رۆژهەڵاتی ناوەڕاسترۆژهەڵاتی ناوەڕاست

مەزڵوم کۆبانێ، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، لەپاش روداوەکەی تدمر، نیگەرانی خۆی بۆ برینداربوونی ژمارەیەک لە ئەندامانی ئاسایشی گشتی و سەربازانی ئەمریکا لە بیابانی سوریا دەربڕی و داوای هەوڵی هاوبەش دەکات.

مەزڵوم کۆبانێ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بەداخەوەن بۆ برینداربوونی ژمارەیەک لە هێزەکانی ئاسایشی گشتی و سەربازانی ئەمریکا کە لەکاتی جێبەجێکردنی ئەرکەکانیاندا لە بیابانی سوریا (بادیە) روبەڕووی تەقەکردن بوونەتەوە.

فەرماندەی هەسەدە ئاماژەی بەوەشکردووە: "زیادبوونی ئەم هێرشانە پێویستی بە ئیرادەی زیاتر و خستنەگەڕی هەوڵی هاوبەش هەیە لەسەر ئاستی نیشتمانی، بۆ ئۆپراسیۆنەکانی روبەڕووبوونەوەی تیرۆر و شانەکانیان".

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، مەزڵوم کۆبانێ هیوای چاکبوونەوەی خێرای بۆ بریندارەکانی ئەو رووداوە خواستووە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە نزیک شاری تدمر تەقە لە هێزێکی ئەمنی سوریا و هێزە ئەمریکییەکان کرا و بەهۆیەوە ژمارەیەک سەربازی هەردوولا برینداربوون، ئەوەش لە کاتێکدایە هێزەکان گەڕانێکی مەیدانی هاوبەشیان ئەنجامدەدا.

سەرچاوەیەکی ئەمنی بە ئاژانسی هەواڵی سانای رەسمی سوریای راگەیاندووە، ئەمڕۆ لەکاتی ئەنجامدانی گەڕانێکی مەیدانی هاوبەشدا لە نزیک شاری تدمر، چەکدارێک تەقەی لە هێزەکان کردووە و بەهۆیەوە 2 کارمەندی هێزە ئەمنییەکانی سوریا و ژمارەیەک سەربازی ئەمریکی برینداربوون، هاوکات تەقەکەرەکەش دەستبەجێ کوژراوە.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای روداوەکە جموجۆڵی فڕۆکە لە ئاسمانی ناوچەکەدا بە چڕی زیادیکردووە و بەهۆیەوە رێگەی نێودەوڵەتی دێرەزور – دیمەشق بە شێوەیەکی کاتی بەڕوی هاتووچۆدا داخراوە.

بەپێی زانیارییەکان، هەلیکۆپتەرەکانی ئەمریکا گەیشتوونەتە شوێنی روداوەکە و بریندارەکانیان بۆ بنکەی سەربازی تەنف گواستووەتەوە، تا ئێستاش هیچ زانیارییەک لەبارەی ناسنامەی چەکدارەکە و پاڵنەری هێرشەکە ئاشکرا نەکراوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سوریای دیموكرات دەڵێت، ئامانجی شۆڕشی سوریا ئازادییە و ئەوانەی گوتاری رق بەكاردەهێنن شكستدەهێنن.

مەزڵوم كۆبانێ فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) رایگەیاند، ئامانجی شۆڕشی سوریا ئازادییە و روخاندنی رژێمەكەی بەشار ئەسەدیش تەنها قۆناغی یەكەمی هەنگاونانە بەرەو ئەو ئازادییە، وتیشی، بەندەكانی رێككەوتنی 10ی ئادار مێژوویین و دەبنە بنەمایەك بۆ بەهێزبوونی سوریا و هەسەدەش پابەندی ئەو رێككەوتنەیە، بەڵام ئەوانەی شەڕیان دەوێت و گوتاری رق و كینە بەكاردەهێنن شكستدەهێنن.

لەبارەی هەڵوێستی وڵاتانی دراوسێش لەسەر رێككەوتنەكە ئاماژەی بەوەكرد، وڵاتانی دراوسێ وەك پێشتر دژایەتیان ناكەن و پەیوەستن بە رێككەوتنەكەوە و وەفدەكانی هەسەدەش، وردەكارییان لەگەڵدا تاوتوێ دەكەن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

هێزە دەریاییەكانی ئێران لە گەروی هورمز و نزیك لە كەناراوەكانی عومان دەستیانگرت بەسەر كەشتییەكدا كە شەش ملیۆن لیتر سوتەمەنی هەڵگرتبوو.

میدیاكانی ئێران بڵاویانكردەوە، هێزی دەریایی ئەو وڵاتە لە گەرووی هورمز و لە نزیك كەناراوەكانی عومان دەستیگرتووە بەسەر كەشتییەكدا كە شەش ملیۆن لیتر سوتەمەنی هەڵگرتووە.

دەشڵێت، كەشتییەكە 18 كارمەندی هندی و سریلانكی و بەنگلادیشی تێدابووە و رێكاری یاساییش بەرامبەر كەشتییەكە و ستافەكەی دەگیرێتەبەر.

پێشتریش ئەمریكا دەستیگرت بەسەر كەشتییەكی نەوتهەڵگری ڤەنزوێلا و كۆمپانیای ئەمنی دەریایی ئیمبری ڤەنزوێلیش هۆشداریدا لە ئەگەری دەستبەسەرداگرتنی كەشتی نەوت و سوتەمەنی لە گەروی هەرمز.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەفدی ئیمراڵی دەم پارتی كۆبوونەوەكانی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی توركیا دەستپێكردووەەتەوە، ئەندامێكی وەفدەكەش دەڵێت، قۆناغی نوێی ئاشتی بەشێوازێكی نوێ بەردەوام دەبێت.

وەفدی ئیمراڵی پارتی یەكسانی و دیموكراتی گەلان "دەم پارتی" كە پێكهاتبوون لە پەروین بوڵدان، میدحەت سانجار و فایەق ئۆزگور ئەرۆل، لە هۆڵی پەرلەمانی توركیا لەگەڵ دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی گشتی مەهەپە كۆبوونەوە، پەروین بوڵدان رایگەیاند، لەبارەی قۆناغی نوێی پرۆسەی ئاشتی و كۆبوونەوەكەی دووی كانوونی یەكەمی ئیمراڵی گفتوگۆیان كردووە.

راشیگەیاندووە، كۆبوونەوەكە گرنگ و ئەرێنی بووە و پرۆسەی ئاشتی پێی ناوەتە قۆناغی دووەم و دەبێت  ئەو قۆناغەش بە شێوازێكی نوێ بەردەوامی پێبدرێت، كە پێویستی بە زەمینەی یاسایی هەیە و دەبێت یاسای ئاشتی هەبێت.

دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی گشتی مەهەپەش رایگەیاند، پەروین بوڵدان زۆر راشكاوانە هەموو بابەتێكی باسكردووە و هاوڕایی هەموو قسەكانی بووە.

لەلایەكی ترەوە وەفدی ئیمراڵی دەم پارتی، لەگەڵ عەلی باباجان سەرۆكی گشتیی دەڤا، لە ناوەندی گشتی پارتەكە كۆبووەوە، بۆ هەڵسەنگاندنی دوا پێشهاتەكانی پرۆسەی ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراتی و ئەو راپۆرت و كارانەی لایەنە بەشداربووەكانی كۆمیسیۆنی پشتیوانی و برایەتی پێشكەشیان كردووە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی (ئەمنستی) لە نوێترین راپۆرتیدا گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە بزوتنەوەی حەماس لە هێرشەکەی 7ی ئۆکتۆبەری 2023 و بەرامبەر بەو بارمتانەی دەستبەسەری کردبوون، "تاوانی دژی مرۆڤایەتی" ئەنجامداوە.

رێکخراوەکە کە بارەگاکەی لە لەندەنە، لە راپۆرتەکەیدا کە دوێنێ چوارشەممە بڵاوکراوەتەوە، شیکردنەوەی بۆ شێوازی هێرشەکە و پەیوەندیی نێوان چەکدارەکان کردووە. تیمەکانیان قسەیان لەگەڵ 70 کەس کردووە، لەوانە رزگاربووان، کەسوکاری قوربانیان، پسپۆڕانی پزیشکی دادوەری و کارمەندانی تەندروستی، هەروەها سەردانی شوێنی رووداوەکانیان کردووە و وردبینییان بۆ زیاتر لە 350 گرتە ڤیدیۆ و وێنە کردووە.

بەپێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە، ئەو تاوانانەی ئەنجامدراون چوونەتە خانەی "تاوانی دژی مرۆڤایەتی"ـیەوە، کە بریتی بوون لە: کوشتن، قڕکردن، زیندانیکردن، ئەشکەنجەدان و دەستدرێژی سێکسی.

رێکخراوەکە لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت: "ئەم تاوانانە لە چوارچێوەی هێرشێکی بەرفراوان و رێکخراودا بۆ سەر دانیشتووانی مەدەنی ئەنجامدراون و چەکدارەکان فەرمانیان پێکراوە خەڵکی مەدەنی بکەنە ئامانج".

کاردانەوەکان:

لە بەرامبەردا، بزوتنەوەی حەماس لە راگەیەندراوێکدا بە توندی ناوەڕۆکی راپۆرتەکە رەتدەکاتەوە و بە "هەڵە و ناپیشەیی" ناوی دەبات. حەماس دەڵێت: "ئەو بانگەشانە رەتدەکەینەوە و داوا لە رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی دەکەین لە راپۆرتەکە پاشگەز ببێتەوە".


لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل رایگەیاندووە، راپۆرتەکە هەموو ئەو "کارە دڕندانانەی" نەخستووەتەڕوو کە حەماس ئەنجامیداون.

قوربانییەکان و رابردوو:

بەپێی ئامارەکان، لە هێرشەکەی حەماسدا 1200 کەس کوژران کە زۆربەیان مەدەنی بوون و 251 کەسیش وەک بارمتە رفێندران. بەهۆی جەنگی ئیسرائیلیش بۆ سەر کەرتی غەززە، زیاتر لە 70 هەزار فەلەستینی کوژراون و وێرانییەکی گەورە رووی لە ناوچەکە کردووە.

جێی ئاماژەیە، رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە مانگی کانونى یەکەمی 2024ـدا، لە راپۆرتێکی دیکەدا ئیسرائیلی بە ئەنجامدانی "جینۆساید" دژی فەلەستینییەکان لە کەرتی غەززە تۆمەتبار کردبوو، بەڵام ئیسرائیل ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بڕیارە سبەی هەینی، وەفدی ئیمراڵی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە ئەنکەرە زنجیرەیەک کۆبوونەوەی چارەنوسساز ئەنجام بدەن، کە دیارترینیان کۆبوونەوەیە لەگەڵ سەرۆکی مەهەپە و دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی گفتوگۆکانە.

بەپێی زانیارییەکان، وەفدەکەی دەم پارتی کە پێکهاتوون لە پەروین بوڵدان، میتحەت سانجار و فایەق ئوزگور، سەرەتا سەعات 11ی پێشنیوەڕۆ لە بارەگای گشتیی پارتی دەڤا لەگەڵ عەلی باباجان، سەرۆکی ئەو حزبە کۆدەبنەوە.

دواتر و لە رووداوێکی گرنگی سیاسیدا، سەعات 2ی پاشنیوەڕۆ لە باڵەخانەی پەرلەمانی تورکیا، وەفدی ئیمراڵی سەردانی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) دەکەن.

سەرچاوەیەک لە دەم پارتی بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ئامانجی سەرەکیی ئەم کۆبوونەوانە گفتوگۆکردنە لەسەر "قۆناغی دووەمی پرۆسەی ئاشتی".

سەرچاوەکە ئاشکراشی کرد، ئامادەکارییەکان بەو ئاراستەیەن کە بە ئەگەرێکی زۆرەوە لە کۆتاییەکانی ئەم مانگەدا، وەفدی ئیمراڵی مۆڵەتی پێبدرێت و جارێکی دیکە لە گرتوخانەی ئیمراڵی سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بکەنەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

تۆم باراک، نێردەی ئەمریکا بۆ سوریا رایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکان هێشتا پێی وایە سوپای تورکیا دەتوانێت رۆڵی هەبێت لەسەر زەوی لە کەرتی غەززە.

باراک لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەی (جەروزالێم پۆست)ـی ئیسرائیلی ئاماژەی بەوەکردووە، هێزە وشکانییەکانی تورکیا گەورە و بە ئەزموونن، هەروەها پەیوەندییان لەگەڵ لایەنە جیاوازەکان هەیە کە ئەمەش دەتوانێت بەشداربێت لە هێورکردنەوەی دۆخەکە لە غەززە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، نێردەکەی ئەمریکا باسی لە دۆخی سوریا کردووە و دەڵێت، دیمەشق "مەبەستی نییە دەستدرێژی بکاتە سەر ئیسرائیل"، بەڵکو لەبری ئەوە سەرقاڵی روبەڕوبوونەوەی هەڕەشەکانی رێکخراوی داعشە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە مشتومڕی بەردەوام لەسەر ئامادەیی سوپای تورکیا لە غەززە هەیە و ئیسرائیل و دەسەڵاتدارانی دژی ئەوەن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند، خەڵکی ئێران پیلانەکانی دوژمنیان بۆ گۆڕینی ناسنامەی وڵاتەکەیان پوچەڵ کردوەتەوە و لە ئێستاشدا لە جەرگەی جەنگێکی میدیایی و پروپاگەندەی فراواندان.

ئەمڕۆ چوارشەممە، ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، بە بۆنەی ساڵیادی لەدایکبوونی فاتیمەی کچی پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) پێشوازی لە ژمارەیەک لە ستاییشکارانی ئەهلی بەیت و شاعیران کرد و لە میانی وتارەکەیدا ئاماژەی بەوەکرد، خەڵکی ئێران بە "بەرخودانی نیشتمانی" هەوڵە بەردەوامەکانی دوژمنیان بۆ گۆڕینی "ناسنامەی ئاینی و مێژوویی و رۆشنبیری" وڵاتەکەیان شکست پێهێناوە. وتیشی: "ئەمڕۆ پێویستە لە بەرامبەر چالاکییە تەبلیغاتی و میدیاییەکانی دوژمن کە هێرش دەکەنە سەر مێشک و دڵ و باوەڕەکان، ئامادەکاریی بەرگری و هێرشبەریمان هەبێت".

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، خامنەیی جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی لە ناوەند و جەرگەی "جەنگێکی پروپاگەندە و میدیایی" فراواندایە، چونکە "دوژمن تێگەیشتووە ئەم خاکە بە فشار و هێرشی سەربازی تەسلیم نابێت و داگیر ناکرێت". ئاماژەی بەوەشدا کە ئەمریكا لە سەری ڕمی ئەو بەرەیەدایە و هەندێک وڵاتی ئەوروپیش لە دەوورین.

خامنەیی ئاماژەی بەوەشکرد، ئامانجی دوژمن لەناوبردنی ئامانج و چەمکەکانی شۆڕش و لەبیربردنەوەی خومەینییە، بۆیە داوای کرد لەم جەنگە میدیاییەدا گرنگی بە "مەعریفەی ئیسلامی و شۆڕشگێڕی" بدرێت.

لە کۆتایی دیدارەکەدا، و لە وەڵامی قسەی یەکێک لە ئامادەبووان سەبارەت بە کێشەی خۆڵبارین لە پارێزگای خوزستان، ئایەتەڵڵا خامنەیی وتی: "ئەوە یەکێکە لە کێشە بچووکەکان و کەمکورتی و کێشە لە سەرتاسەری وڵاتدا زۆرن، بەڵام گەلی ئێران بە خۆڕاگری و راستگۆیی رۆژ بە رۆژ ئابرۆ و دەسەڵات بۆ ئێران و ئیسلام پەیدا دەکات و وڵات لە حاڵەتی پێشکەوتندایە".

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا بە زۆرینەی دەنگ  و بەبێ هیچ مەرجێك سزای قەیسەری لەسەر سوریا هەڵگرت، لە دیمەشق پێشوازی گەرم لە بڕیارەكە كرا.

ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا رایگەیاند، بە زۆرینەی  دەنگ  و بە 312 دەنگی بەڵێ لەبەراnبەر 112 دەنگی نەخێر، بڕیاریدا بە هەڵگرتنی سزاكانی قەیسەر لەسەر سوریا و لە بودجەی بەرگریی ساڵی داهاتوودا بڕگەیەك تایبەت دەكەن بەو پرسە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، بە هەڵگرتنی ئەو سزایانە ئابوری سوریا دەبوژێتەوە.

بڕیارلایشە هەفتەی داهاتوو ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكاش پرۆژە بڕیارەكە پەسەند بكات بۆ ئەوەی ببێت بە بریاری كۆتایی.

هاوكات ئاژانسی هەواڵی سوریا بڵاویكردەوە، بەهۆی بڕیارەكە ئەمریكا لە چەند ناوچەیەك خەڵك بۆ دەربڕینی خۆشحاڵیی ئاهەنگیان گیڕاوە و حكومەتی سوریاش پێشوازی گەرمی لە بڕیارەكە كردووە.

سزاكانی قەیسەر چەند سزایەكی توندن لە بواری دارایی و ئابوری و نەوت و لە ساڵی 2019 ئەمریكا سەپاندی بەسەر حكومەتەكەی بەشار ئەسەددا، لەگەڵ ژمارەیەك  كەسایەتی و دامەزراوە و كۆمپانیا كە لە لە سوریا باڵادەستبوون.

سزاكانی قەیسەر؛ بەهۆی ئەنجامدانی تاوانی جەنگ و پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ سەرجەم ئەو لایەنانە لەخۆ دەگرێت كە هاوكاریی حكومەتی سوریا دەكەن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

رۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمز، بە پشت بەستن بە سەرچاوە ئاگادارەکان بڵاویکردوەتەوە؛ تۆنی بلێری سەرۆک وەزیرانی پێشووی بەریتانیا لە لیستی کاندیدەکانی ئەندامێتی لە ئەنجومەنی ئاشتی غەززە دوور خرایەوە، ئەمەش دوای ناڕەزایەتی وڵاتانی عەرەبی و موسڵمان.

ئەمڕۆ دووشەممە، لە راپۆرتێکدا، رۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمز ئاشکرای کردوە، تۆنی بلێر دورخراوەتەوە لە کاندید بوون بۆ ئەنجومەنی ئاشتی غەززە، ئەمەش دوای ئەودێت، کە ناوبراو تاکە کەس بوو  سەرەتا بۆ ئەندامێتی دەستنیشانکرا، کاتێک دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە کۆتایی مانگی ئەیلولدا پلانە 20 خاڵیەکەی خۆی بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس خستەڕوو.

رۆژنامە بەریتانییەکە بڵاویکردووەتەوە، بلێر ئەو پلانەی ئەوکاتی ترەمپی بە پلانێکی  "بوێر و زیرەکانە" وەسف کردووە و رایگەیاندوە؛  بە دڵخۆشیەوە پەیوەندی بە ئەنجومەنەکەوە دەکات، کە سەرۆکی ئەمریکا سەرۆکایەتی دەکات.

دوای دەستنیشانکردنی تۆن بلێر بۆ ئەو پۆستە، ژمارەیەک لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی دژی بەشداریکردنی ئەو بوون، بەشێکی هۆکارەکەش بۆ خراپی ناوبانگی تۆنی بلێر دەگەڕێتەوە، کە پاڵپشتییەکی بەهێزی ئەو لەشکرکێشیەی ئەمریکا  دەکرد بۆ سەر عیراق لە ساڵی 2003دا.

رۆژنامە بەریاتانییەکە،  لە زاری یەکێک لە هاوپەیمانەکانی بلێرەوە رایگەیاندووە، کە سەرۆک وەزیرانی پێشوو ئەندامی ئەنجومەنی ئاشتی نابێت و جەختیشیکردوەتەوە لەوەی ئەنجومەنەکە لە سەرکردەکانی ئێستای جیهان پێکدێت،بەڵام ئەنجومەنێکی جێبەجێکاری بچووکتر لەژێر دەستی تۆنی بلێردا دەبێت.

سەرچاوەکە  ئەوەشیخستوەتەڕوو، پێشبینی دەکرێت بلێر ئەندامی دەستەی کارگێڕی بێت، لەگەڵ جارێد کوشنەر، زاوای ترەمپ و ستیڤ ویتکۆف، راوێژکاری سەرۆکی ئەمریکا، لەگەڵ بەرپرسانی باڵای وڵاتانی عەرەبی و رۆژئاوایی.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دوای ساڵێک لە روخانی رژێمەکەی بەشار ئەسەد کۆشکی سپی رایگەیاند، ئیدارەکەی دۆناڵد ترەمپ رازییە لەوەی تا ئێستا لە سوریا بەدەست هاتووە.

لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا بۆ کەناڵی عەرەبییە، وتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاندوە، ترەمپ پابەندە بە پاڵپشتیکردنی سوریایەکی سەقامگیر و یەکگرتوو، ئەوان دەیانەوێت سوریا بە ئاشتی لەگەڵ دراوسێکانیدا بژی.

کۆشکی سپی رایگەیاندوە؛ سوریایەکی سەقامگیر و خاوەن سەروەری گرنگییەکی سەرەکی هەیە بۆ ناوچەکە و کاردەکن بۆ ئەوەی حکومەتی سوریا بەردەوام بێت لە جێبەجێکردنی ئامانجەکانی.

لەبارەی رازیبونی سەرۆکی ئەمریکاشەوە لە حکومەتی سوریای نوێ، رایگەیاندوە؛ ئیدارەی ترەمپ رازییە لەوەی کە تا ئێستا لە سوریا بەدەست هاتووە و هەڵگرتنی سزا توندەکانی سەر سوریا لەلایەن ترەمپەوە، یارمەتی حکومەت دەدات بۆ ئاوەدانکردنەوەی دەوڵەت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ سوریا، پیرۆزبای لە گەلی سوریا دەکات و دەڵێت؛ بۆ هەر ژن و پیاوێکی سوری، سوننە و عەلەوی، کورد و مەسیحی، دروز، عەرەب، تورکمان، هەموو ئەوانەی ئەم خاکە دێرینە بە ماڵی خۆیان دەزانن، دوای چەندین ساڵ لە ئازار، ئەمڕۆ ئاهەنگ دەگێڕین بۆ گەڕانەوەی هیوای هاوبەش.

ئەمڕۆ دوو شەممە، تۆم باراک، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بۆ سوریا، بەبۆنەی ساڵیادی روخاندنی رژێمەکەی بەشار ئەسەد، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) پەیامێکی ئاراستەی سەرجەم پێکهاتەکانی ئەو وڵات کردووە.

لە پەیامەکەدا روی لە هەموو پێکهاتە و نەتەوەکانی سوریایە و دەڵێت؛  دوای تێپەڕاندنی قۆناغە سەختەکان، ئێستا دەرفەت بۆ بنیاتنانی ئاشتی و یەکڕیزی لەو خاکە رەخساوە و ئەمڕۆ ئاهەنگ دەگێڕین بۆ گەڕانەوەی هیوای هاوبەش.

تۆم باراک، نوسیویەتی؛ بۆ هەر ژن و پیاوێکی سوری، سوننە و عەلەوی، کورد و مەسیحی، دروز، عەرەب، تورکمان، بۆ هەموو ئەوانەی ئەم خاکە دێرینە بە ماڵی خۆیان دەزانن، دوای چەندن ساڵ لە ئازار و مەینەتی، ئەمڕۆ رۆژی ئاهەنگگێڕان و دڵخۆشییە.

ناوبراو جەختیشدەکاتەوە لەوەی ئەم سەرکەوتنە، دەرفەتێکی نوێیە بۆ ئاشتی و یەکڕیزی و خۆشگوزەرانی و ئایندەیەک کە هی هەمووتان بێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەنجومەنی سوریای دیموکرات (مەسەدە) لە یەکەم ساڵیادی روخانی رژێمی بەعسدا پەیامێکی توندی ئاڕاستەی دەسەڵاتدارانی نوێی دیمەشق کرد و رایگەیاند، حکومەتی کاتی هێشتا نەیتوانیوە لە عەقڵییەتی گرووپە چەکدارەکان رزگاری ببێت و خەریکە هەمان سیستمی ناوەندێتیی رابردوو بە دەموچاوێکی نوێوە دروست دەکاتەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا کە ئەمڕۆ یەکشەممە 8-12-2025 بڵاویکردۆتەوە، مەسەدە دەڵێت: "ئەمڕۆ ساڵێک بەسەر روخانی رژێم لە 8ی کانونی یەکەمی 2024 تێدەپەڕێت، کە وەرچەرخانێکی مێژوویی بوو، بەڵام ئەو ناسەقامگیرییە ئەمنییەی ئەمڕۆ وڵاتی گرتۆتەوە، دەرەنجامی ئەو سیاسەتە پەراوێزخەرانەیە کە ئایدیۆلۆژیای شۆڤێنیی بەعس کردبوویە سەرچاوەی شەرعییەت".

مەسەدە رەخنەی توند لە حکومەتی کاتی دەگرێت و دەڵێت: "سەرەڕای کۆنترۆڵکردنی دیمەشق لە ساڵی رابردووەوە، حکومەت هێشتا نەیتوانیوە لە عەقڵییەتی گرووپ و مەزهەبی تەسک دەربچێت و نەبووەتە دەوڵەتێکی نیشتمانیی کۆکەرەوە، نە گفتوگۆی نیشتمانی دەستپێکردووە و نە دامەزراوەی سەربەخۆی دروستکردووە، بەڵکو بە هەمان عەقڵییەتی ناوەندێتیی رابردوو مەلەفەکان بەڕێوە دەبات".

سەبارەت بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ دیمەشق، ئەنجومەنەکە ئاماژەی بەوەکردووە: "رێککەوتنی 10ی ئازار لەنێوان حکومەتی کاتی و هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) هەنگاوێکی گرنگ بوو، بەڵام دانوستانەکان پەکخراون و بەندەکانی جێبەجێ نەکراون، ئەمەش لەکاتێکدایە قەیرانەکان لە کەناراوەکان و سوەیدا قوڵتر بوونەتەوە".

مەسەدە جەخت لەوە دەکاتەوە کە سەرکەوتنی قۆناغەکە بەندە بە بەشداریکردنی هەمووان و دامەزراندنی "سیستمێکی لامەرکەزیی دیموکرات" کە دەسەڵات بداتە ناوچەکان بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری خۆیان و دابەشکردنی دادپەروەرانەی سامان.

هەروەها داوا دەکات بەپێی بڕیارە نێودەوڵەتییەکانی 2254 و 2799 دەسەڵاتێکی گواستنەوەی شەرعی پێکبهێنرێت و هێزە سەربازییەکان لەچوارچێوەی سیستمێکی نوێی نیشتمانیدا یەکبخرێنەوە.

لە کۆتاییدا مەسەدە هۆشداری دەدات لەوەی نابێت قۆناغی گواستنەوە بکرێتە پرۆسەیەکی رووکەش کە تێیدا ناوەندێتییە کۆنەکە بە دەموچاوی نوێوە دروست بکرێتەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەمڕۆ ساڵێک تێدەپەڕێت بەسەر ئەو ساتەی کە سورییەکان چەندین ساڵ خەونیان پێوە دەبینی؛ رۆژی 8ی کانونی یەکەمی 2024، بەشار ئەسەد کۆشکی "موهاجیرین"ی جێهێشت و بەرەو روسیا هەڵات، بەمەش کۆتایی بە دەسەڵاتی نیو سەدەیی خێزانی ئەسەد هات. بەڵام دوای ساڵێک، ئایا سوریا بووە بە بەهەشت؟ دۆخی کورد لە کوێی هاوکێشەکەدایە و ئایا سوریا هەمان سیناریۆی بەغدادی دوای 2003دوبارە دەکاتەوە؟

دیمەشق؛ لە "مەرگ"ـەوە بۆ ژیان:

ئەگەر ساڵێک لەمەوبەر دیمەشق شارێکی بێدەنگ و پڕ لە ترس بووبێت، ئەمڕۆ دیمەنەکە جیاوازە. لە گۆڕەپانی ئەمەوی، ئاڵای "سەوز و سپی و رەش" دەشەکێتەوە و وێنەکانی بەشار ئەسەد شوێنیان نەماوە.
ئەحمەد شەرع، سەرۆکی نوێی سوریا کە رۆژگارێک سەرکردەی گرووپێکی چەکدار بوو، ئێستا بە قات و بۆینباخەوە لە کۆڕبەندە جیهانییەکان دەردەکەوێت و ئەمریکا و وڵاتانی کەنداو پێشوازی لێ دەکەن.

بەپێی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان، ئابوریی سوریا کەمێک هەناسەی داوەتەوە، سزاکانی رۆژئاوا هەڵگیراون (جگە لە یاسای سیزەر کە دۆناڵد ترەمپ سڕی کردووە)، نزیکەی 1.5 ملیۆن پەنابەر گەڕاونەتەوە، کە ئەمەش جوڵەی خستۆتە بازاڕەکان.

"گرێ" گەورەکە؛ کورد چی بەسەر دێت؟

لەکاتێکدا دیمەشق ئاهەنگ دەگێڕێت، لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا (رۆژئاوای کوردستان) دۆخەکە تەواو جیاوازە. ئیدارەی خۆسەر بڕیاریدا هیچ ئاهەنگێک بۆ ساڵیادی روخانی ئەسەد نەگێڕدرێت و قەدەغەی کرد.

بەڵام شرۆڤەکاران ئەم بڕیارەی کورد بە پەیامێکی سیاسیی توند دەزانن بۆ ئەحمەد شەرع. کێشەکە لەم خاڵانەدا چڕ دەبێتەوە:

1.    رێککەوتنە مردووەکە: لە 10ی ئازاری رابردوو، شەرع و مەزلوم کۆبانێ (فەرماندەی هەسەدە) رێککەوتنێکیان بۆ تێکەڵکردنەوەی دامەزراوەکانی ئیدارەی خۆسەر بە دەوڵەتی ناوەندی ئیمزا کرد، بەڵام تاوەکو ئێستا تەنها مەرەکەبی سەر کاغەزە و جێبەجێ نەکراوە و کوردەکانیش وەک هێزێکی گرنگی ناو هاوکێشەکە، بەردەوام هۆشدارییان داوە لە جێبەجێ نەکردنی رێککەوتنەکە.

2.    مەترسیی داهاتوو: کورد ترسی هەیە حکومەتە نوێیەکەی دیمەشق کە زۆربەیان پاشخانێکی ئیسلامی و نەتەوەیی عەرەبییان هەیە، دوای بەهێزبوونەوەیان پەلاماری رۆژئاوا بدەن و هەوڵی کۆتایی هێنان بەو ئۆتۆنۆمییە بهێنن کە هەیانە.

3.    فشاری دەرەکی: تورکیا کە ئێستا پەیوەندیی بەهێزی لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی سوریا هەیە، فشار دەکات بۆ ئەوەی کۆتایی بە دەسەڵاتی کوردەکان لە باکور بهێنرێت و ئەمەش لەلایەن کوردەکانەوە بەردەوام رەتدەدرێتەوە.

چارەنوسی کورد لە دووڕیانێکدایە؛ یان دەبێت لەگەڵ دیمەشق بگەنە رێککەوتنێکی نوێ کە مافەکانیان بپارێزێت، یان ئەوەتا رووبەڕووی شەڕێکی دیکە دەبنەوە و بەپێی سەرجەم بۆچونەکانیش؛ لە ئێستادا ئەحمەد شەرع خاوەنی سوپایەکی بەهێز نییە و بە پێچەوانەوە هەسەدە خاوەنی سوپایەکی رێکخراوتر و تۆکمەترە. 

هاوکات؛ بە بۆنەی ساڵیادی کەوتنی ئەسەدەوە لە راگەیەندراوێکدا، ئەمڕۆ 12/8 ئەنجومەنی سوریای دیموکرات (مەسەدە) رایگەیاند: "رێککەوتنی 10ی ئازار لەنێوان حکومەتی کاتی و هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) هەنگاوێکی گرنگ بوو، بەڵام دانوستانەکان پەکخراون و بەندەکانی جێبەجێ نەکراون، ئەمەش لەکاتێکدایە قەیرانەکان لە کەناراوەکان و سوەیدا قوڵتر بوونەتەوە".

دەشڵێت:  "سەرەڕای کۆنترۆڵکردنی دیمەشق لە ساڵی رابردووەوە، حکومەت هێشتا نەیتوانیوە لە عەقڵییەتی گرووپ و مەزهەبی تەسک دەربچێت و نەبووەتە دەوڵەتێکی نیشتمانیی کۆکەرەوە، نە گفتوگۆی نیشتمانی دەستپێکردووە و نە دامەزراوەی سەربەخۆی دروستکردووە، بەڵکو بە هەمان عەقڵییەتی ناوەندێتیی رابردوو مەلەفەکان بەڕێوە دەبات".

ئەمە لە کاتێکدایە کە؛ وادەی رێککەوتنەکەیان لە کۆتایی ئەمساڵدا بەسەر دەچێت.

برینە ساڕێژنەبووەکان: عەلەوی و دروز:

تەنها کورد نییە کە نیگەرانە، کەمینەکانی دیکەش هەست بە پەراوێزخستن دەکەن:

  • عەلەوییەکان: غەزال غەزال، پیاوی ئاینیی دیاری عەلەوییەکان داوای مانگرتنی کردووە و دەڵێت "ستەمێکی نوێ" لە دایک دەبێت.
  • دروزەکان: لە باشوری سوریا (سوێدا)، دەنگەکان بۆ سەربەخۆیی یان ئیدارەی سەربەخۆ بەرز بوونەتەوە، بەتایبەت دوای ئەوەی لە مانگی حوزەیرانی رابردوو سوپای سوریا هەوڵیدا بچێتە ناو شارەکە و گرژی دروست بوو.

ئیسرائیل وەک "تێکدەر":
لە دەرەوەی سنورەکان، ئیسرائیل گەورەترین سەرئێشەیە بۆ سوریا نوێیەکە. ئەحمەد شەرع لە کۆڕبەندی دەوحە ئاشکرای کرد کە لەم ساڵەدا ئیسرائیل زیاتر لە 1000 هێرشی ئاسمانی و 400 توێژینەوەی سنوریی ئەنجامداوە. ئیسرائیل دەیەوێت ناوچەیەکی دابڕاو لە باشوری سوریا دروست بکات، کە ئەمەش مەترسییە بۆ سەر یەکپارچەیی خاکی سوریا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەرپرسێکی باڵای بزوتنەوەی حەماس بۆ یەکەمجار دەرگای گفتوگۆی لەسەر چارەنوسی چەکەکانی حەماس کردەوە و رایگەیاند، ئامادەن لە چوارچێوەی رێککەوتنی ئاگربەست لەگەڵ ئیسرائیل، چەکەکانیان "سڕ بکەن یان لە کۆگادا دایبنێین".

باسم نەعیم، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حەماس لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی (ئەسۆشیەیتد پرێس) وتی: "ئێمە کراوەین بەڕووی گرتنەبەری رێگەیەکی گشتگیر بۆ رێگریکردن لە هەڵکشانی زیاتر و تەقینەوەی دۆخەکە". ئاماژەی بەوەشکرد، حەماس مافی "موقاوەمە" دەپارێزێت، بەڵام ئامادەیە بۆ گەیشتن بە دەوڵەتی فەلەستینی چەک دابنێت.

چەکەکان چییان لێ دێت؟
هەرچەندە باسم نەعیم وردەکاریی میکانیزمەکەی باس نەکرد، بەڵام پێشنیازی ئاگربەستێکی درێژخایەنی کرد کە بۆ 5 تا 10 ساڵ درێژە بکێشێت و وتی: "دەکرێت گفتوگۆ لەسەر سڕکردن، کۆگاکردن یان دانانی چەکەکان بکەین، بەو مەرجەی گەرەنتی فەلەستینی هەبێت کە لە ماوەی ئاگربەستەکەدا بەکارنەهێنرێن".

ئەم پێشنیازە لەکاتێکدایە کە هەوڵەکان بۆ جێبەجێکردنی پلانی 20 خاڵیی دۆناڵد ترەمپ چڕ بوونەتەوە.

سەبارەت بە هاتنی هێزی نێودەوڵەتی، بەرپرسەکەی حەماس رەتیکردەوە هێزێک بۆ "چەککردنی حەماس" بێتە ناوچەکە و وتی: "پێشوازی لە هێزێکی نێودەوڵەتی دەکەین لەسەر سنورەکان بۆ چاودێریکردنی ئاگربەست و تۆمارکردنی پێشێلکارییەکان، بەڵام قبوڵ ناکەین ئەو هێزە دەسەڵاتی ئەوەی هەبێت لەناو خاکەکەماندا هیچ چالاکییەک بکات".

سەبارەت بە ئیدارەدانی کەرتی غەززە، نەعیم ئاشکرای کرد کە لەگەڵ دەسەڵاتی فەلەستین گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتن بۆ پێکهێنانی "لیژنەیەکی تەکنۆکرات". بەپێی زانیارییەکان، هەردوولا رێککەوتوون لەسەر ئەوەی ماجید ئەبو رەمەزان، وەزیری تەندروستی ببێتە سەرۆکی لیژنەکە کە خۆی خەڵکی غەززەیە و لە کەناری رۆژئاوا دەژی.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...9596979899...188