بەرپرسێکی باڵای بزوتنەوەی حەماس بۆ یەکەمجار دەرگای گفتوگۆی لەسەر چارەنوسی چەکەکانی حەماس کردەوە و رایگەیاند، ئامادەن لە چوارچێوەی رێککەوتنی ئاگربەست لەگەڵ ئیسرائیل، چەکەکانیان "سڕ بکەن یان لە کۆگادا دایبنێین".

باسم نەعیم، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حەماس لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی (ئەسۆشیەیتد پرێس) وتی: "ئێمە کراوەین بەڕووی گرتنەبەری رێگەیەکی گشتگیر بۆ رێگریکردن لە هەڵکشانی زیاتر و تەقینەوەی دۆخەکە". ئاماژەی بەوەشکرد، حەماس مافی "موقاوەمە" دەپارێزێت، بەڵام ئامادەیە بۆ گەیشتن بە دەوڵەتی فەلەستینی چەک دابنێت.

چەکەکان چییان لێ دێت؟
هەرچەندە باسم نەعیم وردەکاریی میکانیزمەکەی باس نەکرد، بەڵام پێشنیازی ئاگربەستێکی درێژخایەنی کرد کە بۆ 5 تا 10 ساڵ درێژە بکێشێت و وتی: "دەکرێت گفتوگۆ لەسەر سڕکردن، کۆگاکردن یان دانانی چەکەکان بکەین، بەو مەرجەی گەرەنتی فەلەستینی هەبێت کە لە ماوەی ئاگربەستەکەدا بەکارنەهێنرێن".

ئەم پێشنیازە لەکاتێکدایە کە هەوڵەکان بۆ جێبەجێکردنی پلانی 20 خاڵیی دۆناڵد ترەمپ چڕ بوونەتەوە.

سەبارەت بە هاتنی هێزی نێودەوڵەتی، بەرپرسەکەی حەماس رەتیکردەوە هێزێک بۆ "چەککردنی حەماس" بێتە ناوچەکە و وتی: "پێشوازی لە هێزێکی نێودەوڵەتی دەکەین لەسەر سنورەکان بۆ چاودێریکردنی ئاگربەست و تۆمارکردنی پێشێلکارییەکان، بەڵام قبوڵ ناکەین ئەو هێزە دەسەڵاتی ئەوەی هەبێت لەناو خاکەکەماندا هیچ چالاکییەک بکات".

سەبارەت بە ئیدارەدانی کەرتی غەززە، نەعیم ئاشکرای کرد کە لەگەڵ دەسەڵاتی فەلەستین گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتن بۆ پێکهێنانی "لیژنەیەکی تەکنۆکرات". بەپێی زانیارییەکان، هەردوولا رێککەوتوون لەسەر ئەوەی ماجید ئەبو رەمەزان، وەزیری تەندروستی ببێتە سەرۆکی لیژنەکە کە خۆی خەڵکی غەززەیە و لە کەناری رۆژئاوا دەژی.