لە میانی سەردانەكەی بۆ ئیسپانیا، سەرۆك وەزیرانی عیراق شەش یاداشتی لێكتێگەیشتنی لەگەڵ حكومەتی ئەو وڵاتە ئیمزا كرد.


محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عیراق لەگەڵ پێدرۆ سانچێز هاوتا ئیسپانییەكەی لە مەدرید كۆبوەوەو هەردوولا ژمارەیەك یاداشتی لێكتێگەیشتنی هاوبەشیان لەبوارەكانی هاریكاری یاسایی و بازرگانی و پیشەسازی ئیمزا كرد.


ئەمە جگە لەوەی یاداشتێكی لێكتێگەیشتن لە نێوان دەستەی دەستپاكی عیراق و داواكاری گشتی ئیسپانیا و یاداشتێكی هاوكاری نێوان پارێزگاری واست و كۆمپانیایەكی بیناسازی ئیسپانیا و هەروەها یاداشتێكی تری لێكتێگەیشتن بۆ هاریكاری ئەمنی نێوان وەزارەتەكانی ناوخۆی عیراق و ئیسپانیا ئمیزا كراوە.


لای خۆیەوە سانچێز سوپاسی سودانی كرد بۆ قبوڵكردنی بانگهێشتنامەكە و جەختی لە گرنگی عیراق كردەوە لە ناوچەكەدا، ئاماژەی بە ویستی وڵاتەكەشی كرد بۆ دامەزراندنی هاوبەشی لەگەڵ عیراق، هاوكات خواستی كۆمپانیاكانی وڵاتەكەی بۆ بەشداریكردن لە پڕۆژە جیاجیاكان لە عیراق دەربڕی.