محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆنگرەی نێودەوڵەتی تەسەوف رایگەیاند، ئەوان بە قۆناغێکی سەختدا تێدەپەڕن لە مێژووی ناوچە عەرەبی و ئیسلامیەکەماندا و خەڵکی غەززە نزیکەی چوار مانگە رووبەرووی شەڕێکی ناڕەوا بوونەتەوە.
وتیشی، عێراق بە یەکڕیزیی گەلەکەی بەسەر داعشدا سەرکەوتووە، ئەمڕۆش بەرەو گەشەپێدان و بنیاتنان و ئاوەدانکردنەوە ھەنگاو دەنێت.
دەشڵێت، ئەوان بە پتەویی و حیکمەتەوە رووبەڕووی ھەموو ھەلومەرج و ئاڵۆزییەکان دەبنەوە و لە بەرگریکردن لە ئاسایش و سەروەری وڵات و بەرژەوەندییە باڵاکانی گەل سازش ناکەن و نەرمی نانوێنن.
دەزگای ھەواڵگری سەربازیی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لەسەر بنەمای زانیاری ھەواڵگری ورد و بەھاوکاری بەشی ھەواڵگری سەر بەفەماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی کەرکوک و ھێزە ئەمنییەکانی قەزای خورماتوو، لەناوچەیەکی سنوری ئەو قەزایە گەورە تیرۆریستێکی داعشیان دەستگیرکردووە کە چەندین ناسنامەی ساختەی بە چەندین ناوی جیاجیا پێبووە و لە ھاتوچۆکردنیدا لە نێوان شار و شارۆچکە و پارێزگاکان بەکاریھێناون.
راشیگەیاندووە، ئەو تیرۆریستە کەسی یەکەمی پاشماوەکانی داعش بووە لە پارێزگاکانی نەینەوا، کەرکوک، دیالە و ئەنبار و لێپرسراوی دابینکردنی سەرچاوەیی دارایی و خۆراک بووە بۆ پاشماوەکانی داعش، بەپێی ماددەی چواری تیرۆریش لەلایەن دادگاکانی عێراقەوە داواکراوە.
لە ڕاگەیەندراوێکدا دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق دەڵێت، وەفدێکی باڵای ئێران بە سەرۆکایەتی وەزیری ناوخۆ لەگەڵ سەرۆکی دەستەی دەروازە سنووریەکان کۆبووەتەوە، ھەردوولا ڕێککەوتنێکی ١١ خاڵی ھاوبەشیان لەسەر میکانیزمی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ھاتنە ناوەوەی گەشتیاران ئەنجامداوە.
بەپێی ڕێککەوتنەکە، ئەو دەروازە ناڕەسمییانەی کە بۆ کاری قاچاخچیەتی بەدرێژایی سنووری ھەردوو وڵات بەکاردەھێنرێن، پێویستە دابخرێن، ھەروەھا دابینکردنی ساڵنامەی کشتوکاڵی بۆ بازرگانانی ئێرانی بۆ پابەندبوون و ڕێگریکردن لە ھەناردەکردنی ئەو کاڵایانە کە بەپێی ئەم ساڵنامەیە قەدەغەکراون بە مەبەستی پاراستنی بەرھەمی ناوخۆیی.
ھەروەھا چڕکردنەوەی پشکنینی گەشتیاران و کەلوپەل، بۆ ڕێگریکردن لە تێپەڕبوونی چەک یان مادەی ھۆشبەر و دامەزراندنی کەناڵی پەیوەندیی راستەوخۆ لەنێوان دەروازە سنوورییەکانی ھەردوو وڵات و ئەنجامدانی کۆبوونەوەی ھاوبەش بەشێوەیەکی بەردەوام و رێگریکردن لەھەر جۆرە باجێک، کە لەسەر بنەمای یاسا کارپێکراوەکان نەبێت.
ئەمڕۆ دادگای فیدڕاڵی لەسەر دوو سکاڵا کۆدەبێتەوە کە تایبەتن بە ھەڵوەشاندنەوەی حزبی تەقەدووم کە لەلایەن محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی لەکارلابراوی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە سەرۆکایەتی دەکرێت.
سکاڵاکان لەلایەن ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەران و سەرکردەیەکی سوننەکانەوە تۆمارکراون و داوایان لە دادگای فیدڕاڵی کردووە بڕیارێکی ئەنجومەنی کۆمسیارانی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکان بە نادەستوری لە قەڵەم بدات کە بڕیاری ھەڵوەشاندنەوەی حزبی تەقەدوومی رەتکردووەتەوە.
لە سکاڵاکاندا حزبی تەقەدوم و محەمەد حەلبوسی بە "ساختەکاری" نوسراوەکان و کارکردن لەگەڵ کۆمپانیایەک کە خاوەنداریەتی بۆ ئیسرائیل دەگەڕێتەوە تۆمەتبارکراون، ھەروەھا بەپێشێلکردنی یاسای حزبەکان و دەستوری عێراقیش تۆمەتبار کراون.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت، فوئاد حسێن وەزیری دەرەوە بە تەلەفۆن لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا قسەی کردووە و ھێرشەکانی واشنتۆنی لەناو خاکی عێراقدا رەتکردووەتەوە، داواشی لە ئەمریکا کردووە بگەڕێتەوە بۆ چوارچێوەی گفتوگۆ لەرێگەی لیژنەی باڵای ھەماھەنگی سەربازییەوە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، ھەردوو وەزیر جەختیانکردوەتەوە لە گرنگی پێکەوە کارکردن و ھاوبەشی ستراتیژی و بەردەوامی پێکەوەکارکردن بۆ روبەڕوبوونەوەی ئەو ئاستەنگییانەی کە ناوچەکە روبەڕوی دەبێتەوە، واشنتۆنیش جارێکی دیکە پشتیوانی خۆی بۆ بەھێزکردنی کەرتی ئابوری عێراق دوپاتکردووەتەوە.
پەیوەست بە سزادانی بانکەکانیش لەلایەن وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکاوە، وەزیری دەرەوەی عێراق داوای روونکردنەوەی رەسمی لە واشنتۆن کردووە و ئاماژەی بەوەداوە کە ئەو بانکانە بەشێکی گرنگن لە راییکردنی کاروبار و دابینکردنی پێداویستییەکانی ھاووڵاتیان.
د.لەتیف رەشید لە کۆشکی بەغداد پێشوازیکرد لە یەشار گولەر وەزیری بەرگریی تورکیا و وەفدی یاوەری و جەختیکردەوە، پێویستە چارەسەرکردنی کێشەکانی پەیوەست بە سنور و دۆسییەی ئەمنیی نێوان ھەردوو وڵات، لەڕێگەی راوێژ و ھەماھەنگی ھاوبەش و پێکھێنانی لیژنەی ئەمنی لەنێوان ھەردوولا بێت و رەتکردنەوەی بڕیاری تاکلایەنە لە چارەسەرکردنی کێشە ھەڵپەسێردراوەکان، وتیشی، نابێت خاکی عێراق بکرێتە سەرچاوەی ھەڕەشەکردن لەسەر وڵاتانی دراوسێ یان ئەوانی دیکە.
سەرۆککۆمار جەختیکردەوە لە پێویستی رێزگرتن لە سەروەریی عێراق و راگرتنی ئەو پێشێلکارییە سەربازیانەی دەکرێنە سەر خاکی عێراق لەنێویاندا شارەکانی ھەرێمی کوردستان.
سەرۆککۆمار ئاماژەی بەوەشکرد، راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی دەبێتەھۆی تێکدانی ھاریکاری ھاوبەش و رێگری لە پاراستنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی نێوان ھەردوو گەل دەکات.
لای خۆیەوە، یەشار گولەر وەزیری بەرگریی تورکیا پاڵپشتی وڵاتەکەی بۆ ئاسایش و سەقامگیری و سەروەری عێراق نیشاندا و ھەروەھا ویستی خۆی نیشاندا بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەک بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان سلێمانی و شارەکانی تورکیا.
بڕیارە لە دوای سەردانەکەیان بۆ بەغداد، وەزیری بەرگری و سوپاسالاری تورکیا سەردانی ھەرێمی کوردستانیش بکەن و لەگەڵ لێپرسراوانی باڵای ھەرێم کۆببنەوە.
دامەزراوەی ئەمپرەی بەریتانی کە تایبەتە بە ئاسایشی دەریایی بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ کەشتییەکی بازرگانی بەریتانی لە کەناراوەکانی یەمەن بە درۆن ھێرشیکراوەتە سەری و لە ئەنجامیشدا بە سوکی زیان بە کەشتییەکە کەوتووە.
باسی لەوەشکردووە، کەشتییەکە ھەڵگری ئاڵای دوورگەکانی باربادۆس بووە و لە دەریای سور و نزیک کەناراوەکانی یەمەن روبەڕوی ھێرشەکە بووەتەوە، ھێرشەکەش زیانی گیانی نەبووە.
لە درێژەی کاردانەوەی ھێرشی سەر غەززە، گرژییەکان لە یەمەن تا دێت زیاتر دەبێت و تەنھا لە ٤٨ سەعاتی رابردوودا زیاتر لە ٤٠ ئەندامی حوسییەکان لە یەمەن کوژراون و ھێرشی ئەمریکا و بەریتانیاش بۆ سەر ئەو گروپە بەردەوامە.
د. نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لیژنەکەیان چاوەڕێی حکومەتی عێراق دەکات تا رەشنووسی یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٤ رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران بکات و ئەوانیش کۆبوونەوەکانیان لەبارەیەوە دەستپێدەکات.
وتیشی، چاوەڕێدەکرێت لە دوو ھەفتەی داھاتوودا ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ھەمواری یاسای بودجە پەسەندبکات و رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی دەکات بۆ پەسەندکردنی.
د. نەرمین مەعروف: چاوەڕێدەکرێت لە دوو ھەفتەی داھاتوودا حکومەت رەشنووسی بودجە پەسەند بکات
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە میانی کۆبوونەوەیدا لەگەڵ یەشار گولەر وەزیری بەرگری و سوپاسالاری تورکیا ئاماژەی بەوەشکرد، پێداگرە لەسەر زیادکردنی ھەماھەنگی لەنێوان بەغداد و ئەنقەرە بۆ پشتیوانی لە ئاسایش و ئارامی ھەردوو وڵات.
وتیشی، حکومەتەکەی ھەموو رێکارێک دەگرێتەبەر بۆ پاراستنی سەروەری خاکی عێراق و رێگریشدەکات لەوەی خاکەکەی بۆ ھێرشکردنەسەر وڵاتانی دراوسێ بەکاربھێندرێت، لە ھەمانکاتیشدا بەلایەوە گرنگە کە ئاسایشی سوریا وەک بەشێک لە ئاسایشی نەتەوەیی عێراق پارێزراوبێت.
لای خۆیەوە، وەزیری بەرگری تورکیا ئاماژەی بەوەکرد، ئەنقەرە خواستی ئەوەی ھەیە ھەماھەنگی لە بواری ئەمنی لەگەڵ عێراق پتەوتر بکات تا ھەردوولا لە بوارەکانی ھەواڵگری و روبەڕوبوونەوەی تیرۆردا بەردەوام پێکەوەکارکردنی ھاوبەشیان ھەبێت.
عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی ھەواڵی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، بانکی ناوەندیی لە دۆخێکی دڵنیاییدایە بۆ وەڵامدانەوەی داواکارییەکانی کڕینی دۆلار و دووپاتیکردەوە کە یەدەگی پێویستیان ھەیە.
سەبارەت بە دابینکردنی دۆلار بۆ گەشتیاران، عەلاق وتی، تێبینی زۆیان لە سیستمی ئێستای پارەدان بە گەشتیاران ھەیە، بەوپێیەی کە بەم سیستمە زەحمەتە گەشتیاریی ڕاستەقینە دۆلار بەدەستبھێنێت، ھەر بۆیە میکانیزمی نوێ لەو بارەیەوە جێبەجێدەکەن.
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە کەناڵی (حەدەس) ی سعودی راگەیاند، لەدوای بۆردومانکردنی شارەکانی قائیم و ناوچە سنوورییەکانی عێراق لەلایەن ئەمریکاوە، وەکو عێراق ھیچ پەیوەندییەکیان لەگەڵ ئەو وڵاتە نەماوە، چونکە لەژێرھیچ پاساوێکدا ھێرشکردنە سەر خاکی عێراق قبوڵکراو نییە.
ئاماژەی بەوەشدا، ھەرێمی کوردستان بەشێکە لەگفتوگۆکان بۆ کۆتایی ھێنان بە ئەرکی ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە عێراق و ئامانج لەو پڕۆسەیەش ئەوەیە پاساوی ھێرشە درۆنییەکان نەمێنێت.
سەرۆکوەزیرانی عێراق وتیشی، ئەرکی ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە عێراق بە خواستی عێراقییەکان دەستیپێکرد و ھەر بە خواستی ئەوانیش کۆتایی پێدێت، ئاشکراشیکرد، گەیشتوونەتە چارەسەرێک بۆ ڕاگرتنی ھێرشی گروپی چەکدارەکان لەبەرامبەر وەستانی وەڵامەکانی ئەمریکا.
عەباس کازم نوێنەری عێراق لە نەتەوەیەکگرتووەکان لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایش تایبەت بە دۆخی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، ھەماھەنگی بەردەوام لەنێوان ھەرێم و بەغداد ھەیە بۆ چارەسەری کێشەکان و نزیکن لە رێککەوتن لەسەر بودجە، ھەروەھا کاردەکەن لەسەر دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێم لە رێگەی تورکیاوە.
جەختیشیکردەوە، ھێرشکردنە سەر خاک و سەروەری عێراق لەلایەن ھەر لایەنێکەوە بێت رەتیدەکەنەوە و عێراق رێگە بەھیچ لایەنێک نادات ئاسایش و سەقامگیریی بخاتە مەترسییەوە.
سامر حەبیب خەفاجی بەڕێوەبەری فەرمانگەی ڤێرتێرنەری لە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، توانیویانە کۆنتڕۆڵی نەخۆشی زمانی شین بکەن و لیژنەیەکی تایبەتی نەخۆشییە درمەکان نموونەی لەچەند شوێنێکی عێراق وەرگرتووە و لە مانگی رابردوودا ھیچ حاڵتێک تۆمارنەکراوە.
دەشڵێت، نەخۆشیەکە گوازراوە نییە و بۆ مرۆڤ ناگوازرێتەوە و تەنیا مەڕ و مانگا و بزن و گامێش لە رێگەی مێش و مەگەزەوە تووشی دەبن.
لە رۆژی ٣١ی مانگی رابردوو، ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، چین ھاوردەکردنی گۆشتی بەشێوەی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە عێراق قەدەغەکرد.
بەھۆی نەبوونی رێژەی یاساییەوە، کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بۆ کاتێکی نادیار دواخرا کە بڕیاربوو سەرۆک و جێگر ھەڵبژێرێت.
لە کۆی ١٦ ئەندامی ئەنجومەنی نوێی پارێزگای کەرکوک ھەشت ئەندام ئامادەی دانیشتنەکە بوون، ئەندامانی یەکێتی و پارتی و مەسیحییەکان بەشداری کۆبوونەوەکەیان کرد و عەرەب و تورکمان بەشدارییان نەکرد.
ڕێبوار تەھا سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک رایگەیاند، ئیمزای ئامادەبوونیان بۆ کۆبوونەوەکە کردبوو، بەڵام ئەندامانی عەرەب و تورکمان ئامادەنەبوون، ھەوڵ دەدەن لە کۆبوونەوەی داھاتوودا ڕازییان بکەن تا ئامادەی دانیشتنەکە بن.
ھاوکات رەعد ساڵح، ئەندامی کوتلەی عەرەب لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بە کوردسات نیوزی وت: بڕیاریانداوە تا رێککەوتن لەنێوان ھەموو پێکھاتەکانی کەرکوک نەکرێت، بەشداری کۆبوونەوەکان نەکەن.
دواخستنی کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە کاتێکدایە کە ھاوکات ئەنجومەنی پارێزگاکانی نەینەوا و نەجەف و واست و بەسرە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیاندا، سەرۆک و جێگری سەرۆکی ئەنجومەن و پارێزگاریان ھەڵبژارد.
ھەروەھا ئەنجومەنی پارێزگای ئەنباریش ھەرچەندە محەمەد نوری کەربولی بە پارێزگار ھەڵبژارد، بەڵام دواتر ھەڵوەشێنرایەوەو ھەڵبژاردنی پارێزگاری بۆ کاتێکی تر دواخست، بەڵام سەرۆکی ئەنجومەنی ھەڵبژارد.
مستەفا گەرعاوی ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، تائێستا خشتەی یاسای بودجەی ٢٠٢٤ نەگەیشتووەتە ئەنجومەنی نوێنەران کە دەبێتەھۆی پەکخستنی خەرجکردنی بودجەی وەزارەت و دامەزراوەکان و تەنانەت مووچەی فەرمانبەران و وەستاندنی پڕۆژەکان.
ھاوکات، موعین کازمی، ئەندامی لیژنەی دارایی رایگەیاند، پێشبینیدەکرێت تا ناوەڕاستی ئەم مانگە گۆڕانکاریەکانی یاسای بودجە رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران بکرێت کە دیارترین گۆڕانکاری زیادکردنی کرێی دەرھێنانی نەوتە.
دەشڵێت، ئەنجومەنی ئابوری سەربە ئەنجومەنی وەزیران کار لەسەر دواین گۆڕانکارییەکانی یاسای بودجەی ئەمساڵ دەکەن و دوای گەیشتنی بە ئەنجومەنی نوێنەران دەنگی پێدەدرێت.
فالح فەیاز سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لە مەراسیمی بەخاکسپاردنی قوربانیانی بۆردوومانەکانی ئەمریکا لە ناوچەکانی عەکاشات و قائیم وتی، ئەمریکا راستەوخۆ ھێزەکانی حەشدی شەعبی کردووەتە ئامانج، بەڵام ئەو ھێرشە بێ وەڵام تێناپەڕێت، چونکە رێگەنادەن ھێزەکانیان بکرێنە ئامانجی ململانێی سیاسی.
فەیاز وتیشی، حەشدی شەعبی جێی شانازی عێراقییەکانن، ناشتوانن کۆنتڕۆڵی ھەڵوێستی گروپە چەکدارەکان بکەن لە وەڵامدانەوەی ئەو ھێرشانە، بۆیە دەبێت خاکی عێراق لە ھێزی بیانی پاکبکرێتەوە.
ھادی عامری سەرۆکی ھاوپەیمانی نەبنی، ئەمریکای تۆمەتبار کرد بە ھەوڵدان بۆ گەڕانەوەی تیرۆریستان بۆ عێراق، جەختیشی کردەوە لەوەی ئەنجومەنی نوێنەران بڕیارێکی یەکلاکەرەوە بدات بۆ کردنەدەرەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە وڵاتەکە.