لە نزیک شاری تدمر تەقە لە هێزێکی ئەمنی سوریا و هێزە ئەمریکییەکان کرا و بەهۆیەوە ژمارەیەک سەربازی هەردوولا برینداربوون، ئەوەش لە کاتێکدایە هێزەکان گەڕانێکی مەیدانی هاوبەشیان ئەنجامدەدا.

سەرچاوەیەکی ئەمنی بە ئاژانسی هەواڵی سانای رەسمی سوریای راگەیاندووە، ئەمڕۆ لەکاتی ئەنجامدانی گەڕانێکی مەیدانی هاوبەشدا لە نزیک شاری تدمر، چەکدارێک تەقەی لە هێزەکان کردووە و بەهۆیەوە 2 کارمەندی هێزە ئەمنییەکانی سوریا و ژمارەیەک سەربازی ئەمریکی برینداربوون، هاوکات تەقەکەرەکەش دەستبەجێ کوژراوە.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای روداوەکە جموجۆڵی فڕۆکە لە ئاسمانی ناوچەکەدا بە چڕی زیادیکردووە و بەهۆیەوە رێگەی نێودەوڵەتی دێرەزور – دیمەشق بە شێوەیەکی کاتی بەڕوی هاتووچۆدا داخراوە.

بەپێی زانیارییەکان، هەلیکۆپتەرەکانی ئەمریکا گەیشتوونەتە شوێنی روداوەکە و بریندارەکانیان بۆ بنکەی سەربازی تەنف گواستووەتەوە، تا ئێستاش هیچ زانیارییەک لەبارەی ناسنامەی چەکدارەکە و پاڵنەری هێرشەکە ئاشکرا نەکراوە.