کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە رۆژی ٢٧ی ئەم مانگەوە، دەرگای دامەزراندن بۆ کارمەندانی سەر سندوقەکان بۆ رۆژی دەنگدان دەکرێتەوە.
راشیگەیاند، پێشکەشکردن بۆ دامەزراندن لەڕێی لینکێکەوە دەبێت و فەرمانبەرانی سەرجەم فەرمانگەکانی حکومەت دەگرێتەوە، بێجگە لە کارمەندانی ھێزی ئەمنی و سەربازی و خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگەکان و ئەو دەرچووانەی کە بڕوانامەیان خوار دبلۆمە.
وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، لە مانگی حوزەیرانی رابردوودا ١٠٠ ملیۆن و ٥٩ ھەزار و ٥٢ بەرمیل نەوتی ھەناردەکردووە، تێکڕا ھەر بەرمیلێک نەوتیش بە ٧١ دۆلار و ٧٥ سەنت فرۆشراوە و کۆی داھاتی نەوتیش لە مانگی رابردوودا حەوت ملیار و ١٧٩ ملیۆن و ٦٧٠ ھەزار دۆلار بووە.
راشیگەیاندووە، مانگی رابردوو لە کێڵەگە نەوتییەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە ٩٨ ملیۆن و ٧٢٥ ھەزار و ٦٢٠ بەرمیل نەوت ھەناردە کراوە و ٣٣ کۆمپانیای جیھانیش لەمانگی رابردوودانەوتی عێراقیان کڕیووە.
ھێزەکانی پاراستنی کەناراوەکانی عێراق سەر بە فەرماندەیی پاسەوانی سنوور رایگەیاندووە، لە ئاوی شەتولعەرەب لە سنوری پارێزگای بەسرە کەسێک لە رێگەی بەلەمێکەوە کە لە ئێرانەوە ھاتبوو، ھەوڵیدا بڕێک ماددەی ھۆشبەر بگەیەنێتە عێراق، بەڵام لەلایەن ھێزەکانی پاسەوانی کەناراوەکانەوە تەقەی لێکراوە بۆئەوەی دەستگیری بکەن، بەڵام ھەڵاتووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای ھەڵاتنی ئەو کەسە، دەستبەسەر بەلەمەکەدا گیرا و ١٠ کیلۆگرام ماددەی ھۆشبەر لە جۆری کریستاڵی تێدابوو و رادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکان کراوە.
عەلی عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندی رایگەیاند، بانکی ناوەندی بەدواداچوون بۆ دۆسیەی ئەو بانکانە دەکات کە دۆلاریان وەرنەگرتووە و پێداچوونەوە بە دۆسیەکانیان دەکەن، ئەوەشی ئاشکرا کرد کە چەند پێشنیازێک ھەن لە بارەی دیارییکردنی پرۆسەی بازرگانی لەگەڵ ئێران و دیارییکدرنی رێکارێک بۆ خەرجکردنی پارەی مامەڵەکان بە دراوی عێراقی و ئامادەکردنی کارتێکی تایبەت بۆ ئەو مەبەستە.
پارێزگاری بانکی ناوەندی لە بارەی بەرزبوونەوەی بەردەوامی بەھای دۆلار رایگەیاندووە، بەرزبوونەوەی بەھای دۆلار کاتییە و بەشێک لەو بازرگانانەی کە بە ناشەرعی کاردەکەن لە پشت ناجێگیری بەھای دینارەوەن لە بازارەکانی عێراقدا.
حەسەن یاسری ئەندامی لیژنەی ئەوقاف و کاروباری ئاینی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاندووە، لە دواین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا بەسەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانی کە رۆژی سێشەممە بەڕێوەچووە، پرۆژەیاسای پشووە رەسمییەکان پەسەند کراوەو بەپێی ھەموو پێشبینی و زانیارییەکانیش رۆژی چوارشەممەی ھەفتەی داھاتوو پرۆژەیاساکە دەگاتە ئەنجومەنی نوێنەران.
وتیشی، ھەر کاتێک پرۆژەیاسای پشووە رەسمییەکان بگاتە ئەنجومەنی نوێنەران، لیژنەی ئەوقاف و کاروباری ئاینی پێداچوونەوە بۆ سەرجەم بڕگە و ماددەکانی دەکات و ھەوڵ دەدەن لە کەمترین ماوەدا خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ بکرێت و دواتر پەسەند بکرێت و بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە، چونکە بە یەکێک لە پرۆژەیاسا گرنگەکان دادەنرێت و زۆربەی کوتلەکانیش لەگەڵ پەسەندکردنیدان.
نستور ئۆمۆھانچی نوێنەری سندوقی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتووان لە عێراق لە کۆنگرەیەدا لە بەغداد رایگەیاند، زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان بە خاڵێکی گرنگ و ئەرێنی ھەر وڵاتێک دادەنرێت، لە عێراقیش ژمارەی دانیشتووان بەراورد بە وڵاتانی ناوچەکە بەردەوام لە زیادبووندایە، بەڵام پێویستە حکومەتی عێراقیش پلان و ستراتیژی تایبەتی ھەبێت بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی دانیشتوواندا.
لە چەند رۆژی رابردووشدا وەزارەتی پلاندانی عێراق رایگەیاندبوو، ژمارەی دانیشتووانی عێراق گەیشتووەتە ٤٣ ملیۆن و ٣٢٤ ھەزار کەس کە ٥٠.٥٪یان لە رەگەزی نێر و ٤٩.٥٪_شیان لە رەگەزی مێن و تێکڕای گەشەی ساڵانەی دانیشتووانی عێراقیش گەیشتووەتە ٢.٥٪ و ھەموو ئامادەکارییەکیشیان کردووە بۆئەوەی ساڵی داھاتوو سەرژمێرییەکی گشتی لە عێراق ئەنجام بدەن.
نووسینگەی راگەیاندنی بانکی ناوەندی لە راگەیەنراوێدا ئاشکرای کردوە، کە ھەندێک لە میدیاکانی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ھەواڵێکان لەبارەی بریارێک بۆ کشانەوەی سەرمایەی بانکە تایبەتەکان بڵاوکردوەتەوە کە دوورە لە راستییەوە، داوا لە کەناڵەکانی راگەیاندن دەکات کە بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ زانیارییەکان بکەن و دەستکەوتنی زانیاریی ورد پەیوەندی بە بانکی ناوەندییەوە بکەن.
ئەوەشی دووپاتکردوەتەوە، کە ئەو دەنگۆیانە و سودوەرگرتن لە سەرچاوەی نارەسمی کاریگەریی لەسەر سیاسەتی نەختینە و کەرتی بانکی دەبێت، ھەربۆیە کار لەسەر بەھێزکردنی متمانە بە کەرتی بانکی دەکەن.
بەگوێرەی خشتەی کۆبوونەوەکانی دادگای فیدڕاڵی، ئەمڕۆ دادگاکە لەسەر ئەو سکاڵایە کۆدەبێتەوە کە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیران دژی یاسای بودجە تۆماریکردووە.
سەرۆک وەزیرانی عێراق تانەی لە ١٢ ماددەی یاسای بودجەداوە و دەڵێت، گۆڕانکارییەکانی ئەنجومەنی نوێنەران کە لە یاسای بودجەدا کردوونی، دەستوەردانن لە دەسەڵاتی جێبەجێکردن، بۆیە داوای لە دادگای فیدڕاڵی کردووە گۆڕانکارییەکان ھەڵبوەشێنێتەوە.
سکاڵاکەی سودانی سەرجەمیان تایبەتن بە دۆسیەی خەرجییەکان و سنورەکانی دەسەڵاتی جێبەجێکردن، ھیچ بڕگەیەکی سکاڵاکەش تایبەت نییە بە ھەرێمی کوردستان.
رۆژنامەی عەرەبی جەدید لە سەرچاوەیەکی بەرپرسەوە بڵاویکردەوە، چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان فشار لە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیران دەکەن بۆ ئەوەی رێگاچارەیەکی خێرا بۆ بەرزکردنەوەی بەھای دینار لە بەرامبەر دۆلار بگرێتەبەر.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، لەو پێناوەشدا سودانی بە بەردەوامی لەگەڵ تیمی حکومەتەکەی کۆدەبێتەوە بۆ ئەوەی چارەسەرێک بۆ ئەو ئاستەنگییە بدۆزێتەوە.
رۆژی ١٩ـی ئەم مانگە ئەمریکا مامەڵەکردن بە دۆلاری لە ١٤ بانکی عێراقی قەدەغەکرد و تۆمەتباریکردن بە ناردنی دۆلار بۆ ئەو وڵاتانەی کە سزای ئەمریکایان لەسەرە، بەوھۆیەش جارێکی دیکە بەھای دۆلار بەرزبووەوە.
لەمیانەی پێشوازیکردنی سەرۆککۆمار لە نەسیر مەمەدۆڤ باڵیۆزی کۆماری ئازەربایجان لە عێراق، کە تێیدا سەرۆک عەلیێڤ داوەتنامەیەکی ئاراستەی سەرۆککۆمار کرد بۆ سەردانکردنی ئازەربایجان و لە پەیامەکەیدا دوپاتیکردوەتەوە کۆبونەوە و دانوستانەکان کە ئەنجامی دەدەین لە میانەی سەردانەکەدا، کاریگەریان دەبێ لەسەر بەھێزکردن و قوڵترکردنی ھاریکاری بۆ ھێنانە کایەی ھەلی ھاوبەشی نوێ بۆ ھەردو وڵات .
سەرۆککۆمار سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ ئەو داوەتنامە بەڕێزە نیشاندا و دوپاتیکردەوە کە لە نزیکترین دەرفەتدا جێ بەجێی دەکات.
ھەر لەمیانی دیدارەکەدا سەرۆککۆمار، باسی لە پێویستی فراوانکردنی ئاسۆی ھاریکاری ھاوبەش لە بوارەکانی ئابووری، وەبەرھێنان، گەشتیاری و وزە لە پێناو بەدیھێنانی بەرژەوەندییەکانی ھەردوو وڵاتدا کرد.
لە بەرامبەردا باڵیۆز، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سەرۆککۆمار دەربڕی و جەختی لە پەرۆشی وڵاتەکەی کردەوە بۆ پەرەپێدانی ئاسۆی ھاریکاری بە شێوەیەک کە خواست و ویستی گەلانی عێراق و ئازەربایجان بۆ پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی بەدەست بھێنێت.
سەرۆککۆمار لە میانەی دیداری بەجیا لەگەڵ ھەردوو باڵیۆزدا، ھیوای خواست کە لە بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیان سەرکەوتوبن، ئاماژەشیکرد بە خواستی عێراق بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان لەگەڵ ھەردوو وڵات بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە ھاوبەشەکان بکات.
لای خۆیانەوە ھەردوو باڵیۆز سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ سەرۆککۆمار دەربڕی و جەختیانکردەوە لە ویستی وڵاتەکانیان بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانییان لەگەڵ عێراق لە بوارە جیاجیاکاندا.
فەرھاد عەلادین، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دەرەوە رایگەیاند، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا سەردانی عێراق دەکات و لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیران کۆدەبێتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش دەست بە ئامادەکارییەکان کراوە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، بڕیارە لە سەردانەکەیدا ئەردۆغان لەگەڵ سودانی گفتوگۆ لەبارەی سێ پرسەوە بکەن، کە بریتیین لە دۆسیەی ئاو، بەشداریکردنی کۆمپانیاکانی تورکیا لە پرۆژەی رێگەی گەشەپێدانی عێراق، لەگەڵ دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیھانەوە.
محەمەد شیاع سوودانی لەمیانەی کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای "جەنەرال ئەلیکتریک"ی ئەمریکی ئاماژەی بەوەدا، گرنگی زیاتر بە کەرتی کارەبا دەدەن بە تایبەتی لە کەرتەکانی گواستنەوە، دابەشکردن و بەرھەمھێناندا، داواشی لە کۆمپانیاکە کرد، ھاوکاری وەزارەتی کارەبا بکات بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ئەو کەرتانە.
وتیشی، ھەوڵدەدەن بەفیڕۆچوونی غازی ھاوەڵ لە کێڵگە نەوتییەکانی عێراق کەمبکەنەوە بۆ ئەوەی لە پڕۆژەکانی بەرھەمھێنانی کارەبا سوودی لێ وەربگرن.
لای خۆیەوە سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیاکە رایگەیاند، کۆمپانیاکەیان پابەندە بە جێبەجێکردنی ئەو گرێبەستانەی لەگەڵ عێراقدا واژوویان کردووە.
کۆمپانیای جەنەرال ئەلیکتریکی ئەمریکی، لە بواری وزەدا کار دەکات و لە ساڵی ٢٠١٨ەوە، لە عێراق وەبەرھێنان لە وزەدا دەکات.
بەھا ئەعرەجی، جێگریسەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق رایگەیاند، سودانی بە جددی کاردەکات لەسەر ئابووری عێراق و پرسی دۆلار، بۆ ئەو مەبەستەش بەردەوام لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا لە گفتوگۆدایە.
وتیشی، ھەوڵدەدرێت ئابووری عێراق بڕوخێندرێت، بەڵام سودانی بە پلان دەیەوێت ئەو ھەوڵانە شکست پێبھێنێت.
جێگری سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق راشیگەیاند، سزادانی ١٤ بانکی عێراق لەلایەن ئەمریکاوە لە چوارچێوەی ھەوڵەکانە بۆ رووخاندنی ئابووری عێراق و لاوازکردنی چوارچێوەی ھەماھەنگی، چونکە لە ئێرانەوە نزیکن.
ئاماژەی بەوەشدا، عێراق بە دەست قەیرانی نەبوونی پارەی کاشەوە دەناڵێنێت و بانکی ناوەندی بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە دەیەوێت دراوی نوێ چاپ بکات.
ئەنجومەنی راژەی گشتی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "مەحمود تەمیمی" سەرۆکی ئەنجومەنی راژەی گشتی فیدراڵی سەردانی دیوانی چاودێری دارایی کردووە و لەگەڵ سەرۆکی دیوانەکە و سەرۆکی دەستەی دەستپاکی کۆبووەتەوە و رایگەیاندووە، ئامادەکاری دەکەن بۆ جێبەجێکردنی لیستێکی دامەزراندن.
وتیشی ئەو لیستە ٣١ ھەزار و ٤١٨ پلەی وەزیفی لەخۆدەگرێت، کە دەرچووانی ساڵی ٢٠١٧ن و ھەڵگری بڕوانامەی باڵا و سێ یەکەمەکانن.
سەرۆکی ئەنجومەنی راژە ئاماژەی بەوەشکرد، قسەیان لەگەڵ وەزارەتی دارایی و دیوانی چاودێری دارایی کردووە، بۆ نوێکردنەوەی داتای ھەموو ئەو کەسانەی دامەزراندن دەیانگرێتەوە لە دامەزراوەکانی دەوڵەت.
یوسف کیلابی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، ماوەی چەند رۆژێکە بەھای دینار لە بەرامبەر دۆلار بەردەوام لە دابەزیندایە و ئەگەر رێکار و رێوشوێنی پێویست و بە پەلە نەگیرێتەبەر، بەھای دینار زیاتر دادەبەزێت و کاریگەری زۆر خراپیشی لەسەر ھەموو عێراقییەکان دەبێت.
وتیشی، بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی ورد لەبارەی ھۆکارەکانی دابەزینی بەھای دینار و ھەوڵدان بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەکی گونجاو، ئەمڕۆ لیژنەی دارایی لەگەڵ عەلی عەلاق وەک پارێزگاری بانکی ناوەندی کۆدەبنەوە و دواتریش راپۆرتێک ئاراستەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکەن.