راوێژکاری خامنەیی رایگەیاندووە، ئامادەن دەستبەرداری پیتاندنی یۆرانیۆم لە ئاستێکی بەرزدا ببن ئەگەر سزاکانی سەر ئێران لاببرێت.
عەلی شەمخانی راوێژکاری ئەتۆمی عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئیران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی ئێن بی سی نیوز باسی لەوەکردووە، ئێران ئامادەیە هەرگیز چەکی ئەتۆمی دروست نەکات، هەروەها دەستبەرداری پیتاندنی یۆرانیۆم ببێت بە رێژەیەکی بەرز، بەڵکو تەنها لەو ئاستەدا یۆرانیۆم بپیتێنێت کە تەنها بۆ بەکارهێنانی ئاسایی و مەدەنی دەبێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، "رێگە بە پشکنەرە نێودەوڵەتییەکانیش دەدەین کە چاودێری و سەرپەرشتی پرۆسەکە بکەن، بەو مەرجەی ئەگەر بە زوویی سەرجەم سزاکانی سەر ئێران هەڵبگیرێت".
وتیشی، "ئەگەر ئەو مەرجەکان جێبەجێبکرێن، ئەوا هەر ئەمڕۆ ئامادەین رێککەوتن ئیمزا بکەین".
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەگەر ئەمریکییەکان وەک ئەوە رەفتار بکەن کە دەیڵێن، ئەوا هێشتا دەکرێت. بۆیە دەکرێت پەیوەندییەکی باشترمان هەبێت، دەکرێت لە داهاتوویەکی نزیکیشدا باشتر ببێت.
ئێمە تەنها دڕکوداڵ لە ترەمپ دەبینین
دوای ئەوەی دوێنێ دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوەکرد، ئەگەر لەگەڵ ئێراندا رێکنەکەون سزای ئابوری و قورستر دەخەنە سەر ئەو وڵاتە، شەمخانی وتی، ئەو هەمیشە هەڕەشە دەکات، باسی چڵی زەیتون دەکات، کە ئێمە نایبینین، هەمووی دڕک و داڵە".
ناتانیاهۆ گفتوگۆکان بە لاڕێدا دەبات
لەبارەی رۆڵی ئیسرائیلیشەوە لە گفتوگۆکانی نێوان ئێران و ئەمریکا باسی لەوەکرد، بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، هەمیشە لە پشتی پەردەوە دەتوانێت هەوڵ بۆ بەلاڕێدابردنی پرۆسەکە بدات، بۆیە ئەگەر ئەمریکییەکان کاریگەریی ئەو لەسەر گفتوگۆکان نەهێڵن، ئەوان بە ئاسانی دەتوانن بگەنە رێککەوتن.
دوای حەوت ساڵ لە کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران، دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمی ئێرانەوە دەستی پێ کردووەتەوە و ئێران دان بەوەدا دەنێت بەردەوامە لە پیتاندنی یۆرانیۆم و نزیکە لەوەی بەشی شەش بۆمبی ئەتۆمی یۆرانیۆمی پیتێنراوی هەبێت. ئەمریکاش سورە لەسەر ئەوەی نابێت ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
ئێستاش، ترەمپ دوای تەنها چوار مانگ لە بوونەوە بە سەرۆکی ئەمریکا، دەستی بە دانوستانەکان لەسەر ئەو پرسە کردووەتەوە و بەدەر لەوەش، تاوەکو ئێستا چەندین بڕیاری گەورەی داوە کە کاریگەریی لەسەر ئابوری و پەیوەندییەکان و پرسە سەربازی و ئەمنییەکان دروست کردووە.