سودانی و ئەسەد پەیوەندییەكی تەلەفۆنیان لەبارەی شەڕ و پێكدادانەكانی باكووری رۆژئاوای سوریا ئەنجامدا و سەرۆک وەزیرانی دەڵێت، ئاسایشی عیراق و سوریا گرێدراوی یەكترن.

سەرۆكایەتی كۆماری سوریا لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، بەشار ئەسەد سەرۆك كۆماری سوریا پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق ئەنجامدا و تێیدا، دوایین پێشهاتەكانی سوریا و هەماهەنگییەكانی نێوان هەردوو وڵات لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا تاوتوێكران.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، سودانی ئاماژەی بەوەداوە، ئاسایشی عیراق و سوریا گرێدراوی یەكترن و ئامادەیی عیراقیشی دەربڕیووە، بۆ پشتیوانیكردنی سوریا لە بەرەنگاربوونەوەی رێكخراوە تیرۆریستییەكان و تەواوی ئاستەنگییەكان.

لە بارەی پەیوەندیەكەشەوە نوسینگەی سودانیش رایگەیاندووە، هەردوولا گفتوگۆیان لەسەر پەیوەندییە دووقۆڵییەكان و هاوكاری هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات كردووە.

جەختیلەوەشكردووەتەوە، عیراق پابەندە بە سەقامگیری و سەروەری و یەكپارچەیی خاكی سوریا.

ئەوەش لەكاتێكدایە، بەهۆی گرژییەكانی باكووری رۆژئاوای سوریاوە، بە فەرمانی سودانی تەواوی سنووری نێوان عیراق و سوریا داخراوە و فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانی عیراقیش دەڵێت، هێزە ئەمنییەكانیان توانای پاراستنی وڵاتیان هەیە و ئامادەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر جۆرە ئاستەنگییەك.