جیهانجیهان

بۆ ئیدانەکردنی ھێرشەکەی دوێنێی سەر ناوەندی رۆشنبیری ئەحمەد کایا کە لەلایەن کەسێکی چەکدارەوە ئەنجامدراو بەھۆیەوە ٣ کورد کوژران و سیانی تریش برینداربوون، بۆ رۆژی دووەم رەوەندی کوردی لە پاریس خۆپیشاندانی دەستپێکردو بە بەرزکردنەوەی چەندین دروشم داوای لە پۆلیسی ئەو وڵاتەکرد لێکۆڵینەوەی ورد لە رووداوەکە و پاڵنەرەکانی بکات و پارێزگاری لە رەوەندی کوردی لە فەرەنسا بکات.

ھاوکات میدیاکانی فەرەنسا بڵاویانکردەوە، ئەنجامدەری ھێرشەکە کە پیاوێکی تەمەن ٦٩ ساڵە لەکاتی دەستگیرکردنیدا وتوویەتی  کەسێکی رەگەزپەرستە بۆیە ئەو کارەی کردووە، سەرچاوەیەکی نزیک لە لێکۆڵینەوەکانیش ئاشکرایکرد، ئەمرۆ لێکۆڵینەوە لەگەڵ تۆمەتبارەکە بەردەوامبووە بۆ زانینی پاڵنەری کارەکەی.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد، تۆمەتبارەکە لەکاتی  دەستگیرکردنیدا جانتایەکی بچوکی پێبوە کە دوو بۆ سێ مەخزەنی پڕ لە فیشەکی تێدا بووە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

رێکخراوی یونیسێف ئاشکرایکردوە، بەھۆی گۆڕانکارییەکانی ژینگەو جەنگ و کەمی دانەوێڵە، لە ھەرسێ وڵاتی  سۆماڵ و کینیا و ئەسیوبیا ٢٠ ملیۆن منداڵ رووبەرووی برسێتی توند و نەخۆشی و تیونێتی بوونەتەوە  لەکاتێکدا لە مانگی حوزەیرانی رابردوودا تەنھا ١٠ ملیۆن منداڵ بووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ھەرسێ وڵات  نزیکەی دوو ملیۆن منداڵ دووچاری بەدخۆراکی توند بوون پێویستیان بە چارەسەرە ، ٢ ملیۆن و ٧٠٠ ھەزار منداڵیش بەھۆی وشکە ساڵییەوە ناچنە قوتابخانەو ٤ ملیۆن منداڵی تریش رووبەرووی مەترسی وازھێنان لە قوتابخانە بوونەتەوە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

میدیاکانی ئەمریکا بڵاویانکردووەتەوە، شەپۆلێکی بەھێزی بەفربارین زۆربەی ویلایەت و شارەکانی ئەمریکای گرتووەتەوە و لە ویلایەتەکانی شیکاگۆ و ئۆکلاھۆما و ئۆھایۆ و کنتاکی و میسوری و کانساس چەندین رووداوی  ھاتوچۆ تۆمارکراون و بەھۆیانەوە ١٠ کەس گیانیان لەدەستداوە، ئاماژەیان بەوەشکردووە، ھەر بەھۆی بەفربارینەوە لە ٢٤ سەعاتی رابردوو لە ئەمریکا ٥ ھەزار و ٧٠٠ گەشتی ئاسمانی ھەڵوەشێنراونەتەوە.

میدیاکانی کەنەداش ئاماژەیان بەوە کردووە، لە شارەکانی ئۆنتاریۆ و کیبیک و ئۆتاوا و تۆرینتۆی بەفرێکی زۆر باریووە و بووەتە ھۆی راگرتنی خوێندن و دەوامی فەرمانگە حکومییەکان و داخستنی زۆربەی رێگە سەرەکییەکان لەگەڵ ھەڵوەشاندنەوەی زیاتر لە چوار ھەزار گەشتی ئاسمانی.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

جینگ شوان، جێگری نوێنەری ھەمیشەیی چین لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی رەخنەی لە ھێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی باکور و خۆرھەڵاتی سوریا گرت و جەختی کردەوە لە گرنگی راگرتنی ئەو ھێرشانە. 

نوێنەری چین وتیشی، سوریا خاوەن سەروەری خۆیەتی، بەڵام تورکیا دەیان جار ھێرش و ئۆپراسیۆنی بۆ سەر ئەو وڵاتە ئەنجامداوە و سەروەری خاکەکەی بەزاندووە.  

لە بەرامبەردا، "فریدون ھادی سینیرلی ئۆغلۆ" نوێنەری تورکیا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی وتی، ھیچ وڵاتێک مافی ئەوەی نییە رێنماییان بکات و تورکیا مافی خۆیەتی بەرگری لە سنور و گەلەکەی بکات.

لەلایکی ترەوە، ھەردوو پارتی گەلی دەسەڵاتدار و پارتی سەوزی نەمسا پێشنیارێکیان بۆ ئیدانەکردنی ئۆپراسیۆنەکانی تورکیا لە دەرەوەی سنورەکانی رەتکردەوە، کە پێشکەشی پەرلەمانی نەمسا کرابوو لەلایەن پارتی دیموکراتی کۆمەڵایەتی ئەو وڵاتەوە. 


 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

داواکاری گشتی فەڕەنسا رایگەیاند، دۆسیەی لێکۆڵینەوەی بۆ ئەو رووداوە کردووەتەوە کە بە رووداوی تیرۆرکردن و کوشتنی بەئەنقەست ناویبردووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، گومانلێکراوێکی رووداوەکە دەستگیرکراوە کە پیاوێکە و تەمەنی لەنێوان ٦٠-٧٠ ساڵیدایە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وتیشی، ئەو بڕیارە تێچووی زۆری دەوێت و سەرناکەوێت، بە ھەموو شێوەیەکیش پێچەوانەی مافی مرۆڤ و یاساکانی پەنابەرانی نێودەوڵەتییە. 

حکومەتی بەریتانیا لە مانگی نیسانی ئەمساڵ گرێبەستێکی بە بەھای ١٢٠ ملیۆن جونیەی ئستەرلینی لەگەڵ رواندا ئیمزاکرد، کە بەپێی ئەو گرێبەستە بەریتانیا کۆچبەرانی نایاسایی دەنێرێتە رواندا و لەوێ ھەڵسەنگاندن بۆ کەیسەکانیان دەکرێت. 

لە مانگی حوزەیرانی رابردووشدا کە بڕیاربوو یەکەم کاروانی کۆچبەران لە بەریتانیاوە بنێرێنە رواندا، لە کۆتا ساتدا دواخرا، دوای ئەوەی دادگای ئەوروپا بۆ مافەکانی مرۆڤ دەستوەردانی لە بابەتەکە کرد.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

جۆن کێربی رێکخەری پەیوەندییە ستراتیژییەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا لە کۆشکی سپی رایگەیاندووە، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا ئامادەیە لەگەڵ ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی روسیا کۆببێتەوە بەو مەرجەی دڵنیا بێت کە پوتن خواستێکی جددی ھەیە بۆ کۆبوونەوە و گفتوگۆ، کە تائێستا ئەمریکا ئەو خواستەی لە پوتن نەبینوە.

وتیشی، بایدن ھەمان ئەو پەیامەی بە ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنساش وتووە و پێی راگەیاندوە ھەر کاتێک خواستی جددی پوتن بۆ گفتوگۆ و دانوستان ببینێت، ئامادەیە لەگەڵیدا کۆببێتەوە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی روسیا رایگەیاند، ھەوڵ بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی سیاسی و دیبلۆماتی دەدەن بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکانیان لەگەڵ ئۆکراین، چونکە دەیانەوێت ئەو شەڕەی تائێستا بەردەوامە کۆتایی پێبھێنن، وتیشی، ھۆکاری سەرەکی سەرھەڵدانی شەڕ لە نێوان روسیا و ئۆکراین، وڵاتانی تر بوون نەک کیێڤ و مۆسکۆ.

سەرۆکی روسیا ئاماژەی بەوەشکرد، ھەرچەندە زووتر کۆتایی بە شەڕ بھێنن، لە بەرژەوەندی ھەردوو وڵات دەبێت، چونکە ھاوڵاتیان و سوپا و ھێزە ئەمنییەکانی ھەردوو وڵاتیش لەماوەی چەند مانگی رابردوودا قوربانی زۆریان داوە، بۆیە ھەوڵ دەدەن بە رێگەیەکی گونجاو کۆتایی بە شەڕ بھێنن، بەڵام کێشەی گەورە ئەوەیە ئۆکراین لە ئێستادا بە ھاندانی وڵاتانی تر دانوستان و گفتوگۆ رەتدەکاتەوە.


 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی ئەمریکا زیاتر لە چوار ھەزار و ٤٠٠ گەشتی ئاسمانییان بۆ رۆژانی پێنجشەممە و ھەینی ھەڵوەشاندۆتەوە، بەھۆی شەپۆلێکی بەفربارین کە بەھێزترینە لە ماوەی چەندین ساڵی رابردوودا. 

"جۆ بایدن" سەرۆکی ئەمریکاش رەوشی کەشوھەوای بە مەترسیدار وەسف کردووە و داوای لە ھاووڵاتیان کرد وریا بن. 

ھاوکات لێپرسراوان ھۆشدارییان داوە لە مەترسی ھاتووچۆ کردن، بە تایبەت لە ئێستادا بەھۆی پشووەکانی سەری ساڵ بەکارھێنانی فڕۆکەخانە و شەمەندۆفێر و ھۆیەکانی تری گواستنەوەی زیاتر بوون. 

ھەروەھا لە ویلایەتەکانی ئۆکلاھۆما و کنتاکی و چەند ویلایەتێکی تر، باری نائاسایی راگەیەندراوە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە


ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا بە دەنگی ٦٨ ئەندام و دژایەتی ٢٩ ئەندام، پرۆژە یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی ٢٠٢٣ پەسەندکردو بڕیارە لە چەند سەعاتی داھاتووشدا لە ئەنجومەنی نوێنەران بخرێتە دەنگدانەوە.

بودجەی خەمڵێنراوی ئەمریکا بۆ ساڵی داھاتوو بریتییە لە ١٧٠٠ ملیار دۆلار کە ٤٥ ملیار دۆلار بۆ ھاوکاری ئۆکراین و زیاتر لە ٤٨٧ ملیۆن دۆلار بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش لە عیراق و سوریا دابین کراوە، لەو بڕەش، ٣٢٢ ملیۆن و ٢٠٤ ھەزار دۆلار بۆ ھاوکاری پێشمەرگە و سوپای عیراق لە بەرەنگاربوونەوەی داعش دیاریکراوە،  ھەروەھا پشکی ھێزەکانی سوریای دیموکرات  بە ١٦٥ ملیۆن و ٣٠٩ ھەزار دۆلار دیاریکراوە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

(شیبنەم کۆرور ڤینکانسی) سەرۆکی سەندیکای پزیشکانی تورکیا دوای دەستگیرکردنی لە ٢٧ی تشرینی یەکەمی رابردوو، داوایکرد لێکۆڵینەوە بکرێت لە بەکارھێنانی چەکی کیمیایی لە دژی گەریلاکانی پەکەکە.
 ڤینکانسی ئەمرۆ بە کەلەپچەکراوی برایە ھۆڵی دادگا و لەمیانی دانیشتنی دادگاشدا جارێکی تر پێداگری لەسەر ھەڵوێستەکانی کردەوەو داوایکرد پشکنینی مەیدانی و توێکاری بۆ تەرمی ئەو گەریلایانە بکرێت کە گیانیان لەدەستداوە.

شیبنەم کۆرور ڤینکانسی تەمەن ٦٣ ساڵ و پزیشکی دادوەری وتیشی، بەسیفەتی بەرگریکار لە مافەکانی مرۆڤ، بەرپرسیارێتی بەرگریکردن لە ئازادی رادەربڕین و مافی ھاووڵاتی لە دەستکەوتنی زانیارییەکان لە ئەستۆ دەگرێت .

پارتی کرێکارانی کوردستان لە مانگی تشرینی یەکەمی رابردوودا رایگەیاند، سوپای تورکیا چەکی کیمیایی لە دژی گەریلاکانیان بەکارھێناوەو ١٧ گەریلا گیانیان لەدەستداوە. 

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دیمیتری پیسکۆڤ وتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی روسیا-کرملین رایگەیاند، ھیچ پەیوەندییەکیان لەگەڵ ئەمریکا بۆ رێکخستنی کۆبوونەوەیەک لە نێوان جۆ بایدن و ڤلادیمیر پوتن نییە و ئەو دەنگۆیانەی لەو بارەیەوە بڵاودەکرێنەوە ناڕاستن.

ھاوکات چارل میشێل سەرۆکی ئەنجومەنی ئەوروپا رایگەیاند، پێویستە قسە لەگەڵ پوتن بکەن و لەپێناو چارەسەری بابەتە مرۆییەکان، پارێزگاری لە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ سەرۆکی روسیا بکەن.

ئەو لێدوانانە دوای ئەوەھاتن، کە جۆن کێربی رێکخەری پەیوەندییە ستراتیژییەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا رایگەیاند، جۆ بایدن ئامادەیە لەگەڵ ڤلادیمیر پوتن کۆببێتەوە بەو مەرجەی دڵنیا بێت کە پوتن خواستێکی جددی ھەیە بۆ کۆبوونەوە و گفتوگۆ، بەڵام تائێستا ئەو خواستەیان لە پوتن نەبینووە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆکی فەڕەنسا لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ رۆژنامەی نەھاری لوبنانی رایگەیاند، ھەر لەسەرەتاوە لەو باوەڕەدا بووە، کە ناتواندرێت کێشەکانی عێراق و سوریا و لوبنان چارەسەر بکرێت، تەنھا بە دانوستان بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییە ھەرێمییەکانی ئێران نەبێت.

ماکرۆن وتیشی، لە کۆنگرەی دووەمی بەغداد کە ھەفتەی رابردوو لە ئوردن بەڕێوەچوو، بەبێ ئامادەبوونی نوێنەرانی تورکیا و ئێران کۆبوونەوەیەکی بچووکیان لەبارەی رەوشی عێراق کردووە و نەخشەڕێگەیەکیان داناوە و لە مانگی داھاتووەوە کارکردن لەسەری دەستپێدەکەن.

 رونیشیکردەوە، پڕۆژەیان لە بوارەکانی ئاو و کارەبا و غاز و پەرەپێدانی ئابووری بۆ عێراق ھەیە، کە دەتوانێت یارمەتی ئەو وڵاتە بدات، لە پشتبەستن بە نەوت و ئێران دەربازی ببێت، بەڵام ئەوە بە یەک رۆژ ناکرێت.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەردۆغان لە دەستپێکی کۆنگرەی دەسەڵاتی دەستوری لە وڵاتانی ئیسلامی کەلە کۆشکی دۆڵمەباخچە لە ئیستەنبوڵ بەڕێوەدەچێت وتەیەکی پێشکەشکردو رەخنەی لە ئەمریکا گرت لەبەرامبەر رادەستنەکردنەوەی فەتحوڵا گولەن رێبەری بزوتنەوەی خزمەت و رایگەیاند، سەرەڕای پێشکەشکردنی بەڵگەیەکی زۆر بەڵام تا ئێستا دەزگا ئەمنییەکانی ئەمریکا تەقەیان لە دەرگای گولەن نەداوە .

فەتحولا گولەن ساڵانێکی زۆرە لە ئەمریکا دەژی و دەسەڵاتدارانی تورکیا تۆمەتباری دەکەن بە پلاندانەری کودەتا شکستخواردووەکەی ساڵی ٢٠١٦.

ھەروەھا ئەردۆغان رەخنەی لە یۆنان گرت و رایگەیاند، مامەڵەی یۆنان لەگەڵ کۆچبەران گەیشتۆتە ئاستی دڕندەیی.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی دەرەوەی لۆکسمبۆرگ لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، لە ئێران ھاووڵاتییەکی وڵاتەکەیان کە بەرەچەڵەک ئێرانییە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە بەبێ ئەوەی ناوەکەی و زانیاری زیاتر بخاتەڕوو.

وتیشی، جان ئسیلبۆرن وەزیری دەرەوە لەسەر ئەو بابەتە پەیوەندی بە حسین ئەمیر عەبدوڵاھەیان وەزیری دەرەوەی ئێران کردووەو وڵاتەکەی  پشتیوانی ھەوڵەکانی یەکێتی ئەوروپا دەکات بۆ پاڵپشتیکردنی خۆپیشاندانەکانی ئێران و بەھەموو شێوەیەک دژی سزای لەسێدارەدانن.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

"عەبدولرەحیم موسەوی" فەرماندەی گشتی سوپای ئێران بڵاویکردەوە، ئەگەر ئیسرائیل و ھاوپەیمانەکانی پلانیان ھەبێت بۆ بە ئامانجکردنی کۆماری ئیسلامی ئێران، پەشیمانیان دەکەنەوە، چونکە لە ئەگەری ھەر ھەنگاوێکی ئیسرائیل وەڵامی خێرا و یەکلاکەرەوەیان دەبێت.

وتیشی، لەئێستادا ئیسرائیل روبەڕوی ناکۆکی ناوخۆیی و دەرەکی و قەیرانی ئەمنی و سیاسی بووەتەوە و لەژێر فشاری دەرەکیدایە، ھەموو ھەنگاوێکیشیان لەژێر چاودێری وردایە. 

ئەو لێدوانەش لە کاتێکدایە کە، "بنیامین ناتانیاھۆ" سەرۆک وەزیرانی راسپێردراوی ئیسرائیل ھەڕەشەی بە ئامانجگرتنی ئێرانی کرد.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...414415416417418...641