رابەری باڵای ئێران لە وتارێکیدا رایگەیاند، ئیسرائیلییەکان هەڵەیان کرد، ئێران لە پێشێلکردنی ئاسمانی خۆی خۆشنابێت، رووی دەمیشی کردووەتە ئەمریکییەکان و دەڵێت: هەر دەستوەردانێکی سەربازی زیانێکی دەبێت کە قەرەبوو نەکرێتەوە.

عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئێران وتارێکی تایبەت بە دوایین رەوشی ناوچەکە و ئێران لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەکرد، ئێران چاوپۆشی لە هیچ هێرشێک بۆسەر خاکەکەی ناکات و هێزەکانیان لە ئامادەباشیدان.

باسی لەوەشکرد، ئیسرائیلییەکان هەڵەیان کردووە و سزای هەڵەکەیان وەردەگرن، دەشڵێت: گەلی ئێران خوێنی شەهیدەکانی لەبیر ناکات.

خامنەیی بە ئەمریکییەکانیش دەڵێت، "پێویستە بزانن دەستوەردانی سەربازی زیانێکی دەبێت کە قەرەبوو نەکرێتەوە".

 

خامنەیی: ناتوانن ملکەچمان بکەن

 

لە وەڵامی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکاشدا رابەری باڵای ئێران وتوویەتی، ئەوەی مێژووی ئێران بزانێت دەزانێت ئێرانییەکان وەڵامی زمانی هەڕەشە نادەنەوە، ناتوانن ئێرانییەکان ملکەچ بکەن یان ناچار بە خۆ بەدەستەوەدانیان بکەن.

ئەمڕۆ شەشەم رۆژی شەڕی نێوان ئسرائیل و ئێرانە و تا ئێستا هەردوولا زیانی زۆریان بەرکەوتووە، زیانە مرۆییەکانی ئێران بەراورد بە ئیسرائیل زیاترە و ئێران دەیان فەرماندەی باڵای سەربازیی و زانای ئەتۆمی لەدەست داوە، جگە لەوەی زیانی زۆر بەر دامەزراوە حکومییەکانی کەوتووە.

هەرچی عەلی خامنەییشە، فشاری خۆبەدەستەوەدانی لەسەرە و دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا لە بڵاوکراوەیەکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس باسی لەوەکرد، دەزانن لەکوێ خۆی شاردووەتەوە، بەڵام لەوێدا پارێزراوە و ئەوان نایانەوێت بهێننە دەرەوە، لەدوای ئەوەشەوە ترەمپ وشەی 'کوشتن'ـی خستووەتە ناو دوو کەوانەوە.