سبەینێ ویتکۆف سەردانی کەرتی غەززە دەکات
راهۆز
٣١ی تەمووزی ٢٠٢٥
کۆشکی سپی ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا، رۆژی هەینی سەردانی کەرتی غەززە دەکات، ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەرپرسێکی ئیسرائیلی ئاماژەی بە ئەگەری فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە کەرتەکەدا کردووە.
کارۆلین لێڤیت وتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند: " ویتکۆف سبەی بەرەو غەززە بەڕێدەکەوێت بۆئەوەی لە نزیکەوە ئاگاداری ناوەندەکانی دابەشکردنی هاوکارییە مرۆییەکان بێت."
وتیشی: "ویتکۆف دڵنیا دەبێتەوە لەوەی کە برسێتی و قاتوقڕی بوونی نییە.
وتەبێژی کۆشکی سپی ئاماژەی بەوەشکرد کە ویتکۆف "کۆبوونەوەیەکی بنیاتنەری لەگەڵ ناتانیاهۆ و بەرپرسانی ئیسرائیلدا ئەنجامداوە سەبارەت بە گەیاندنی هاوکاری زیاتری مرۆیی بۆ غەززە." دوای رەزامەندی دۆناڵد ترەمپ، وردەکاری زیاتر لەسەر پلانی دابەشکردنی خۆراک و هاوکارییەکان بڵاودەکەنەوە.
لەلایەکی دیکەوە، کەناڵی "ئای نیوز 24"ی ئیسرائیلی لە زاری سەرچاوەیەکی بەرپرسی ئیسرائیلەوە بڵاویکردەوە، بزووتنەوەی حەماس پەیوەندییەکانی سەبارەت بە دانوستانەکانی ئاگربەست پچڕاندووە، ئەمەش وادەکات فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل "ناچار" بێت.
سەرچاوەکە وتویەتی: "ئیسرائیل گەشبین نییە بە ئەگەری گەڕانەوەی حەماس بۆ دانوستانەکان، حەماس پەیوەندییەکانی بڕیوە و هیچ گفتوگۆیەکی راستەقینە لەگەڵیاندا نییە."
هەروەها ئاشکرایکردووە: "هەستێک هەیە کە گفتوگۆکان لە لێواری تەقینەوەدان و وا دەردەکەوێت فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە غەززەدا ناچاری بێت."
سەرچاوەکە ئەوەشی خستەڕوو کە "ئیسرائیل و ئیدارەی ئەمریکا هەماهەنگی دەکەن سەبارەت بە هەنگاوەکانی داهاتوو لە دژی حەماس و بەردەوامیدان بە دانوستانەکان."