ئیسرائیل هۆشداریەکانی توندترکردوەتەوە بۆ گەشتکردن بەرەو ئیمارات
راهۆز
٣١ی تەمووزی ٢٠٢٥
نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند، نووسینگەی ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکەی هۆشدارییەکانی بۆ گەشتکردنی ئەو ئیسرائیلیانەی کە لە ئیماراتن، توندتر کردووەتەوە.
نووسینگەی ئاسایشی نیشتمانیی ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کردووە: "رێکخراوە تیرۆریستییەکان لەم رۆژانەدا بە چڕییەکی زیاترەوە کاردەکەن بۆ زیانگەیاندن بە ئیسرائیل."
ئەم هەنگاوە هاوکاتە لەگەڵ زیادبوونی هەستی توڕەیی و دژایەتیکردنی ئیسرائیلییەکان لە ناوچەکەدا، بەهۆی جەنگی بەردەوامی ئیسرائیل لەسەر کەرتی غەززە، کە بووەتە هۆی شەپۆلێک لە رەخنەی جەماوەری و رەسمی دژی سیاسەتەکانی تەلئەبیب، تەنانەت لەو وڵاتانەشدا کە رێککەوتنی ئاساییکردنەوەیان لەگەڵدا واژۆ کردووە، وەک ئیمارات.
لەلایەکی دیکەوە، راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان لەم دواییانەدا ئاماژەیان بەوە کردبوو کە یوسی شێلی، باڵیۆزی تەلئەبیب لە ئەبوزەبی، بەهۆی تێوەگلانی لە رەفتارێک کە بە "ناشایستە" وەسف کرابوو لە دوبەی، مشتومڕێکی زۆری ناوەتەوە و بووەتە هۆی توڕەیی لە ناوەندە فەرمییەکانی ئیماراتدا.