ئەنتۆنی فاوچی رایگەیاندوە، پێشبینی ناکەن جارێکی تر لە ئەمریکا کەرەنتین رابگەیەندرێت بەھۆی کۆرۆنای دەلتاوە، چونکە پێی وایە ژمارەیەکی باش لە ئەمریکییەکان ڤاکسینیان وەرگرتوە، بەڵام ھۆشداری داوە لە زیادبوونەوەی ئامارەکانی کۆرۆنا لەوڵاتەکەیدا ئەگەر ژمارەی ئەو کەسانەی ڤاکسین بەکاردەھێنن زیاتر نەبێت.
جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکاش داوایکردوە ئەمریکییەکان پەلە بکەن لە بەکارھێنانی ڤاکسینی کۆرۆنا و رایگەیاندوە، تا زانیاری زیاتریان سەبارەت بە کۆرۆنای دەلتا دەست دەکەوێت زیاتر نیگەران دەبن، بۆیە پێویستە ھەر کەسێک دەیەوێت لەو جۆرە نوێیەی کۆرۆنا رزگاری ببێت، بەپەلە ڤاکسین بەکاربھێنێت.
لە لێکۆڵینەوەیەکی زانستیدا، زانایانی بەریتانیا ھۆشدارییانداوە لە سەرھەڵدانی جۆرێکی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا، کە لە ھەردوو جۆری ڤایرۆسەکەوە دروست دەبێت و گیانلەدەستدانی زیاتری لێدەکەوێتەوە.
بە وتەی ئەو زانایانە، رەنگە ئەو جۆرە نوێیەی کۆرۆنا توانای بەرەنگاربوونەوەی ڤاکسینەکانی ھەبێت، ھۆشداریشیانداوە لەناوبردنی کۆرۆنا ئاسان نییە و بەردەوام جۆری نوێ سەرھەڵدەدات.
داواشیان کرد رێکارەکان توندتر بکرێنەوە، چونکە جیھان چیتر بەرگەی روبەڕوبوونەوەی جۆرە نوێیەکانی کۆرۆنا ناگرێت.
دوای چەند رۆژێک لەو بڕیارانەی بۆ سڕکردنی پەرلەمانی وڵاتەکەی و دورخستنەوەی سەرۆکی حکومەت دای، قەیس سەعید سەرۆکی تونس بەڵێن دەدات ئاسایش و سەقامگیری لە وڵاتەکەی پتەوتر بکات.
دوپاتیشیکردەوە، ھەر کەسێک بازرگانی بە تەندروستی ھاوڵاتیانی تونسەوە بکات، لە حکومەتدا جێگەی نابێتەوە.
قەیس سەعید راشیگەیاند، دەستبەرداری ماف و ئازادی تونسییەکان نابن، بۆ پڕکردنەوەی کورتھێنانی داراییش لەگەڵ وڵاتانی ھاوپەیمانیان لە پەیوەندیدان.
وتیشی، تائێستا دوو ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار دۆز لە ڤاکسینی کۆرۆنایان لە ئیتاڵیا و ئەمریکا وەرگرتوە.
ڕاشد غەنوشی سەرۆکی بزوتنەوەی نەھزە و سەرۆکی پەرلەمانی تونس لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی (کۆریاری دیلا سیرا)ی ئیتاڵی ڕایگەیاند، تونس و ئەوروپا لە یەک کەشتیدان، ئەگەر ئەوروپا و بە تایبەتی ئیتاڵیا بە زووترین کات دیموکراسی بۆ تونس نەگەڕێنێتەوە، ڕووبەڕووی زریانێکی کۆچبەران دەبێتەوە، بەو جۆرەش ھەمووان بەرەو لەناوچوون دەڕۆن.
غەنوشی ھۆشداریشی بە قەیس سەعید سەرۆکی وڵاتەکەی دا کە بە ئەنجامدانی کودەتا تۆمەتباری کردووە و ڕایگەیاند، ئەگەر کودەتاکە بەم جۆرە بەردەوام بێت و دەسەڵات بە پەرلەمان نەدرێتەوە، دوور نییە توندوتیژی و ناسەقامگیری سەر ھەڵبدات.
ھەفتەی ڕابردوو، سەرۆکی تونس کارەکانی پەرلەمانی سڕ کرد و ھیشام مەشیشی لە سەرۆکایەتی حکومەت دوورخستەوە و ئەو ھەنگاوانەش لەلایەن بزوتنەوەی نەھزەوە بە کودەتا ناوبرا.
ھایکۆ ماس وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە چاوپێکەوتنیکدا لەگەڵ گۆڤاری دێر شبیگڵ ڕایگەیاند، سستی نواندنی ئێران لە دەستپێکردنەوەی دانوستانە ئەتۆمییەکان و دوورکەوتنەوەی لە ھێزە سەرەکییەکانی ڕێککەوتنی ئەتۆمی نیگەرانی کردوون.
جەختیشی کردەوە، گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی لە بەرژەوەندی ھەموو لایەکە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو بژاردەیە بۆ ھەمیشە بەردەست نابێت.
لە مانگی نیسانی ئەمساڵەوە لە ڤییەنا گفتوگۆکان بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ٢٠١٥ دەستیان پێکردووە، بەڵام تا ئێستا ھیچ ئەنجامێکی نەبووە و چاوەڕوانیش دەکرێت دوای دەستبەکاربوونی ئیبراھیم ڕەئیسی سەرۆکی نوێی ئێران جارێکی تر دانوستانەکان دەستپێبکەنەوە.
میدیاکانی سوریا بڵاویانکردەوە، بە نێوەندگیری ڕووسیا، لە ئێوارەی ڕۆژی ھەینییەوە گروپە چەکدارەکانی ھاوپەیمانی تورکیا ئاوی بەنداوی عەلوکیان بەرداوەتەوە، کە سەرچاوەی دابینکردنی ئاوە بۆ دانیشتوانی حەسەکە و دەوروبەری.
باس لەوەشکراوە تەنھا چوار ترۆمپا لە بەنداوەکە کاری پێدەکرێت و ترۆمپاکانی تر دزراون، گروپە چەکدارەکان بە فشاری تورکیا چەند جارێک ئەو بەنداوانەیان گرتووەتەوە کە ئاو بۆ حەسەکە و تەلتەمر و سەرێ کانی دابین دەکات، ماوەی یەک مانگیشە بە تەواوی ئاوی حەسەکە بڕاوە.