی رۆژی دووشەممەی داھاتوی بڵاوکردەوە، بەپێی کارنامەکە دەنگ لەسەر دوو پڕۆژەیاسا دەدرێت، ھەروەھا خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای ھەمواری یاسای دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵی گواستراوە و نەگواستراوەی بەرپرسانی پێشووی حزبی بەعس دەکرێت، ھەر بە پێی کارنامەکەش سێ پرۆژەیاساش گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت.
دوای تێپەڕبوونی دوو ساڵیش بەسەر ئەم خولەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا، تائێستا شەش لیژنەی پەرلەمانی سەرۆکایەتییان یەکلایی نەکراوەتەوە، کە پێکھاتوون لە لیژنەکانی"ئەوقاف، ھۆزەکان، راگەیاندن و رۆشنبیری، شەھیدان و زیندانیانی سیاسی، گەنجان وەرزش".
سۆزان مەنسور ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران بە کوردسات نیوزی راگەیاند، یەکێک لەو لیژنانە، لیژنەی کۆچ و کۆچبەرانە کە سەرۆکی لیژنەکە مافی فراکسیۆنی یەکێتییە و تائێستا دەستنیشان نەکراوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، یەکلایی کردنەوەی بەشێکی تری لیژنەکان پێویستی بە رێککەوتنی نێوان کوتلە سیاسییەکان ھەیە.
د. نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لە ئێستادا بەشێکی باج و رسوماتەکان لە ھەرێم، بەبەراوورد بە عێراق زیاترە، بەپێی یاسایی بودجە و رێککارەکانیش دەبێت باج و رسوماتەکانیش ھاوتای عێراق بکرێنەوە.
وتیشی، ئەگەر باج و رسوماتەکان لە ھەرێم زیاتربێت، ئەوا توێژەکان مافی خۆیانە لە دادگای فیدراڵی سکاڵا بکەن بۆ ئەوەی ھاوتای عێراق بکرێن.
د. نەرمین مەعروف جەختی لەوەشکردەوە، زیادکردنی باج و رسومات دەبێت بە یاسا لە پەرلەمانەوە بکرێت، ئەوەی لە ھەرێم کراوە بە یاسا نەبووە، بە رێنمایی کراوە، ئەوەش نایاساییە و دەکرێت لە دادگای فیدراڵی ھەڵبوەشێنرێتەوە.
دەقی بەیاننامەکەی سەرۆک کۆماری عێراق:
ئەمڕۆ گەلەکەمان یادی ڕێوڕەسمی شەهیدبوونی ئیمام حوسێن، سەلامی خوای لەسەر بێت، و ژمارەک ئەستێرەی پاک داوێنی ئال بەیت و پەیڕەوانی دەکاتەوە، لە دەهەمی موحەڕەمدا.
ئەم یادەوەرییە بە ئازارە مانای قوربانیدان و قارەمانێتی و بەرگریکردن لە بنەماکانی دادپەروەری و ئیمان لە ڕووبەڕووبوونەوەی ستەمکاریمان وەبیردێنێەوە، بیرەوەرییەک کە بەها گەورەکانمان پێ دەبەخشێ و بۆ نەوەکانیش سوربون و بەردەوامی لەسەر پابەندبوون بەو بەهایانەوە نوێ دەکاتەوە کە ڕەگ و ریشەیان بە شەهیدبوون و ئازادی و شکۆمەندی مرۆڤ بەرجەستە بوو.
لە یادەوەری قارەمانێتی عاشورادا ، شانازی و شکۆمەندی بە هەڵوێستە پڕ بەهاکانمان وەبیر دێنیتەوە و لەناخماندا دوپاتی کارکردن و بونیادنانی عێراقێکی دادپەروەر و دیموکراسی دەکاتەوە، عێراقێک کە هەمووان بە یەکسانی تێیدا بژین، سود لە خێرو بێری ببینن و شکۆمەندی و سەروەری بەرز ڕابگرین .
سڵاو لەو گیانە بەرزەفڕانەی کە بەشەهادەت بۆندار بوون.
سڵاو لە ئەوانەی لە پێناوی دادپەروەری قوربانیان دا.
با کاربکەین و سەربکەوین لە پێناو بەهاکانی دادپەروەری و شکۆمەندی ئەویش بە پتەوکردنی یەکێتی ریزەکانمان بۆ بونیادنانی عێراق و خۆشگوزەرانی و سەلامەتی بۆ عێراقییەکان.
لەتیف جەمال ڕەشید
سەرۆک کۆمار
لە میانی دیدارەکەدا، سەرۆک کۆمار دوپاتیکردەوە لە گرنگی پتەوکردنی پەیوەندییەکان و کاری ھاوبەشی نێوان ھەردوو وڵات بۆ پەرەپێدانی ھاریکاری لە بوارە جیاجیاکاندا بەتایبەتی بواری ئابووری و بازرگانی و دۆسیەی ئاو، بەشێوەیەک کە زامنی بەدیھێنانی بەرژەوەندییە ھاوبەشەکان بکات لەڕێگەی ڕێککەوتنی دووقۆڵی و یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لەم بارەیەوە.
لای خۆیەوە باڵیۆز تورکیا، پاڵپشتی تورکیای بۆ ئاسایش و سەقامگیری عێراق و خۆشگوزەرانی گەلەکەی دوپاتکردەوە، ھەروەھا جەختی لەخواستی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە بوارە جیاجیاکاندا کردەوە.
نوسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، محەمەد شیاع سودانی سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی تاوانی ئابووریی کرد کە بەرپرس و نوێنەرانی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت و دەزگا ئەمنییەکان تێیدا بەشداربوون.
لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی ھەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی قاچاغچێتی دراو و تۆڕە تاوانکارییەکان کرا و سەرۆکوەزیران جەختیکردووە، ئەو پرسە جێگەی گرنگیی تایبەتی حکومەتە، چونکە پایەیەکی چاکسازیی ئابووری و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵییە.
سودانی لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپارد، کاربکەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی بەقاچاغبردنی دراو و ئەوانەشی کە لە باج و گومرک ھەڵدێن، ھەروەھا دانانی خاڵی پشکنینی جوڵاو و نەگۆڕ، لەسەر ئەو رێگە سەرەکیانەی بە دەروازە سنوورییەکانەوە دەبەسترێنەوە، ئەوەش بۆ رێگریکردن لە گواستنەوە و بە قاچاغبردنی ئەو کاڵایانەی باجیان نەداوە یان بە نایاسایی ھێندراونەتە ناو عێراق.
خالید ئیسماعیل نەداوی بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی بازرگانی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، پێویستی راستەقینەی وڵات بە دانەوێڵە بۆ ئەمساڵ ٤.٦ ملیۆن تۆنە، لەکاتێکدا بەرھەمی دانەوێڵەی وەرزی ئێستا گەیشتووەتە ٥.٢ ملیۆن تۆن، ئەو بڕە عەمبارکراوەش بەشی پێویستیی تا کۆتایی مانگی تەممووزی ساڵی ٢٠٢٤ دەکات.
وتیشی، گەنمی عەمبارکراو لە سەرەتای ئەمساڵدا ١٠٠ ھەزار تۆن بووە، لەبەرئەوە گرێبەست کرا بۆ ھاوردەکردنی یەک ملیۆن تۆن دانەوێڵە گەرەنتیکردنی بەشە ئارد.
رونیشیکردەوە، گەنمە ھاوردەکراوەکە تێکەڵ بە گەنمی ناوخۆیی دەکرێت بۆ باشکردنی کوالێتی ئارد و ئاسان بەکارھێنانی لە دروستکردنی ناندا.
لیژنەکانی ئەوقاف، ھۆزەکان، راگەیاندن و رۆشنبیری، شەھیدان و زیندانیانی سیاسی، گەنجان وەرزش، لەو لیژنانەن کە لە پۆلێنی ( جیم)ن و تائێستا سەرۆکایەتی کاتییان ھەیە و جێی بایەخی فراکسیۆنەکان نین.
(کازمی تۆکی) ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاندووە، سەرەڕای نەبوونی سەرۆکایەتی ئەو لیژنانە کارەکانیان بە باشی و بەپێی تەوافوقی دەکەن رۆڵیان ھەبووە لە پەسەندکردنی ژمارەیەک پڕۆژەیاسا.
بە وتەی ئەو پەرلەمانتارە ھەڵنەبژاردنی سەرۆکایەتی ئەو لیژنانە ھۆکارەکەی بێبایەخیان نییە، بەڵکو دوای دابەشکردنی لیژنە گرنگەکان ھەندێک فراکسیۆن ھەوڵیاندا وەک قەرەبوو سەرۆکایەتی ئەو لیژنانە وەربگرن، بەڵام دوای ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ١٨ لیژنە لە کۆی ٢٥ لیژنەی پەرلەمانی لە کانوونی دووەمی ئەمساڵ، بڕیاری چۆنیەتی دابەشکردنی پەرلەمانتاران لە لیژنەکاندا ھەڵوەشایەوە.