سەرۆك كۆماری توركیا بڕیاری لێخۆشبوونی بۆ ژمارەیەك زیندانیكراو دەركرد
سەعید سەروەت
١ی ئابی ٢٠٢٥
بەهۆی هەبوونی نەخۆشی و هەڵكشانی تەمەنیان، سەرۆك كۆماری توركیا بڕیاری لێخۆشبوونی بۆ ژمارەیەك زیندانیكراو دەركرد كە بەشێكیان ئەندامی پارتی كرێكارانی كوردستانن.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا، بەهۆی هەبوونی نەخۆشی و هەڵكشانی تەمەنیان بڕیاری لێخۆشبوونی بۆ 12 زیندانیكراو دەركرد كە سزای جۆراوجۆریان بەسەردا سەپێنراوە، بەشێكیان بە تاوانی ئەندامبوونیان لە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) سزای زیندانیكردنی هەتاهەتاییان هەبوو.
بەگوێرەی یاساكانی توركیا، سەرۆك كۆمار دەسەڵاتی هەیە بەپێی مادەی 104ی دەستوور فەرمانی لێخۆشبوون بۆ زیندایكراوان دەربكات.
ئەوەش لەكاتێكدایە هەفتەی رابردوو وەیسی ئاكتاش یەكێك لە گیراوانی دورگەی ئیمراڵی دوای زیاتر لە 31 ساڵ زیندانیكردن و تێپەڕینی زیاتر لە ساڵێك بەسەر ماوەی زیندانیكردنەكەیدا ئازادكرا.