لە شارەکانی ئیسرائیل هاووڵاتیانی دەستیانکردەوە بە خۆپیشاندان و مانگرتن  و داوادەکەن حکومەت هەوڵەکانی زیاتربکات بۆ ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلیەکان لە غەززە.

ئەمڕۆ لە تەواوی شارەکانی ئیسرائیل هەزاران هاووڵاتی رژانە سەرشەقامەکان و زۆربەی رێگا سەرەکیەکانی ئیسرائیلیان داخست، لە نێویاندا رێگە خێراکانی تەلئەبیبی پایتەخت، خۆپیشاندەران داوا لە حکومەتی وڵاتەکەیان دەکەن، دەستبەجێ کۆتایی بە شەڕی غەززە بهێنێت و هەوڵەکانی زیاتربکات بۆ ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلیەکان و پاشگەزبێتەوە لە بڕیاری داگیرکردنی تەواوەتی کەرتی غەززە .

لەوبارەیەوە بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، ئەوانەی داوای کۆتاییهێنان بە شەڕ دەکەن بەبێ کۆتایهێنان بە بزوتنەوەی حەماس، نەک هەر حەماس بەهێزتر دەکەن بەڵکو ئازادکردنی بارمتەکانیش دوادەخەن، هەروەها رێگە خۆشدەکەن بۆ دوبارەبوونەوەی کارەساتەکانی 7ی تشرینی یەکەمی ساڵی  2023.