ئەنجومەنی سوریای دیموکرات (مەسەدە) لە یەکەم ساڵیادی روخانی رژێمی بەعسدا پەیامێکی توندی ئاڕاستەی دەسەڵاتدارانی نوێی دیمەشق کرد و رایگەیاند، حکومەتی کاتی هێشتا نەیتوانیوە لە عەقڵییەتی گرووپە چەکدارەکان رزگاری ببێت و خەریکە هەمان سیستمی ناوەندێتیی رابردوو بە دەموچاوێکی نوێوە دروست دەکاتەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا کە ئەمڕۆ یەکشەممە 8-12-2025 بڵاویکردۆتەوە، مەسەدە دەڵێت: "ئەمڕۆ ساڵێک بەسەر روخانی رژێم لە 8ی کانونی یەکەمی 2024 تێدەپەڕێت، کە وەرچەرخانێکی مێژوویی بوو، بەڵام ئەو ناسەقامگیرییە ئەمنییەی ئەمڕۆ وڵاتی گرتۆتەوە، دەرەنجامی ئەو سیاسەتە پەراوێزخەرانەیە کە ئایدیۆلۆژیای شۆڤێنیی بەعس کردبوویە سەرچاوەی شەرعییەت".

مەسەدە رەخنەی توند لە حکومەتی کاتی دەگرێت و دەڵێت: "سەرەڕای کۆنترۆڵکردنی دیمەشق لە ساڵی رابردووەوە، حکومەت هێشتا نەیتوانیوە لە عەقڵییەتی گرووپ و مەزهەبی تەسک دەربچێت و نەبووەتە دەوڵەتێکی نیشتمانیی کۆکەرەوە، نە گفتوگۆی نیشتمانی دەستپێکردووە و نە دامەزراوەی سەربەخۆی دروستکردووە، بەڵکو بە هەمان عەقڵییەتی ناوەندێتیی رابردوو مەلەفەکان بەڕێوە دەبات".

سەبارەت بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ دیمەشق، ئەنجومەنەکە ئاماژەی بەوەکردووە: "رێککەوتنی 10ی ئازار لەنێوان حکومەتی کاتی و هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) هەنگاوێکی گرنگ بوو، بەڵام دانوستانەکان پەکخراون و بەندەکانی جێبەجێ نەکراون، ئەمەش لەکاتێکدایە قەیرانەکان لە کەناراوەکان و سوەیدا قوڵتر بوونەتەوە".

مەسەدە جەخت لەوە دەکاتەوە کە سەرکەوتنی قۆناغەکە بەندە بە بەشداریکردنی هەمووان و دامەزراندنی "سیستمێکی لامەرکەزیی دیموکرات" کە دەسەڵات بداتە ناوچەکان بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری خۆیان و دابەشکردنی دادپەروەرانەی سامان.

هەروەها داوا دەکات بەپێی بڕیارە نێودەوڵەتییەکانی 2254 و 2799 دەسەڵاتێکی گواستنەوەی شەرعی پێکبهێنرێت و هێزە سەربازییەکان لەچوارچێوەی سیستمێکی نوێی نیشتمانیدا یەکبخرێنەوە.

لە کۆتاییدا مەسەدە هۆشداری دەدات لەوەی نابێت قۆناغی گواستنەوە بکرێتە پرۆسەیەکی رووکەش کە تێیدا ناوەندێتییە کۆنەکە بە دەموچاوی نوێوە دروست بکرێتەوە.