بێلاروس: پەناگەی کۆچبەران دادەخرێت و ٩٨ کۆچبەر گەڕێندراونەتەوە بۆ ھەولێر
کوردسات نیوز
٢٢ی ئازاری ٢٠٢٢
دەستەی سنووریی بێلاروس ڕایگەیاند، دوای ئەوەی ٩٨ کۆچبەر لە شاری مینسکەوە گەڕێندرانەوە بۆ ھەولێر، کەمپی کۆچبەرانیان لەسەر سنوورەکانیان لەگەڵ پۆڵەندا داخستووە و کۆتاییان بە کارەکانی ئەو پەناگەیە ھێناوە.
ڕاشیگەیاند، گەڕانەوەی ئەو کۆچبەرانە لە چوارچێوەی پرۆگڕامی ھاوکارییەکانی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچدا بووە و دوای ئەوە ھاتووە، کە ئەو کۆچبەرانە بێھیوابوون لە چاوەڕوانی.
ڕاشیگەیاند، ئەو کۆچبەرانەی کە ماونەتەوە، لەسەر داوای خۆیان بە شێوەیەکی کاتی دەگوازرێنەوە بۆ ھۆتێلەکان و چاوەڕوانی گەشتی داھاتوون دەکەن، بۆ گەڕاندنەوەیان بۆ وڵاتەکانیان.
ساڵی ڕابردوو ھەزاران کۆچبەر کە زۆریان خەڵکی عێراق و ھەرێمی کوردستان بوون، لە سنوورەکانی بێلاروس کۆبوونەوە و ھەوڵیاندا بگەنە وڵاتانی ئەوروپا، بەڵام بەھۆی ڕێگرییەکانی پۆڵەنداوە بەشێکی زۆریان لە کەمپەکاندا گیریانخوارد و نزیکەی ٤ ھەزاریان گەڕانەوە بۆ عێراق.