ماکرۆن: قەیرانەکانی عێراق و سوریا بە کەمکردنەوەی رۆڵی ئێران چارەسەر دەکرێن
٢٣ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٢
سەرۆکی فەڕەنسا لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ رۆژنامەی نەھاری لوبنانی رایگەیاند، ھەر لەسەرەتاوە لەو باوەڕەدا بووە، کە ناتواندرێت کێشەکانی عێراق و سوریا و لوبنان چارەسەر بکرێت، تەنھا بە دانوستان بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییە ھەرێمییەکانی ئێران نەبێت.
ماکرۆن وتیشی، لە کۆنگرەی دووەمی بەغداد کە ھەفتەی رابردوو لە ئوردن بەڕێوەچوو، بەبێ ئامادەبوونی نوێنەرانی تورکیا و ئێران کۆبوونەوەیەکی بچووکیان لەبارەی رەوشی عێراق کردووە و نەخشەڕێگەیەکیان داناوە و لە مانگی داھاتووەوە کارکردن لەسەری دەستپێدەکەن.
رونیشیکردەوە، پڕۆژەیان لە بوارەکانی ئاو و کارەبا و غاز و پەرەپێدانی ئابووری بۆ عێراق ھەیە، کە دەتوانێت یارمەتی ئەو وڵاتە بدات، لە پشتبەستن بە نەوت و ئێران دەربازی ببێت، بەڵام ئەوە بە یەک رۆژ ناکرێت.