وۆڵ ستریت جۆرناڵ: ئیسرائیل بە نهێنی سەربازگەیەكی لەناو بیابانەكانی عیراق دروستكردووە
٩ی ئایاری ٢٠٢٦
رۆژنامەیەكی ئەمریكی ئاشكرایدەكات، ئیسرائیل بە نهێنی سەربازگەیەكی لە بیابانەكانی عیراق دروستكردووە بۆ پشتیوانیكردنی هێرشە ئاسمانییەكان بۆ سەر ئێران، رێگەش نادات هیچ هێزێكی ئەمنی عیراق لە سەربازگەكەی نزیك بێتەوە.
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە چەند لێپرسراوێكی ئەمریكییەوە ئاشكرایكردووە، ئیسرائیل بە نهێنێ و بە ئاڵای ئەمریكاوە، راستەوخۆ بەر لە هەڵگیرسانی جەنگی 40 رۆژەی ئێران، سەربازگەیەكی لە بیابانەكانی عیراق دروستكردووە و تێیدا ناوەندێكی لۆجیستی دامەزراندوە بۆ پشتیوانیكردنی هێزی ئاسمانی ئیسرائیل لە هێرشەكان بۆ سەر ئێران.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئیسرائیل تیمێكی گەڕان و فریاكەوتنی لەناو سەربازگەكەدا جێگیركردووە بۆ دۆزینەوە و هاوكاریكردنی هەر فڕۆكەوانێكی ئیسرائیلی لە ئەگەری كەوتنەخوارەوەی فڕۆكەكانیان لەكاتی بۆردومانكردنی ئێراندا.
رۆژنامەكە دەشڵێت، سەرەتاكانی مانگی ئادار نزیك بووە لەوەی شوێنی سەربازگەكەی ئیسرائیل ئاشكراببێت بەهۆی شوانێكی عیراقیەوە كە جموجۆڵی سەربازی لەناوچەكە بەدی كردبوو، بەڵام كاتێك هێزە ئەمنییەكانی عیراق نزیكی سەربازگەكە بوونەتەوە ئیسرائیل بەچڕی بۆردومانی هێزەكەی كردووە سەربازگەكەی بەنهێنی و شاراوەیی هێشتووەتەوە.



