د.بڕیار رەشید ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە کوردسات نیوزی راگەیاند، جوتیارانی سلێمانی داواکارییەکیان پێشکەشکردبوو و نیگەرانی ھاوردەکردنی تەماتە بوون بۆ سنورەکە و بۆ ئەم مەبەستەش لەگەڵ ئەنجومەنی ئاسایشی ئابوری عیراق کۆبوونەوە.
دەشڵێت، ئەنجومەنی ئاسایشی ئابوری بڕیاریدا لەسەر قەدەغەکردنی ھاوردەکردنی تــەماتـە بۆ ماوەی مانگێک لە ١٥ی ئەیلول تا ١٥ی تشرینی یەکەم بۆ ئەوەی بەرھەمە ناوخۆییەکان ساغببنەوە.
ھاوکات، فوئاد حسێن سەرۆکی ئەنجومەنی وزاری ئابوری لە نوسراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە کۆبوونەوەی هەشت و نۆی ئەم مانگەی ئەنجومەنی وزاری ئابوری ھەرێم و عیراق بڕیاردراوە بە قەدەغەکردنی ھاوردەکردنی تەماتە بۆ ھەرێم و عیراق بۆ ماوەی مانگێک.
خەڵەف شەنگالی راوێژکاری محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عیراق بۆ کاروباری ئێزدیەکان رایگەیاند، لیژنەیەکی باڵایان لە ئەنجومەنی وەزیران پێکھێناوە بۆ یەکلاکردنەوەی چارەنوسی دوو ھەزار و ٦٠٠ ھاووڵاتی ئێزدی رفێندراو.
وتیشی، لیژنەکە لەگەڵ تیمی تایبەتی لایەنە پەیوەندیدارەکان کاردەکات بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو بابەتە و حکومەت بەڕێوەبەرایەتیەکی بۆ رزگاربووە ئێزدیەکان دامەزراندووە و موچە بە دوو ھەزار و ٧٠٠ کەس لەو توێژە دەدات ھاوکات زەویشیان بەسەردا دابەش دەکات.
کەریم نوری راوێژکاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عیراق رایگەیاند، لە ئێستادا نزیکەی ٥٤ ھەزار ئاوارە لە نەتەوە جیاوازەکان لە کەمپی ھۆلدا نیشتەجێن، لەنێویاندا نزیکەی ١٥ ھەزار عێراقی ھەن کە بەھۆی شەڕ لە ناوچەکانی باغوز و دیرزوور ئاوارەی ئەو ناوچەیە بوون.
ئاماژەی بەوەکرد، حکومەتی عیراق لەئێستادا دەستیکردووە بە پڕۆسەی گێڕانەوەی ئەو ئاوارانە و تائێستا لە کۆی ٢٠ ھەزار ئاوارەی عیراقی زیاتر لە چوار ھەزاریان گێڕاونەتەوە کە ھیچ پێشێلکارییەکی ئەمنییان لە ناوچەکانیان تۆمارنەکردووە، وتیشی، لەئێستادا نزیکەی ١٥ ھەزار ئاوارەی عیراقی لەو کەمپەدا ماونەتەوە.
بەیانی ئەمڕۆ فڕۆکەیەکی ھاوکاری پزیشکی عیراق گەیشتە فڕۆکەخانەی بەیروت، ئەوەش دوای ئەوەی گەشتی ئاسمانی نێوان لوبنان و عیراق لەدوای رووداوی تەقینەوەی ئامێرەکانی پەیوەندی کرانەوە.
وەزیری تەندروستی لوبنانیش رایگەیاند، ھاوکارییەکەی عیراق ٢٠ پزیشک و کارمەندی تەندروستی و ١٥ تۆن ھاوکاری لەخۆدەگرێت.
دوێنێ لەدوای ئەو رووداوەی لوبنان، عیراق دەستبەجێ ئامادەیی بۆ پێشکەشکردنی ھاوکاری بە نەخۆشخانەکانی لوبنان راگەیاند.
لەپەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، سەرۆککۆمار بەتوندی ھێرشەکەی بۆسەر لوبنان ئیدانە کرد، کە چەندین شەھید و برینداری لێکەوتەوە و بە پەرەسەندنێکی مەترسیدار و ھەوڵی فراوانکردنی بازنەی جەنگ و دەستدرێژی ناوبرد، کە لێکەوتەی مەترسیداری دەبێت بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە.
ھەروەھا سەرۆککۆمار ھاوسۆزیی عێراقی لەگەڵ گەلی لوبنانی برا لەم تەنگانەیەدا دوپاتکردەوە و ئامادەیی عێراقیشی بۆ پێشکەشکردنی ھەموو جۆرە ھاوکارییەکی مرۆیی و پزیشکی بۆ بریندارەکان دەربڕی، ھاوکات سەرەخۆشی ئاراستەی کەسوکاری قوربانیانی ھێرشەکەش کرد.
د.لەتیف رەشید پشتیوانی عێراقی بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیریی لوبنان دەربڕی و ھەر جۆرە دەستدرێژییەکی بۆسەر وڵاتەکە رەتکردەوە. ھەروەک جەختیکردەوە، پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرپرسیارێتییە یاسایی و ئەخلاقییەکانی خۆی بگرێتەئەستۆ بۆ وەستاندنی جەنگ لەدژی گەلی فەڵەستین بەتایبەتی لە کەرتی غەززە و رێگەگرتن لەھەر ھەوڵێک بۆ فراوانکردنی بازنەی ململانێکە.
لەلای خۆیەوە نەجیب میقاتی سەرۆک وەزیرانی لوبنان سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ ھەڵوێستی نەگۆڕ و پشتیوانیی گەل و حکومەتی عێراق بۆ لوبنان دەربڕی لە ئاڵنگارییە جۆراوجۆرەکانی کە لەڕابردودا روبەڕوی بوەتەوە.
لە دیدارەکەدا باس لە رەوشی گشتیی سیاسی و ئابووریی وڵات کرا و سەرۆک کۆمار ئاماژەی بە گرنگی یەکخستنی ریزەکان و پێکەوەکارکردنی سەرجەم ھێز و لایەنە سیاسییەکان کرد بۆ چەسپاندنی سەقامگیریی لە بوارە جیاجیاکان و پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری بە ھاووڵاتیان.
لەلایەن خۆیەوە رەیان کلدانی سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سەرۆک کۆمار دەربڕی و جەختیکردەوە، بزوتنەوەی بابلیون پاڵپشتی ھەر کارێک دەکات ببێتەمایەی پتەوکردنی بنەمای دیموکراسی و سەقامگیری لە عێراقدا.

ئەلینا رۆمانۆوسکی باڵیۆزی ئەمریکا لە عیراق لە کۆنگرەی دەستپێکردنی ستراتیژی نیشتیمانی بۆ پاراستن و باشترکردنی ژینگەی عیراق رایگەیاند، حکومەتی بەغداد ھەنگاوی گرنگی ناوە بە ئاراستەی بنیاتنانی دەوڵەتێکی پێشکەوتوو و باشتکردنی ژیانی نەوەکانی ئێستا و داھاتوو بە تایبەتیش لە بواری ئابوریدا، ئەوەش دەیسەلمێنێت حکومەتی عیراق لە توانایدا ھەیە شێوازێکی ئابوری ئەوتۆ دروستبکات کە وڵاتانی دیکە چاوی لێبکەن.
وتیشی، ئەو ھەنگاوە گرنگانەی عیراق لە بواری ئابوریدا دەبێتە بەرچاوڕونی و دیدگایەک بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی ئەو کێشە و ئاستەنگە ژینگەییانەی روبەڕووی عیراق بونەتەوە بەھۆی زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان و سەرچاوە سروشتییەکان کە گەشەسەندنی عیراقیان لە بوارە جیاجیاکاندا سنوردارکردووە.
عەبدولقادر ئۆراڵ ئۆغڵۆ وەزیری گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا رایگەیاند، پرۆژەی رێگای گەشەپێدان لەگەڵ عیراق تا ساڵی ٢٠٢٥ تەواودەبێت.
دەشڵێت، پرۆژەکە رێڕەوێکی گرنگی بازرگانییە کە عیراق و تورکیا لە ڕێگەی ھێڵی ئاسنین و ڕێگاوبان و بەندەر و شارەکانەوە بە درێژایی ھەزار و ٢٠٠ کیلۆمەتر بەیەکەوە دەبەستێتەوە، لەنێویشاندا بەندەری فاو.
ئاماژەی بەوەشکردووە، رێگای گەشەپێدان ھاوشێوەی رێگای ئاوریشمی عیراقەو وەک رێگایەکی بەدیل بۆ کەناڵی سوێس دادەمەزرێت ئەوەش بۆ ئاسانکاری خێراتر و کاراترکردنی بازرگانی.
باسم محەمەد بریکاری وەزارەتی نەوتی عیراق بۆ کاروباری دەرھێنانی وزە رایگەیاند، لە چوارچێوەی گرنگیدان و گەشەپێدانی کەرتی وزە و نۆژەنکردنەوەی کێڵگەکانی تایبەت بە بەرھەمەھێنانی غاز، توانراوە بگەنە قۆناغی گۆڕینی غازە سوتاوەکان لە رێگەی جێبەجێکردنی چەندین پرۆژەوە کە سود لەو غازە وەردەگرن.
وتیشی، لە ئێستا لە بەسرە ٢٠٠ ملیۆن پێ سێجا، لە میسان ١٥٠ ملیۆن پێ سێجا و کۆمپانیای تۆتاڵیش لە پێنج کێڵگەی باشوور ٦٠٠ پێ سێجا غاز بەرھەمدەھێنن و لەماوەی داھاتووشدا کۆمپانیایەکی ئۆکراینی ئاستی بەرھەمھێنانی غاز دەگەیەنێتە ٤٠٠ ملیۆن پێ سێجا.
باس لەوەشدەکات، ئەو ھەوڵانە دەبنەھۆی ئەوەی لەماوەی پێنج ساڵی داھاتوودا عیراق بگاتە ئاستی خودبژێوی لە بەرھەمھێنانی غاز و کۆتایی بە ھاوردەکردن دەھێنێت و دەبێتە سەرچاوەی ھەناردەکردنی غازیش بۆ دەرەوەی وڵات.
سەیف بەدر وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عیراق رایگەیاند، لەماوەی رابردودا لە ٢٢ شوێن پشکنینی تایبەتیان بە دەرخستنی بەکارھێنانی ماددەی ھۆشبەریان بۆ خوێندکاران و فەمانبەرانی دامەزراوی حکومەت ئەنجامداوە.
راشیگەیاند، شەش ھەزار و ٤٢٠ ئالودەبوو و بەکارھێنەری ماددە ھۆشبەرەکانیش لە ناوەندە تایبەتمەندەکان بەو بوارە لەلایەن کەسانی پسپۆڕ و شارەزاوە چارەسەری پێویستیان بۆ کراوەو تائێستاش بەشێکی زۆریان بە تەواوی لەو نەخۆشییە کوشندەیە رزگاریان بووە.
وتیشی، لەماوەی رابردوودا، ٩٧٧ کیلۆگرام ماددەی ھۆشبەر و ھەشت ملیۆن و ٢٥ ھەزار و ٦٣٣ حەب و چوار ھەزار و ١٤٥ ئیمپولی ماددەی ھۆشبەریان لەناوبردووە.
ئەمیر مەعموری پەرلەمانتاری سەربەخۆ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند، ئەرکی دابینکردنی خۆراک بۆ بەندکراوانی ناو گرتووخانەکانی عیراق بە کۆمپانیایەک سپێردراوە و حکومەتی عیراقیش ٢٥ ملیار دیناری بۆ مانگێک و ٣٠٠ ملیار دیناری لە ساڵێکدا بۆ ئەو مەبەستە تەرخانکردووە بە مەبەستی دابینکردنی سێ ژەم خواردن بۆ ٧٠ تا ١٠٠ ھەزار بەندکراو لە گرتووخانەکاندا.
وتیشی، کۆمپانیای جێبەجێکار پابەندی خاڵ و بڕگەکانی رێککەوتنەکەی نییە لەگەڵ وەزارەتی داد و گەندەڵییەکی گەورە ئەنجام دەدات، جەختیشیکردووە، وەزارەتی دادی عیراق ئاگاداری ئەو بابەتەیە و لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون دەکات.
دادگای فیدراڵی عیراق لە روونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە ماددەی ٤١ی دەستوری ساڵی ٢٠٠٥دا ھاتووە کە عیراقییەکان ئازادن لە پابەندبوون و رێکخستنی باری کەسێتی خۆیان بەپێی ئاین و مەزھەب و نەریتەکانیان رێکبخرێت کە ئەوەش بەپێی یاسا دەبێت.
دەشڵێت، ئەو مافە تەنیا بە یاسا دەدرێت بە ھاووڵاتیان و سنوردار دەکرێت بە مەرجێک ئەو سنوردارکردنە پێچەوانەی ماددەکانی دەستور نەبێت و ھاووڵاتی سەرپشک دەبێت لە رێکخستنی باری کەسێتی خۆی.
ئەوەش لەکاتێکدایە، کە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق خوێندنەوەی دووەمی بۆ ھەمواری یاسای باری کەسێتی کردووە کە رێگە بە ھاوسەرگیریکردنی کچانی تەمەن نۆ ساڵ دەدات، ئەوەش ناڕەزایەتی لەسەر ئاستی عیراق و ھەرێم لێکەوتووەتەوە و داوادەکرێت گۆڕانکاری تیادا بکرێت و بە پێشێلکردنی مافی منداڵان و ژنانی دەزانن.

فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بڵاویکردووەتەوە، ئەمڕۆ سێ شەممە کۆبوونەوەی ئەنجومەنەکە بەڕێوەدەچێت کە شەش تەوەر لە خۆدەگرێت لەناویاندا دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای ھەمواری یەکەمی یاسای دامەزراوەی شەھیدان و خوێندنەوەی دووەم بۆ خزمەت و خانەنشینی دەستەی حەشدی شەعبی.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ھەر لەکۆبوونەوەکەدا خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژەیاسای فڕۆکەوانی مەدەنی عیراق تەواو دەکرێت.
ئەنجومەنی نوێنەران لەکۆبوونەوەی دوێنێیدا خوێندنەوەی دووەمی بۆ ھەمواری پڕۆژەیاساکانی باری کەسێتی و لێبوردنی گشتی کرد، دەنگدانیشی لەسەر ھەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕشی رژێمی پێشووی بەعس لەبارەی دەستبەسەرداگرتنی زەوی جوتیارانی کورد دواخست.
میدیاکانی عیراق بڵاویانکردەوە، ئیسماعیل قائانی لە بەغدادە و لەگەڵ بەشێک لە سەرکردەی ھێز و لایەنە سیاسییەکان و گروپە چەکدارەکانی نزیک لە وڵاتەکەی کۆبووەتەوە.
ئەوەشیان خستووەتەڕوو، قائانی لە میانی زنجیرە دیدار و کۆبوونەوەکانی لە بەغداد، چاوی بە ھەریەک لە ھادی عامری سەرۆکی رێکخراوی بەدر و قەیس خەزعەلی ئەمینداری گشتی عەسائیبی ئەھلی حەق و حسێن حەمیداوی فەرماندەی کەتائیبی حزبوڵای عیراقی کەوتووە.
ئەوەش لەکاتێکدایە، ھەفتەی رابردوو مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران سەردانی عیراق و ھەرێمی کوردستانی کرد و بەجیان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ھەردوولا زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوەی ئەنجامدا.
محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عیراق لە چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ ئاژانسی بلومبێرگی ئەمریکی ئاماژەی بەوەشکرد، لە کۆنگرەی نێودەوڵەتی ھاوپەیمانان دژی داعش وادەی کۆتایی ھێنان بە ئەرکی سەربازی ھێزەکانی ھاوپەیمانان رادەگەیەنن، ئەوەش بەشێکە لە کارنامەی حکومەت.
باسی لەوەشکرد، لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا پرسی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی تاوتوێکردووە و لە مانگی ئابی ساڵی رابردوودا لیژنەیەکی دوو قۆڵی سەربازیان پێکھێناوە بۆ دانوستان لەو بارەیەوە و گەیشتوون بە لێکتێگەیشتن بۆ رێکخستنی پرسی کشانەوەی ھاوپەیمانان.
دەشڵێت، بۆ تێکەڵنەکردنی پرسەکان راگەیاندنی ئەنجامی گفتوگۆکانیان دواخستووە بۆ کۆنگرەی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش کە بڕیارە لەم مانگەدا لە واشنتن بەڕێوەبچێت.
سودانی جەختیکردەوە، پاساوەکانی بوونی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی کۆتایی ھاتووە و دەستیان بە گفتوگۆی راشکاو کردووە لەگەڵ ھاوپەیمانان بۆ کۆتایی ھێنان بە ئەرکی سەربازیان لە عیراق.
محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عیراق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی بلومبێرگی ئەمریکی ئاماژەی بەوەکرد، دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێم پێویستی بە ھەمواری گرێبەستە نەوتییەکان یان ھەمواری یاسای بودجەیە، بەو پێیەی لە یاسای بودجە تێچووی بەرھەمھێنانی بەرمیلێک نەوت بە ھەشت دۆلار دیاریکراوە، لەکاتێکدا لە گرێبەستە نەوتییەکانی ھەرێم بە ٢٦ دۆلار دیاریکراوە.
وتیشی کۆمپانیا نەوتییەکانی ھەرێم ھەموارکردنی گرێبەستەکان رەتدەکەنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا گفتوگۆ لەگەڵ ھەرێم و کۆمپانیا نەوتییەکان بەردەوامە بۆ گەیشتن بە چارەسەر و پێشبینی دەکەن ئەمساڵ بگەنە چارەسەر بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنی نەوت.
سودانی باسیلەوەشکرد، عیراق پابەندە بە کەمکردنەوەی خۆبەخشی بەرھەمھێنان و ھەناردەی نەوت بۆ پارێزگاریکردن لە نرخی نەوت.