توانای بەرپەرچدانەوەی هێرشەكانی ئێران لەلایەن ئیسرائیلەوە ٪65 كەمی كردووە
سەعید سەروەت
١٩ی حوزەیرانی ٢٠٢٥
توانای بەرپەرچدانەوەی هێرشەكانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل لەلایەن سیستمی بەرگری وڵاتەكەوە كەمیكردووە، بەجۆرێك لە 24 سەعاتی رابردوودا توانیویەتی بەرپەرچی تەنها ٪65ی هێرشەكان بداتەوە.
لێپرسراوێكی باڵای پێشووی هەواڵگری ئیسرائیل كە هێشتا زانیاری رۆژانە لە حكومەتی وڵاتەكەوە پێدەگات بۆ تۆڕی هەواڵی ئێن بی سی ئەمریكی ئاشكراكردووە، گومبەزی ئاسنینی ئیسرائیل كە مەبەست لێی سیستمی بەرگری وڵاتەكەیە، لە 24 سەعاتی رابردوودا تەنها توانیویەتی ٪65ی ئەو موشەك و فڕۆكە بێفڕۆكەوانانە تێكبشكێنێت كە لە ئێرانەوە ئاڕاستەی ئیسرائیل دەكرێن، ئەوەش واتای ئەوە دەگەیەنێت سیستمەكە بەشێوەیەكی بەرچاو لاواز بووە، چونكە رۆژی پێشووتر توانای بەرپەرچدانەوەی ٪90 بووە.
لێپرسراوەكە رونیشیكردووەتەوە، ئێران هێشتا موشەكی پیشكەوتووی هەن و سوودیشیان لێ دەبینێت، دەشڵێت، هۆكاری كەمبوونەوەی توانای وەڵامدانەوەی ئیسرائیل دەگەڕێتەوە بۆ بەكارهێنانی موشەكی خێراتر لەلایەن ئێرانەوە، كە ئەوەش كاتی كەمتر دەهیڵێتەوە بۆ بەرپەرچدانەوەیان لەلایەن ئیسرائیلەوە.