ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم: زیان بە بنکەی ئاوی قورسی ئەتۆمی ئێران لە خونداب گەیشتووە
هەساو ئەمیر
٢٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٥
ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم رایگەیاند، زیان بە باڵەخانەی سەرەکی بنکەی ئاوی قورسی ئەتۆمی ئێران لە خونداب گەیشتووە.
ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم بە رەسمی زیانگەیشتن بە بنکەی ئاراکی رایگەیاند و ئاماژەی بەوەکردووە، لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا بۆسەر ئێران، بۆردومانی بنکەی ئاوی قورسی ئاراک کراوە، کە یەکێکە لە بنکە ئەتۆمییەکانی ئاوی قورسی ئێران لە خونداب سەر بە پارێزگای مەرکەزی.
دوێنێ ئێران رایگەیاند، بۆردومانی بنکەی ئاراک کراوە و زیان بە بنکەکە گەیشتووە، ئەمڕۆش ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم پشتڕاستی کردەوە، بەڵام هیچ روونکردنەوەیەکی لەبارەی زیانەکانەوە نەخستووەتە روو.
ماوەی دوو رۆژە روسیا هۆشداریی بەردەوام دەداتە ئیسرائیل و ئەمریکا کە خۆیان لە بۆردومان کردنی بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران بەدوور بگرن بۆئەوەی هیچ کارەساتێک بەدوای خۆیدا نەهێنێت.
دوێنێش وەزارەتی دەرەوەی روسیا باسی لەوەکرد، "بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە بۆسەر بنکە ئەتۆمییەکان، تەنها چەند میلیمەترێک لە کارەساتەوە دوورین".