وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، ئەمڕۆ دووشەممە، بڕیاری کۆتایی بۆ لابردنی سزاکانی سەر سوریای بڵاوکردەوە. ئەم هەنگاوە دوای فەرمانێکی پێشووتری دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا دێت، کە داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو سزایانەی کردبوو کە واشنتۆن بەسەر دیمەشقدا سەپاندبووی.
نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی سەروەت و سامانی بیانی (OFAC) سەر بە وەزارەتی گەنجینە، لە ئاگادارییەکدا بڵاویکردەوە کە "سزاکانی سەر سوریا" لە "تۆماری یاسا فیدراڵییەکان" لادەبات. بڕیارەکە دەرەنجامی کۆتاییهێنانە بەو بارە نائاساییە نیشتمانییەی کە سزاکان پشتیان پێ بەستبوو، هەروەها گۆڕانکاریی دیکە لە سیاسەتی ئەمریکادا بەرامبەر بە سوریا.
لە 30ی حوزەیرانی رابردوودا، دۆناڵد ترەمپ فەرمانێکی جێبەجێکاری دەرکردبوو کە چوارچێوەی یاسایی سزاکانی ئەمریکای لەسەر سوریا هەڵوەشاندەوە و فەرمانەکە لە 1ی تەمموزەوە کاری پێکرا. ئامانجی سەرەکیی ئەو سزایانە سزادانی رژێمی پێشووی بەشار ئەسەد بوو، بەڵام دواتر بوونە رێگر لەبەردەم بوژانەوەی ئابووریی وڵاتەکە.
لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو سزایانەی کە لەسەر بەشار ئەسەدی سەرۆکی پێشوو و کەسە نزیکەکانی، هەروەها ئەو کەسانەی تێوەگلاون لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ، تیرۆر، بڵاوکردنەوەی چەک، یان بازرگانیکردن بە کەپتاگۆن، وەک خۆیان دەمێننەوە.
هاوکات، بڕیارەکە پۆلێنکردنی سوریا وەک "وڵاتێکی سپۆنسەری تیرۆر" هەڵناوەشێنێتەوە کە لە ساڵی 1979ـەوە سەپێنراوە بەسەر ئەو وڵاتەدا و سنووردارکردنی هاوکارییەکانی ئەمریکا و قەدەغەکردنی هەناردەکردنی چەک لەخۆدەگرێت. بەرپرسێکی ئیدارەی ئەمریکا رایگەیاندووە کە ئەم پۆلێنکردنە هێشتا لەژێر پێداچوونەوەدایە.
یاسای قەیسەر (سیزەر)
یاسای "قەیسەر بۆ پاراستنی مەدەنییەکانی سوریا"، کە سزای دارایی بەرفراوانی بۆ گۆشەگیرکردنی رژێمی ئەسەد سەپاندبوو، هێشتا بە کارایی دەمێنێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئیدارەی ترەمپ لە مانگی حوزەیراندا بۆ ماوەی شەش مانگ لێخۆشبوونی لە یاسای قەیسەر راگەیاند، لەگەڵ مۆڵەتێکی گشتی کە رێگە بە ئەنجامدانی مامەڵە قەدەغەکراوەکانی پێشوو دەدات، لەوانەش مامەڵەکردن لەگەڵ بانکی ناوەندی سوریا و دامەزراوە حکومییەکانی تر.
بە وتەی یاریدەدەرێکی کۆنگرێس، ئەندامانی هەردوو پارتی دیموکرات و کۆماری لە کۆنگرێس پرۆژەیاسایەکیان بۆ هەڵوەشاندنەوەی یاسای قەیسەر پێشکەش کردووە و ئەگەری زۆرە هەڵوەشاندنەوەکەی لە کۆتایی ساڵدا بخرێتە چوارچێوەی هەموارکردنەوەی یاسای دەسەڵاتی بەرگریی نیشتمانیی ئەمریکاوە.
ئەم گۆڕانکارییە گەورەیە لە سیاسەتی ئەمریکادا دوای ئەوە دێت کە ترامپ لە 13ی ئایاردا نیازی خۆی بۆ هەڵگرتنی سەرجەم سزاکان راگەیاند و دواتر چاوی بە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا کەوت.