نزیکەی 780 هەزار ئاوارەی سوری لە دەرەوەی وڵاتەوە گەڕاونەتەوە بۆ وڵاتەکەیان لە پاش روخانی حکومەتی پێشوی سوریاوە هەروەها نزیکەی یەک ملیۆن و 700 هەزار ئاوارەی ناوخۆی سوریا گەڕاونەتەوە شوێنی نیشتەجێبونیان.
پێگەی ریلیف وێبی سەر بە نەتەوەیەکگرتوەکان بڵاویکردەوە، لە مانگی کانونی دووەمی ساڵی رابردوەوە 779 هەزار و 473 ئاوارەی سوری لە دەرەوەی وڵاتەوە گەڕاونەتەوە بۆ وڵاتەکەیان کە نیشتەجێی وڵاتانی دراوسێی سوریا و ئەوروپی بوون.
ئاماژەی بەوەشکردەوە، یەک ملیۆن و 694 هەزار و 418 کەس کە ئاوارەی ناوخۆی سوریا بوون، گەڕاونەتەوە بۆ ناوچەکانی پێشوی خۆیان.
بە پێی سەرژمێریەک کە لە تورکیا کراوە ، لە ئێستادا نزیکەی دوو ملیۆن نیو هاووڵاتی سوری نیشتەجێی وڵاتی ئەو وڵاتەن.
هاوکات لەگەڵ بەردەوامیی جەنگ، تەلئەبیب وردەکاریی پلانی داگیرکردنی تەواوەتیی کەرتی غەززەی ئاشکرا کرد، دوای ئەوەی دوێنێ یەکشەممە، سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیل، ئەیال زامیر، پلانەکەی پەسەند کرد و بڕیارە سبەی سێشەممە بیخاتە بەردەم وەزیری بەرگری، یسرائيل کاتس.
سەرۆک ئەرکانی ئیسرائیل لە میانەی سەردانێکیدا بۆ فەرماندەیی باشوور لە غەززە رایگەیاند، قۆناغی داهاتووی ئۆپەراسیۆنی "عربات جدعون" بەم نزیکانە دەستپێدەکات و جەختی کردەوە، سوپای ئیسرائیل هەموو تواناکانی خۆی لە وشکانی و دەریا و ئاسمانەوە بۆ لێدانێکی کوشندە لە حەماس بەکاردەهێنێت.
پلانی داگیرکردنی غەززە
پلانەکە تایبەتە بە گەمارۆدان و هێرشکردنە سەر ئەو ناوچە کەمانەی کەرتی غەززە کە هێشتا بە تەواوی وێران نەکراون و نزیکەی 25%ی روبەری کەرتەکە پێکدەهێنن.
پێشبینی دەکرێت سوپای ئیسرائیل سەرەتا هێزی وشکانی بنێرێتە پارێزگاکانی غەززە و باکوور بۆ ئەوەی جارێکی دیکە لە باقیی ناوچەکانی دیکەی کەرتەکە دایانببڕێت، دواتر لە چەندین بەرەوە دەست بە هێرشکردن دەکات.
بەپێی زانیارییەکان، پێدەچێت هێرشە زەمینییەکە بۆ ناو شاری غەززە لە 7ی ئۆکتۆبەری داهاتوودا دەستپێبکات و چوار بۆ پێنج مانگ بخایەنێت، ئەمەش لە کاتێکدایە کە نزیکەی یەک ملیۆن فەڵەستینی لە ناوەڕاست و رۆژئاوای شاری غەززە نیشتەجێن.
بەگوێرەی دەنگی ئیسرائیل، لانی کەم 4 فیرقەی سەربازی لە ئۆپەراسیۆنەکەدا بەشدار دەبن، کە تێکەڵەیەک دەبن لە لیوا هەمیشەییەکان و هێزە یەدەگەکان.
هاوکات ئیسرائیل بەنیازە لەنێوان 80 بۆ 100 هەزار سەربازی یەدەگ بانگهێشت بکات بۆ پشتیوانیکردنی ئۆپەراسیۆنە فراوانەکەی لە غەززە.
تۆم باراک، نێردراوی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاند کە لەگەڵ جۆزێف عەون، سەرۆکی لوبنان، دۆسیەی "چەکدانانی حزبوڵا"ی تاوتوێ کردووە و جەختی لەوە کردەوە کە ئەم پلانە "لە بەرژەوەندیی شیعەکاندایە".
دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ جۆزێگ عەون لە کۆشکی بعبدا، بە ئامادەبوونی مۆرگان ئۆرتاگۆس، نێردراوی ئەمریکا و لیزا جۆنسن باڵیۆزی ئەمریکا، تۆم باراک لە لێدوانێکدا رایگەیاند: "چەککردن بڕیارێکی تایبەت بە دەوڵەتی لوبنانە"، ئاماژەی بەوەشکرد، وڵاتەکەی هیچ هەڕەشەیەک لەم دۆسیەیەدا ناکات و هاوکاری بۆ هەموو لایەن جیاوازەکان هەیە.
باراک وتیشی، .حزبوڵا لەبەردەم چەندین بژاردەدایە کە دەبێت بیریان لێبکاتەوە، ناتوانێت شتێک وەربگرێت بەبێ ئەوەی لە بەرانبەردا شتێک نەبەخشێت.
نێردراوەکەی ترەمپ ئەوەشی خستەڕوو، وڵاتەکەی هیچ پێشنیازێکی نەداوەتە ئیسرائیل سەبارەت بە چەککردنی حزبوڵا، روونیکردەوە کە بڕیارە لوبنانییەکە پێویستی بە هاوکاریی ئیسرائیلە و وتی: "حکومەتی لوبنان هەنگاوی یەکەمی ناوە، ئێستا لەسەر ئیسرائیلە هەنگاوی بەرانبەر بنێت".
هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە "ئێران هاوبەشە لە پرسی چەککردنی حزبوڵادا" و جەختی کردەوە، وڵاتەکەی هەوڵی هیچ رێککەوتنێکی نوێ لە لوبنان نادات، بەڵکو تەنها کار بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئاگربەستی ئێستا دەکات و مامەڵەکردن لەگەڵ حزبوڵا بابەتێکی ناوخۆیی لوبنانییە و رۆڵی ئەمریکا تەنیا رێنماییکردن بووە و هیچی تر.
رۆژنامەیەکی بەریتانی رایگەیاند، سوپای سوریا بە پشتیوانی هۆزەكان پلانی هەیە مانگی تشرینی یەكەمی داهاتوو هێرش بكاتە سەر دێرەزور و رەقە كە هێزەكانی هەسەدە تێیدا جێگیرن.
رۆژنامەی زە ناشناڵی بەریتانی لە زاری چەند لێپرسراوێكی باڵای حكومەتی سوریاوە بڵاویكردووەتەوە، لە ئەگەری نەگەیەشتنە رێككەوتن لەگەڵ هەسەدە، حكومەتی دیمەشق پلانی هەیە مانگی تشرینی یەكەمی داهاتوو هێرش بكاتە سەر دێرەزور و رەقە، كە هێزەكانی هەسەدە تێیدا جێگیرن.
راشیگەیاندووە، سوپای سوریا هێزێكی بە نزیكەی 50 هەزار سەرباز لە نزیك شاری تەدمور كۆكردووەتەوە و پلانەكەشی بە پشتیوانی هۆزەكانی ناوچەكە ئەنجام دەدات، لە ئەگەری بڕیاردان لەسەر ئەنجامدانی هێرشەكەش، چاوەڕوانی گەرەنتی ئەمریكا و ئیسرائیل دەكات كە دەستوەردان لە شەڕەكەدا نەكەن.
ئەو رۆژنامەیە ئاشكراشیكردووە، گفتوگۆ و دانووستانەكانی نێوان حكومەتی سوریا و هەسەدە بە نێوەندگیری ئەمریكا بەرەوپێشچوونی بەرچاوی بەخۆیەوە نەبینیووە بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنەكەی 10ی ئاداری ئەمساڵ كە لە نێوان مەزڵوم كۆبانێ فەرماندەی گشتی هەسەدە و ئەحمەد شەرع سەرۆكی سوریا ئیمزا كراوە.
پێشتریش ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی و هەسەدە داوای ناناوەندییان لە سوریا كردووە و ئەحمەد شەرعیش وتویەتی، پێویست ناكات یەكپارچەیی و یەكگرتووی سوریا بە خوێنڕشتن و ئۆپراسیۆنی سەربازیی بەدیبهێندرێت.
بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە بۆ سەر غەززە نزیکەی 60 کەس کوژراون کە بەشێکیان لە چاوەڕوانی وەرگرتنی هاوکاریە مرۆییەکاندا بوون.
وەزارەتی تەندروستی غەززە رایگەیاند، ئەمڕۆ بەهۆی هێرشە بەردەوامەکانیت سوپای ئیسرائیلەوە بۆ سەر ناوچە جیاوازەکانی کەرتی غەززە 57 کەس کوژراون کە 38 کەسیان لە چاوەڕوانی هاوکاریە مرۆییەکاندا بە تەقەی هێزەکانی سوپای ئیسرائیل کوژراون.
ئەوەش لە کاتێکدایە، لە شارەکانی ئیسرائیل خۆپیشاندان و مانگرتنی سەرتاسەری بەردەوامە و خۆپیشاندەران داوە لە حکومەتی وڵاتەکەیان دەکەن، هەوڵەکانی زیاتربکات بۆ رزگارکردنی بارمتە ئیسرائیلیەکان لە غەززە.
تەقینەوەیەكی خۆكوژیی لە یەکێک لە گەڕەکەکانی شاری حەلەب لە سوریا ژمارەیەك كوژراو و برینداری لێكەوتەوە و سەرچاوەیەكیش دەڵێت روداوەكە تیرۆریستی بووە.
روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، کەسێکی گومانلێکراوە کە گوماندەکرێت تیرۆرستبێت لە نزیک فڕنی وەحدەی گەرەکی مەیسەر لە شاری حەلەب لەڕێگەی پشتوێنێکی بۆمبڕێژکراوەوە خۆی تەقاندوەتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، جگە لە کوژرانی خۆکوژەکە، ژمارەیەک کوژراو برینداری لێکەوتوەتەوە، زیانی ماددیش بەر شوێنی روداوەکە کەوتوە.
روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ راشیگەیاندوە، هێزە ئەمنیەکانی سەر بەحکومەتی سوریا لێكۆڵینەوەکانیان لە روداوەكە دەستیپێكردوە بۆ دەستنیشانكردنی چۆنێتی تەقینەوەكە و ئەنجامدەرەكەی.
جێگری پەیوەندی و راگەیاندنی نووسینگەی سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند، مەسعود پزیشکیان بۆ بەشداری لە کۆبوونەوەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سەرەتای وەرزی پاییز دەچێتە نیویۆرک.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، سەید مەهدی تەباتەبایی لە لێدوانێکدا وێڕای راگەیاندنی ئەو هەواڵە، سەبارەت بە ئەگەری دانوستان لەگەڵ ئەمریکا لە نیۆیۆرک، وتی: رەوتی گۆڕانکارییەکان لە ناوخۆی ئێران و لە بواری دیپلۆماسیدا زۆر خێرایە، کەواتە ناکرێت وەڵامێکی وردبینانە بەو پرسیارە بدرێتەوە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، سەرۆک کۆماری ئێران لەو سەردانەیدا، لە ئاستی باڵادا ژمارەیەک دیدار و کۆبوونەوە ئەنجامدەدات.
وتیشی، پلانی گەشتی نیۆیۆرکی پزشکیان لە قۆناغی ئامادەکردندایە و هیچ ئاستەنگێکی بۆ دیدار لەگەڵ بەرپرسانی ئەوروپیدا نییە.
یۆئاڤ گالانت وەزیری پێشووی بەرگری ئیسرائیل و یایر لاپید سەرۆکی ئۆپۆزسیۆن بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکاندا کرد کە لەلایەن خێزانی بارمتەکانەوە لە ناوەڕاستی تەلئەبیب رێکخرابوو، تیایدا داوای کۆتاییهێنان بە شەڕ و رێککەوتنیان کرد بۆ ئازادکردنی ئەوانەی لە غەززە دەستبەسەرکراون.
گالانت شانبەشانی خێزانی بارمتەکان و نوێنەرەکانیان دەرکەوت و پشتیوانی خۆی بۆ داواکاری سەرەکی دووپاتکردەوە و وتی، "کۆتاییهێنان بە شەڕ لە بەرامبەر ئازادکردنی زیندانییەکاندا".
یایر لاپید بە خۆپیشاندەرانی وتووە، "ئەوەی حەماس زۆر لاواز دەکات، دیدگای ئێمەیە بۆ یەکڕیزی، هاودەنگی و بەهێزی پشتیوانی یەکترە لە ئیسرائیل".
هاوکات وەڵامی رەخنەکانی بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی دایەوە، کە خۆپیشاندەرانی تۆمەتبار کرد بە پشتیوانیکردن لە حەماس، ئاماژەی بەوەشکرد، "کاتێک حکومەت دژایەتی کەسوکاری رفێندراوان و خۆپیشاندەران دەکات، حەماس زۆر بەهێز دەکات".
هەزاران ئیسرائیلی بەشدارییان لە خۆپیشاندانێکی گشتیدا کرد و لە سەرانسەری کەرتە جیاوازەکاندا، رێگا گەورەکانیان داخست، لەنێویاندا رێگای قودس- تەلئەبیب، خۆپیشاندەران ئاڵای ئیسرائیلیان هەڵکرد و وێنەی بارمتەکانیان بەرزکردەوە.
پۆلیس رایگەیاند، تا نیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە 38 خۆپیشاندەریان دەستگیرکردووە، دوای ئەوەی شەڕ و پێکدادان روویدا و بەشێک لە خۆپیشاندەران رێگاکانیان داخست.
لە توركیا لە راپرسییەكدا دەرکەوتووە، زیاتر لە 97%ی كورد دەخوازن بە زمانی كوردی بخوێنن.
ناوەندی توێژینەوەی كۆمەڵایەتی - سیاسی لە توركیا، راپرسییەكی بە شێوەی ئۆنلاین لە 23 شاری ئەو وڵاتە ئەنجامداوە كە نەتەوەی كورد تێیدا دەژین، لە راپرسییەكەدا دوو هەزار و 387 كەس بەشدارییانكردووە، بۆ پێوانەكردنی ئاستی بەكارهێنانی زمانی دایك، بە تایبەت ئەو زمانانەی توركی نین.
بەپێی راپرسییەكە، 97.79%ی بەشداربووان دەخوازن كە زمانی فێركارییان زمانی كوردی بێت، 23.5%ی بەشداربووان ئاماژەیان بۆ ئەوەكردووە، بە زمانی دایكییان "زۆرباش" قسە دەكەن، 43.2% "باشە" و 16.2% "بە خراپی" قسەی پێ دەكەن.
لە شارەکانی ئیسرائیل هاووڵاتیانی دەستیانکردەوە بە خۆپیشاندان و مانگرتن و داوادەکەن حکومەت هەوڵەکانی زیاتربکات بۆ ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلیەکان لە غەززە.
ئەمڕۆ لە تەواوی شارەکانی ئیسرائیل هەزاران هاووڵاتی رژانە سەرشەقامەکان و زۆربەی رێگا سەرەکیەکانی ئیسرائیلیان داخست، لە نێویاندا رێگە خێراکانی تەلئەبیبی پایتەخت، خۆپیشاندەران داوا لە حکومەتی وڵاتەکەیان دەکەن، دەستبەجێ کۆتایی بە شەڕی غەززە بهێنێت و هەوڵەکانی زیاتربکات بۆ ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلیەکان و پاشگەزبێتەوە لە بڕیاری داگیرکردنی تەواوەتی کەرتی غەززە .
لەوبارەیەوە بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، ئەوانەی داوای کۆتاییهێنان بە شەڕ دەکەن بەبێ کۆتایهێنان بە بزوتنەوەی حەماس، نەک هەر حەماس بەهێزتر دەکەن بەڵکو ئازادکردنی بارمتەکانیش دوادەخەن، هەروەها رێگە خۆشدەکەن بۆ دوبارەبوونەوەی کارەساتەکانی 7ی تشرینی یەکەمی ساڵی 2023.
بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، بە چەند مەرجێك بە رێككەوتنی ئاگربەست لە غەززە رازی دەبن .
لە دوای نزیكەی دوو ساڵ لە بەردەوامیی جەنگ، ئیسرائیل سورە لەسەر مەرجەكانی بۆ كۆتاییهێنان بەو جەنگە و بەپێی راگەیەنراوێكی نوسینگەی ناتانیاهۆ ، مەرجەكانی ئیسرائیل بۆ كۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە ، ئازادكردنی سەرجەم بارمتەكان بە یەكجار و دانانی چەكی حەماس و كۆنترۆڵكردنی سنورەكانی غەززە لەلایەن ئیسرائیل و پێكهێنانی حكومەتێكی دوور لە حەماسە.
ئەوە لەكاتێكدایە رۆژنامەی ئیسرائیل هیوم ئاشكرایكردوە ، ئەمریكا پێشنیازێكی نوێی بۆ ئاگر بەست لە غەززە و راگرتنی جەنگ بۆ ماوەیەكی درێژ ئامادەكردوە، حەماسیش رەزامەندی دەربڕیوە بۆ گەیشتن بە ئاگربەستێكی مەودا درێژ ، ئامادەیشی دەربریوە بۆ وەڵامدانەوەی ئەو داواكاریانەی كە پەیوەستن بە بارمتە ئیسرائیلییەكان.
سەرۆكی سوریا، جارێكی تر جەخت لەسەر یەكپارچەیی خاكی سوریای دەكاتەوە و ئەگەری دابەشبوونی وڵاتەكەشی رەتكردەوە.
ئەحمەد شەرع، سەرۆكی سوریا لە دانیشتنێكیدا لەگەڵ ژمارەیەك وەزیر و ئەكادیمی و سیاسەتمەدار و ئەندامانی سەندیكا پیشەییەكان و كەسایەتییە بەرزەكانی پارێزگای ئیدلب رایگەیاند، داوای دابەشبوونی سوریا رەتدەكەنەوە، وتیشی، ئەوە تەنها خەونێكەو هیچی دیكە.
ئاماژەی بەوەشدا، ئەو هیچ مەترسییەكی بۆ دابەشبوون له سوریا نابینێت، وتیشی، لە نێو هەندێك كەسدا ئەو خەونە دەبنێت، بەڵام لە رووی لۆژیكی و سیاسی و دەرونیەوە ئەوە زۆر ئەستەمە و رونادات.
شەرع لە درێژەی قسەكانیدا هۆشداری دایە ئەو كەسانە رایگەیاند، ئەوانە كاریگەریان لەسەر پێكهاتەی كۆمەڵگا هەیە، بەتایبەتیش كە ئەوان لە قۆناغی بنیاتنانی دەوڵەتدان.
شەرع راشیگەیاند، هەندێك لایەنی ناوخۆی سوریا كە داوای پشتیوانی لە زلهێزەكانی ناوچەكە دەكەن، وەك ئیسرائیل، ئەمە جگە لە نانەوەی دووبەرەكی لە ناوخۆدا هیچی دیكەی لێناكەوێتەوە.
سەبارەت بە رووداوەكانی ئەم دواییەی پارێزگای سوەیداش، شەرع جەختی لەوە كردەوە كە دەوڵەت پابەندە بە لێپرسینەوە لەو كەسانەی كە پێشێلكارییان ئەنجامداوە.
وتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، خێمە و پێداویستی فریاگوزاری دەبەخشن بە ئاوارە فەلەستینیەکان و لەماوەیەکی نزیکدا ئامادەکاریەکان دەستپێدەکەن، بۆ گواستنەوەیان بەرەو ناوچەیەکی سەلامەت لە باشوری غەززە.
ئەفیخای ئەدرەعی وتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردەوە، سوپا لە رێگەی دەروازەی کییەر شالومە، پێداویستی و خێمە بە ئاوارە فەلەستینیەکان دەدات پاش ئەوەی پشکنینی تەواوەتیان بۆ دەکرێت لەلایەن کارمەندانی وەزارەتی بەرگریەوە، هاوکاریەکانیش بەشێکیان لەلایەن نەتەوە یەکگرتوەکان و رێکخراوە مرۆییەکانی جیهانەوە دابینکراون.
ئاماژەی بەوەشکرد، سوپای وڵاتەکەی لەماوەیەکی نزیکدا دەستدەکات بە گواستنەوەی ئاوارەکانی غەززە لەناوچەکانی شەڕەوە بۆ باشوری کەرتەکە بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتیان.
ئەوەش دوای ئەودێت، هەفتەی رابردوو حکومەتی ئیسرائیل بڕیاریدا بە داگیرکردنی تەواوەتی کەرتی غەززە، کە لە ئێستادا 75٪ی کۆنتڕۆڵکردوە.
وەزارەتەکانی دەرەوەی بەحرەین و ئیمارات، بەجیا بەیاننامەیەکیان لە بارەی کۆبوونەوەی لوتکەی نێوان ئەمریکا و روسیا بڵاوکردەوە و پێشوازیان لەو هەنگاوەکرد بۆ نزیکبونەوە لە رێککەوتن لە بارەی ئۆکراین.
وەزارەتی دەرەوەی بەحرەین لە بەیاننامەیەکدا، ستایشی ئەو پێشکەوتنە ئەرێنیانەی کرد، کەلە دانوستانەکانی نێوان هەردوو سەرۆکی ئەمریکا و روسیا لە بارەی ئۆکراینەوە بەدەست هاتون، هەروەها بە هەنگاوێکی بنیاتنەری دەزانن بەرەو چارەسەرێک کە کۆتایی بە ململانێکانی ئۆکراین بهێنێت و سەقامگیری لە سەرانسەری ئەوروپا مسۆگەر بکات، و ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی بەرز بکاتەوە.
وەزارەتەکە جەختیکردەوە، لە گرنگی گفتوگۆ و دیپلۆماسیەت لە چارەسەرکردنی ململانێ جیهانییەکان بۆ بەرژەوەندی هەموو مرۆڤایەتی.
لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات رایگەیاند، گفتوگۆی بنیادنەرانە تاکە رێگەیە بۆ نزیکبونەوەی دیدگاکان و چارەسەرکردنی کێشەکانی ئۆکراین.
ئاماژەی بەوەشکردوە، هەوڵە بەردەوامەکانی هەردوو سەرۆکی ئەمریکا و روسیا بۆ کۆتایهێنان بە کێشەکانی ئۆکراین، بە سەرچاوەی بەخشینی هیوا دادەنرێن بۆ بەرەوپیشبردنی ئاشتی و سەقامگیری لە جیهاندا.
هاوسەرۆكی گشتی دەم پارتی رایگەیاند، پشتیوانی بۆ ئاشتی لە توركیا گەیشتوەتە 75%، بەڵام بەشێک لە میدیاکان تائێستاش زمانێك بەكاردەهێنێت كە بە ئامانجی چارەسەركردنی كێشەكان نییە.
تونجەر باقرخان هاوسەرۆكی گشتی پارتی یەكسانی و دیموكراسی گەلان "دەم پارتی" لەبارەی هەنگاوەكانی پڕۆسەی ئاشتی رایگەیاند، لەدوای لەناوبردنی چەك چوونەتە قۆناغێكی تەواو جیاواز لە پڕۆسەی ئاشتی و ئێستا زیاتر لە رابردوو بەرپرسیارییەتی لە ئەستۆی دامەزراوە سیاسییەكاندایە.
وتیشی، پشتگیریكردن لە پڕۆسەی ئاشتی 75%ی تێپەڕاندووە و بەردەوام لە زیادبوونیشدایە و میدیاش كاریگەری راستەوخۆی لەسەر كۆمەڵگە هەیە، بۆیە پێویستە بە لەبەرچاوگرتنی هەموو جۆرە مەترسی و هەڕەشەیەك مامەڵە بكرێت، بەڵام هێشتا میدیا زمانێك بەكاردەهێنێت كە زمانێك نییە بۆ چارەسەركردن، بەڵكو زمانێكە بۆ تۆڵەسەندنەوە.
لەبارەی كارەكانی كۆمیسیۆنی پشتیوانی و برایەتیش دەڵێت، لە سێ كۆبوونەوەی كۆمیسیۆنەكەدا كۆدەنگی دروستبووە لەسەر پرسە گرنگەكان و پێشهاتە نوێیەكان.
ئێران دەڵێت دەستبەرداری دانوستان لەگەڵ ئەوروپا نەبووە و جێگری وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەش دەڵێت تاران پێویستی بە دڵنیاییە.
سەعید خەتیب زادە، جێگیری وەزیری دەرەوەی ئێران لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفیزیۆنی لە توركیا رایگەیاند، وڵاتەكەی بڕیاریداوە بەردەوام بێت لە دانوستان لەگەڵ بەریتانیا و فەرەنسا و ئەڵمانیا، بەڵام نایانەوێت هیچ لایەنێك بە خراپی سود لەو دانوستانانە وەبگرێت و دژی ئێران بەكاری بهێنێت.
بە وتەی خەتیب زادە هەندێك وڵات وەك چەكێك دانوستانی ئێران لەگەڵ ئەوروپا بەكاردەهێنن، بەڵام تاران دڵنیایی دەوێت كە ئامانجی ئەوروپا دانوستان بێت نەك زیانگەیاندن بە ئێران.
بەریتانیا و فەرەنسا و ئەڵمانیا كە هاوبەشی رێككەوتنی ئەتۆمیی ئێران كە (5+1) ناسراوە، هۆشدارییان داوەتە تاران ئەگەر بەردەوام بێت لە پیتاندنی یۆرانیۆم، سەرجەم سزاكانی پێش رێككەوتنەكە بەسەر ئێراندا دەسەپێننەوە كە بە سیاسەتی پەنجە لەسەر پەلەپیتكە ناودەبرێت.