سبەینێ ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق كۆدەبێتەوە
ئاکام
٣٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤
سبەینێ ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق كۆدەبێتەوە و سێ پڕۆژە یاسای جێگەی مشتومڕ دەخاتە دەنگدانەوە، كە یەكێكیان تایبەتە بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی بەعس بۆ گەڕاندنەوەی خاوەندارێتی زەوییە لەناوچە جێناكۆكەكان بۆ خاوەنەكانیان.
فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، رۆژی یەكشەممە ئەنجومەنی نوێنەران كۆدەبێتەوە و سێ پرۆژەیاسا دەخاتە دەنگدانەوە و خوێندنەوە بۆ دوو پرۆژەیاساش دەكرێت.
ئەو سێ پڕۆژە یاسایەی دەخرێنە دەەنگدانەوە بریتین لە: هەمواركردنەوەی یاسای باری كەسێتی ساڵی ١٩٥٩ و پرۆژەیاسای گەڕاندنەوەی زەوییەكان بۆ خاوەنەكانیان كە بە چەند بڕیارێكی ئەنجومەنی سەركردایەتیی بەعس دەستیان بەسەردا گیراوە لەگەڵ پرۆژەیاسای هەمواری دووەمی یاسای لێبوردنی گشتی.
ئەو سێ پرۆژە یاسایە زۆرترین مشتومڕیان لەسەرە و پێشتر فراكسیۆنەكانی شیعە و سوننە و كورد جەختیان كردبووەوە كەتێپەڕاندنی ئەو پڕۆژە یاسایانە پێوستیان بە رێككەوتنی سیاسییە.