ناتانیاهۆ: حوسییەکان باجی هێرشکردنە سەر ئیسرائیل دەدەن
محەمەد رزگار
٢٤ی ئابی ٢٠٢٥
لەدوای هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بۆسەر حوسییەکانی یەمەن، سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە رایگەیاند: حوسییەکان باجی هێرشکردنە سەر ئیسرائیل دەدەن.
بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە پەیامێکی ڤیدیۆیدا رایگەیاند، هێرشیان کردووەتە سەر کۆشکی سەرۆکایەتی لە پایتەختی یەمەن و وێستگەی کارەبای ئەو شارە و کۆگاکانی سوتەمەنی کراونەتە ئامانج.
وتیشی، حوسییەکان باجی هێرشکردنە سەر ئیسرائیل دەدەن و ئەمڕۆ گورزێکی کوشندەیان بەرکەوت.
ناتانیاهۆ ئاماژەی بەوەشکرد، فڕۆکە جەنگییەکانمان چەندین پێگەی ستراتیژییان لە یەمەن کردە ئامانج، هاوکات هەر لایەنێک هێرشبکاتە سەرمان باجی هێرشکردنەکەیان دەدەن.
هاوکات سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، سەکۆ موشەکییەکانی حوسییەکانیان لە شاری سەنعا کردوەتە ئامانج و چەندین بنکەی دیکەی سەربازی بە ئامانج گیراون.
سوپای ئیسرائیل ئەوەشی خستوەتەڕوو، هێرشەکانیان لە وەڵامی ئەو هێرشە موشەکییانەیە کە حوسییەکان بۆ سەر دەوڵەتی ئیسرائیل و هاووڵاتییانی سیڤیل ئەنجامیداوە.
لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی تەندروستیی حوسییەکان ئاشکرایکرد لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سەنعای پایتەختی یەمەن دوو کەس کوژراون و 35 کەسیش برینداربوون.