وەفدی ئیمراڵی دەم پارتی كۆبوونەوەكانی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی توركیا دەستپێكردووەەتەوە، ئەندامێكی وەفدەكەش دەڵێت، قۆناغی نوێی ئاشتی بەشێوازێكی نوێ بەردەوام دەبێت.

وەفدی ئیمراڵی پارتی یەكسانی و دیموكراتی گەلان "دەم پارتی" كە پێكهاتبوون لە پەروین بوڵدان، میدحەت سانجار و فایەق ئۆزگور ئەرۆل، لە هۆڵی پەرلەمانی توركیا لەگەڵ دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی گشتی مەهەپە كۆبوونەوە، پەروین بوڵدان رایگەیاند، لەبارەی قۆناغی نوێی پرۆسەی ئاشتی و كۆبوونەوەكەی دووی كانوونی یەكەمی ئیمراڵی گفتوگۆیان كردووە.

راشیگەیاندووە، كۆبوونەوەكە گرنگ و ئەرێنی بووە و پرۆسەی ئاشتی پێی ناوەتە قۆناغی دووەم و دەبێت  ئەو قۆناغەش بە شێوازێكی نوێ بەردەوامی پێبدرێت، كە پێویستی بە زەمینەی یاسایی هەیە و دەبێت یاسای ئاشتی هەبێت.

دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی گشتی مەهەپەش رایگەیاند، پەروین بوڵدان زۆر راشكاوانە هەموو بابەتێكی باسكردووە و هاوڕایی هەموو قسەكانی بووە.

لەلایەكی ترەوە وەفدی ئیمراڵی دەم پارتی، لەگەڵ عەلی باباجان سەرۆكی گشتیی دەڤا، لە ناوەندی گشتی پارتەكە كۆبووەوە، بۆ هەڵسەنگاندنی دوا پێشهاتەكانی پرۆسەی ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراتی و ئەو راپۆرت و كارانەی لایەنە بەشداربووەكانی كۆمیسیۆنی پشتیوانی و برایەتی پێشكەشیان كردووە.