وەزارەتەکانی دەرەوەی بەحرەین و ئیمارات، بەجیا بەیاننامەیەکیان لە بارەی کۆبوونەوەی لوتکەی نێوان ئەمریکا و روسیا بڵاوکردەوە و پێشوازیان لەو هەنگاوەکرد بۆ نزیکبونەوە لە رێککەوتن لە بارەی ئۆکراین.

وەزارەتی دەرەوەی بەحرەین لە بەیاننامەیەکدا، ستایشی ئەو پێشکەوتنە ئەرێنیانەی کرد، کەلە دانوستانەکانی نێوان هەردوو سەرۆکی ئەمریکا و روسیا لە بارەی ئۆکراینەوە بەدەست هاتون، هەروەها بە هەنگاوێکی بنیاتنەری دەزانن بەرەو چارەسەرێک کە کۆتایی بە ململانێکانی ئۆکراین بهێنێت و سەقامگیری لە سەرانسەری ئەوروپا مسۆگەر بکات، و ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی بەرز بکاتەوە.

وەزارەتەکە جەختیکردەوە، لە گرنگی گفتوگۆ و دیپلۆماسیەت لە چارەسەرکردنی ململانێ جیهانییەکان بۆ بەرژەوەندی هەموو مرۆڤایەتی.

لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات رایگەیاند، گفتوگۆی بنیادنەرانە تاکە رێگەیە بۆ نزیکبونەوەی دیدگاکان و چارەسەرکردنی کێشەکانی ئۆکراین.

ئاماژەی بەوەشکردوە، هەوڵە بەردەوامەکانی هەردوو سەرۆکی ئەمریکا و روسیا بۆ  کۆتایهێنان بە کێشەکانی ئۆکراین، بە سەرچاوەی بەخشینی هیوا دادەنرێن بۆ بەرەوپیشبردنی ئاشتی و سەقامگیری لە جیهاندا.