رۆژهەڵاتی ناوەڕاسترۆژهەڵاتی ناوەڕاست

پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند: وەفدێکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ عـەبدوڵا ئۆجــەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پــەکەکــە)، سەردانی ئیمڕاڵییان کردووە.

وەفدەکە پێکهاتووە لە پەروین بوڵدان، ، میتحەت سانجار و ئۆزگور ئەرۆل.

ئەم سەردانە دوای لەناوبردنی چەک دێت لەلایەن ژمارەیەک گەریلاوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

 ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆک کۆماری فەرەنسا،، ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند کە وڵاتەکەی لە میانی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە مانگی ئەیلولی داهاتوودا بە رەسمی دان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا دەنێت، هیوایشی خواست ئەم هەنگاوە ببێتە هۆی بەهێزکردنی دەرفەتەکانی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

ماکرۆن لە پەیامێکی رەسمیدا کە ئاڕاستەی سەرۆکی دەسەڵاتی فەڵەستینی، مەحمود عەباسی کردووە و لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" بڵاویکردووەتەوە، جەختی لەوە کردەوە بەم هەنگاوە، فەرەنسا دەبێتە یەکەم هێزی گەورەی رۆژئاوایی کە بە رەسمی دان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا دەنێت.

سەرۆکی فەرەنسا لە پۆستەکەیدا لەسەر پلاتفۆرمەکانی "ئێکس" و "ئینستاگرام" نووسیویەتی: "وەک وەفایەک بۆ پابەندبوونی مێژوویی فەرەنسا بە ئاشتییەکی دادپەروەرانە و بەردەوام لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بڕیارمدا کە فەرەنسا دان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا بنێت. ئەم بڕیارە بە رەسمی لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە مانگی نۆدا رادەگەیەنم".

ماکرۆن ئاماژەی بەوەداوە: "ئەرکی بەپەلەی ئێستا راگرتنی شەڕە لە غەززە و گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بە دانیشتووانە مەدەنییەکەی کەرتی غەززە. بۆ بەدیهێنانی پێویستە دەستبەجێ ئاگربەست ڕابگەیەنرێت، سەرجەم بارمتەکان ئازاد بکرێن، و هاوکاری مرۆیی بەرفراوان پێشکەش بە خەڵکی غەززە بکرێت. هەروەها، پێویستە کار بۆ چەککردنی حەماس و دابینکردنی ئاسایش و ئاوەدانکردنەوەی کەرتەکە بکرێت".

سەرۆکی فەرەنسا دووپاتیکردەوە کە پێویستە هاوکات کار بۆ بنیاتنانی دەوڵەتی فەڵەستین و زامنکردنی مانەوەی بکرێت، و توانای ئەوەی پێبدرێت کە بەشداری بکات لە ئاسایشی هەموو لایەنەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمەش لە رێگەی قبوڵکردنی چەک داماڵین و دانپێدانانی تەواو بە دەوڵەتی ئیسرائیلدا.

ماکرۆن جەختی لەوە کردەوە کە "هیچ بەدیلێک بۆ ئەم هەنگاوە نییە" و بەدیهێنانی ئەم ئامانجە بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشی نێوان فەرەنسا و ئیسرائیل و فەڵەستینییەکانە، بە هاوکاری لەگەڵ هاوبەشە ئەوروپی و نێودەوڵەتییەکان.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، ماکرۆن وتی: "بە پشتبەستن بەو بەڵێنانەی کە لە سەرۆکی دەسەڵاتی فەڵەستینەوە وەرمگرتووە، لە پەیامێکدا پێداگری خۆمم لەسەر چوونەپێشەوە لەم هەنگاوەدا بۆ دووپاتکردەوە. بە متمانە و ڕوونی و پابەندبوون، ئاشتی بەدیدەهێنین".

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە کاتێکدا قەیرانێکی مرۆیی کەرتی غەززەی گەیاندووەتە لێواری کارەسات، کیر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، بێدەنگییەکەی شکاند و رایگەیاند کە رۆژی دواتر لەگەڵ سەرکردەکانی جیهان لەسەر ئەم پرسە قسە دەکات.

ئەمڕۆ، هاوکات لەگەڵ هۆشداریی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) سەبارەت بە "برسێتی بەکۆمەڵی دەستکرد" لە غەززە، کیر ستارمەر لەبارەی ئەو دۆخەوە وتی. بڵاوبوونەوەی وێنەی منداڵانی لاواز و بەدخۆراکی کەرتی غەززە لەم هەفتەیەدا، ویژدانی بەریتانی و جیهانی هەژاند، و دیمەنەکان وەک "گەردەلوولی بەدبەختی مرۆیی" وەسف کران، کە تێیدا ئازار و برسێتی گەیشتووەتە ئاستێکی پێشتر نەبینراو.

بەپێی ئامارەکان، ئەمساڵ لانیکەم21 منداڵ لە غەززە بەهۆی بەدخۆراکییەوە گیانیان لەدەستداوە، کە لەو ژمارەیە 12 منداڵیان تەنها لە هەفتەی رابردوودا بووە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، رایگەیاند واشنتۆن وەفدی دانوستانکاری خۆی لە گفتوگۆکانی ئاگربەست لە دۆحە دەکشێنێتەوە و حەماسی بەوە تۆمەتبار کرد کە "بە نیازپاکی" مامەڵە ناکات. ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە ئیسرائیلیش وەفدی خۆی بانگهێشتکردەوە، دوای وەرگرتنی وەڵامی حەماس لەسەر پێشنیازی ئاگربەستر.

ویتکۆف لە راگەیەندراوێکدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویکردووەتەوە، نووسیویەتی: "بڕیارماندا وەفدەکەمان لە دۆحەوە بۆ ئەنجامدانی راوێژ بگەڕێنینەوە، ئەمەش دوای وەڵامەکەی حەماس کە بەڕوونی نیشانیدا ئارەزووی ئەوە ناکات بگات بە ئاگربەست لە غەززە."

نێردەی ئەمریکا وتیشی: "لەکاتێکدا نێوەندگیرەکان هەوڵێکی زۆریان داوە، حەماس نەرمی نانوێنێت و بە نیازپاکی کارناکات." هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە کە واشنتۆن ئێستا تاوتوێی "بژاردەی دیکە" دەکات بۆ گەڕاندنەوەی بارمتەکان و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ دانیشتووانی غەززە.

وردەکاری وەڵامەکەی حەماس و کشانەوەی ئیسرائیل:

پێشتر، نووسینگەی بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، رایگەیاندبوو کە "بڕیاردرا وەفدی دانوستانکار بگەڕێندرێتەوە بۆ ئیسرائیل بەمەبەستی درێژەدان بە راوێژکارییەکان،" هاوکات سوپاسی هەوڵی نێوەندگیرانی قەتەر و میسر و نێردەی ئەمریکای کرد.

بزوتنەوەی حەماس بەرەبەیانی ئەمڕۆ پشتڕاستی کردەوە کە وەڵامی خۆی و گروپە فەڵەستینییەکانی دیکەی لەسەر پێشنیازی ئاگربەست پێشکەش بە نێوەندگیرەکان کردووە.

بەپێی سەرچاوە فەڵەستینییەکان، وەڵامەکەی حەماس چەند گۆڕانکارییەکی لەخۆگرتووە، دیارترینیان داواکردنی گەرەنتییە بۆ ئاگربەستی هەمیشەیی، کشانەوەی تەواوی سوپای ئیسرائیل لە ناوچە نیشتەجێبوونەکان و رێگای سەڵاحەدین، هەروەها زیادکردنی ژمارەی ئەو دیلە فەڵەستینیانەی کە سزای قورس و هەتاهەتاییان هەیە و لە بەرامبەر ئازادکردنی سەربازە دیلەکانی ئیسرائیلدا ئازاد دەکرێن.

ئەم دانوستانانە لەسەر بنەمای پێشنیازێک بوو بۆ ئاگربەستێکی کاتی بۆ ماوەی 60 رۆژ، کە لەو ماوەیەدا بە قۆناغ دیلەکانی لای حەماس ئازاد بکرێن لە بەرامبەر ئازادکردنی سەدان گیراوی فەڵەستینی.

زانیاری دەربارەی بارودۆخی غەززە:

بەرگری شارستانی لە کەرتی غەززە رایگەیاند کە لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە 40 فەڵەستینی بە تەقەی ئیسرائیل کوژراون، کە حەوت کەسیان لەکاتی چاوەڕوانکردنی هاوکارییەکاندا بوون. بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی غەززە، ژمارەی ئەو فەڵەستینیانەی لەکاتی چاوەڕوانی هاوکارییەکاندا کوژراون لە کۆتایی مانگی ئایارەوە گەیشتووەتە دە هەزار و 83 کەس.

هاوکات، ئاژانسەکانی فرانس پرێس، ئەسۆوشیەیتد پرێس، رۆیتەرز و دەزگای بی بی سی، لە بانگەوازێکی هاوبەشدا داوایان لە ئیسرائیل کرد رێگە بە رۆژنامەنووسان بدات بچنە ناو کەرتی غەززەوە.

لەلایەن خۆیەوە، ئیسرائیل، حەماس بە دروستکردنی "کەمیی خۆراکی ساختە" تۆمەتبار دەکات و دەڵێت هاوکارییەکان دەگەنە غەززە بەڵام رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە دابەشکردنیاندا کەمتەرخەمن، لەکاتێکدا رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان رەخنە لە رێگری و کۆتوبەندەکانی ئیسرائیل و سەختی گواستنەوەی هاوکارییەکان دەگرن بەهۆی خراپی بارودۆخی ئەمنی و وێرانبوونی رێگاوبانەکانەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند، بەهیچ شێوەیەک قبووڵ ناکەن بزوتنەوەی حەماس مەرجی خۆبەدەستەوەدان بەسەر ئیسرائیلدا بسەپێنێت و هاوکات ئاماژەی بە گرژییەکانی سوریا دا و وتی؛ "پشت لە درووزەکانی برامان ناکەین".

نەتانیاهۆ لە وتارێکدا لە میانی مەراسیمی یادکردنەوەی زیئێڤ جابۆتینسکی لە کێوی هێرتزل، وتی: "حکومەتەکەم کاردەکات بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی نوێ بۆ ئازادکردنی ئەو دیلانەی لە غەززە دەستبەسەرن، بەڵام هۆشداری دەدەمە حەماس کە ئەم هەوڵانە وەک 'نیشانەی لاوازی' سەیر نەکات."

نەتانیاهۆ جەختیشی کردەوە: "ئەگەر حەماس ویستی ئێمە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن بە لاوازی بزانێت و بیکاتە دەرفەتێک بۆ سەپاندنی مەرجی خۆبەدەستەوەدان؛ کە ئاسایشی ئیسرائیل بخاتە مەترسییەوە، ئەوا هەڵەیەکی کوشندە دەکات." ناوبراو وتیشی: "ئێمە سوورین لەسەر گەڕاندنەوەی هەمووان، و هەر ئەوەش دەکەین."

لەلایەکی دیکەوە، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دانی بەوەدانا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە ژمارەیەک سەربازی ئیسرائیلی لە کەرتی غەززە بەهۆی بەئامانجگرتنیان بە چەکی دژە زرێپۆش برینداربوون، بەڵام هیچ وردەکارییەکی زیاتری لەبارەی رووداوەکەوە نەخستەڕوو کە وەک "رووداوێکی ئەمنی مەترسیدار" لە رۆژهەڵاتی شاری غەززە وەسفکرابوو.

هەروەها نەتانیاهۆ هێرشە سەربازییەکەی ئەم دواییەی ئیسرائیلی بۆ سەر ئێران، بە "سەرکەوتووترین هەڵمەتی مێژووی ئیسرائیل" وەسفکرد.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، نەتانیاهۆ پەیامێکی ئاراستەی درووزەکانی سوەیدا لە باشوری سوریا کرد و وتی: "ئێمە لە بەرامبەر ئەوەی بەسەر براکانمان لە سوەیدا دێت، دەستەوەستان ناوەستین." ناوبراو داوای "چەکداماڵینی ناوچەکانی باشوری دیمەشق"ی کرد و دووپاتیکردەوە کە ئیسرائیل "پابەندە بە پاراستنی درووزەکانەوە."

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بڕیاریدا وەفدی دانوستانکاری وڵاتەکەی لە دۆحەی پایتەختی قەتەر بانگهێشت بکاتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی بزوتنەوەی حەماس داواکاری نوێی لە وەڵامی دوایین پێشنیازی ئاگربەست و رێککەوتنی دیلەکاندا خستەڕوو.

بەرپرسێکی ئیسرائیلی رایگەیاند، بڕیاری بانگهێشتکردنەوەکە بە مەبەستی "هێنانەکایەی گۆڕانکاری" لە دانوستانەکان و دروستکردنی فشاری زیاترە لەسەر حەماس بۆ ئەوەی بە پێشنیازەکە ڕازی بێت. هەروەها جەختی کردەوە کە گفتوگۆکان "دانەخراون"، بەڵام هێشتا روون نییە ئایا ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی وەستانێکی درێژخایەنی دانوستانەکان یان نا.

بەپێی وتەی بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیلی و سەرچاوەیەکی ئاگادار، کێشەی سەرەکی لەسەر داوای حەماسە بۆ زیادکردنی ژمارەی ئەو دیلە فەڵەستینیانەی کە لە بەرامبەر ئازادکردنی دیلەکانیاندا ئازاد دەکرێن.

حەماس داوایکردووە 200 فەڵەستینی کە سزای زیندانی هەتاهەتاییان هەیە ئازادبکرێن لەبری 125 کەس، هەروەها 2000 دیلی فەڵەستینی کە دوای 7ـی ئۆکتۆبەر لە غەززە دەستگیرکراون ئازاد بکرێن لەبری 1200 کەس کە لە پێشنیازەکەدا هاتبوو.

ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە کە هەفتەیەک پێش ئێستا، نێوەندگیرانی قەتەری و میسری پێشنیازێکی نوێکراوەیان پێشکەش بە هەردوو لا کردبوو. ئیسرائیل پێشنیازەکەی قبوڵکرد، بەڵام وەڵامەکەی حەماس کە رۆژی سێشەممە پێشکەشی کرد، بەپێی وتەی سێ سەرچاوەی ئاگادار، لەلایەن نێوەندگیرانەوە بە ناتەواو دانرا و رەتیانکردەوە بیگەیەننە ئیسرائیلییەکان.

بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە، حەماس وەڵامێکی نوێ و وردتری پێشکەشکرد، کە بەرپرسانی ئیسرائیل دەڵێن لەوەی پێشوو باشترە، بەڵام هێشتا ناکۆکی گەورەی لەنێوان هەردوولادا هەیە.

لە وەڵامدا، بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل بە ستیڤ ویتکۆف، نێردەی کۆشکی سپی-یان راگەیاندووە کە داواکارییەکانی حەماس "قبوڵکراو نین". سەرەڕای ئەمەش، سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاماژەی بەوە کردووە کە لەوانەیە ئەمە هەڵوێستی سەرەتایی حەماس بێت لە دانوستانەکاندا و هەڵوێستی کۆتایی نەبێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە کاتێکدا بڕیارە سبەینێ لەگەڵ سێ وڵاتی ئەوروپی دەست بە دانوستان بکات، ئێران جارێکی دیکە مەرجەکانی خۆی بۆ هەر گفتوگۆیەکی ئەگەری لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دووپاتکردەوە، کە تیایدا باس لە متمانە و کردەی سەربازی و مافی ئێران دەکات.

کازم غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران، کە بەمەبەستی ئەنجامدانی چەند دیدارێک لە لە نیویۆرکە لە نەتەوە یەکگرتووەکان، رایگەیاند، پێش هەر دانوستانێک، پێویستە ئەمریکا متمانەی تاران بەدەستبهێنێتەوە، گفتوگۆکان بۆ ئامانجی شاراوە وەک ئەگەری کردەوەی سەربازی بەکارنەهێنێتەوە، هەروەها دان بە مافەکانی ئێراندا بنێت لە چوارچێوەی پەیماننامەی قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی، کە مافی پیتاندنی یۆرانیۆمیش لەخۆدەگرێت.

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە بڕیارە سبەینێ غەریب ئابادی لەسەر ئاستی جێگرانی وەزیرانی دەرەوە، لە ئەستەنبوڵ لەگەڵ نوێنەرانی بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا کۆببێتەوە.

رێککەوتن لەسەر ئەم دانوستانانە دوای ئەوە هات کە نزیکەی 10 رۆژ لەمەوبەر، ژان نوئێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا هۆشداری دا کە ئەگەر تا کۆتایی مانگی ئاب هیچ پێشکەوتنێکی بەرچاو لە رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێراندا بەدی نەکرێت، ئەوا فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا "میکانیزمی پەلەپیتکە" (Snapback Mechanism) کارا دەکەنەوە.

کاراکردنەوەی ئەم میکانیزمە رێگە بە سەپاندنەوەی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان دەدات بۆ سەر کەرتی چەک، بانک و کەلوپەلی ئەتۆمی ئێران، کە 10 ساڵ لەمەوبەر هەڵگیرابوون. وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەختدەکاتەوە کە میکانیزمی پەلەپیتکە "هیچ بنەمایەکی یاسایی و ئەخلاقی نییە"، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا رەزامەندی لەسەر ئەنجامدانی گفتوگۆکان لە ئەستەنبوڵ داوە.

هەڵوێستی بەرپرسانی دیکەی ئێران

لەلایەکی دیکەوە، عەباس عیراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە رۆژانی رابردوودا رایگەیاندبوو کە تاران لە مافی پیتاندنی یۆرانیۆم و بەرنامە مووشەکییەکەی پاشەکشە ناکات.

عیراقچی ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی هاوشێوەی رێککەوتنی ئەتۆمی (بەرجام) لەگەڵ ئەمریکا نیشانداوە، بەڵام جەختی لەوە کردووەتەوە کە "بارودۆخی دانوستانی راستەوخۆ لە ئێستادا لەبار نییە". بە وتەی ئەو، ئێران ئامادەیە لە بەرامبەر هەڵگرتنی گەمارۆکانی رۆژئاوا، گەرەنتی بداتە ئەمریکا سەبارەت بە ئاشتیانە مانەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی.

ئەم هەڵوێستانە دوای ئەوە دێت کە پەرلەمانی ئێران، دوای ئاگربەستی شەڕی 12 رۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل، یاسایەکی بۆ سنوردارکردنی هاریکارییەکانی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی پەسەند کرد. لەم چوارچێوەیەشدا، غەریب ئابادی رایگەیاندووە کە ئێران رازی بووە تەنها وەفدێکی تەکنیکی ئاژانس لە ماوەی دوو بۆ سێ هەفتەی داهاتوودا سەردانی تاران بکەن، بەڵام ئەو وەفدە سەردانی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران ناکات.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ئێران بە بەكارهێنانی بۆمبی هێشوی لە ناوچە مەدەنییەكانی ئیسرائیل تۆمەتبار دەكات.

رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ناسراو ئەمینستی لە راگەیەنراوێكدا ئێرانی تۆمەتبار كرد بەوەی كە لە كاتی شەڕی 12ڕۆژەی نێوان تاران و تەلئەبیب لە مانگی حوزەیرانی رابردوو، بۆمبی هێشووی ئاراستەی  ناوچە مەدەنییەكانی ئیسرائیل كردووە، ئەمەش بەپێشێلكارییەكی ئاشكرای یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی دادەنرێت.
ئەمنستی راشیگەیاند، ئێران سێ هێرشی لەو جۆرەی ئەنجامداوە لە رۆژانی  19 و 20و 22ی حوزەیران سێ ناوچەی لە باكور و باشوری ئیسرائیل پێ كردۆتە ئامانج و  بەڵگەی پێویستیش لەو بارەوە لەبەردەستدایە.

ئیریكا گیڤارا رۆزاس، بەڕێوەبەری توێژینەوە و داكۆكی و كەمپینەكانی رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی رایگەیاند، بۆمبی هێشوی چەكێكی قەدەغە كراوە، هەرگیز نابێت بەكاربهێنرێت.

رێكخراوی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتیش لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاندووە، سوپای ئێران لە مانگی رابردوودا موشەكی بالیستیی بەكارهێناوە كە هەڵگری كڵاوەی هێشووی بوون، ئاراستەی ناوچە چڕەكانی نیشتەجێبوونی ئیسرائیلیان كردووە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

مەزڵوم کۆبانێ، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، گەیشتە پاریسی پایتەختی فەرەنسا و بڕیارە لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی ئەو وڵاتە و بەرپرسانی باڵای دیکە کۆببێتەوە. بەپێی زانیارییەکان، یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی سەردانەکە، گفتوگۆکردنە لەسەر بەشداریکردنی هەسەدە لە پێکهاتەی سوپای سوریای نوێدا.

موهەنەد ئیبراهیم، پەیامنێری کوردسات نیوز لە رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند، مەزڵوم کۆبانێ، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات و وەفدێکی یاوەری گەیشتوونەتە پاریس و بڕیارە زنجیرەیەک دیداری گرنگ لەگەڵ بەرپرسانی باڵای فەرەنسا ئەنجامبدات.

ئاماژەی بەوەشکرد، سەردانەکەی فەرماندەی گشتیی هەسەدە بۆ گفتوگۆکردنە لەسەر چەندین پرسی گرنگ، لە نێویاندا رۆڵی هێزەکانیان لە داهاتووی سوریادا و میکانیزمی بەشداریکردنیان لە سوپای سوریای نوێدا.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەمڕۆ چوارشەممە، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی رەزامەندیی دەربڕیوە لەسەر پێشوازیکردن لە وەفدێکی تەکنیکیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە چەند هەفتەی داهاتوودا، بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر "میکانیزمێکی نوێ" بۆ پەیوەندییەکانی نێوان تاران و ئاژانسەکە.

کازم غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران، لە میانەی سەردانێکیدا بۆ نیویۆرک بە رۆژنامەنووسانی وت: "وەفدەکە دێتە ئێران بۆ گفتوگۆکردن لەسەر میکانیزمەکە، نەک بۆ سەردانیکردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکان."

ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە تاران لە سەرەتای مانگی تەممووزی ئەمساڵدا، هەڵپەساردنی هاریکارییەکانی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم راگەیاند، کە شارەزایان بە "قۆناغێکی مەترسیدارتر"ی قەیرانەکە وەسفیان کرد.

بڕیاری هەڵپەساردنی هاریکارییەکان دوای ئەوە هات کە مەسعود پزیشکیان، سەرۆکی ئێران، یاسایەکی پەسەند کرد کە لەلایەن پەرلەمانەوە بڕیاری لەسەر درابوو. ئەم یاسایە دوای ئەو هێرشەی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران هات،  تاران هەڕەشەی لێپرسینەوەی لە ئاژانسەکە و بەڕێوەبەرە گشتییەکەی کرد و بە "هاودەستی لە تاوانەکان" تۆمەتباری کردن.

لە هەمان مانگدا، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم رایگەیاندبوو کە پشکنەرەکانیان ئێرانیان جێهێشتووە و گەڕاونەتەوە بۆ بارەگای ئاژانسەکە. بە وتەی ئاژانسەکە، پشکنەرەکان لە ماوەی پەرەسەندنە سەربازییەکاندا لە تاران مابوونەوە.

مەرجی تاران بۆ دەستپێکردنەوەی هاریکارییەکان

لە 10ی تەممووز، مەسعود پزیشکیان بە ئەنتۆنیۆ کۆستا، سەرۆکی ئەنجومەنی ئەوروپای راگەیاند کە بەردەوامیی هاریکارییەکانی ئێران لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، بەندە بەوەی کە ئاژانسەکە "هەڵوێستە دژ بەیەکەکانی" خۆی بەرامبەر بە دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران راست بکاتەوە.

پزیشکیان هۆشداریشی دا کە ئەگەر هێرشکردنە سەر ئێران دووبارە ببێتەوە، وەڵامی تاران "توندتر و بە ئازارتر" دەبێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

نووسینگەی راگەیاندنی حکومەتی غەززە، ئەمڕۆ چوارشەممە، رایگەیاند کە ژمارەی رۆژنامەنووسە کوژراوەکان لە کەرتی غەززە بۆ 231 رۆژنامەنووس بەرزبووەتەوە.

حکومەتی خۆجێی لە غەززە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، "ژمارەی رۆژنامەنووسە کوژراوەکان بۆ 231 کەس بەرزبووەتەوە، دوای راگەیاندنی کوژرانی هەردوو رۆژنامەنووس، تامر زەعانین و وەلاء ئەلجەعبەری".

رۆژنامەنووس وەلاء ئەلجەعبەری، کە وەک سەرنووسەری هەواڵ کاری دەکرد، لە بۆردوومانێکی بەرەبەیانی ئەمڕۆدا بۆ سەر ماڵەکەی، لەگەڵ هاوسەر و پێنج منداڵەکەیدا کوژراوە. هەروەها رۆژنامەنووس تامر زەعانین، کە وێنەگری رۆژنامەوانی بوو، رۆژی دووشەممەی رابردوو بە گوللـە کوژرا.

نووسینگەی راگەیاندنی حکومەتی خۆجێیی غەززە ئیسرائیل تۆمەتبار دەکات بۆ کوشتنی بە ئەنقەستی رۆژنامەنووسان و دەڵێ: "ئیدانەی بەکارهێنانی شێوازی سیستماتیک بۆ ئامانجگرتن و کوشتنی رۆژنامەنووسانی فەڵەستینی دەکەین لەلایەن ئیسرائیلەوە" و داوای لە "یەکێتیی نێودەوڵەتیی رۆژنامەنووسان و سەرجەم رێکخراوە رۆژنامەوانییەکان کرد کە ئەم تاوانانە شەرمەزار بکەن".

بەگوێرەی تەندروستیی غەززە، لە حەوتی تشرینی یەکەمی 2023ەوە تا ئێستا، 59 هەزار و 106 کەس لە غەززە کوژراون، هەروەها 142 هەزار و 511 کەسیش بریندار بوون. 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە 23 پارێزگای ئێران بەهۆی شەپۆلەكانی گەرما و كەمبونەوەی ئاو و كارەبا پشو راگەیەنرا و لێپرسراوانیش هۆشداریی دەدەن لە كەمئاوایی تارانی پایتەخت.

حكومەت لە ئێران رایگەیاند وەك ڕێكاری پێویست بۆ كەمكردنەوەی بەكارهێنانی ئاو و سەرچاوەكانی وزە و بڕیاریان داوە رۆژی چوارشەممە لە زۆربەی پارێزگاكانی ئەو وڵاتە  بكرێتەپشو.

لە كۆی 31 پارێزگای ئێران لە 23 پارێزگا پشو راگەیەنراوە، ئەوەش وەك هەنگاوێك بۆ كەمكردنەوەی بەكارهێنانی ئاو و كارەبا.

بە وتەی لێپرسراوانی ئێران ئەو وڵاتە روبەڕوی گەورەترین وشكەساڵیی 100 ساڵی رابردو بوەتەوە و بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما بۆ نزیكەی 50 پلەی سلیزی لە هەندێك ناوچە وای كردوە پشو لە زۆربەی پارێزگاكان راگەیەنرێت.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆك كۆماری ئێران رایگەیاندووە، قسەکردن لەسەر کۆتاییهێنان بە بەرنامە ئەتۆمییەكەی وڵاتەكەی "خەیاڵپڵاو"ییە و دەشڵێت: توانا ئەتۆمییەکانمان لە مێشکی زاناکانماندایە نەک دامەزراوەکان.

مەسعود پزیشكیان سەرۆك كۆماری ئێران رایگەیاندووە، ئامادەن بۆ هەر جوڵەیەکی سەربازی ئیسرائیل و هێزەکانیان دەتوانن لە قوڵایی خاکی ئیسرائیل بدەن.

ئەوەشی خستووەتە روو، ئیسرائیل لە هەوڵيکانی بۆ کۆتاییهێنان بە رژێمی ئێران و ئاژاوەگێڕی شکستی هێنا، هەر ئەوەشی کە داوای کۆتاییهێنان بە جەنگی کرد زۆر شتی ئاشکرا کرد.

روونیشیکردووەتەوە، هەر دانوستانێک لە داهاتوودا دەبێت لەسەر بنەمای سودی هەردوولا بێت و ئێران رازی نابێت بە هیچ مەرجێک کە تایبەت بێت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی و تەنها لە یەکلایەنەوە بسەپێنرێت.

پزشكیان وتووشییەتی: گومانمان لە ئاگربەست لەگەڵ ئیسرائیل هەیە.

وتەكانی پزیشكیان لە كاتێكدایە كە ئەیال زەمیر سەرۆك ئەركانی سوپای ئیسرائیل لە نوێترین لێدوانیدا جەختی لەوە كردووەتەوە، هێرشەکانیان دژ بە ئێران دەست پێدەكەنەوە و لە غەززە و لوبنان و سوریاش هێرشەکانیان بەردەوام دەبێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

پێگەیەكی ئەمریكی ئاشكرای دەكات روداوەكانی سوریا و كۆبونەوەكانی مەزلوم عەبدی لەگەڵ لێپرسراونی ئەمریكا بوەتە هۆی بەهێزبونی پێگەی هەسەدە.

پێگەی ئەلمۆنیتۆر ئەمریكی بڵاویكردوەتەوە دوای كۆبونەوەی مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەكانی سوریای دیموكرات سوریا لەگەڵ تۆماس باراك، نێردەی تایبەتی ئەمریكا بۆ كاروباری سوریا و دیمەشق روداوەكانی ئەم دواییە لە سوەیدا پێگەی هەسەدە لە ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا بەهێزتر بوە.

بەپێی راپۆرتی ئەو پێگە ئەمریكییە روداوەكانی سوەیدا دەرفەتێكی نوێیان بۆ هەسەدە رەخساندوە، تا پێگەی خۆی لە گفتوگۆكانی  لەگەڵ دەسەڵاتی دیمەشق بەهێزتر بكات هاوكات لە پشتیوانییەكانی ئەمریكا و فەڕەنسا بۆ ئەو هێزە زیاتر بوە.

ئەلمۆنیتۆر رونی كردوەتەوە كە ئەوەی لە سوەیدا ڕوویدا سەلماندویەتی كە دەسەڵاتی دیمەشق توانای زاڵبونی بەسەر روداوەكاندا نییە هێزەكانی دەسەڵاتی سوریا شكستیان هێنا لە كۆنترۆڵكردنی سوەیدا ئەوەش وا دەكات گرنگیی زیاتر بە پێگەی هەسەدە و تواناكانی لە سوریا بدرێت.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
 
تۆم باراک، نێردەی تایبەتیی ئەمریکا بۆ کاروباری سوریا، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ئاژانسی رۆیتەرز، هۆشدارییەکی توندی لەبارەی داهاتووی سوریاوە دا و رایگەیاند، "مەترسییەکان لە سوریا بە شێوەیەکی ترسناک بەرزن" و پێدەچێت ئەو وڵاتە "رووبەڕووی سیناریۆی کارەساتباری وەک لیبیا و ئەفغانستان، یان تەنانەت خراپتریش ببێتەوە."

نێردەکەی ئەمریکا ئاشکرای کرد، کە لە گفتوگۆ تایبەتەکاندا ئامۆژگاریی شەرعی، سەرۆکی نوێی سوریای کردووە کە بە خێرایی گۆڕانکاری بکات، ئەگەرنا "مەترسیی ئەوەی لەسەرە ئەو هێزە لەدەست بدات، کە پاڵی پێوەنا بەرەو دەسەڵات."

سەبارەت بە رووداوەکانی پارێزگای سوەیدا، باراک ئەو هەواڵانەی رەتکردەوە کە هێزە ئەمنییەکانی سوریا بە ئەنجامدانی پێشێلکاری دژی هاوڵاتیانی درووز تۆمەتبار دەکەن و رایگەیاند: "ئەو تاوانکارییانە لەلایەن هێزەکانی رژێمی سوریاوە ئەنجام نەدراون."

ناوبراو ئاشکرای کرد: "چەکدارانی حکومەت تەنانەت لە سوەیداش نین، چونکە لەگەڵ ئیسرائیل رێککەوتوون کە نەچنە ناویەوە."
نێردەی ئەمریکا چەند لە رۆیتەرزەوە چەند ئامۆژگارییەکی ئاڕاستەی حکومەتە نوێیەکەی سوریا کرد، لەوانە:
پێداچوونەوە بە پێکهاتەی سوپادا.

 
پێویستە حکومەتی نوێ گشتگیرتر بێت و کەمینەکان بەشداری پێبکات.

هاوکات پەیامێکیشی ئاڕاستەی ئیسرائیل کرد و وتی: "پەیامی من بۆ ئیسرائیل ئەوەیە کە گفتوگۆ بکات بۆ کەمکردنەوەی نیگەرانییەکان لەگەڵ سەرکردە نوێیەکانی سوریا."

باراک جەختیشی کردەوە "ویلایەتە یەکگرتووەکان دەتوانێت رۆڵی نێوەندگیری لە نێوان سوریا و ئیسرائیلدا ببینێت" و ئاماژەی بەوەشکرد کە "شەرع هەر لە سەرەتای دەسەڵاتییەوە ئاماژەی بەوە کردووە ئیسرائیل دوژمنی نییە و دەتوانێت لە کاتی گونجاودا پەیوەندییەکان ئاسایی بکاتەوە."
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ ئەلێکساندرا هیڵ، وەزیری دەرەوەی ئێل سالڤادۆر، ئیسرائیلی بە هەوڵدان بۆ دابەشکردنی سوریا تۆمەتبار کرد و هۆشدارییەکی توندیشی دایە گروپە چەکدارەکانی ناو ئەو وڵاتە.

فیدان ئاماژەی بە پێکدادانەکانی ئەم دواییەی پارێزگای سوەیدا کرد و رایگەیاند: "ئیسرائیل، کە نایەوێت وڵاتێکی سەقامگیر لە دەوروبەری خۆی ببینێت، ئامانجی دابەشکردنی سوریایە."

فیدان وتی؛ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەکتەرە هەرێمییەکان هەوڵدەدەن سوریا بکەنە شوێنێک کە داڵدەی تیرۆری لێنەدرێت و نەبێتە سەرچاوەی کۆچی نایاسایی، بەڵام "ئیسرائیل دەیەوێت هەموو ئەو هەوڵانە بۆ هێنانەکایەی ئاشتی و سەقامگیری لە سوریا تێکبدات."

لەکۆتاییدا، هاکان فیدان هۆشدارییەکی راستەوخۆی ئاڕاستەی گروپەکانی ناو سوریا کرد و رایگەیاند: "هیچ گروپێک نابێت هەنگاوی دابەشکاری بنێت. زۆر شت هەیە کە دەتوانین لە رێگەی دیپلۆماسییەوە قسەی لەسەر بکەین و لەگەڵ هەموو گروپ و لایەنێکیش قسە کراوە. بەڵام ئەگەر لەوە زیاتر بڕۆن و بە بەکارهێنانی توندوتیژی هەنگاو بەرەو دابەشکردن و ناسەقامگیرکردن بنێن، ئێمە ئەوە وەک هەڕەشەیەکی راستەوخۆ بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی خۆمان هەژمار دەکەین و دەستوەردان دەکەین. جگە لە دابەشبوون، دەتانەوێت لەسەر چی قسە بکەن بیکەن، هەر داواکارییەکتان هەیە پێشکەشی بکەن و ئێمەش یارمەتیتان دەدەین، بەڵام کاتێک ئەو سنوورە دەبەزێنن، ئێمە خۆمان ناخەینە ژێر هەڕەشەوە."

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...128129130131132...175