ئیسرائیل دەڵێت: بەردەوام دەبین لە بۆردومانکردنی شوێنە ئەتۆمییەکانی ئێران، هەروەها خۆمان  بۆ ئەوە ئامادەکردووە جەنگەکە بۆ ماوەیەکی زۆر بەردەوام بێت.

لە کاتێکدا شەڕی ئیسرائیل و ئێران چوەتە هەفتەی دووهەمی خۆیەوە، سوپای ئیسرائیل دووپاتی کردوەتەوە کە ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە ئێران بەردەوام دەبێت تا گەیشتن بە هەموو ئامانجەکانی.

ئیڤی دیڤرین، وتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، هێزەکانمان رۆژانی داهاتوو چالاکتر  دەبن و هێرشەکان فراوانتر دەکەین، وتیشی، رەنگە شەڕەکە بۆ ماوەیەکی زۆر بەردەوام بێت.

وتەبێژی سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوەشکرد، هێزه سەربازییەکان بەردەوام دەبن له بۆردومانکردنی شوێنه ئەتۆمییەکانی ئێران.

ئەوەشی خستەڕوو، تاران بەردەوام دەبێت لە هێرشکردنە سەرمان و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکە هێشتا کۆتایی نەهاتووە. بۆیە لەناوبردنی موشەک هەڵگرەکانی ئێران یارمەتی ئیسرائیل دەدات بۆ گەیشتن بە ئامانجە جەنگییەکانی.