سەرۆكی ئێران رایگەیاند، ئامادەن كۆتایی بە جەنگ بهێنین، بەڵام گەرەنتیان دەوێت جارێكی تر هێرشیان نەكرێتەوە سەر هۆشداری دادەتە وڵاتانی ئەوروپا ئەگەر بێنە ناو جەنگەكەوە.

مەسعود پزیشكیان سەرۆكی ئێران رایگەیاند، ئامادەن كۆتایی بهێنن بە جەنگ، بەڵام مەرجیان هەیە و دەبێت گەرەنتییان پێبدرێت جارێكی تر توشی جەنگ نابنەوە.

دەشڵێت، متمانەیان بە ئەمریكا نییە چونكە باوەڕی بە رێگەی دیبلۆماسی نییە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و دووجار لە كاتی دانوستاندا هێرشی كردووەتەسەر ئێران و ئاسان نییە جارێكی تر رازی ببن دانوستان لەگەڵ ئەمریكا بكەنەوە.

پزیشكیان هۆشداری دەداتە ئەوروپا و رایگەیاند، هەر دەستوەردانێك لەژێر هەر ناو و بیانوویەكدا لەم جەنگەدا دەرەنجامی مەترسیداری دەبێت و وڵاتانی ئەوروپا پێویستە لەبری گرتنەبەری ڕێبازی تێكدەرانە دژی ئێران، سیاستەكانیان لەگەڵ یاسا نێودەوڵەتییەكاندا بگونجێنن.