رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی (ئەمنستی) لە نوێترین راپۆرتیدا گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە بزوتنەوەی حەماس لە هێرشەکەی 7ی ئۆکتۆبەری 2023 و بەرامبەر بەو بارمتانەی دەستبەسەری کردبوون، "تاوانی دژی مرۆڤایەتی" ئەنجامداوە.

رێکخراوەکە کە بارەگاکەی لە لەندەنە، لە راپۆرتەکەیدا کە دوێنێ چوارشەممە بڵاوکراوەتەوە، شیکردنەوەی بۆ شێوازی هێرشەکە و پەیوەندیی نێوان چەکدارەکان کردووە. تیمەکانیان قسەیان لەگەڵ 70 کەس کردووە، لەوانە رزگاربووان، کەسوکاری قوربانیان، پسپۆڕانی پزیشکی دادوەری و کارمەندانی تەندروستی، هەروەها سەردانی شوێنی رووداوەکانیان کردووە و وردبینییان بۆ زیاتر لە 350 گرتە ڤیدیۆ و وێنە کردووە.

بەپێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە، ئەو تاوانانەی ئەنجامدراون چوونەتە خانەی "تاوانی دژی مرۆڤایەتی"ـیەوە، کە بریتی بوون لە: کوشتن، قڕکردن، زیندانیکردن، ئەشکەنجەدان و دەستدرێژی سێکسی.

رێکخراوەکە لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت: "ئەم تاوانانە لە چوارچێوەی هێرشێکی بەرفراوان و رێکخراودا بۆ سەر دانیشتووانی مەدەنی ئەنجامدراون و چەکدارەکان فەرمانیان پێکراوە خەڵکی مەدەنی بکەنە ئامانج".

کاردانەوەکان:

لە بەرامبەردا، بزوتنەوەی حەماس لە راگەیەندراوێکدا بە توندی ناوەڕۆکی راپۆرتەکە رەتدەکاتەوە و بە "هەڵە و ناپیشەیی" ناوی دەبات. حەماس دەڵێت: "ئەو بانگەشانە رەتدەکەینەوە و داوا لە رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی دەکەین لە راپۆرتەکە پاشگەز ببێتەوە".


لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل رایگەیاندووە، راپۆرتەکە هەموو ئەو "کارە دڕندانانەی" نەخستووەتەڕوو کە حەماس ئەنجامیداون.

قوربانییەکان و رابردوو:

بەپێی ئامارەکان، لە هێرشەکەی حەماسدا 1200 کەس کوژران کە زۆربەیان مەدەنی بوون و 251 کەسیش وەک بارمتە رفێندران. بەهۆی جەنگی ئیسرائیلیش بۆ سەر کەرتی غەززە، زیاتر لە 70 هەزار فەلەستینی کوژراون و وێرانییەکی گەورە رووی لە ناوچەکە کردووە.

جێی ئاماژەیە، رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە مانگی کانونى یەکەمی 2024ـدا، لە راپۆرتێکی دیکەدا ئیسرائیلی بە ئەنجامدانی "جینۆساید" دژی فەلەستینییەکان لە کەرتی غەززە تۆمەتبار کردبوو، بەڵام ئیسرائیل ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە.