سەندیکای فڕۆکەوانانی ئەڵمانیا هۆشداری دەدات لەوەی کە خەوی کورت (خەوە نوچکە) لە کاتی گەشتە ئاسمانییەکاندا بووەتە "دیاردەیەکی نیگەرانکەر" لەنێو ئەندامەکانیدا، هاوکات ئاماژە بە "ماندووبوونی زیاد"ی کارمەندانی ئەم کەرتە دەکات. 

دوێنێ چوارشەممە، سەندیکای فڕۆکەوانانی ئەڵمانیا ناسراو بە "کۆکپیت" (Cockpit)، رایگەیاند کە راپرسییەکی لەنێو زیاتر لە 900 فڕۆکەواندا لە ماوەی هەفتەکانی رابردوودا ئەنجامداوە و دەرکەوتووە کە 93%یان دانیان بەوەدا ناوە کە لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا لە کاتی گەشتەکاندا خەویان لێکەوتووە.

سەندیکاکە، لەگەڵ ئەوەی هۆشداریی دا کە راپرسییەکە "نوێنەرایەتیی وردی" دۆخی راستەقینەی کەرتەکە ناکات، بەڵام ئاشکرای کرد کە 44%ی ئەو فڕۆکەوانانەی بەشدارییان کردووە، "بە شێوەیەکی بەردەوام" لە کاتی گەشتەکاندا دەخەون، و 12%یان لە هەموو گەشتێکدا ئەو کارە دەکەن، لە کاتێکدا 7%یان بیریان نەبووە چەند جار ئەمە رویداوە.

کاترینا دیزڵدۆرف، جێگری سەرۆکی سەندیکای "کۆکپیت"، وتی: "ماوەیەکی زۆرە خەوە نوچکە بووەتە شتێکی ئاسایی لەناو کابینەی فڕۆکە ئەڵمانییەکاندا."

وتیشی: "ئەوەی لە بنەڕەتدا مەبەست لێی رێکارێکی کورتخایەن بوو بۆ وەرگرتنەوەی وزە، ئێستا بووەتە چارەسەرێکی هەمیشەیی بۆ فشارەکانی کار."

دیزڵدۆرف جەختی کردەوە: "خەوی کورت لە بنەڕەتدا پێویست نییە، بەڵام ماندووبوونی بەردەوامی تیمی کابینەی فڕۆکە، مەترسییەکی گەورە دروست دەکات."

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە کەمیی کارمەند و "زیادبوونی فشاری کارکردن" کێشەی فڕۆکەوانانیان قورستر کردووە، بەتایبەتی لە مانگەکانی هاویندا.

سەندیکاکە رونیکردەوە کە پێناسەی "خەوەنوچکە" لای ئەوان بریتییە لە "ماوەی پشووی کۆنترۆڵکراو لە قۆناغی فڕیندا." جێی باسە، سەندیکای "کۆکپیت" نوێنەرایەتیی نزیکەی 10هەزار فڕۆکەوان و کارمەندی کابینەی فڕۆکە دەکات لە ئەڵمانیا، بەو کەسانەشەوە کە هێشتا لە قۆناغی ڕاهێناندان.