رۆژهەڵاتی ناوەڕاسترۆژهەڵاتی ناوەڕاست

ئەمڕۆ شەممە، هونەرمەندی گەورەی لوبنانی، زیاد رەحبانی، کوڕی هونەرمەندی دیار فەیروز، لە تەمەنی 69 ساڵیدا ماڵئاوایی لە ژیان کرد و جیهانی هونەری لوبنانی و عەرەبی بە جێهێشت، کە تێیدا شوێن پەنجەیەکی دیاری لە دوای خۆی بەجێهێشت.

رەحبانی نووسەر، ئاوازدانەر، مۆسیقاژەن و شانۆکارێک بوو کە عاشقی هونەر بوو.  بە رەخنە تەنزئامێزەکانی زۆر جار بینەرانی دەهێنایە پێکەنین، بەڵام لە هەمان کاتدا واقیعی تاڵی لوبنانی دەخستەڕوو، کە بریتی بوو لە دابەشبوونی تائیفی، دەمارگیری و دابونەریت. تەنانەت لە ساڵانی سەرەتای دەستپێکی هونەرییدا، رەخنەی لە هونەری تەقلیدی و فۆلکلۆری دایک و باوکی دەگرت.

زیاد رەحبانی کێیە؟

هونەرمەند، ئاوازدانەر، شانۆکار و نووسەرێکی لوبنانییە کە بە مۆسیقا هاوچەرخەکەی و شانۆگەرییە سیاسییە رەخنەگرانەکانییەوە ناسراوە.  ستایلی زیاد رەحبانی بە تەنز و قووڵی لە چارەسەرکردنی بابەتەکاندا جیادەکرێتەوە و بە دامەزرێنەری قوتابخانەیەکی نوێ لە مۆسیقای عەرەبی و شانۆی هاوچەرخی عەرەبیدا دادەنرێت.

زیاد لە 1ی کانوونی دووەمی 1956 لەدایکبووە. دایکی، نەهاد حەداد، ناسراو بە فەیروز، گۆرانیبێژێکی جیهانییە و باوکیشی، عاسی رەحبانی، یەکێک بوو لە دوو برا رەحبانییە پێشەنگەکە لە بواری مۆسیقا و شانۆی لوبنانیدا.

لە ساڵی 1973 و لە تەمەنی 17 ساڵیدا، یەکەم ئاوازی بۆ دایکی، فەیروز، دانا کاتێک باوکی لە نەخۆشخانە بوو.. ئەمەش بۆ گۆرانییە بەناوبانگەکەی "سألوني الناس" بوو کە سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا. دواتر، چەندین کاری دیکەی پێشکەش بە فەیروز کرد، لەوانە: "أنا عندي حنين"، "البوسطة"، "عندي ثقة فيك"، و چەندانی تر.

یەکەم دەرکەوتنی زیاد لەسەر شانۆ لە شانۆگەریی "المحطة" بوو، هەروەها لە "ميس الريم"یشدا دەرکەوت. دواتر، یەکەم شانۆگەری خۆی بە ناوی "سهرية" نووسی و پاشان چەندین شانۆگەری دیکەی بەناوبانگی نووسی وەک "فيلم أميركي طويل"، "شي فاشل"، و "بالنسبة لبكرا شو".

ئەمڕۆ زیاد، بە ڤایرۆسی جگەر، کۆچی دوایی کرد و جیهانی هونەری لوبنانی جێهێشت.

فەیرز، کە لە تەواوی جیهاندا بە "چۆلەکەی خۆرهەڵات" بەناوبانگە، دایکی رەحبانی دەکات و جیهانی هونەری لوبنان و میدیا عەرەبیەکان وەک هاوبەشی لە خەمی فەیروزدا نووسیویانە، ئەمڕۆ لوبنان لەگەڵ "چۆلەکەی خۆرهەڵات" غەمگینە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان (ئۆنروا) رایگەیاند کە لە هەر5 منداڵێک لە شاری غەززە، یەکێکیان تووشی بەدخۆراکی بووە، و ئاماژەی بەوەشکرد کە حاڵەتەکان رۆژ بە رۆژ لە زیادبووندان.

فیلیپ لازارینی، کۆمسیاری گشتیی ئۆنروا، شایەتحاڵیی یەکێک لە کارمەندانی ئۆنروا لە غەززە دەگوازێتەوە کە وتوویەتی "خەڵکی غەززە نە مردوون و نە زیندوون، ئەوان بوونەتە لاشەی جوڵاو."

لازارینی وتیشی، "کاتێک بەدخۆراکی لەناو منداڵاندا خراپتر دەبێت، میکانیزمەکانی خۆگونجاندن شکست دەهێنن، و دەستگەیشتن بە خۆراک و چاودێری نامێنێت، برسێتی بە بێدەنگی دەست بە بڵاوبوونەوە دەکات."

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد کە "زۆربەی ئەو منداڵانەی پێشوازییان لێدەکرێت لەلایەن تیمەکانمانەوە، بەدەست لاوازی و بێهێزییەوە دەناڵێنن و ئەگەر بەپەلە ئەو چارەسەرەی پێویستیانە پێیان نەگات، مەترسیی گیانلەدەستدانیان زۆرە."

لازارینی بە چەند خاڵێک دۆخی غەززە و هاووڵاتیانی روونکردووەتەوە:

  • راپۆرتەکان ئاماژە بە گیانلەدەستدانی زیاتر لە 100 کەس دەکەن بەهۆی برسێتییەوە، کە زۆربەیان منداڵن.

  • ئەم قەیرانە قوڵە هەمووانی گرتۆتەوە، تەنانەت ئەوانەش کە هەوڵی رزگارکردنی گیانی خەڵک دەدەن لە کەرتی غەززە.

  • کارمەندانی تەندروستی لە هێڵەکانی پێشەوەی ئۆنروا بە یەک ژەمە خۆراکی بچووک دەژین، کە زۆرجار تەنها نیسکە. زۆرێکیان لەبەر برسێتی لەکاتی کارکردندا لەهۆش خۆیان دەچن.

  • کاتێک چاودێرەکان ناتوانن شتێک بۆ خواردن بدۆزنەوە، تەواوی سیستمی مرۆیی دەست بە داڕمان دەکات.

  • باوکان ئەوەندە برسین کە ناتوانن چاودێری منداڵەکانیان بکەن.

  • ئەوانەی دەگەنە کلینیکەکانی ئۆنروا، وزە و خۆراک و توانای پەیڕەوکردنی ئامۆژگارییە پزیشکییەکانیان نییە.

  • خێزانەکان چیتر ناتوانن خۆیان بگرن، ئەوان لەیەک هەڵدەوەشێنەوە و توانای مانەوەیان نییە.

  • مانەوەی خودی ئەوان کەوتۆتە مەترسییەوە.

 
 

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە هەفتەکانی دوای کەوتنی دیمەشق بە دەستی تەحریر شام، درەنگانی شەو بازرگانێکی دیار پەیوەندییەکی تەلەفۆنی پێگەیشت بۆ ئەوەی بڕوات و "شـێـخ" ببینێت.

ناونیشانەکە بۆ بازرگانەکە ئاشنا بوو، باڵەخانەیەک بوو کە تێیدا ناوبەناو پارە لێسەندنی زۆرەملێ لە بازرگانانی وەک ئەو رووی دەدا لە ژێر ئیمپراتۆریەتە ئابوورییەکەی بەشار ئەسەددا.

بەڵام ئەمجارە گەورەیەکی نوێ لە شارەکەدا دەرکەوتووە...

شێخەکە، بە ریشێکی درێژی رەش و دەمانچەیەک لە کەمەریدا، تەنها نازناوێکی جەنگیی دایە دەستەوە، "ئەبو مەریەم". ئێستا ئەو سەرۆکی لیژنەیەکە کە ئابووری سوریا دادەڕێژێتەوە، پرسیارەکانی بە رێزەوە دەکرد و کەمێک شێوەزاری ئوسترالی پێوە دیاربوو.

بازرگانەکە وتی: "پرسیاری دەربارەی کارەکەم لێکردم، کە چەند پارەمان قازانج دەکرد". "من هەر تەماشای دەمانچەکەم دەکرد."

لێکۆڵینەوەیەکی رۆیتەرز دەریخستووە کە سەرکردایەتی نوێی سوریا بە نهێنی خەریکی داڕشتنەوەی ئابوورییەکەین کە بەهۆی گەندەڵی و ساڵانێک لە سزا لە دژی حکومەتەکەی ئەسەد داڕماوە، ئەمەش لە ژێر سەرپەرشتی گرووپێک پیاودا کە ناسنامەیان تا ئێستا لە ژێر نازناوی نهێنیدا شاردراوەتەوە. ئەرکی لیژنەکە: شیکردنەوەی میراتی ئابووری سەردەمی ئەسەد، پاشان بڕیاردان لەسەر ئەوەی چی لەناوببرێت و چی بهێڵرێتەوە.

دوور لە چاوی گشتی، لیژنەکە دەستی بەسەر سامانێکدا گرتووە کە بەهای زیاترە لە1.6 ملیار دۆلار. ئەو ژمارەیە لەسەر بنەمای گێڕانەوەی ئەو کەسانەیە کە ئاگاداری مامەڵەکانی بوون بۆ بەدەستهێنانی پشکی بازرگانی و دەستبەسەرداگرتنی پارەی کاش، کە بەلایەنی کەمەوە 1.5 ملیار دۆلار سامانی سێ بازرگانی لەخۆدەگرت، هەروەها کۆمپانیاکانی ناو کۆمەڵەیەکی گەورەی بازرگانی (conglomerate) کە جاران لەلایەن بازنە نزیکەکەی ئەسەدەوە کۆنترۆڵکرابوو، وەک کۆمپانیای سەرەکی پەیوەندییەکانی وڵات، کە بەهای بەلایەنی کەمەوە 130 ملیۆن دۆلارە.

رۆیتەرز بۆی دەرکەوتووە ئەو پیاوەی سەرپەرشتی داڕشتنەوەی ئابووری سوریا دەکات، حازم شەرعە، برای گەورەی سەرۆکی نوێ، ئەحمەد شەرع. هەروەها سەرۆکی لیژنەکە، ئەبو مەریەم ئوسترالی، بریتییە لە ئەبراهام سوکاریە، ئوستورالییەک بە ڕەچەڵەک لوبنانی کە ناوی لە لیستی سزادراوانی وڵاتەکەیدایە بەهۆی تۆمەتی پاڵپشتی دارایی تیرۆرەوە. ئەو لەسەر ئینتەرنێت خۆی وەک بازرگانێک وەسفدەکات؛ کە حەزی لە کریکێت و شاورمەیە.

حکومەتی نوێی سوریا دەزگا ئەمنییە زۆر ترسناکەکانی ئەسەدی هەڵوەشاندۆتەوە، و خەڵک دەتوانن ئازادانەتر لە دەیان ساڵی رابردوو قسە بکەن. بەڵام ئەو تێکەڵەیە لە بنەماڵە و پیاوانێک کە تەنها بە نازناوی جەنگی ناسراون، ئێستا ئابووری سوریا بەڕێوەدەبەن، بووەتە جێی نیگەرانی زۆرێک لە بازرگانان، دیپلۆماتکاران و شیکاران، کە دەڵێن؛ دەترسن ئەوەی رۆشت، یەکێکی تری هاو سیفەت جێی بگیرێتەوە.

لێکۆڵینەوەکەی رۆیتەرز پشتی بەستووە بە چاوپێکەوتن لەگەڵ زیاتر لە 100 بازرگان، نێوەندگیر، سیاسەتمەدار، دیپلۆماتکار و توێژەر، هەروەها کۆمەڵێکی زۆر بەڵگەنامە کە تۆماری دارایی، ئیمەیڵ، کۆنووسی کۆبوونەوە و تۆماری کۆمپانیای نوێی لەخۆگرتووە.

کاری لیژنەکە، و تەنانەت بوونیشی، هەرگیز لەلایەن حکومەتەوە رانەگەیەندراوە و لای خەڵکی سوریا نەزانراوە. تەنها ئەوانەی مامەڵەی راستەوخۆیان لەگەڵیدا هەیە ئاگاداری ئەرک و دەسەڵاتەکانی (mandate)ن، کە توانای ئەوەی هەیە کاریگەری لەسەر ژیان و گوزەرانی هەموو سورییەکان و تەنانەت زیاتریش هەبێت، لە کاتێکدا کە وڵاتەکە هەوڵدەدات جارێکی تر تێکەڵ بە ئابووری جیهانی ببێتەوە.

یەکێک لە ئەندامانی لیژنەکە بە رۆیتەرزی وتووە کە قەبارەی گەندەڵی لە سەردەمی ئەسەددا، کە لەسەر بنەمای پێکهاتەی کۆمپانیاکان بنیاتنرابوو کە هێندەی بۆ دزینی سەروەت و سامان داڕێژرابوون هێندە بۆ پارە پەیداکردن نەبوون، بژاردەی کەمی بۆ چاکسازی ئابووری هێشتۆتەوە. لیژنەکە دەیتوانی ئەو بازرگانانەی گومانیان لێدەکرێت بە شێوەی نایاسایی دەوڵەمەند بووبن بیانباتە دادگا وەک چۆن زۆرێک لە سورییەکان داوای دەکەن، یان راستەوخۆ دەست بەسەر کۆمپانیاکاندا بگرێت، یان مامەڵەی تایبەت لەگەڵ کەسایەتییەکانی سەردەمی ئەسەددا بکات کە هێشتا لەژێر سزای نێودەوڵەتیدان.

هەموو ئەم رێگایانە مەترسی ئەوەیان هەڵگرتبوو کە سورییەکان زیاتر لە دژی یەکتر هانبدەن – دەوڵەمەند لە دژی هەژار، و ئەوانەی لە سەردەمی ئەسەددا دەوڵەمەند بوون لە دژی ئەوانەی ئازاریان چەشت. لەبری ئەوەی ئەو بازرگانانەی لە سەردەمی ئەسەددا قازانجیان کردبوو بیانباتە دادگا یان دەست بەسەر کۆمپانیاکانیاندا بگرێت، لیژنەکە بڕیاریدا دانوستان بکات بۆ وەرگرتنەوەی ئەو پارە کاشەی کە زۆر پێویستە و کۆنترۆڵی جومگە سەرەکییەکانی ئابوری بکات، بە جۆرێک کە رێگە بدات بەبێ پچڕان کار بکات.

رۆیتەرز، لە کۆتایی راپۆرتەکەیدا دەڵێت: حکومەتی سوریا، حازم ئەلشەرع و سوکاریە وەڵامی داواکارییە دووبارەکانیان بۆ لێدوان نەدایەوە و وەڵامی پرسیارەکانیان بۆ ئەم چیرۆکە نەدایەوە. نووسینگەی سەرۆک پرسیارەکانی ئاراستەی وەزارەتی راگەیاندن کرد. رۆیتەرز دەرەنجامەکانی ئەم راپۆرتەی لە میانی کۆبوونەوەیەکی رووبەڕوودا لە هەفتەی رابردوودا لەگەڵ وەزیری راگەیاندن خستەڕوو و وردەکارییەکانی روون کردەوە و پرسیارەکانی بە نووسراو ئاراستەی وەزارەت کرد. وەزارەتەکە پێش بڵاوکردنەوەی راپۆرتەکە وەڵامی نەدایەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئێوارەی رۆژی شەممە، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، رایگەیاند کە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا، ئەنجامداوە.

سەرۆکی فەرەنسا لە پەیامێکدا لە پلاتفۆرمی "ئێکس" بە زمانی عەرەبی نووسیویەتی، "توندوتیژییەکانی ئەم دواییەی سوریا، ناسکیی قۆناغی گواستنەوەمان بیردەخاتەوە،" و جەختی لەسەر پێویستیی پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی کردەوە.

ماکرۆن ئاماژەی بەوەشداوە، "پێویستە بە پەلە رێگری بکرێت لە دووبارەبوونەوەی دیمەنەکانی توندوتیژی و لێپرسینەوە لە بەرپرسانی بکرێت."هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە چاوەڕوان دەکرێت رێکاری یاسایی دەست پێبکات بە پشتبەستن بە راپۆرتی لیژنەی سەربەخۆ.

سەرۆکی فەرەنسا رونیکردەوە، ئاگربەستی سوەیدا ئاماژەیەکی ئەرێنییە و پێویستە ئێستا دیالۆگێکی هێمنانە رێگە خۆشبکات بۆ گەیشتن بە ئامانجی یەکخستنی سوریا بە شێوەیەک کە مافی هەموو هاووڵاتیانی بپارێزرێت.

ماکرۆن رایگەیاند کە لەگەڵ سەرۆکی سوریا گفتوگۆی کردووە دەربارەی پێویستیی گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسی بە هاوکاریی لایەنە ناوخۆییەکان، لە چوارچێوەیەکی نیشتمانیدا کە حوکمڕانیی باش و ئاسایش مسۆگەر بکات.

لە هەمان چوارچێوەدا، ماکرۆن ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە، دانوستانەکان لەنێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و حکومەتی سوریا بە نیازپاکی بەڕێوەبچن، وتیشی، "گفتوگۆ سێقۆڵییەکانی رۆژی هەینی رێگەیان خۆشکرد بۆ دیاریکردنی هەنگاوەکانی داهاتوو."

سەرۆکی فەرەنسا جەختی لەوە کردەوە کە بۆ شەرعی دووپاتکردۆتەوە کە پاریس پابەندە بە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سوریاوە.
لە راگەیەندراوەکەدا، هەردوو لا باسیان لە پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل کردووە و پێکەوە پشتیوانیی خۆیان بۆ هاریکاری لەپێناو سەقامگیرکردنی سنوورەکانی سوریا و لوبنان دووپاتکردەوە. ماکرۆن ئاماژەی بەوەشکرد کە فەرەنسا ئامادەیە هاوکاریی ئەم هەوڵانە بکات.

 

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆك كۆماری ئێران دڵنیایی دەداتە ئەو هاووڵاتییە ئێرانییانەی كە وڵاتیان جێهێشتووە بەبێ ترس و دوودڵی بگەڕێنەوە وڵاتەكەی خۆیان.

مەسعود پزیشكیان، سەرۆك كۆماری ئێران رایگەیاند، پێویستە چوارچێوەیەكی یاسایی بۆ هاووڵاتییانیان لە دەرەوەی وڵات دروست بكەن بۆ ئەوەی بە ئاسانی و بەبێ ترس بگەڕێنەوە، هەروەها فەرشی سوریان بۆ رادەخرێت و هیچ كەسێك كاری بەسەریانەوە نابێت.

جەختیشی كردەوە، كۆتایی بە نیگەرانی هاووڵاتییانیان دەهێنن كە ساڵانێكە ناتوانن بگەڕینەوە و ترسیان هەیە، بۆ ئەو مەبەستەش پێویستیان بە هەماهەنگی فراوان هەیە لەگەڵ دەسەڵاتی دادوەری و هەواڵگریی.

پێشتریش پزیشكیان پەیامێكی ئاڕاستەی ئێرانییەكانی دەرەوەی وڵات كرد و دووپاتیكردەوە، دەبێت بەیەكەوە كاربكەن بۆ شكۆمەندی وڵاتەكەیان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەمڕۆ بەهۆی بۆردومانی ئیسرائیلەوە لە غەززە 20 كەس كوژراون و نەتەوە یەكگرتووەكانیش دەڵێت، لە یەك مانگدا زیاتر لە هەزار كەس لە كاتی وەرگرتنی هاوكاری لە غەززە كوژراون.

ئاژانسی هەواڵی فەلەستینی رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە ئەنجامی بەردەوامی هێرش و بۆردومانەكانی ئیسرائیل، لە چەند ناوچەیەكی كەرتی غەززە 20 كەس كوژران كە ژمارەیەكیان ژن و منداڵن.

 رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانیش رایگەیاند، لەماوەی تەنها یەك مانگدا زیاتر لە هەزار كەس لە كاتی وەرگرتنی هاوكارییە مرۆییەكان لە كەرتی غەزە كوژراون، دەشڵێت، ئیسرائیل بەچڕی ناوچە مەدەنییەكان و باڵەخانەكانی نیشتەجێبوون بۆردومان دەكات و بە هۆیەوە كوژرانی منداڵ زیاتربووە.

وەزارەتی تەندروستیش لە كەرتی غەززە رایگەیاند، تائێستا 122 كەس بەهۆی برسیەتییەوە لە كەرتی غەززە گیانیان لەدەستداوە كە 83یان منداڵن.

بەپێی ئامارەكانیش لە سەرەتای شەڕی غەززەوە تائێستا 59 هەزار و 676 كەس بەهۆی بۆردومانی ئیسرائیلەوە كوژراون و 143 هەزار و 965 كەسیش برینداربوون.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

میدیاکانی ئێران ئاشکرایانکرد، بەیانی ئەمڕۆ لە هێرشێکی چەکداریدا بۆ سەر دادگای زاهیدان هەشت کوژراوی لێکەوتەوە.

میدیاکانی ئێران رایانگەیاندووە، لەهێرشێکی چەکداریدا بۆ سەر دادگای زاهیدان کوژرا و برینداری لێکەوتوەتەوە، ئاماژەیان بەوەشکردووە، پێنج کەس کوژراون و سێ لە کوژراوەکانیش لە ئەنجامدەری هێرشەکە بوون، هاوکات 13 کەسی دیکەش برینداربوون.

ئەوەشیان خستەڕوو، چەکدارەکان چونەتە باڵەخانەی دادگای زاهیدانە و پێکدادان لە نێوان چەکدارەکان و هێزە ئەمنییەکان دروستبووە.

هاوکات گروپی چەکداری جەیش ئەلعەدل بەرپسیارێتی لە هێرشەکە راگەیاند، جەیش ئەلعەدل گروپێکی چەکداری بەلووچەکانە لە ئێران.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لێپرسراوێكی رۆژئاوای كوردستان دەڵێت: سوریا لە قۆناغێكی هەستیاردایە و نابێت هەموو دەسەڵاتەكان لە دیمەشق بێت، دەشڵێت ئامانجی سوپای سوریا ناڕونە و روداوەكانی سوەیداش سەلمێنەری پەرتەوازەیی دەسەڵاتی سوریایە.

ئیلهام ئەحمەد لێپرسراوی پەیوەندییەكانی دەرەوەی خۆسەری باكور و رۆژهەڵاتی سوریا رایگەیاند، لە ئێستادا سوریا لە هەستیارترین قۆناغدایە و پێویستە بۆ دەربازبوون لە قەیرانەكان مافی سەرجەم پێكهاتەكان رەچاو بكرێت، خۆسەریش پشتیوانی لە حكومەتێكی نا ناوەندیی دەكات كە هەموو دەسەڵاتەكان تەنها لە دیمەشق نەبێت.

وتیشی، گفتوگۆكان بۆ بەشداری هەسەدە لە سوپای سوریا بەردەوامە، بەڵام ئامانج و پێكهاتەی ئەو سوپایە ناڕونە و پێویستە ناسنامە و ئەركەكانی رون بێت.

ئیلهام ئەحمەد ئاماژەی بەوەشكرد، دەبێت هەمو چین و توێژ و كەمینەكانی سوریا هەست بە ئاسایش و سەقامگیریی لە سایەی سوپادا بكەن، چونكە روداوەكانی سوەیدا و چەند ناوچەیەكی تر ئاماژەن بە ناوڕونیی ئامانجی سوپا و هێزە ئەمنییەكانی سوریا.

راشیگەیاند، ئەمریكا رۆڵی گرنگی لە سوریا هەیە و هەوڵیش دەدەن پەیوەندییەكی باشیان لەسەر بنەمای لێكتێگەیشتن لەگەڵ توركیا هەبێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

زیندانییەكی ئیمراڵی بەناوی وەیسی ئاكتاش كە 31 ساڵ و سێ‌ مانگە زیندانییە ئازادكرا.

بەپێی میدیای باكوری كوردستان، وەیسی ئاكتاش یەكێك لە زیندانییەكانی ئیمراڵی كە ماوەی 31 ساڵ و سێ‌ مانگە زیندانیكراوە، ماوەی 10 ساڵی زیندانییەكەی لە زیندانی ئاسایشی جۆری ئێف لە ئیمراڵی زیندانی بووە، ئازادكرا.

وەیسی ئاكتاش لە 28ی نیسانی 2024 بە پێی یاسای جێبەجێكردن ماوەی زیندانیكردنی تەواوكردبوو، بەڵام بە بەبڕیاری دەستەی بەڕێوەبەری و چاودێری زیندانی ئیمراڵی ئازادكردنەكەی بۆ ساڵێك دواخرا.

وەیسی ئاكتاش خەڵکی شاری ماردینە و گەریلای پەكەكە بووە، یەكێكە لەو زیندانیانەی لە 9/7/2025 لەكاتی وتەكانی عەبدوڵا ئۆجەلان لە تەنیشت ئۆجەلانەوە دەركەوتبوو.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئۆجەلان لەناوبردنی چەك لەلایەن پەكەكەوە بە ئیرادەیەكی بەهێز بۆ ئاشتی وەسف دەكات و دەشڵێت، پێكهێنانی كۆمیسیۆنی ئاشتی، پرۆسەی ئاشتی بەهێزتر دەكات.

وەفدی ئیمراڵی دەم پارتی راگەیەنراوێكی لەبارەی سەردانی بۆ لای ئۆجەلان بڵاوكردەوە و ئاماژەی بەوە كردووە، كۆبوونەوەكەیان لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیكراوی "پەكەكە" لە ئیمراڵی سێ‌ سەعات و نیوی خایاندوە و بیروڕایان لەسەر هەموو ئەو كۆبوونەوانە ئاڵوگۆڕكردوە كە وەفدی ئیمراڵی لە ماوەكانی رابردوودا لەگەڵ لایەنەكانی توركیا ئەنجامی داوە، بەتایبەتی كۆبوونەوە لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا و وەزیری داد و سەركردەی لایەنە سیاسییەكانی ئەو وڵاتە.

راشیگەیاندووە، لەگەڵ ئۆجەلان باسیان لە بەڕێوەچوونی رێورەسمی لەنابردنی چەك كردووە و ئۆجەلانیش بەڕێوەبردنی ڕێورەسمەكەی بە ئیرادەیەكی بەهێز بۆ ئاشتی نابردووە.

ئاماژە بەوەشكراوە، لە بەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا باس لە پێكهێنانی كۆمیسیۆنی ئاشتی كراوە و ئۆجەلان جەختیكردووەتەوە، پێكهێنانی ئەو كۆمیسیۆنە بەشدارییەكی بەرچاوی دەبێت لەسەر خستنی پرۆسەی ئاشتی و دیموكراسی.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی دەرەوەی سوریا رایگەیاند، تا ئێستا هەنگاوێك نەنراوە بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنی نێوانیان لەگەڵ هێزەكانی سوریای دیموكرات.

قوتەیبە ئیدلیبی بەڕێوەبەری كاروباری ئەمریكا لە وەزارەتی دەرەوەی سوریا رایگەیاند، ئەو رێككەوتنەی لە مانگی ئادار لەگەڵ هێزەكانی سوریای دیمورات (هەسەدە) كراوە، تائێستا هەنگاوی پێویست نەنراوە بۆ جێبەجێكردنی.

دەشڵێت، ئەمریكا بە بەردەوامی لەسەر هێڵە لەگەڵ حكومەتی سوریا لە بوارە جیاوازەكاندا و دانوستان بەردەوامە بۆ ئەوەی ئەو رێككەوتنە جێبەجێبكرێت و ببنە بەشێك لە سوپای سوریا و فەڕەنساش ئامادەیی هەماهەنگی لەسەر ئەو بابەتە دەربڕیوە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەمریكا و فەڕەنسا جەخت لە یەكپارچەیی خاكی سوریا دەكەنەوە و دەیانەوێت بەربەستەكانی بەردەم حكومەتی سوریا لاببەرن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزیری دەرەوەی توركیا دەڵێت، نابێت لە سوریا چەك لە دەستی هیچ هێزێكی دەرەوەی دەوڵەت بێت و داوادەكات هەسەدە هەنگاو بنێت بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنی 10ی ئازار، دەشڵێت، دەبێت ماف ناسنامە و كولتووری كورد لە سووریا بپارێزرێت.

هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفیزۆنیدا لەگەڵ كەناڵی " ئێن تی ڤی"  توركیا رایگەیاند، سەقامگیری ویەكپارچەیی سوریا بۆ ئاسایشی نەتەوەیی توركیا گرنگە، بەڵام هەندێك وڵات و گروپی چەكداری بەرژەوەندییان لە دابەشی خاكی سوریادا هەیە.

ئەوەشی خستەڕو، پێویستە هەسەدە هەنگاوبنێت بۆ جێبەجێكردنی بڕگەكانی رێككەوتنی10ی ئازار و چیتر چەك لە دەستی هێزی دەرەوەی دەوڵەتی سوریا نەمێنێت.

وەزیری دەرەوەی توركیا جەختیلەوەشكردەوە، دەبێت ماف و ناسنامە و كولتووری كورد لە سووریا بپارێزرێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

میسر و قەتەر  رایدەگەیەنن  لەهەوڵەكانیان بۆ  سەركەوتنی ئاگربەستی غەززە  بەردەوامە و داوایەكیش ئاراستەی دەزگاكانی راگەیاندن دەكەن.

 میسر و قەتەر راگەیەنراوێكی هاوبەشیان سەبارەت بە پێشهاتەكانی دانوستانی ئاگربەست لە غەززە بڵاوكردەوەو دووپاتیانكردەوە، هەوڵەكانیان بۆ گەیشتن بە رێككەوتنێك چڕكردووەتەوە بۆ كۆتایی هێنان بە شەڕی غەززه و دڵنیابوون لە پاراستنی هاووڵاتیانی مەدەنی.

لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژەیان بە پێشكەوتنەكان كردووە لە دوایین خولی دانوستانەكاندا كە سێ هەفتەی خایاندووەو ئاماژەیان بەوە كردووە، راگرتنی دانوستانەكان بە مەبەستی راوێژكاری ئاساییە.

هەردوو وڵات داوایان كردووە میدیاكان زانیاریی نێو دانوستانەكان دزە پێنەكەن و رایگشتی بە زانیاری هەڵە بەلاڕێدانەبەن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزیری دەرەوەی فەرەنسا و فەرماندەی هەسەدە کۆبوونەوە و جەخت لەسەر چارەسەری ئاشتیانە بۆ یەکخستنی سوریا کرایەوە.

ئەمڕۆ وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە پاریس پێشوازی لە فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات کرد، لە دیدارەکەدا تەئکید لە دانوستانی نێوان هەسەدە و حکومەتی دیمەشق کرایەوە بە هاوکاری فەرەنسا و ئەمریکا، ئەمەش لە چوارچێوەی رێککەوتنەکەی 10ـی ئازاردا.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا گرنگی ئەنجامدانی كۆبوونەوەی نێوان حكومەتی سوریا و هەسەدە لە پاریس گفتوگۆی لەبارەوە كرا.

لەمیانی کۆبوونەوەکەدا مەزڵوم کۆبانێ فەرماندەی هەسەدە رایگەیاند: پابەندی هاوبەشیكردنین لەگەڵ هاوپەیمانان بۆ روبەڕوبوونەوەی تیرۆر.

وتیشی، پابەندی هاوبەشیكردنین لەگەڵ هاوپەیمانان بۆ چەسپاندنی سەقامگیری لە سوریا.

لەلای خۆشیەوە وەزیری دەرەوەی فەرەنسا رایگەیاند، دەبێت چارەسەری ئاشتیانە بۆ یەكخستنی سوریا و پاراستنی مافی كورد بدۆزرێتەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا ئاشکرایکرد، کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی لەنێوان ژان-نۆیل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سوریا و ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سوریا، لە پاریس بەڕێوەچوو.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بۆ جاری شەشەم وەفدی ئیمراڵی دەمپارتی لەگەڵ ئۆجەلان تایبەت بە دوایین بەرەوپێشچوونەكانی پرۆسەی ئاشتی كۆبوونەوە.

پەیامنێری كوردسات نیوز لە توركیا رایگەیاند، وەفدی ئیمراڵی دەمپارتی بە ئەندامێتی پەروین بوڵدان و میدحەت سانجار پەرلەمانتارانی دەمپارتی و فایەق ئۆزگور پارێزەر لە نووسینگەی یاسایی سەدە لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری  زیندانیكراوی پەكەكە لە دوورگەی ئیمرالی كۆبووەتەوە.

ئەوەشی خستەڕو، كۆبوونەوەكە نزیكەی 6 سەعاتی خایاندووە و تێیدا دوایین بەرەوپێشچوونەكانی پرۆسەی ئاشتی لەسەر ئاستی ناوخۆی توركیا و وڵاتانی هەرێمی تاوتوێ كراوە.

پەیامنێری كوردسات نیوز راشیگەیاند، بڕیارە بەمنزیكانە وەفدی ئیمراڵی دەمپارتی راگەیەندراوێك لەبارەی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی لەگەڵ ئۆجەلان بڵاوبكاتەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

راپۆرتە میدیاییەکان ئاشکرایانکردووە، کۆبوونەوەیەکی ئاستبەرزی "دەگمەن" لەنێوان ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سوریا و رۆن دێرمەر، وەزیری کاروباری ستراتیژی ئیسرائیل لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا و بە سەرپەرشتی تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سوریا، بەڕێوەچووە.

بەپێی "تەلەفزیۆنی سوریا"، کۆبوونەوەکە کە بۆ ماوەی 4 کاتژمێر بەردەوام بووە، دۆسیەی هەستیاری ئەمنی تایبەت بە باشووری سوریای تێدا تاوتوێ کراوە، وەک هەوڵێک بۆ کۆنترۆڵکردنی گرژییەکانی ئەم دواییە، بەتایبەت دوای پەرەسەندنی گرژییەکان لە پارێزگای سوەیدا.

لەلایەن خۆیەوە، نێردەی تایبەتی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، کۆبوونەوەکەی پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند، بە ئامانجی "گفتوگۆ و راگرتنی پەرەسەندنەکان" لەگەڵ "بەرپرسانی سوری و ئیسرائیلی" کۆبووەتەوە و ئاماژەی بەوەدا کە پێشکەوتنی بەرچاو بەدەستهاتووە و "هەموو لایەنەکان پابەندبوونی خۆیان بە بەردەوامیدان بەم هەوڵانە دووپاتکردەوە".

ماڵپەڕی "ئەکسیۆس"ی ئەمریکیش لە زاری سەرچاوەی ئاگاداری ئیسرائیلییەوە بڵاویکردەوە، ئامانجی کۆبوونەوەکە "گەیشتن بووە بە لێکتێگەیشتنی ئەمنی کە بەردەوامی ئاگربەست لە باشووری سوریا مسۆگەر بکات و رێگری لە دووبارەبوونەوەیروداوەکانی هەفتەی رڕابردوو بگرێت"، کە ئاماژەیە بۆ پێکدادانە تووندەکانی سوەیدا.

سەرچاوە ئیسرائیلییەکان هیوایان خواستووە کە ئەم کۆبوونەوەیە ببێتە دەرفەتێک بۆ "هەنگاوی دیپلۆماسی داهاتوو" لەنێوان دیمەشق و تەلئەبیبدا.

ئەم جووڵە دیپلۆماسییانە دوای چەند رۆژێک دێت لە پێکدادانی تووند لە پارێزگای سوەیدا لەنێوان گروپە چەکدارە ناوخۆییەکان و چەکدارانی درووزیدا، کە بە رێککەوتنێک کۆتایی هات کە تێیدا هاتنەناوەوەی دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەکانی حکومەت و رادەستکردنی چەکی قورسی لەخۆگرتبوو، ئەمەش لەکاتێکدایە کە دەنگۆی دەستوەردانی ئیسرائیل بۆ پاراستنی پێکهاتەی درووزی لە پارێزگاکەدا بڵاوبووەوە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...127128129130131...175