وتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، خێمە و پێداویستی فریاگوزاری دەبەخشن بە ئاوارە فەلەستینیەکان و لەماوەیەکی نزیکدا ئامادەکاریەکان دەستپێدەکەن، بۆ گواستنەوەیان بەرەو ناوچەیەکی سەلامەت لە باشوری غەززە.

ئەفیخای ئەدرەعی وتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردەوە، سوپا لە رێگەی دەروازەی کییەر شالومە، پێداویستی و خێمە بە ئاوارە فەلەستینیەکان دەدات پاش ئەوەی پشکنینی تەواوەتیان بۆ دەکرێت لەلایەن کارمەندانی وەزارەتی بەرگریەوە، هاوکاریەکانیش بەشێکیان لەلایەن نەتەوە یەکگرتوەکان و رێکخراوە مرۆییەکانی جیهانەوە دابینکراون.

ئاماژەی بەوەشکرد، سوپای وڵاتەکەی لەماوەیەکی نزیکدا دەستدەکات بە گواستنەوەی ئاوارەکانی غەززە لەناوچەکانی شەڕەوە بۆ باشوری کەرتەکە بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتیان.

ئەوەش دوای ئەودێت، هەفتەی رابردوو حکومەتی ئیسرائیل بڕیاریدا بە داگیرکردنی تەواوەتی کەرتی غەززە، کە لە ئێستادا 75٪ی کۆنتڕۆڵکردوە.