حوسییەکانی یەمەن موشەکێکی هایپەرسۆنیکیان بەرەو خاکی ئیسرائیل ئاراستە کرد و بەرگریی ئاسمانی ئیسرائیلیش ڕێگری لێکرد.
سەرچاوە سەربازییەکانی سەر بە بزووتنەوەی ئەنساڕوڵای یەمەن باسیان لەوە کرد کە شەوی رابردوو هێرشێکیکی سەربازییان بە ناوی موشەکی "فەڵەستین 2" ئاراستەی بنکەیەکی سەربازی لە رۆژهەڵاتی حەیفا کردووە.
وتەبێژی فەرمی گرووپەکە ئیدیعای ئەوەی کرد کە موشەکەکەیان بە سەرکەوتوویی گەیشتووەتە ئامانجەکەی و دەستی بەسەر سیستەمی بەرگریدا گرتووە. بەگوێرەی قسەکانی، "سیستەمی رێگریکەرەکانی ئیسرائیل نەیانتوانی پێش بە موشەکەکە بگرن."
بەڵام لەبەرامبەردا، بەرپرسانی سەربازی ئیسرائیل جەختیان لەوە کردەوە کە سیستەمی بەرگریی ئاسمانیان بە سەرکەوتوویی توانیویەتی موشەکەکە لەناو ببات پێش ئەوەی بگاتە ئاسمانی وڵاتەکەیان.
لە راگەیەندراوێکدا، سوپای ئیسرائیل باسی لەوە کرد کە "بەپێی سیاسەتی دامەزراویان، سیستەمی بەرگری ئاسمانی چالاک کراوە" و ئاماژەی بەوەش کرد کە بەهۆی رێگریکردنەکەوە پاشماوەکان کەوتوونەتە خوارەوە.
ئەم روداوە لە کاتێکدایە کە ئاڵۆزییەکانی نێوان ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی ناوچەکە بەردەوام لە هەڵکشاندایە. حوسییەکان لەدوای شەڕی غەززەوە دەستیان بە ئەنجامدانی هێرش کردووە بۆسەر ئیسرائیل بۆ پشتگیری لە فەلەستینییەکان.
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی وڵاتەکەی هێرشێکیان ئەنجامداوە بۆ سەر ئامانجێک لە نزیک کۆشکی سەرۆکایەتی لە سوریا و وتیشی، پەیامێکی رونیان ناردووە بۆ رژێمی سوریا، رێگە نادەن هێزەکانیان لە باشوری دیمەشق جێگیر ببن.
ئەمڕۆ هەینی، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە راگەیەنراوێکی هاوبەشدا لەگەڵ یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئەو وڵاتە رایگەیاند: "درەنگانی شەوی رابردوو، هێرشێکی ئاسمانیمان کردە سەر ئامانجێک لە نزیک کۆشکی سەرۆکایەتی لە دیمەشق".
ناتانیاهۆ ئاماژەی بەوەشکرد: "ئەمە پەیامێکی رون و ئاشکرایە بۆ سوریا، بەهیچ شێوەیەک رێگە نادەین هێزەکانی سوریا لە باشوری دیمەشق جێگیر ببن و مەترسی بۆ سەر دروزەکان دروستبکەن".
لە راگەیەندراوەکەی سوپای ئیسرائیلدا هاتووە: "فڕۆکە جەنگییەکان هێرشیان کردووەتە سەر ناوچەی دەوروبەری کۆشکی ئەحمەد حسێن شەرع، لە دیمەشق"، بەبێ ئەوەی زانیاری زیاتر دەربارەی ئامانجەکە بڵاوبکرێتەوە.
شایەنی باسە، ئەمە دووەم جارە لە ماوەی دوو رۆژدا ئیسرائیل هێرش دەکاتە سەر خاکی سوریا، دوای ئەوەی بەڵێنی دا بەرگری لە کەمینەی دروزەکان بکات.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هیچ لێدوانێکی رەسمی لەلایەن دەسەڵاتدارانی سوریاوە سەبارەت بە هێرشەکە نەدراوە.
جێی ئاماژەیە، لە دوای روخانی رژێمی بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشوی سوریا، ئیسرائیل بەشێکی گەورەی باشوری رۆژئاوای سوریای کۆنترۆڵ کردووە و بەڵێنی پاراستنی کەمینەی دروزەکانی داوە، هەروەها زۆربەی چەکە قورسەکانی سوپای سوریاشی لە دوای روخانی ئەسەد لەناوبردووە.
حکومەتی سوریا و نوێنەرانی تایفەی دروز لە پارێزگای سوێدا گەیشتنە رێککەوتنێک سەبارەت بە کاراکردنی رۆڵی وەزارەتی ناوخۆ لە پارێزگاکەدا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، هۆزی یەکگرتووی دروز لە راگەیەندراوێکدا دووپاتی کردەوە کە ئەوان "بەشێکی دانەبڕاون لە نیشتمانی یەکگرتووی سوریا" و بە توندی "دابەشبوون و جیابوونەوە" رەتدەکەنەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا، هۆزی یەکگرتووی دروز جەختی لەسەر پێویستی "بەرقەراربوونی ئاسایش و سەقامگیری لە سەرتاسەری سوریا" کردووەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا داوایان کردووە کە "رۆڵی وەزارەتی ناوخۆ لە پارێزگای سوێدا کارا بکرێت".
هەروەها لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا، دروزەکان باسیان لەوە کردووە کە "نیشتمانێکیان دەوێت کە هەموو سورییەکان لەخۆ بگرێت" و دوور بێت لە هەر جۆرە دەمارگیری و فیتنەیەک.
دوای دواخستنی خولی چوارەمی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا و لێدوانێکی نوێی سەرۆکی ئەمریکا لەسەر کەرتی نەوتی ئێران، تمەنی ئێرانی دابەزینێکی گەورەی بەخۆیەوە بینی.
تمەنی ئێرانی بەرانبەر بە دۆلاری ئەمریکی بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزی، ئەوەش لە کاتێکدا لە ماوەی بەڕێوەچوونی سێ خولی گفتوگۆکانی نێوان ئێران و ئەمریکا، تمەنی ئێرانی بەرانبەر بە دۆلار بەرزبووەوە.
بە گوێرەی دوایین ئامارەکانی بازاڕی دراو، ئێستا نرخی تمەنی ئێرانی لە بازاڕدا بەم شێوەیەیە:
* تمەنی حەواڵە: 8,500,000 تمەن بۆ هەر دۆلارێک
* تمەنی کاش: 8,000,000 تمەن بۆ هەر دۆلارێک
شارەزایانی بواری ئابوری پێیان وایە کە لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ سەبارەت بە کەرتی نەوتی ئێران و دواخستنی کۆبونەوەکان، کاریگەرییەکی راستەوخۆی لەسەر بازاڕ بەجێهێشتووە.
لە دوا هەواڵەکانی پێوەند بە دۆخی مرۆیی غەززەوە، بەرنامەی خۆراکی جیهانی لە بەیاننامەیەکی رەسمیدا رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند کە هیچ خۆراکێکی نەماوە بۆ دابەشکردن لە کەرتەکەدا.
ئەم پەرەسەندنە مەترسیدارە لە کاتێکدایە کە لە دووی مارسەوە ئیسرائیل رێگری لە چوونە ناوەوەی خۆراک و دەرمان دەکات بۆ غەززە. نەتەوە یەکگرتووەکان ئاگاداری کردوەتەوە کە بارودۆخی مرۆیی لە غەززە "لە سنووری وێناکردن تێپەڕیوە".
د. تیدرۆس ئەدهانۆم گێبریسۆس، بەڕێوەبەری گشتی رێکخراوی تەندروستی جیهانی، رایگەیاند: "بارودۆخی کەرتی غەززە کارەساتبارە و دوو ملیۆن کەس لە کەرتەکە، لە برسێتیدا دەناڵێنن."
لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە بارەگای رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە جنێف، بەڕێوەبەری گشتی رێکخراوەکە وتی: "پاڵپشتی دارایی تەندروستی جیهانی روبەروی ئاستەنگی مێژوویی بوەتەوە بەهۆی کەمبوونەوەی بەشداری بەخشین لەلایەن چەند وڵاتێکەوە.
لە لایەکی دیکەوە، د. مونیر بەرش، بەڕێوەبەری گشتی وەزارەتی تەندروستی لە غەززە، رایگەیاند؛ دوای تێپەڕبوونی دوو مانگ بەسەر داخستنی دەروازەکان لە لایەن ئیسرائیلەوە ٪91ی فەلەستینیەکان لە کەرتی غەززە روبەروی قەیرانی خۆراک بوونەتەوە.
بەرش ئاماژەی بەوەدا کە ٪92ـی منداڵان و ژنانی شیردەر لە غەززە، بەهۆی گەمارۆی ئیسرائیلەوە لە کەمخۆراکیدا دەناڵێنن، ئەمەش هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە بۆ ژیان و گەشەکردنیان.
هەروەها ئاماژەی بەوەشدا کە ٪65ـی فەلەستینیەکانی کەرتی غەززە ئاوی پاکی خواردنەوەیان دەست ناکەوێت.
بەڕێوەبەری گشتی وەزارەتی تەندروستی لە غەززە داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە راگەیەندراوێکی فەرمی دەربکات سەبارەت بە بارودۆخی قاتوقڕی لە غەززە، چونکە داتا پزیشکی و مرۆییەکان پشتڕاستی دەکەنەوە کە مەرجە نێودەوڵەتیەکانی جینۆساید لە غەززە هەیە.
ئەمڕۆ 45 رۆژ تێدەپەڕێت بەسەر دەستپێکردنەوەی هێرشەکان بۆسەر غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە وتووێژێکدا لەگەڵ رۆژنامەنوسان، رایگەیاند کە گۆڕانکاری لە کاتی بەڕێوەچوونی خولی داهاتووی دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئێران و ئەمریکا کراوە، کە بڕیار بوو رۆژی شەممە، 3ـی ئایار لە شاری رۆما بەڕێوە بچێت.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە، بە ئاماژەدان بە لێدوانی وەزیری دەرەوەی عومان کە رایگەیاندبوو دانوستانەکان دواخراوە، رونی کردەوە کە دواخستنی دانوستانەکان بە پێشنیازی وەزیری دەرەوەی عومان بووە و سەبارەت بە بەرواری پێشبینیکراوی داهاتوو، دواتر زانیاری بڵاودەکرێتەوە.
ئیسماعیل بەقایی، دوپاتیکردەوە، "ئێران لە سەرەتای دەستپێکردنی دانوستانەکانەوە بە نیازپاکی، لەسەر بنەمای هەڵوێستی بنەڕەتی وڵاتەکەمان بەپێی یاسای نێودەوڵەتی لە بواری بەکارهێنانی ئاشتیخوازانەی وزەی ناوەکی و کۆتاییهێنان بە سزا نایاساییەکان مامەڵەی کردووە و جددیەتی خۆی بۆ دانوستانێکی ئەنجامدار بە مەبەستی گەیشتن بە لێکتێگەیشتنێکی دادپەروەرانە، عاقڵانە و بەردەوام نیشانداوە و لەم ڕێگایەدا بە توانا و هێزەوە چەسپاو دەمێنێتەوە".
ئەم لێدوانەی بەقایی لە پاش لێدوانی وەزیری دەرەوەی عومان دێت کە رایگەیاند: بە هۆکاری لۆجیستی و لەلایەن عومانەوە دانوستانەکان دواخران بۆ هەفتەی ئایندە.
تۆڕی رۆژنامەنوسانی کوردی سوریا سەبارەت بە دیارنەمانی دوو رۆژنامەوانی کەناڵ 8 راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەئەکرەم ساڵح، پەیامنێری کەناڵی 8 و جودی حاج عەلی، وێنەگری، بەیاننامەیەکی نیگەرانی بڵاوکردەوە، کە لە کاتی روماڵکردنی پێکدادانەکانی ناوچەی سەحنایا لە گوندەکانی دیمەشق دیار نەماون.
بەپێی بەیاننامەکە، هەردوو رۆژنامەنووسەکە لە کاتژمێر 7:00ی ئێوارەی رۆژی چوارشەممە، لەکاتی ئەنجامدانی ئەرکی پیشەییان بۆ روماڵکردنی پێکدادانە بەردەوامەکان لە ناوچەی سەحنایا دیار نەماون.
تۆڕی رۆژنامەنوسانی کوردی سوریا داوای لە وەزارەتەکانی ناوخۆ و راگەیاندنی سوریا و هەموو دەزگا ئەمنی و سەربازییە پەیوەندیدارەکان کردووە کە بە زوویی هەنگاو بنێن بۆ دیاریکردنی شوێنی ئەو دوو رۆژنامەنووسە و دڵنیابوونەوە لە سەلامەتیان.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە: "دیارنەمانی رۆژنامەنوسان لەکاتی ئەنجامدانی ئەرکی پیشەییان دەرکەوتەیەکی مەترسیدارە و پێشێلکارییەکی جددییە بۆ مافی ئازادی رۆژنامەگەری کە لە راگەیاندنی دەستووری و کۆنوانسیۆنە نێودەوڵەتییەکان دەستەبەر کراوە."
هەروەها تۆڕەکە داوای لە هەموو لایەنە رەسمی و نارەسمیەکان دەکات ناوچەکە کردووە کە هاوکاری بکەن و هەر زانیارییەک کە یارمەتیدەر بێت بۆ
تۆڕەکە داوا لە رێکخراوەکانی پاراستنی مافی مرۆڤ لە ناوخۆ و دەرەوە دەکات؛ کە فشار دروست بکەن بۆ کۆتاییهێنان بەم دۆخە و دڵنیابوون لە سەلامەتی رۆژنامەنوسەکان و گەڕاندنەوەیان بۆ شوێنی نیشتەجێبونیان لە دیمەشق.
هاوکات کەناڵ هەشت لە راگەیەندراوێکیدا ئیدانەی ونبوونی رۆژنامەنوسەکانی دەکات و جەختدەکاتەوە لەوەی، “لەسەرەتاى روداوەکانى سوریاوە، بەشێوەیەکى پیشەییانە کاریانکردووە و خۆیان لە لایەندارى پاراستووە و روماڵ و کارەکانیان گەواهیدەرى ئەو راستییەن و هاوکارانیشیان لە نووسینگەکانی سوریا، بەدرێژایی پێنج مانگى رابردوو بەشێوەیەکى پیشەییانە کارەکانیان ئەنجامداوە و روماڵى روداوەکانیان کردووە”.
محەممەد جەواد زەریف، وەزیری پێشووی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران، رایگەیاند کە ئیسرائیل بەبێ بوونی ئێرانیش هەڕەشەیەکی گەورەیە لەسەر وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە.
بەپێی لێدوانەکانی زەریف، "وڵاتانی ناوچەکە هەوڵدەدەن ئاسایش بەدەست بهێنن، بەڵام ئەم هەنگاوە ئاسایشیان بۆ دابین ناکات".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئێران جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە "سەردەمی هاوپەیمانێتی هەمیشەیی بەسەرچووە و ئەمڕۆ کاتی هاوپەیمانێتی کاتییە".
زەریف هۆشداری دایە وڵاتانی ناوچەکە و وتی: "هیچ وڵاتێک لە ناوچەکە بۆی نییە هەڕەشە لە ئێران بکات بێئەوەی باجی هەڕەشەکردنەکەی بدات".
شایەنی باسە، ئەم لێدوانانەی زەریف لە کاتێکدا دێت کە ناوچەکە بارگرژییەکی بێوێنە بەخۆیەوە دەبینێت لە نێوان ئێران و هاوپەیمانەکانی لەلایەک و ئیسرائیل لەلایەکی دیکەوە، هەر ئەمڕۆش وەزیری بەرگری ئەمریکا رایگەیاند: کە ئێران دەبێت باجی هاوپەیمانی و پشتگری حوسیەکان بدات.
وەزارەتی دەرەوەی سوریا بە توندی هەر جۆرە دەستوەردانێکی دەرەکی لە کاروباری ناوخۆی وڵاتەکەی رەت کردەوە و جەختی لەسەر پابەندبونی حکوومەتی سوریا بۆ پاراستنی هەموو پێکهاتەکانی وڵاتەکەی کردەوە.
لە راگەیەنراوێکدا کە رۆژی چوارشەممە، 30ـی نیسانی 2025 بڵاو کرایەوە، وەزارەتی دەرەوەی سوریا سەبارەت بە روداو و ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی چەند ناوچەیەکی وڵاتەکەی، بە توندی رایگەیاند "هەموو جۆرە دەستوەردانێکی دەرەکی لە کاروباری ناوخۆییان رەت دەکەنەوە."
بەپێی راگەیەنراوەکە، وەزارەتی دەرەوەی سوریا هەموو داواکارییەکانی ئەم دواییەی "گروپە چەکدارەکانی دەرەوەی یاسا" کە داوای "پارێزپەندی نێودەوڵەتی" دەکەن، بە نایاسایی وەسف کردووە و بە تەواوەتی رەتی کردوونەتەوە.
هەروەها لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە کە هەڵسوکەوت و داواکارییەکانی ئەو گروپانەی دەرەوەی یاسا، هەوڵێکە بۆ تێکدانی سەقامگیریی سوریا و هەڕەشەیە بۆ سەر یەکێتییەکەی و لاوازکردنی هەوڵە نیشتمانییەکان بۆ سەپاندنی ئاسایش لە سەرجەم ناوچەکانی ئەم وڵاتە.
لە کۆتاییدا، وەزارەتی دەرەوەی سوریا، پابەندبوونی خۆی بەرانبەر بە پاراستنی سەرجەم پێکهاتەکانی گەلی سوریا بەبێ جیاوازیی، لە نێویشیاندا دروزەکان دووپات کردووەتەوە و رایگەیاندووە: "ئەوان بەشێکی ڕەسەنی پێکهاتەی گەل و نیشتمانیی سوریان."
ئەنجومەنی سوریای دیموکرات (مەسەدە) راگەیەندراوێکی سەبارەت بە دۆخی سوریا بڵاوکردەوە و داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات؛ ئاگربەست ڕابگەیەنن و هێمنی بپارێزن، هەروەها بەرپرسیارێتی تەواوی خراپبوونی بارودۆخەکە دەخاتە ئەستۆی دەسەڵاتی دیمەشق.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "ئەنجومەن پێی وایە بەکارهێنانی زۆری هێز، سوریا دەگەیەنێتە لێواری روخان و کەلێنی نێوان رۆڵەکانی گەلی سوریا - کە رژێمی روخاو دروستی کردووە - فراوانتر دەکات، هەروەها دەرگا دەکاتەوە بۆ دەستێوەردانی دەرەکی، بەتایبەت ئەو لایەنانەی کە ئاسایش و سەقامگیری وڵات دەکەنە ئامانج و هەوڵ دەدەن بۆ زاڵبوون بەسەر سوریا و داماڵینی لە یەکێتی و سەروەری خۆی."
ئەنجومەنی سوریای دیموکرات داوا لە دەسەڵاتی دیمەشق دەکات کە ئاسایش زامن بکات و چالاکی و کردەوە دوژمنکارییەکان رابگرێت، هەروەها سەرچاوەکانی هاندانی تایفەگەری و گوتاری ڕق وشک بکات.
ئەنجومەن پێی وایە دەبێت پەلە بکرێت لە سازدانی کۆنگرەیەکی نیشتیمانی گشتگیر بە بەشداری ڕاستەقینە و کارای هەموو پێکهاتە و ڕەنگەکانی گەلی سوریا، بۆ راستکردنەوەی رەوتی پرۆسەی گواستنەوە و داڕشتنی دەستورێکی نیشتیمانی دیموکراتی سەردەمیانە کە شایستەی قوربانیە گەورەکانی سورییەکان بێت و گوزارشت لە خواستەکانیان بکات، مافەکانیان بپارێزێت و بناغەی دەوڵەتی هاووڵاتیبوون و دادپەروەری دابمەزرێنێت.
شایانی باسە، لەم دواییەدا ناوچەکانی ئەشرەفیەی سەحنایا و جەرمانا لە دەوروبەری دیمەشق، شایەتی چەندین پێکدادان بوون لە نێوان هێزەکانی سەر بە حکومەتی سوریا و چەندین گروپی چەکداری لۆکاڵی، کە بۆتە هۆی کوژرانی چەندین کەس.
ئەمڕۆ چوارشەممە، مووەفەق تەریف، سەرۆکی ڕۆحیی دروزەکانی ئیسرائیل، لە راگەیەندراوێکدا داوای لە دروزەکانی سوریا کردووە ئارام بگرن و دڵنیای کردنەوە کە "دۆخەکە کۆنترۆڵ کراوە".
تەریف لە راگەیەندراوەکەیدا جەختی کردەوە کە "رێگە بە هیچ کەسێک نادەین دەست بۆ دروزەکان درێژ بکات و بێڕێزیان بەرانبەر بکات" و وتیشی: "ئیسرائیل، سوپا و جیهان لە پشتمانن".
سەرۆکی رۆحیی دروزەکان ئاشکرای کرد کە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رێنمایی تایبەتی لە بارەی سوریاوە دەرکردووە و ئاماژەی بەوەش کرد کە "بەم زووانە گۆڕانکارییەکی گەورە رو دەدات".
ئەم لێدوانانە دوای ئەوە دێن کە هەر ئەمڕۆ نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، راگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە تێیدا ئاماژەی بەوە کردبوو کە وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل لە شارۆچکەی سەحنای نزیک دیمەشق، هێرشێکی ئاسمانی کردە سەر گرووپێکی توندڕەو کە ئامادەکارییان کردبوو بۆ هێرشکردنە سەر دروزەکان.
راگەیەندراوەکە هەروەها باسی لەوەش کردبوو کە پەیامێکی رونیان بۆ رژێمی سوریا ناردووە، کە ئیسرائیل بە هەموو شێوەیەک پارێزگاری لە دروزەکانی سوریا دەکات.
شایەنی باسە، دوێنێ سێشەممە، روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاشکرای کردبوو کە شەوی دوشەممە لە شاری جەرمانەی نزیک دیمەشق، شەڕ و پێکدادان لە نێوان کارمەندانی وەزارەتی ناوخۆ و بەرگریی سوریا لەگەڵ چەکدارانی دروز روی داوە و لە ئەنجامدا لانی کەم 14 کەس کوژراون، کە حەوتیان دروز بوون.
ئەم روداوانە لە دۆخی ئاڵۆزی ناوچەکە دێن، کە چاودێران پێیان وایە گرژییەکان لە نێوان ئیسرائیل و سوریادا بەرەو هەڵکشان دەچن.
بە بیانوی بەشداریكردن لە ئاهەنگێك كە گۆرانی كوردی تێدا لێدراوە، دادگایەكی توركیا سزای زیندانی بەسەر پێنج ئەندامی دەم پارتیدا سەپاند.
پارتی یەكسانی و دیموكراسی گەلان - دەم پارتی بڵاوی كردەوە، پێنج ئەندامیان لە دێرسیم بە بیانوی بەشداریكردن لە ئاهەنگێك گۆرانی كوردی لە رێپێوانێكی ساڵی رابردوودا، سزای 10 مانگ زیندانیان لە لایەن دادگایەكی توركیا بەسەردا سەپێنراوە.
دادگاكەی توركیا لە دێرسیم لە دووەم دانیشتینیدا بڕیاری سزای زیندانیی بەسەر هەردوو هاوسەرۆكی دەمپارتی لە دێرسیم و هاوسەرۆكی شارەوانیی پێشوی شاری دێرسیم و ئەندامێكی دیكەی رێخستنی پارتەكەدا سەپاندووە.
پارێزەرانی دۆسیەكە رایانگەیاندوە؛ لە چالاكیی و رێپێوانەكەدا ژمارەیەك گۆرانیی كوردی لێدراون كە لە زۆربەی رێوڕەسمەكاندا لێدەدرێن، بەڵام دادگاكە ئەوەی وەك بانگەشە دژی دەسەڵاتی توركیا لە قەڵەم داوە و ئەندامەكانی دەم پارتی سزاداوە.
وەزیری دارایی ئیسرائیل رایگەیاند، شەڕ كۆتایی نایەت تا ئەوكاتەی سوریا دابەش نەبێت و خەڵكی غەززە رانەگوازن و بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران لەناو نەبەن.
بێزالیل سمۆتریك وەزیری دارایی ئیسرائیل لە كەناری رۆژئاوای فەلەستین رایگەیاند، شەڕ ناوەستێت تا ئەو كاتەی سوریا دەڕوخێت و دابەشدەبێت و تەواوی دانیشتوانی غەززە رادەگوازرێن.
وتیشی، پاككردنەوەی غەززە لە حەماس و غەززەییەكان بەردەوامە و بارمتەكان دەگەڕێنەوە و دەبێت حزبوڵای لوبنانیش لەناو بچێت و بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران بە تەواوی هەڵبوەشێتەوە.
دەشڵێت، دەستیان بە هەڵمەتێك كردووە كە ئەویش شەڕی غەززەیە، ئێستا هەلێكیان لەبەردەستە و نایەنەوێت لەدەستی بدەن.
جموجۆڵەكانی سوپای سوریا لە بەنداوی تشرین زیادیكردووە و مەترسی هەڵگیرسانی شەڕ لەنێوان سوپای سوریا و هێزەكانی هەسەدە لە سنوورەكە هەیە.
بەشێك لە میدیاكانی سوریا بڵاویانكردوەتەوە، لەدوای دامەزراندنی بنكەی سەربازی لە بەنداوی تشرینی حەڵەب، جموجۆڵەكانی سوپای سوریا لە بەنداوەكە زیادیكردووە و هێزێكی زۆری سوپا لە سنوورەكە بڵاوەیانپێكراوە.
ئەوەشیانخستووەتەڕو، هێزەكانی هەسەدە لە جێبەجێكردنی رێككەوتنەكەیان لەگەڵ حكومەتی سوریا دواكەوتوون، بەتایبەتی ئەو بڕگەیەی تایبەتە بە دەستبەرداربوونی هەسەدە لە لایەنی ئیداری و ئەمنی بەنداوی تشرین و گەڕاندنەوەی بۆ حكومەتی سوریا، ئەوەش مەترسی هەڵگیرسانی شەڕی لەنێوان سوپای سوریا و هێزەكانی هەسەدە لە بەنداوەكە لێدەكرێت.
میدیاكانی سوریا ئاماژەیان بەوەشداوە، حكومەتی سوریا پێداگرە لەسەر رێگریكردن لە هەر پرۆژەیەكی فیدراڵیزم یان كۆنفیدراڵی لە سوریا، ئەوەش پێچەوانەی هەڵوێست و لێدوانەكانی ئەم دواییەی مەزڵوم كۆبانێ فەرماندەی گشتی هەسەدەیە، كە داوای فیدراڵیزم لە سوریا دەكات.
ئەوەش لەكاتێكدایە، هێزەكانی هەسەدە لە بەنداوی تشرین كشاونەتەوە و بە دووری حەوت كیلۆمەتر لە گوندی قەل قەلی بڵاوەیان پێكراوە، توركیاش ناوەناوە بۆردومانی بەنداوەكە و دەوروبەری دەكات.
بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبردنی قەیرانەکانی پارێزگای ئیسفەهان رایگەیاند لە کارگەیەک تەقینەوەیەک رویداوە و بەهۆیەوە کەسێک کوژراوە و دووانی تریش بریندار بوون.
بەپێی ئاژانسی هەواڵی تەسنیم، تەقینەوەکە لە کۆمپانیای پارسی ئاڤانار بووە کە دەکەوێتە ناحیەی مەیمەی سەر بە شارەدێی شاهینشاری ئەسفەهان.
بەپێی زانیارییە میدیاییەکان: ئەم روداوە سەعات 10:30سەرلەبەیانی ئەمڕۆ رویداوە. ئاماژە بەوەشکراوە: "راستەوخۆ دوای روداوەکە کارمەندانی فریاکەوتن و مانگی سور رەوانەی شوێنی روداوەکە کراون و روداوەکە کۆنترۆڵکرا".
رەوشی تەندروستی سورەیا ئۆندەر خراپە و ئاوسانی مێشكی بەردەوامە، سەبارەت بە رەوشی تەندروستی ئەحمەد توركیش دەم پارتی دەڵێت، چارەسەرە كیمیاییەكانی بە سەركەتوویی تەواوبوون.
نەخۆشخانەی فلۆرانس نایتینگەیل سەبارەت بە رەوشی تەندروستی سڕی سورەیا ئۆندەر، راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە و ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، مەترسییەكانی سەر ژیانی بەردەوام روو لە زیادبوون دەكات و گەیشتوونەتە ئاستێكی شكست، كاردانەوەی نەخۆشەكەش كەمبووەتەوە و ئاوسانی مێشكی هێشتا بەردەوامە.
هاوكات سەبارەت بە رەوشی تەندروستی ئەحمەد تورك، دەم پارتی راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە و ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، چارەسەرە كیمیاییەكانی ئەحمەد تورك بە سەركەتوویی تەواوبوون و پێشبینی دەكەن بە زووترین كات دەست بە كارەكانی تایبەت بە پڕۆسەی ئاشتیی بكاتەوە.
ئەحمەد تورك، ئێستا لە تەمەنی 82 ساڵیدایە و بەهۆی نەخۆشییەوە، ماوەی چەند مانگێكە چارەسەر وەردەگرێت و هەر بەو هۆیەشەوە نەیتوانیوە بەشداری لە سەردانەكانی وەفدی ئیمراڵی و دەم پارتیدا بكات.