رۆژهەڵاتی ناوەڕاسترۆژهەڵاتی ناوەڕاست

لە دێر حافر شەڕ و پێکدادان لە نێوان هێزەکانی هەسەدە و حکومەتی سوریا رویدا و پەیامنێری کوردسات نیوزیش دەڵێت: لە ئەنجامی پێکدادانەکە بریندار هەیە.

پەیامنێری کوردسات نیوز لە حەسەکە رایگەیاند: شەڕ لەنێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات وگروپێکی چەکداری سەر بە حکومەتی سوریا لە رۆژهەڵاتی حەلەب دروستبووە و تا ئێستاش بەردەوامە.

وتیشی، ئەو گروپە چەکدارانە لە دووری 30 کیلۆمەتر شاری تەبقا، بە هاوەن و چەکی دۆشکە هێرشیان کردوەتەسەر چەند پێگەیەکی هەسەدە و هێزەکانی سوریای دیموکراتیش وەڵامی هێرشەکەیان داوەتەوە.

پەیامنێری کوردسات نیوز ئاماژەی بەوەشکرد، هەندێک گروپ دەیانەوێت دانوستانەکانی نێوان هەسەدە و دیمەشق تێکبدەن، کە بەنێوەندگیری ئەمریکا و فەرەنسا هاوتووەتە ئاراوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت: وڵاتەكەی بەردەوام دەبێت لە پیتاندنی یۆرانیۆم و  رەتیشدەكاتەوە لەژێرفششاری ئەمریكادا ئەو پرۆسەیە رابگرن.

عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، وڵاتەكەی خاوەنی زانستی ئەتۆمییە و ئەوەش ناتوانرێت بە بۆمب و رێگەی سەربازیی لەناوببرێت، ئەمریكاش باش دەزانێت كە ناتوانێت لە رێگەی سەربازییەوە بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران راگرێت، چونكە ئەو رێگەیەی تاقی كردەوە.

 جەختیشیكردەوە، بەردەوام دەبن لەپرۆسەی پیتاندنی یۆرانیۆم.

وەزیری دەرەوەی ئێران ئاشكراشی كردوە،ە ئەمریكا جگە لە دامەزراوەی فۆردۆ دامەزراوەیەكی تری ئەتۆمیی لە نزیك شاری ئەسفەهان كردوەتە ئامانج پێش ئەوەی دامەزراوەكە دەست بە پیتاندنی یۆرانیۆم بكات.

وتیشی:  تا دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا سور بێت لە سەر راگرتنی بەرنامە ئەتۆمیی ئێران، هیچ رێككەوتنێك ناكرێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

نێردەی ئەمریكا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڵێت، حەماس چەکدانانی بە مەرجی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی فەڵەستین پەیوەستكردووە و جەخیشیکردەوە، ئامانجیانە لە یەك رێككەوتنی گشتگیردا بارمتەكان ئازادبكەن و كۆتایی بە شەڕی غەززە بێنن.

ستیڤ ویتكۆف، نێردەی ئەمریكا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رایگەیاند، حەماس ئامادەیە بۆ چەك دانان، بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیلیش پابەندە بە كۆتایی پێهێنانی شەڕی غەززە، پلانەكەش كۆتاییهاتنی شەڕە، بەڵام پێویستە رێڕەوی دانوستانەكانی نێوان ئیسرائیل و حەماس بگۆڕێت بۆ بنەمای هەمووی یان هیچ.

ئەوەشی خستەڕوو، ئامانجیانە لە یەك رێككەوتنی گشتگیردا بارمتەكان ئازادبكەن و كۆتایی بە شەڕی غەززە بێنن.

ویتكۆڤ وتیشی، لە غەززە قەیرانی خۆراک هەیە، بەڵام برسێتی نییە و ئەمریكا و ئیسرائیلش لە هەوڵی ئاسانكاریدان بۆ گەیشتنی هاوكارییە مرۆییەكان بە کەرتەکە.

لە بەرانبەردا بزوتنەوەی حەماس لە راگەینراوێكدا جەختیكردوەتەوە لەوەی، ئامادەنین دەستبەرداری چەك ببن تاكو تەواوی مافە نیشتمانییەكانیان بۆ نەگەڕێنرێتەوە لە پێشەنگیشیاندا دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستین، كە پایتەختەكەی قودس بێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەپێی ئامارە رەسمییەکان، لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2025دا، وەبەرهێنەرە عیراقییەکان لە پلەی شەشەمدا هاتوون لەنێو ئەو وڵاتانەی کە زۆرترین خانووبەرەیان لە ئیمارات کڕیوە.

فەرمانگەی تۆمارکردنی خانووبەرە لە شاریقە ئاشکرای کردووە کە لەو ماوەیەدا، وەبەرهێنەرانی 109 وڵاتی جیاواز مامەڵەی کڕین و فرۆشتنیان ئەنجامداوە و کۆی گشتیی بەهای مامەڵەکان گەیشتووەتە 7 ملیار و 350ملیۆن دۆلاری ئەمریکی.

بەپێی ئامارەکە، عیراقییەکان 675 موڵکیان کڕیوە و بەوەش لە پلەی شەشەمدا هاتوون. هاوڵاتیانی ئیمارات بە کڕینی 14 هەزار و 307 موڵک لە پێشەنگی لیستەکەدان و وەبەرهێنەرانی هیندستان بە هەزار و 525 موڵک لە پلەی دووەم، سورییەکان بە 969، میسرییەکان بە 689 و ئوردنییەکانیش بە کڕینی 678 موڵک لە پلەکانی دواتردان.

لەسەر ئاستی جۆری موڵکەکانیش، یەکە نیشتەجێبوونەکان بە ڕێژەی %74.6 لە سەرووی لیستەکەوەن کە 11 هەزار و 459 مامەڵەیان پێکراوە، دوای ئەوانیش موڵکە پیشەسازییەکان بە Rێژەی %20.8 و بازرگانییەکان بە %4 و کشتوکاڵییەکانیش بە ڕێژەی %.6 دێن.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەم پارتی ئاشكرایكرد، لە دوو مانگی رابردوودا دوو هەزار كۆبوونەوەیان كردووە بۆ رونكردنەوەی پرۆسەی ئاشتی و وەرگرتنی بۆچوونی چین و توێژەكانی كۆمەڵگە.

ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی پارتی یەكسانی و دیموكراسی گەلان "دەم پارتی" بڵاویكردەوە، لە چوارچێوەی كارەكانیان بۆ رونكردنەوەی چۆنیەتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی ئاشتی، لە ناوەندە جیاجیاكانی دەم پارتی لە پارێزگاكانی باكوری كوردستان و توركیا، لە مانگەكانی حوزەیران و تەمموزی رابردوو دوو هەزار كۆبوونەوەیان لەسەرانسەری توركیا ئەنجامداوە.

راشیگەیاندووە، كۆبوونەوەكانی ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراسی، لەگەڵ ژنان و گەنجان و نوێنەری گرووپە نەتەوەیی و ئایینییە جیاجیاكان و نوێنەری رێكخراوە پیشەیی و مەدەنییەكان، بۆ وەرگرتنی راوبۆچوونی چین و توێژەكانی كۆمەڵگەیە لەسەر پرۆسەی ئاشتی.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، بەردەوام دەبن لە ئەنجامدانی چالاكییەكانیان، بەمەبەستی سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی لە توركیا و باكوری كوردستان.


ی

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەهۆی بەردەوامیی گەمارۆ و قەیرانی خۆراکەوە، منداڵێکی دیکەی ساوا لە کەرتی غەززە بەهۆی بەدخۆراکییەوە گیانی لەدەستدا. بەمەش ژمارەی ئەو کەسانەی کە تەنها لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا بەهۆی برسێتییەوە گیانیان لەدەستداوە، بۆ چوار کەس بەرزبووەوە.

لەم بارەیەوە، امجد القدرة پەیامنێری کوردسات نیوز، لەزاری بەڕێوەبەری فریاگوزاریی پزیشکی لە غەززە رایگەیاند، دۆخی مرۆیی لە کەرتەکە گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار و هۆشداریی دا لە کارەساتی گەورەتر.

ناوبراو ئاماژەی بە چەند خاڵێکی گرنگ کرد:

17هەزار منداڵ لە کەرتی غەززە بەدەست بەدخۆراکیی توندەوە دەناڵێنن، ئەمەش بارگرانییەکی زۆری لەسەر سیستمی تەندروستیی داڕماوی کەرتەکە دروستکردووە.

تەنها بڕێکی زۆر کەمی هاوکارییە مرۆییەکان دەگاتە کەرتی غەززە و ئەو بڕە کەمەش لەلایەن چەند گروپێکەوە دەدزرێت و بە دەستی خەڵکی پێویست ناگات.

دەرمانی تایبەت بە نەخۆشانی شەکرە بە هیچ شێوەیەک ناگاتە غەززە، هاوکات ژمارەیەکی زۆر لە ژنانی دووگیانیش بەهۆی نەبوونی خۆراکی پێویستەوە، دووچاری کێشەی تەندروستیی مەترسیدار بوونەتەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە، ویتکۆف نێردەی تایبەتی ئەمریکا، بۆ بەدواداچوونی دۆخی مرۆیی غەززە سەردانی ئەو شارەی کرد و رایگەیاند؛ لە هەوڵداین ئاگربەست جێبەجێبکەین.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

فەرماندەی گشتی هەسەدە، دەڵێت، كاردەكەن بۆ فراوانكردن و جێبەجێكردنی رێككەوتنەكەی 10ی ئاداری رابردوو، بەڵام لە ئێستادا كار لەسەر وردەكارییەكان دەكەن.

مەزڵوم كۆبانێ‌ فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سوریای دیموكرات "هەسەدە" لە چاوپێكەوتنێكدا لەبارەی رەوشی سوریا و رێككەوتنەكەی 10ی ئاداری رابردوو ئاماژەی بەوەكردووە، هەرچەندە جێبەجێكردنی رێككەوتنە 10 خاڵییەكەی 10ی ئاداری رابردوو، لەگەڵ ئەحمەد شەرع بە هێواشی بەڕێوەدەچێت، بەڵام لە ئێستادا كار دەكەن بۆ فراوانكردن و جێبەجێكردنی.

وتیشی، رەزامەندییان لەسەر تێكەڵكردنی هێزەكانی هەسەدە لەگەڵ سوپای سوریا نیشانداوە، بەڵام دەبێت كار لەسەر وردەكارییەكان بكەن بۆئەوەی سەقامگیریی تێكنەچێت و هیچ لایەنێك بۆشایی ئەمنی نەقۆزێتەوە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

عەلی لاریجانی راوێژكاری رابەری باڵای ئێران دەبێتە سەرۆك ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئەو وڵاتە.

میدیاكانی ئێران بڵااویانكردووەتەوە، لە چوارچێوەی گۆڕانكارییەكانی ئێران بۆ رێكخستنەوەی پەیكەری دەزگا ئەمنییەكان بڕیاردراوە عەلی لاریجانی راوێژكاری عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئێران دەبێتە سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئەو وڵاتە و شوێنی عەلی ئەكبەر ئەحمەدیان دەگرێتەوە.

دەشڵێت، ئەحمەدیان دەبێتە سەرۆكی دۆسیە تایبەت و هەستیارەكان لە دەوڵەتدا و ئەو پۆستەش پێویستی بە كەسێكە كە هەماهەنگی بەهێزی لەگەڵ زۆربەی دەزگا و دامەزراوەكان هەبێت.

هەفتەی رابردووش لێپرسراوێكی ئێران رایگەیاندبوو، گۆڕانكاری بەرچاو لە دەزگا ئەمنییەكان دەكرێت بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە و رەوشی هەستیاری ئێستای ئێران.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەهۆی هەبوونی نەخۆشی و هەڵكشانی تەمەنیان، سەرۆك كۆماری توركیا بڕیاری لێخۆشبوونی بۆ ژمارەیەك زیندانیكراو دەركرد كە بەشێكیان ئەندامی پارتی كرێكارانی كوردستانن.

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا، بەهۆی هەبوونی نەخۆشی و هەڵكشانی تەمەنیان بڕیاری لێخۆشبوونی بۆ 12 زیندانیكراو دەركرد كە سزای جۆراوجۆریان بەسەردا سەپێنراوە، بەشێكیان بە تاوانی ئەندامبوونیان لە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) سزای زیندانیكردنی هەتاهەتاییان هەبوو.

بەگوێرەی یاساكانی توركیا، سەرۆك كۆمار دەسەڵاتی هەیە بەپێی مادەی 104ی دەستوور فەرمانی لێخۆشبوون بۆ زیندایكراوان دەربكات.

ئەوەش لەكاتێكدایە هەفتەی رابردوو وەیسی ئاكتاش یەكێك لە گیراوانی دورگەی ئیمراڵی دوای زیاتر لە 31 ساڵ زیندانیكردن و تێپەڕینی زیاتر لە ساڵێك بەسەر ماوەی زیندانیكردنەكەیدا ئازادكرا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

تاکو ئێستا نزیکەی هەزار 400 کەس لە چاوەڕوانی وەرگرتنی هاوکاریە مرۆییەکان لە غەززە کوژراون.

رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، بەهۆی هێرشەکانی سوپای ئیسرائیلەوە تاکو ئێستا هەزار و 373 کەس لە کاتی هەوڵدان بۆ وەرگرتنی هاوکاریە مرۆییەکان لە ناوچە جیاوازەکانی کەرتی غەززە کوژراون.

راشیگەیاند، 859 کەس لەو شوێنانەدا کوژراون کە رێکخراوی مرۆیی غەززە هاوکاریەکانی دابەشکردوە، هەروەها 514 کەسیش لە شوێنەکانی دیکەی دابەشکردنی هاوکاریە مرۆییەکان کوژراون.

ئەوەش لە کاتێکدایە، تەندروستی غەززە بڵاویکردوەتەوە، لەماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا لە ناوچە جیاوازەکانی کەرتی غەززە 91 کەس لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل کوژراون و 666 کەسی دیکەش برینداربوون.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، تۆمەتەكانی ئەمریكا و وڵاتانی ئەوروپا دژ بە ئێران  بێ بنەما و گاڵتەجاڕانەیە.

ئیسماعیل بەقائی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئەو تۆمەتانەی لەلایەن ئەمریكا و فەرەنسا و چەند وڵاتێكی تری ئەوروپاوە دژ بە ئێران بڵاودەكرێنەوە، هەوڵێكە بۆ لادانی سەرنجی رایگشتی لەسەر پرسی سەرەكی كە كێشەی فەلەستینە.

راشیگەیاند، ئەو جۆرە هەڵسوكەوتانە پێشێلكردنی بنەماكانی یاسا نێودەوڵەتییەكان و پەیمانی نەتەوەیەكگرتووەكانە و دەبێت لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بكرێت، لەبەرامبەر پشتیوانی لە ئیسرائیل، لەبەرئەوەی ئەوە پشتیوانی كردنە لە تیرۆر.

ئەوەش لە كاتێكدایە، ئەمریكا و بەشێك لە وڵاتانی ئەوروپا راگەیەنراوێكی هاوبەشیان دژ بە ئێران بڵاوكردەوە، دژایەتی هەوڵەكانی دەزگای هەواڵگری ئێرانی كرد.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند، نووسینگەی ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکەی هۆشدارییەکانی بۆ گەشتکردنی ئەو ئیسرائیلیانەی کە لە ئیماراتن، توندتر کردووەتەوە.

نووسینگەی ئاسایشی نیشتمانیی ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کردووە: "رێکخراوە تیرۆریستییەکان لەم رۆژانەدا بە چڕییەکی زیاترەوە کاردەکەن بۆ زیانگەیاندن بە ئیسرائیل."

ئەم هەنگاوە هاوکاتە لەگەڵ زیادبوونی هەستی توڕەیی و دژایەتیکردنی ئیسرائیلییەکان لە ناوچەکەدا، بەهۆی جەنگی بەردەوامی ئیسرائیل لەسەر کەرتی غەززە، کە بووەتە هۆی شەپۆلێک لە رەخنەی جەماوەری و رەسمی دژی سیاسەتەکانی تەلئەبیب، تەنانەت لەو وڵاتانەشدا کە رێککەوتنی ئاساییکردنەوەیان لەگەڵدا واژۆ کردووە، وەک ئیمارات.

لەلایەکی دیکەوە، راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان لەم دواییانەدا ئاماژەیان بەوە کردبوو کە یوسی شێلی، باڵیۆزی تەلئەبیب لە ئەبوزەبی، بەهۆی تێوەگلانی لە رەفتارێک کە بە "ناشایستە" وەسف کرابوو لە دوبەی، مشتومڕێکی زۆری ناوەتەوە و بووەتە هۆی توڕەیی لە ناوەندە فەرمییەکانی ئیماراتدا.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆکی روسیا پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی سوریا و ژمارەیەک وەزیری دیکە کرد و تاوتوێی کۆمەڵێک پرسی هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات کرد .

میدیاکانی سوریا رایانگەیاند، لە کۆبونەوەیەکی مێژویدا ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوە و مەرهەف ئەبو قەسرە وەزیری بەرگری و حسێن سەلامە سەرۆکی گشتی هەواڵگری سوریا لەلایەن ڤالدیمێر پوتن سەرۆکی روسیاوە لە کۆشکی سەرۆکایەتی کرملن پێشوازیان لێکراوە.

 لەکۆبونەوەکەدا پوتن بە توندی دەستوەردانی سەبازی و هەوڵدان بۆ دابەشکردنی خاکی سوریا لەلایەن ئیسرائیلەوە رەتکردوەتەوە ، هەروەها جەختی لە پاڵپشتیکردنی سوریا بۆ ئاسایش و سەقامگیری و بنیادنانەوەی کردوەتەوە.

 شەیبانی جەختیکردوەتەوە، لە پابەندبوونی وڵاتەکەی بۆ باشترکردنی پەیوەندیەکانی لەگەڵ روسیا لەسەر بنەمایەکی نوێ کە خزمەتی بەرژەوەندیەکانی نێوان هەردوو وڵات بکات، هەروەها  پاراستنی سەرجەم هاووڵاتیانی سوریا بەبێ جیاوازی.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە


کۆشکی سپی ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا، رۆژی هەینی سەردانی کەرتی غەززە دەکات، ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەرپرسێکی ئیسرائیلی ئاماژەی بە ئەگەری فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە کەرتەکەدا کردووە.


کارۆلین لێڤیت وتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند: " ویتکۆف سبەی بەرەو غەززە بەڕێدەکەوێت بۆئەوەی لە نزیکەوە ئاگاداری ناوەندەکانی دابەشکردنی هاوکارییە مرۆییەکان بێت."
وتیشی: "ویتکۆف دڵنیا دەبێتەوە لەوەی کە برسێتی و قاتوقڕی بوونی نییە.
وتەبێژی کۆشکی سپی ئاماژەی بەوەشکرد کە ویتکۆف "کۆبوونەوەیەکی بنیاتنەری لەگەڵ ناتانیاهۆ و بەرپرسانی ئیسرائیلدا ئەنجامداوە سەبارەت بە گەیاندنی هاوکاری زیاتری مرۆیی بۆ غەززە."  دوای رەزامەندی دۆناڵد ترەمپ، وردەکاری زیاتر لەسەر پلانی دابەشکردنی خۆراک و هاوکارییەکان بڵاودەکەنەوە.
لەلایەکی دیکەوە، کەناڵی "ئای نیوز 24"ی ئیسرائیلی لە زاری سەرچاوەیەکی بەرپرسی ئیسرائیلەوە بڵاویکردەوە، بزووتنەوەی حەماس پەیوەندییەکانی سەبارەت بە دانوستانەکانی ئاگربەست پچڕاندووە، ئەمەش وادەکات فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل "ناچار" بێت.
سەرچاوەکە وتویەتی: "ئیسرائیل گەشبین نییە بە ئەگەری گەڕانەوەی حەماس بۆ دانوستانەکان، حەماس پەیوەندییەکانی بڕیوە و هیچ گفتوگۆیەکی راستەقینە لەگەڵیاندا نییە."
هەروەها ئاشکرایکردووە: "هەستێک هەیە کە گفتوگۆکان لە لێواری تەقینەوەدان و وا دەردەکەوێت فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە غەززەدا ناچاری بێت."
سەرچاوەکە ئەوەشی خستەڕوو کە "ئیسرائیل و ئیدارەی ئەمریکا هەماهەنگی دەکەن سەبارەت بە هەنگاوەکانی داهاتوو لە دژی حەماس و بەردەوامیدان بە دانوستانەکان."

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

یائیر ناتانیاهۆ، کوڕی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە ئێکس لە هەژماری رەسمی خۆی، پرسیارێکی راستەوخۆ ئاڕاستەی وڵاتانی رۆژئاوا دەکات و رەخنە لە داننەنان بە مافەکانی گەلی کورد دەگرێت.

یائیر لە ئێکس نووسیویەتی: "کورد گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەتە لە جیهاندا، کە ژمارەیان نزیکەی 45 ملیۆن کەسە."

ناوبراو لە بەشێکی تری پۆستەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە: "ئەوان هاوپەیمانی رۆژئاوان. خاکەکەیان لەلایەن تورکیا، ئێران، عیراق و سوریاوە دابەش و داگیرکراوە."

لە کۆتاییدا کوڕەکەی ناتانیاهۆ بە شێوەیەکی راستەوخۆ پرسیار دەکات و دەڵێت: "بۆچی فەرەنسا، ئیسپانیا، ئێرلەندا، بەریتانیا، نەرویج، پورتوگال، کەنەدا، ئەڵمانیا، ماڵتا و سلۆڤینیا دان بە کوردستاندا نانێن؟"

ئەم ئێکسەی کوڕەکەی ناتانیاهۆ کاردانەوەی بەرفراوانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لێکەوتووەتەوە و وەک پشتگیرییەکی ئاشکرا بۆ دۆزی رەوای گەلی کوردستان لێکدەدرێتەوە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

 

 هێزی ئاسمانی سوپای  ئیسرائیل زنجیرەیەک هێرشی کردە سەر چەند پێگەیەکی حزبوڵا لە ناوچەی بیقاع لە رۆژهەڵاتی لوبنان و هەردوو ناوچەی مەحمودیە و ئەلجەرمق لە باشوری ئەو وڵاتە.

یسرائیل کاتز وەزیری بەرگری ئیسرائیل رایگەیاند، سوپای وڵاتەکەی ژمارەیەک هێرشی ئاسمانی کردەوەتە سەر چەند ژێرخانێکی سەر بە رێکخراوی حزبوڵای لوبنانی، لەنێویشیدا کارگەیەکی تایبەت بەدروستکردنی موشەک.

ئەوەش  لەکاتێکدایە، جۆزێف عەون سەرۆکی لوبنان داوایکردبوو کۆتای بە سەرجەم ناکۆکیەکان و گرژیەکانی وڵاتەکەی بهێنرێت، چەک و تەقەمەنیش تەنها لەلای سوپا و هێزە ئەمنیەکان بوونیان هەبێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...137138139140141...188