یوسف کیلابی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، ماوەی چەند رۆژێکە بەھای دینار لە بەرامبەر دۆلار بەردەوام لە دابەزیندایە و ئەگەر رێکار و رێوشوێنی پێویست و بە پەلە نەگیرێتەبەر، بەھای دینار زیاتر دادەبەزێت و کاریگەری زۆر خراپیشی لەسەر ھەموو عێراقییەکان دەبێت.
وتیشی، بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی ورد لەبارەی ھۆکارەکانی دابەزینی بەھای دینار و ھەوڵدان بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەکی گونجاو، ئەمڕۆ لیژنەی دارایی لەگەڵ عەلی عەلاق وەک پارێزگاری بانکی ناوەندی کۆدەبنەوە و دواتریش راپۆرتێک ئاراستەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکەن.
ستار جابری، بریکاری وەزیری بازرگانیی عێراق رایگەیاند، ھەڵسەنگاندن دەکەن بۆ باشکردنی ماددەکانی بەشە خۆراکی مانگانە لە داھاتوودا، چونکە لە عێراق زیاتر لە پێنج ملیۆن و ٢٠٠ ھەزار کەس، مانگانە بەشە خۆراک وەردەگرن.
وتیشی، ھەندێک تێبینی لەسەر برنجی ھاوردەکراوی تایلەندی ھەبوون، ھەربۆیە کار دەکەن بۆ ھێنانی ئەو ماددەیە لە شوێنی ترەوە، بە تایبەت لە ئەمریکاوە.
سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، پێشتر لیژنەی نەوت و غاز چەندین جار داوایکردووە عێراق کێشەکانی لەگەڵ ئێران تایبەت بەھاوردەکردنی غاز بۆ بەرھەمھێنانی کارەبا چارەسەر بکات، چونکە ئەگەر ئەو غازەی ئێران نەبێت عێراق تووشی قەیرانێکی گەورە دەبێت.
وتیشی رێککەوتنەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ ئێران تایبەت بە نەوتی رەش بەرامبەر غاز ھەنگاوێکی گرنگە بەتایبەتیش لەکاتێکدا کە عێراق رێژەیەکی زۆر یەدەگی نەوتی رەشی ھەیە.
ئەندامەکەی لیژنەی نەوت و غاز ئاماژەی بەوەشکرد، لیژنەکەیان کار بۆئەوە دەکات سەرجەم ئەو کەسانە بانگھێشت بکات کە پەیوەندییان بەو رێککەوتنەی نێوان عێراق و ئێرانەوە ھەیە بۆئەوەی لە نزیکەوە و بە وردی ئاگاداری سەرجەم وردەکارییەکانی ناو رێککەوتنەکە بن بەتایبەتیش ماوەکەی کە بۆ چەند ساڵێکە.
ئەرشەد ساڵحی سەرۆکی کوتلەی تورکمان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، بەپێی بڕیارێک ئەنجومەنی نوێنەران لیژنەیەکی ٢٧ کەسی پێکھێناوە بە مەبەستی چاودێریکردن و بەدواداچوونی چۆنێتی خەرجکردنی ئەو پارەیەی لەماوەی ١٠ ساڵی رابردوودا لە چوارچێوەی ماددەی ١٤٠ی دەستووردا وەک قەرەبوو خەرجکراوە.
وتیشی، ئەرکێکی لیژنەکە لێکۆڵینەوەیە لەگەڵ بەڕێوەبەرانی نووسینگەکانی ماددەی ١٤٠ لە ناوچە جیاجیاکان، چونکە بەشێک لە پارەی قەرەبوونی ماددەی ١٤٠ بۆ قەرەبووی زیانی کردەوە تیرۆریستییەکان خەرجکراوە و ئەمەش پێویستە لێکۆڵینەوەی وردی لەسەر بکرێت.
عەلی سەعدون لامی، ئەندامی لیژنەکە بە ئاژانسی رەسمی ھەواڵەکانی عێراقی راگەیاند، ھیچ پێشکەوتنێک سەبارەت بە پڕۆژە یاسای نەوت و غاز نییە، ناکۆکییەکانیش لەنێوان ھەرێم و عێراق لەوبارەیەوە بەردەوامە.
وتیشی، دیارترین خاڵە ناکۆکەکان بریتییە لە چۆنێتی ئیدارەدانی کێڵگە نەوتییەکان، چونکە پڕۆژە یاساکە دەڵێت لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بەڕێوەببرێت، بەڵام لایەنی کوردی داوا دەکات ئیدارەدانیان لەلایەن ھەرێمەوە بێت. ھەروەھا میکانیزمی بە بازاڕکردنەکە و داھاتەکەش خاڵێکی دیکەی ناکۆکە کە لەڕێی سۆمۆوە بێت یاخود ھەرێمەوە.
عەلی سەعدون لامی باسی لەوەشکرد، ئەندامانی لیژنەی نەوتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق چاویان بە "د.لەتیف رەشید" سەرۆک کۆماری عێراق و "محەمەد شیاع سودانی" سەرۆک وەزیران و سەرکردەی کوتلە سیاسییەکان کەوتووە، سەرجەمیان پشتیوانیان بۆ پەسەندکردنی یاساکە دەربڕیوە.
ھەروەھا لیژنەی نەوتی ئەنجومەنی نوێنەران داوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان کردووە، بۆ گوێگرتن لە بیروڕاکان و تاوتوێکردن و نزیککردنەوەی بۆچوونەکان، بەڵام تا ئێستا ئەو کۆبوونەوەیە رێکنەخراوە.
بەپێی بڕیارەکان، لەپێناو ئاسانکاری بۆ فرۆشتنی دۆلاری ئەمریکی بە گەشتیاران، بڕیاردراوە بە رێگەدان بە کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە جۆری (ئەی و بی) بە کردنەوەی ھەژمار بە ھەردوو دراوی دینار و دۆلار.
ھەر بەپێی بڕیارەکان، کۆمپانیاکان دەتوانن داواکاری پێشکەش بە بەشی ژمێریاری بانکی ناوەندی بکەن بۆ کردنەوەی ھەژمارەکە بە دینار و دۆلار، ھەژماری دینار بۆ دانانی پارە و دۆلاریش بۆ دەرھێنانی پارە دەبێت بە نرخی فەرمی.
لە پڕۆسەی کشانەوەشدا، کێشانەوەی دۆلار لە ماوەی دوو رۆژدا دەبێت لە بەرواری فرۆشتنەوە، بە پێچەوانەوە فرۆشتنی کاش رەتدەکرێتەوە و دەگەڕێندرێتەوە سەر ھەژماری کۆمپانیاکە بە دینار.
عەلی عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندی، لە میانەی کۆبوونەوەی لەگەڵ لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران باسی لەوەکرد، بانکی ناوەندی ھەوڵدەدات ھاوسەنگییەک لەنێوان خواست و خستنەڕووی دۆلار دابین بکات، ھەروەھا چاودێری دراوی بیان لەنێوان ناوخۆ و دەرەوەش دەکات لەرێگەی دەروازە سنورییەکان و کەناڵە فەرمییەکانەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، بنەمایەکی گرنگ ھەیە بۆ جێگیرکردنی بەھای دراو ئەویش بریتییە مامەڵەکردنی دراوی بەشێوەی کاش و بانکی بەھەمان نرخ، بەڵام گرفتی ئەوان ئەوەیە کە لەئێستادا خواست لەسەر دراوی بیانی لە خستنەڕوو زیاترە، لەگەڵ ئەوەشدا دۆلار بە نرخی فەرمی و بەگوێرەی رێنماییەکان، لە پەنجەرەی ئەلیکترۆنیەوە بەردەستە.
ئەوە لەکاتێکدایە ئەمڕۆ بانکی ناوەندی رێنماییەکی دیکەی بەمەبەستی پشتیوانی بەھای دینار دەرکرد، بەگوێرەی رێنماییەکەش کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو دەتوانن داواکاری پێشکەش بە بەشی ژمێریاری بانکی ناوەندی بکەن بۆ کردنەوەی ھەژمار بە دینار و دۆلار، لەو رێگەیەشەوە گەشتیار دینار دەداتە بانک و بانکیش دۆلاری بەنرخی فەرمی پێدەدات.
ناسر ئەسەدی، راوێژکاری محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، حکومەتی عێراق پاڵپشتی لە پڕۆژەیەکی دروستکردنی ھێڵی ئاسنین دەکات، کە درێژییەکەی ٧٥٠ میلە و رۆژھەڵات و کەنداو بە ئەوروپاوە دەبەستێتەوە.
وتیشی، ئەو ھێڵە ئاسنینە لە چوارچێوەی پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدانە، کە باشووری بەسرەوە دەستپێدەکات و بە بەغداد و موسڵدا تێدەپەڕێت و دەچێتە تورکیا و لەوێوە دەگاتە ئەوروپا، ھەروەھا لە رێگەیەوە پەرە بە بازرگانی و گواستنەوەی نەوت و غاز دەدرێت.
لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆککۆمار، جەختی لە پێویستی بەھێزکردنی ھاریکاری ھاوبەشی نێوانی ھەردو وڵاتکردەوە، بە شێوەیەک کە خزمەتی بەرژەوەندییەکانی ھەردوو گەلی دراوسێ بکات.
د. لەتیف ڕەشید ئاماژەی بە گرنگی بەرزکردنەوەی ئاستی کاری ھاوبەش کرد بە ئامانجی ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوھەوا و کەمی ئاو و وشکەساڵی کە ڕووبەڕووی جیھان دەبنەوە.
لەلای خۆیەوە باڵیۆزی ئێران، جەختی لە ھەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران کردەوە بۆ بەھێزکردنی پەیوەندییە دۆستانەکان لەگەڵ عێراقدا و داوای فراوانکردنی ئاسۆی ھەماھەنگییە دوو قۆڵییەکانی کرد بۆ بەدەستھێنانی سەقامگیری و خۆشگوزەرانی ھەردوو وڵاتی دۆست.
لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆککۆمار جەختی لە گرنگی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵاتی برا کردەوە.
ھەروەھا دوپات لە گرنگی ھەماھەنگی و ڕاوێژکردن و ئاڵوگۆڕکردنی بیروڕا لە نێوان ھەردوولا کرایەوە، بۆ بەھێزکردنی ھاریکارییە دوو قۆڵییەکان و چارەسەرکردنی کێشە ھەڵپەسێردراوەکان، لەو چوارچێوەیەدا باڵیۆزی کوەیت جەختی لەوە کردەوە کە وەزیری دەرەوەی کوەیت شێخ سالم عەبدوڵا ئەلجابر ئەلسەباح لە کۆتایی ئەم مانگەدا سەردانی عێراق دەکات.
کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، لەو کاتەوەی دەستیان کردووە بە تۆمارکردنی حزب و لایەنەکان، ٢٨١ حزب تۆمارکراوە و ٧٦ داواکاری تۆمارکردنی حزبی نوێ و ١١ ھاوپەیمانی سیاسی نوێ پێشکەش کراوە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە ٩ی ئەم مانگەوە کە نوێکردنەوەی تۆماری بایۆمەتری دەستیپێکردووە، ١٧٦ ھەزار و ٤٠٦ کەس تۆمارەکانیان نوێ کردووەتەوە بۆ رۆژی دەنگدانی گشتی و ٤٠٧ کەس تۆمارەکانیان بۆ رۆژی دەنگدانی تایبەت نوێ کردووەتەوە.
لە تەواوی پارێزگاکانی عێراق، ھەزار و ٧٩ ناوەند بۆ نوێکردنەوەی تۆماری بایۆمەتری گشتی و تایبەت دانراوە، کە لەدایکبووانی ٢٠٠٤ و ٢٠٠٥یش دەگرێتەوە.
لە سەرەتای کۆبوونەوکەدا، وەزیری یەمەنی، سڵاو و پێزانینی سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی سەرۆکایەتی یەمەن، ڕەشاد محمد عەلیمی، بە د.لەتیف ڕەشید، سەرۆککۆمار گەیاند.
هەر لە کۆووبەوەکەدا ، سەرۆککۆمار دووپاتیکردەوە کە عێراق پشتیوانی لەو هەوڵانە دەکات کە بۆ بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیری برا یەمەنییەکان دراون، ئاماژەشیکرد بە پێویستی ڕەچاوکردنی دیالۆگی سیاسی بۆ گەیشتن بە چارەسەرێک کە زامنی پێشخستنی ئاشتی بۆ گەلی یەمەن بکات، کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە.
لای خۆیەوە، وەزیری یەمەنی ، خۆشحاڵی خۆی بە دیداری سەرۆک کۆمار دەربڕی و ستایشی پاڵپشتی عێراقیشی کرد بۆ ئاسایش و سەقامگیریی یەمەن و جەختیکردەوە لە کارکردن لەگەڵ وەزارەتی دەرەوە عێراق بۆ کاراکردنی لیژنە هاوبەشە وەزارییەکان.
هەروەها وەزیری دەرەوەی یەمەن ئاماژەی بەوەدا کە دۆخەکە لە یەمەن ئارامە، هەوڵەکانیش بۆ پاراستنی سەقامگیری لە ئارادایە و دەستپێشخە رییش هەیە بۆ دەستپێکردنەوەی هەوڵەکانی ئاشتی و لە ئێستاشدا دانوستانەکان لە ئارادان بۆ گەیشتن بە چارەسەرێک کە خزمەت بە یەمەن و یەمەنییەکان بکات.
سەرۆکایەتییەکانی کۆمار و ئەنجومەنی وەزیران و ئەنجومەنی نوێنەران و سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری بۆتاوتوێکردنی چەند دۆسییەیەکی گرنگ کۆبوونەوە و ئیدانەی بێرێزیکردن بە قورئانی پیرۆز و ئاڵای عێراق و رێگەپێدانی دەسەڵاتی سویدیان بەو بێرێزییە کرد و پشتیوانی رێکارەکانی حکومەتییان کرد بۆ پچڕاندنی پەیوەندییەکان لەگەڵ سوید و ھەر وڵاتێکی تر بێرێزی بە پیرۆزییەکانی موسوڵمانان دەکات، لە ھەمانکاتیشدا جەختکرایەوە لەسەر پێویستی پاراستنی نێردە دیبلۆماسییەکان.
ھەر لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی یاسای بودجەو تەواوکردنی رێنماییەکان و چاودێری پرۆژەکان بە پێی لە پێشینەیی و کارنامەی حکومەت کرا، تایبەت بە ھەرێمی کوردستانیش جەختکرایەوە لەسەر جێبەجێکردنی ماددەکانی یاسای بودجە بە تەواوی وردەکارییەکانی و ئەوەی پەیوەستە بە داھاتە نەوتی و نانەوتییەکان و خەرجکردنی شایستەکانی.
ھەروەھا سەرۆکایەتییەکانی عێراق جەختیانکردەوە لەسەر پەسەندکردنی ئەو یاسایانەی لە نێو بەرنامەی حکومەت و وەرەقەی رێککەوتنی سیاسیدان، لەوانەش یاسای لێبوردنی گشتی و نەوت و غاز و ئەنجومەنی فیدراڵی ، ھەروەک جەختکرایەوە لەسەر پێویستی پەسەندکردنی یاسای ئەنجومەنی باڵای ئاو.

دوای ئەوەی لە بەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە دانیمارک قورئان و ئاڵای عێراق سوتێنران، لە بەغداد و کوفە و چەند شارێکی تری عێراق خۆپیشاندان و ناڕەزایی دەستیپێکرد، لە بەغداد خۆپیشاندەران ھەوڵیاندا لە رێگەی پردی کۆمارییەوە خۆیان بگەیەننە ناوچەی سەوز بۆئەوەی ھەڵبکوتنەسەر باڵیۆزخانەی دانیمارک، بەڵام ھێزە ئەمنییەکان رێگرییانکرد و پردەکەشیان داخست.
دواتر خۆپیشاندەران ھەوڵیانداوە لە چەند رێگەیەکی ترەوە بگەنە ناوچەی سەوز، ھێزە ئەمنییەکانیش بۆ بڵاوەپێکردنیان ناچاربوون بۆمبی فرمێسک ڕێژ بەکاربھێنن، بەڵام خۆپیشاندان تا بەرەبەیانی ئەمڕۆش بەردەوام بوو.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق دووپاتیکردەوە، بەتەواوی پابەند دەبن بە رێککەوتننامەی ڤییەنا بۆ رێکخستنی پەیوەندییە دیپلۆماتییەکان، ئاماژەی بەوەشکرد بەھۆی ئەوەی رووبەرووی باڵیۆزخانەی سوید لە بەغداد بوەوە کاردەکەن بە ھیچ شێوەیەک دووبارە نەبێتەوە.
ئەحمەد سەحاف وتەبێژی وەزارەتی عێراق رایگەیاند، وەزارەتی دەرەوە بە ھەموو شێوەیەک پابەند دەبێت بە رێککەوتننامەی ڤیییەناوە، حکومەتی عێراق بەرپرسیارە لە پارێزگارییکردن و دابینکردنی ئاسایشی نێردە دیبپلۆماتیییەکانی ھەموو وڵاتان.
وتیشی، دووبارەبوونەوەی سوتاندنی بارەگای نێردە دیپلۆماتییەکان بە رێکاری یاسایی یەکلایی دەکەنەوە.
موعین کازمی ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان چەندین پلان و بەرنامەیان ھەبووە و جێبەجێیان کردووە بۆ بەرزکردنەوەی بەھای دیناری عێراقی لە بەرامبەر دۆلار، بەڵام تائێستا ھیچ یەکێک لەو پلان و بەرنامانە ئەنجامی نەبووە، لەسەرووی ھەمووشیانەوە بڕیاری دیاریکردنی بەھای دۆلار بە ١٣٠ ھەزار دینار کە ئەمەش سەرکەوتوو نەبوو.
وتیشی، بە مەبەستی لێکۆڵینەوە و زانینی ھۆکارە سەرەکییەکانی کۆنترۆڵ نەکردنی بازاڕی دراو و بەردەم دابەزینی بەھای دینار، لەم ھەفتەیەدا تەیف سامی وەزیری دارایی و عەلی عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق بانگھێشت دەکەن.