عەقید بیلال سوبححی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری ماددە ھۆشبەرەکان لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاندووە، سەرەڕای پلان و رێکارە ناوخۆییەکان و ھەماھەنیگی نێوان حکومەتی عێراق وڵاتانی ناوچەکە بەتایبەتیش وڵاتانی دراوسێ بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددەی ھۆشبەر، بازرگانیکردن و بەکارھێنانی ماددە ھۆشبەرەکان رۆژ لە دوای رۆژ لە زیادبووندایە و گەیشتووەتە قۆناغێکی مەترسیدار.
وتیشی، سەرەتای ئەمساڵەوە تا کۆتایی مانگی نۆی رابردوو، نزیکەی ١٢ ھەزار کەس لە عێراق لە سەر بازرگانیکردن و بەکارھێنانی ماددە ھۆشبەرەکان دەستگیرکراون و رێکاری یاساییان بەرامبەر گیراوەتەبەر و ھەر لە ماوەی ئەو نۆ مانگەشدا ھێزە ئەمنییەکان دەستیان بەسەر ٣ تۆن و ٥٠٠ کیلۆ ماددەی ھۆشبەردا کردووە لەسەرجەم جۆرەکانی.
محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە بەغداد لەگەڵ جینین پلاسخارت نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق کۆبووەوەو بەپێی راگەیەندراوێکی نووسنیگەکەی سودانیش باسیان لە ئامادەکارییەکان بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان و پرۆژە ھاوبەشەکانی نێوانیان و ھەماھەنگی زیاتریان کردووە لە نێوان حکومەتی عێراق و نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان.
ئاماژە بەوەشکراوە، تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکەی سودانی پلاسخارت گفتوگۆ بووە لەسەر دۆسێی ئاوارەکان و گەڕاندنەوەیان بۆ زێدی خۆیان بەو مەرجەی سەرجەم پێداویستییەکانیان بۆ دابین بکرێت و ناوچەکانیشیان ئاوەدان بکرێتەوە.
دوو لێپرسراوی عێراقی لە نوسینگەی سەرۆک وەزیرانەوە بە "عەرەبی جەدید"یان راگەیاند، سەردانەکەی ھاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا لە مانگی ئابی رابردوو بۆ ئامادەکاری بووە بۆ سەردانەکەی "رەجەب تەیب ئەردۆغان" سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ عێراق کە بە نیازبوون لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بەردی بناغەی پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان دابنێن، کە بەسرە بە خاکی تورکیاوە دەبەستێتەوە.
راشیگەیاند، ئەو سەردانە ھێشتا لە خشتەی کاری ھەردوو وڵاتدا ھەیە، بەڵام بەستراوەتەوە بەرێککەوتن لەسەر چەندین دۆسیەی وەک، پەکەکە و دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان و بەردانەوەی ئاو.
حکومەتی عێراق لە ٢٥ی مانگی حوزەیرانی رابردوو سەردانی ئەردۆغانی بۆ عێراق راگەیاند، کە بڕیاربوو لە مانگی تەمموز ئەنجام بدرێت، بەڵام تائێستا سەردانەکە نەکراوە.
مەسعود حەیدەر بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، بەپێی دەستووری عێراق، حکومەتی عێراق ناتوانێت راستەوخۆ مووچە یان ھەر خەرجیەکی تر بۆ ھەرێم خەرج بکات. ھەموو مامەڵەیەکی نێوان ھەرێم و بەغداد دەبێت لە رێگەی داموو دەزگا رەسمییەکانی ھەردوولاوە بێت کە حکومەتی ھەرێم و حکومەتی فیدراڵیە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، بەپێی یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٣، دەبێت حکومەتی فیدراڵی مانگانە ٧٧٥ ملیار دینار مووچە بۆ ھەرێم خەرج بکات لە رێگەی وەزارەتی دارایی ھەرێمی کوردستانەوە، ھەر بابەتێک لە دەرەوەی ئەو چوارچێوەیە، یاریکردنە بە ھەست و سۆزی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان، حکومەتی عێراق ناتوانێت جێبەجێی بکات چونکە پێچەوانەی ماددەی ١١٧ و ١٢١ی دەستوورە.
سەرۆککۆماری عێراق، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی (حەدس)، کە سەعات ١٠:٣٠ خولەکی ئەمشەو بڵاودەبێتەوە، باسی لە چەندین بابەتی ھەنوکەیی کرد، لەبارەی پەیوەندییەکانی بەغداد و ئەنقەرەش وتی، عێراق ھەوڵدەدات رێککەوتنێکی ئەمنی لەگەڵ تورکیا بکات، وەک ئەو رێککەوتنە ئەمنییەی لەگەڵ ئێران ھەیانە، وتیشی، پێویستە تورکیا رێز لە سەروەریی عێراق بگرێت و رەچاوی رەوشی عێراق بکات.
د.لەتیف رەشید راشیگەیاند، تورکیا رۆژانە پێشێلکاری لە ھەرێمی کوردستان دەکات و فڕۆکەی جەنگی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و بنکەی سەربازیی لە عێراق ھەیە، ئەوەش جێگەی قبوڵکردن نییە و پێشێلکارییەکانی ئەو وڵاتە کوشتنی خەڵکی مەدەنیی لێکەوتووەتەوە.
سەرۆک کۆماری عێراق راشیگەیاند، پارتی کرێکارانی کوردستان، ٤٥ ساڵ یان زیاترە لە ھەرێمی کوردستان ھەن و بەغداد پێشێلکارییە رۆژانەکانی تورکیا لە سلێمانی و ھەولێر و دھۆک و ناوچەکانی دیکەی ھەرێمی کوردستان رەتدەکاتەوە.
وەزارەتی تەندروستی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، لەئێستادا زۆرێک لە بریندارەکانی رووداوەکەی حەمدانییە کە ژمارەیان ٨٢ کەس بوو چارەسەری پێویستیان بۆ کراوەوە رەوانەی ماڵەوە کراونەتەوە، تەنھا ١٩ بریندار لە نەخۆشخانەکانی موسڵ و ھەرێمی کوردستان ماونەتەوە.
راشیگەیاند، ژمارەی گیانلەدەستدان تائێستا گەیشتووەتە ١١٩ کەس و چەندین تەرمیش ھێشتا نەناسراونەتەوە و بۆ دۆزینەوەی ناسنامەیان رەوانەی پزیشکی داد کراون لە بەغداد بۆ ئەنجامدانی پشکنینی "دی ئێن ئەی " بۆیان.
وەزارەتی تەندروستی عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە، تائێستا ٣٠ برینداری رووداوەکەش بۆ چارەسەر رەوانەی دەرەوەی وڵات کراون و رەوشی تەندروستی بەشێکیان جێگیرە.
شەوی سێشەممەی رابردوو لە ئاھەنگێکی بوکگواستنەوەدا لە یەکێک لە ھۆڵەکانی قەزای حەمدانیە، بەھۆی ھەڵدانی یاریی ئاگرینەوە، ئاگر لە ھۆڵەکە کەوتەوە کارەساتێکی گەورەی بەدوای خۆیدا ھێنا، ئەوەش کاردانەوەی فراوانی لێکەوتەوە.
د. لەتیف رەشید سەرۆککۆماری عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی"حەدەس" رایگەیاند، کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغداد کێشەی سیاسی راستەقینە نەبووە، ئەوانەی پەیوەندییان بە لایەنی جێبەجێکردنەوە ھەبووە چارەسەر کراون، بەشێکی زۆری ئەو کێشانەش دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی یاسای نەوت و وزە، حکومەتی ھەرێم و حکومەتی ناوەندیش مەبەستیانە یاسای نەوت و گاز دەربچێت.
وتیشی، ھەرێمی کوردستان وەکو خۆی دەمێنێتەوە و ھیچ ترسێکیان لە سیستمی فیدراڵی نییە.
سەبارەت بە کێشەکانی کەرکوک، سەرۆککۆمارئاماژەی بۆ ئەوەکرد، کەرکوک گرنگترین شاری عێراقە، بەڵام ھەندێک جار وەکو پێویست کاروبارەکانی کەرکوک بەڕێوەنەبراوە.
سەبارەت بە بۆردومانەکان و سنوربەزاندنەکانی تورکیاش رایگەیاند، تورکیا بە درێژایی کات بەردەوامە لە پێشێلکارییەکانی و عێراق وەک وڵاتێکی سەربەخۆ ئەوە قبوڵناکات، ھیواشی خواست لەگەڵ تورکیاش بگەنە رێککەوتنێکی ھاوشێوەی رێککەوتنەکەیان لەگەڵ ئێران.
لەبارەی ھەڵبژاردنی داھاتوو، د. لەتیف رەشید رایگەیاند، لەگەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کاردەکەن بۆ ئەوەی ھەڵبژاردنی داھاتوو ھەڵبژاردێکی پاک و بێگەرد بێت، لەگەڵ ئەوەدانین ھیچ لایەنێکی سیاسی لە پڕۆسەی ھەڵبژاردن بکشێتەوە.
سەبارەت بە کێشەی ئاویش وتی، پێویستە عێراق وەکو وڵاتێک پشکی داپەروەرانەی خۆی لە ئاو پێبگات، لەگەڵ وڵاتانی دراوسێشدا لە پەیوەندیدان و گەشبینن بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەو بارەیەوە.
بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی نەینەوا ئاماری گیانلەدەستدانی ڕوداوی ئاگرکەوتنەوەی حەمدانیەی خستە ڕوو، بەپێی ئامارەکە ئەو کەسانەی لە ڕووداوەکەدا گیانیانلەدەستداوە بەرز بووەتەوە بۆ ١١٣ کەس، کە ٤١ کەسیان تا ئێستا ناسنامەیان دیار نییە.
لە ئامارەکەشدا بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی باس لە ژمارەی بریندارەکان کراوە کە تا ئێستا ١٢یان نێردراونەتە دەرەوە بۆ چارەسەر و ٢٠ بریندار لە نەخۆشخانەکاندا ماون، کە ٣ کەسیان لە نەخۆشخانەی کۆمارین لە موسڵ، ١١ برینداریان لە نەخۆشخانەکانی پارێزگای ھەولێرن، ٦ی تریش لە نەخۆشخانەکانی پارێزگای دھۆکن.
تەندروستی نەینەوا دەشڵێت، بڕیارە ٨ برینداری دیکە ڕەوانەی نەخۆشخانەکانی دەرەوە بکرێن بۆ وەرگرتنی چارەسەری پێویست.
لای خۆیەوە، مار بندتۆس یۆنان حەنۆ سەرۆکی ئەساقیفەی ئەبرەشییەی موسڵ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەوان ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان لە رووداوەکەی حەمدانییە رەتدەکەنەوە و دەرفەتێک دەدەن بە بەرپرسان بۆ پێداچوونەوە بە کەیسەکەدا و لەدوای ناشتنی تەواوی تەرمەکانی رووداوەکە ھەڵوێستی کۆتایی خۆیان رادەگەیەنن.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق، رۆژی یەکشەممە دوای پێنج رۆژ لە لێکۆڵینەوە ھۆکاری ئاگرکەوتنەوەکەی قەزای حەمدانیەی ئاشکرا کرد و رایگەیاند، ئاگرەکە بەھۆی یاریی ئاگرینەوە دروستبووە، قائیمقام و سەرۆکی شارەوانی و چەند بەرپرسێکی دیکەش بەھۆی کەمتەرخەمییەوە لە پۆستەکانیان دوورخرانەوە و رەوانەی دادگا دەکرێن.
کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، لەمانگی ئەیلولی رابردوودا کۆی ھەناردەکردنی نەوت بۆ ئوردن زیاتر لە ٤٤٩ ھەزار و ٤٢٣ بەرمیل بووە و تێکڕا رۆژانەش ١٥ ھەزار بەرمیل نەوت لە عێراقەوە بۆ ئوردن ھەناردەکراوە و کۆی داھاتەکەشی لەو مانگەدا گەیشتووەتە نزیکەی ٣٥ ملیۆن دۆلار.
راشیگەیاندووە، لەمانگی رابردوودا ھەر بەرمیلێک نەوت بە کەمتر لە ١٤.٥ دۆلار بەراورد بە نرخی بازاڕی جیھانی بە ئوردن فرۆشراوە بە شێوەیەک ھەر بەرمیلێک نەوت بە زیاتر لە ٧٨ دۆلار بە ئوردن فرۆشراوە لەکاتێکدا لە بازاڕەکانی جیھان نرخی یەک بەرمیل نەوتی عێراق ٩٢.٥ دۆلار بووە.
ناسڕ کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەکرد، بۆ دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنە لیژنەیەک نێردراوەتە ھەرێمی کوردستان و دڵنیایی دراوە لە جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنە.
وتیشی ئێران سورە لە جێبەجێکردنی سەرجەم بڕگەکانی ئەو رێکەوتنەو نەرمی لەو بارەیەوە نانوێنێت.
دوێنێ یەکشەممە، وەفدێکی ئەمنیی عێراق و ھەرێمی کوردستان، لە تاران لەگەڵ راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئێران کۆبووەوە و گفتوگۆیان لەبارەی ئەو رێککەوتنە ئەمنییەکە کرد، کە دوورخستنەوەی حزبەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان لە سنوورەکانی ئێران و چەک داماڵینیان لەخۆدەگرێت.
ئێران جەخت لەجێبەجێکردنی تەواوەتیی رێککەوتنی چەکداماڵێنی حزبەکانی رۆژھەڵات دەکاتەوە، عێراقیش دەڵێت لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە، ١٢ خاڵی سنوورییان لەگەڵ ئێران داناوە.
محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکان لە نوسراوێکدا کە ئاراستەی ئۆپراسیۆنە ھاوبەشەکانی کردووە بڕیاریداوە لەسەر کەمکردنەوەی ژمارەی پاسەوانەکان و کەمکردنەوەی دەرکەوتنە چەکدارییەکانی کاروانی بەرپرسان.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو ڕێنماییە بەشێک لە پاسەوانەکان ناگرێتەوە، بە لەبەرچاوگرتنی قەبارە و جۆری ھێزەکان ھەروەھا وەرگرتنی ڕەزامەندییە یاساییەکان بۆ جووڵە پێکردنی ھێزەکان.
سودانی جەختیکردووەتەوە، ئەرکی دەسەڵاتی چاودێرییە کە چاودێری سەرپێچیکاران بکات و بیانخاتە بەردەم دادگا بۆ بۆ بڕیاردان لەبارەیانەوە.
عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتیمانی لە رژی جیھانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیدا پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاندووە، لەم رۆژەدا پێویستە ھەمووان بەرەنگاری ھەموو جۆرەکانی توندوتیژی ببنەوە و ئەوانەشی تائێستا بڕوایان بە توندوتیژی ھەیە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان دەبێت لەوە تێبگەن کە ئەو جۆرە بیرکردنەوەیە ھیچ ئەنجامێکی نابێت و ھیچ کەس و لایەنێکیش بە ئەنجامدانی توندوتیژی ئامانج و بەرژوەندییەکانی بەدەستنەھێناوە.
وتیشی، پێویستە سەرجەم چالاکییە ئاینی و سیاسییەکان و راگەیاندنەکانیش رۆڵیان ھەبێت لە بەرەنگاربوونەوەی توندروتیژی و بیاتنانی کۆمەڵگەیەک کە بڕوای بە گفتوگۆ ھەبێت، داواشی لەلایەنە سیاسییەکانی عێراق کردووە یەکتر شکاندن رابگرن و بە گفتوگۆ کێشەکانیان چارەسەر بکەن.
بە پێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی داد، خالید شوانی وەزیری دادی عێراق وەفدێکی بەسەرۆکایەتی زیاد تەمیمی بریکاری وەزارەتی داد و سەرۆکی لیژنەی ئامادەکاریی کۆنگرەی ئەنجومەنی وەزیرانی دادی عەرەب رەوانەی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی کردووە بە مەبەستی تەواوکردن و ھەماھەنگی تایبەت بە رێکارەکانی بەڕێوەچوونی ئەو کۆنگرەیە.
ئاماژە بەوەشکراوە، دوای گەیشتنی بۆ قاھیرە، وەفدەکەی وەزارەتی دادی عێراق لەگەڵ ئەحمەد ئەبو غێت ئەمینداری گشتی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی کۆبووەتەوە و ئامادەکارییەکانییان بۆ خولی ٣٩ھەمینی کۆنگرەی ئەنجومەنی وەزیرانی دادی عەرەب تاوتوێکردووە کە رۆژانی ١٥ و ١٦ی ئەم مانگە لە بەغداد بەڕێوەدەچێت.
لە ١ی ١٠ی ساڵی ٢٠١٩، خۆپیشاندان دژی نەبوونی خزمەتگوزاری و زۆربوونی رێژەی بێکاری و دژی دەسەڵاتداران و پڕۆسەی سیاسی لە بەغداد و شارەکانی باشور و ناوەڕاستی عێراق دەستیپێکرد و فراوانتر بوو.
خۆپیشاندانەکان توندوتیژی لێکەوتەوە و نزیکەی ٨٠٠ خۆپیشاندەر کوژران و زیاتر لە ٢٥ ھەزاریش برینداربوون، تا ئێستاش ھیچ کەس و لایەنێک لەسەر کوشتنی خۆپیشاندەران سزا نەدراوە.
"ھادی سەلامی" ئەندامی سەربەخۆی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، دوای چوار ساڵ لەو خۆپیشاندانە، ھیچ گۆڕانکارییەک لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و کێبڕکێی لایەنەکان بۆ ھەژموونی دەسەڵات نەگۆڕاوە.
وتیشی، حزبە گەورەکان ترسی زۆریان ھەیە لە سەرھەڵدانەوەی ناڕەزاییەکان و بۆ ئەو مەبەستەش ترس بڵاودەکەنەوە، ھەروەھا لێپێچینەوە لەو رۆژنامەنووس و چالاکوانانە دەکەن کە دژ بە حکومەت و وەزارەت و ئەنجومەنی نوێنەران قسە دەکەن.
بە بڕیاری دادگای فیدڕاڵی، پێدانی موچەی خانەنشینی ١١ وەزیری پێشوی عێراق رادەگیرێت، چونکە موچەی ئەو وەزیرانە پێشێلکاریە لە یاسای خانەنشینی و بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی ساڵی ٢٠١٥.
سکاڵاکە ماوەی ساڵێکە لە لایەن "محەمەد شیاع سودانی" سەرۆک وەزیرانی عێراق و وەزیری دارایی و دەستەی خانەنشینی نیشتمانی عێراق تۆمارکراوە رایانگەیاندوە بە پێی یاسایی ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بە خانەنیشان دەبێت ئەو کەسانەی خانەنشین دەکرێت و پلەی تایبەت وەردەگرێت دەبێت ١٥ ساڵ خزمەتیان ھەبێت و تەمەنیان لە ٥٠ ساڵ کەمتر نەبێت.