کیم جۆنگ ئون، رابەری کۆریای باکور، لەگەڵ دەستپێکردنی مانۆڕێکی سەربازیی نوێی هاوپەیمانانی ئەمریکا، بەڵێنی دا هێزی دەریایی وڵاتەکەی بگۆڕێت بۆ هێزێکی چەکداری ئەتۆمی.
رابەری کۆریای باکور لە میانی رێوڕەسمی گەڕاندنەوەی کەشتیی جەنگیی "کانگ گون" بۆ ناو خزمەت لە شارۆچکەی وۆنسان —کە پێشتر لە ئایاری 2025دا لە کاتی خستنەئاویدا بەشێکی ژێرئاو کەوتبوو— رایگەیاند: دەبێت کارایی جۆراوجۆر و کاریگەری سیستمە جەنگییە ئەتۆمییەکان بۆ ئامادەکاریی جەنگی راستەقینە مسۆگەر بکەین.
ئاماژەی بەوەش کرد: لە کاتی دەرچوونی فەرماندا، دەبێت ئەم وێرانکەرە نوێیە زەبرێکی تۆڵەسێنەرانەی کوشندە ئاڕاستەی دوژمنان بکات.
ئەم لێدوانانە هاوکات بوون لەگەڵ دەستپێکردنی مانۆڕی سەربازیی "فریدم ئایدج" لە نێوان ئەمریکا، ژاپۆن و کۆریای باشور لە ئاوە نێودەوڵەتییەکانی باشور و رۆژهەڵاتی دوورگەی جیجۆ.
مانۆڕەکە سەرەڕای بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ کەمکردنەوەی بەشێک لە راهێنانە سەربازییەکان بە مەبەستی کردنەوەی دەرگای دیپلۆماسی لەگەڵ پیۆنگیانگ، بەردەوامە.
لە رێوڕەسمەکەدا "جو ئایی"ی کچی کیم جۆنگ ئون، کە زۆرجار وەک جێگرەوەی داھاتووی دەستنیشان دەکرێت، لە پەنای باوکیدا دەرکەوت.