ئەمڕۆ لەگەڵ کردنەوەی بازاڕی وزەی جیھان، نرخی نەوتی برێنت ٤٤ سەنت رووی لە بەرزبوونەوە کرد و بە ٨٢ دۆلار و ٦٤ سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
ھاوکات نرخی نەوتی تەکساسیش، ٤٩ سەنت بەرزبووەوە و گەیشتە ٧٨ دۆلار و ٧٨ سەنت بۆ ھەر بەرمیلێک.
چوار رۆژە لەسەر یەک نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیھان روو لە بەرزبوونەوە دەکات، ھۆکارەکەشی بۆ کەمبوونەوەی یەدەگی نەوتی خاو و بەرھەمە نەوتییەکان لە ئەمریکا دەگەڕێتەوە.
بەپێی پێشبینییەکانیش، چاوەڕواندەکرێت خواستی چین بۆ نەوتی خاو لەسەرەتای ساڵی داھاتوو زیادبکات، کە ئەوەش دەبێتە ھۆکار بۆ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت.
ئەو رێکخراوە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، حەوت ھەزار منداڵی بیانی لە کەمپەکانی باکور و خۆرھەڵاتی سوریا گیریان خواردووە و رۆژانە روبەڕووی دەستدرێژی و توندوتیژی دەبنەوە، داواشی لە وڵاتان کرد پەلە بکەن لە وەرگرتنەوەیان.
بەپێی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە تەنھا لە کەمپی ھۆڵ ٥٦ ھەزار کەس ھەیە، کە زۆرینەیان ژن و منداڵن و لەنێویاندا زیاتر لە ١٠ ھەزار خێزانی داعشە بیانییەکان ھەیە، لە ساڵی ٢٠١٩ەوە تائێستا، ھەزار و ٤٦٤ ژن و منداڵ لەو کەمپە لەلایەن وڵاتەکانیانەوە وەرگیراونەتەوە. بە تەنھاش لەمساڵدا ٥١٧ ژن و منداڵ وەرگیراونەتەوە کە بە ژمارەیەکی پێوانەیی دادەنرێت.
چەندین ساڵیشە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکور و خۆرھەڵاتی سوریا داوا لە وڵاتان دەکات، ھاووڵاتیانیان لە کەمپی ھۆڵ و رۆژ لە پارێزگای حەسەکە وەربگرنەوە.
حکومەتی فەڕەنسا رایگەیاند، لەپێناو سنوردانان بۆ کۆچی نایاسایی رێکاری نوێ لە وڵاتەکەی دەگرنەبەر.
بەپێی ئەو رێکارانە، سزایی قاچاغچییەکان لە ١٠ ساڵ زیندانی بۆ ٢٠ ساڵ زیاد کراوە و غەرامەی چوار ھەزار یۆرۆش دەخرێتە سەر ھەر کۆمپانیا و دوکانێک کە کۆچبەری نایاسایی دادەمەزرێنن.
ھەروەھا پەنابەران دەبێت تاقیکردنەوەی زمانی فەڕەنسی بکەن و رێز لە بەھا سەرەکییەکانی فەڕەنسا بگرن، ئەگەرنا مافی مانەوەیان رەتدەکرێنەوە و روبەڕووی دیپۆرتکردن دەبنەوە.
لە فەڕەنسا نزیکەی ٧٢%ی داواکاریی پێدانی مافی پەنابەری رەتدەکرێنەوە، بەڵام ژمارەیەکی زۆر کەمیان دیپۆرتدەکرێنەوە. بەپێی ئامارەکان، لە ساڵی ٢٠١٩دا بڕیاری دیپۆرتکردنەوە بۆ ١٢٢ ھەزار و ٨٥٢ کۆچبەر دەرچوو، کە تەنھا ١٢.٢%یان دیپۆرتکراونەتەوە.
جیرالد دارمانین وەزیری ناوخۆی فەڕەنساش رایگەیاند، ئامانجیان خێراکردنی رێکارەکانی پەنابەرانە، چونکە رێکارەکان زۆر بە سستی بەڕێوەدەچن.

دیمیتری بیسکۆڤ وتەبێژی کۆشکی کرملین لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ھەڵوێستی وڵاتەکەی سەبارەت بە سەردانی سەرۆکی ئۆکراین بۆ ئەمریکاو کۆبوونەوەی لەگەڵ جۆبایدن روونکردنەوەو رایگەیاند، بایدن و زیلینسکی تا ئێستا ھیچ شتێکیان نەوتووە پیشانی بدات نیازی نەھێشتنی مەترسییەکانی روسیایان ھەیە.
وتیشی، ناردنی سیستمی بەرگری مووشەکی پاتریۆت بۆ ئۆکراین ھاوکار نابێت لە خێرا یەکلاکردنەوەی ململانێکە و رێگرییان لێناکات لەوەی ئامانجەکانی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکەیان بەدی بھێنن و روسیا لەناوی دەبات.
وتەبێژی کۆشکی کرملین راشیگەیاند، دوای سەردانەکەی زیلینسکی ، ئەمریکا شەڕی بەوەکالەت لە دژی روسیا دەستپێدەکات.
رۆژی چوار شەممە سەرۆکی ئۆکراین لەیەکەم سەردانیدا لەدوای لەشکرکێشی روسیا بۆ سەر وڵاتەکەی گەیشتە ئەمریکا و لەگەڵ جۆ بایدن کۆبووەوە.
رۆژی پێنجشەممە تۆبیاس بیلسترۆم وەزیری دەرەوەی سوید سەردانی ئەنقەرەی کرد و لەگەڵ مەولوود چاووشئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبووەوە، دواتریش لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانییدا ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان ئاشکرا کرد.
چاووشئۆغڵو وتی، سوید ھەرچەند ھەندێک رێکاری گرتووەتەبەر، بەڵام ئەوە بەس نییە و ئەو وڵاتە ھیچ ھەنگاوێکی کۆنکرێتی بۆ رادەستکردنەوەی " داواکراوەکان" بە تورکیا نەناوە، کە ئەوە مەرجی ئەنقەرە بوو بۆ رازیبوون لەسەر بە ئەندامبوونی سوید لە ناتۆ.
لە بەرامبەریشدا وەزیری دەرەوەی سوید رایگەیاند، وڵاتەکەی رێکاری جدی بەرامبەر ئەو کەسانە گرتووەتەبەر، کە دەکەونە چوارچێوەی رێککەوتنی تورکیا و سوید و وەزارەتەکانی دادی ھەردوو وڵات زانیارییان لەبارەی ئەو کەسانەوە ئاڵوگۆڕ کردووە.
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکراین لە تویتەر بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ بۆ بەھێزکردنی توانای ھێزەکانی وڵاتەکەی، سەردانی واشنتۆنی پایتەختی ئەمریکا دەکات و ژمارەیەک دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا ئەنجام دەدات و لە بەردەم کۆنگرێسی ئەمریکاش وتار پێشکەش دەکات.
ئەو سەردانەی ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی بۆ واشنتۆن، یەکەمین سەردانی سەرۆکی ئۆکراینە بۆ دەرەوەی وڵاتەکەی لە دوای دەستپێکردنی ھێرشی سەربازیی روسیا بۆ سەر ئۆکراین، لەبارەی سەردانەکەوە کۆشکی سپیی ئەمریکا رایگەیاند، سەردانەکە لەسەر داوای رەسمی ئەمریکا بووە و بۆ دووپاتکردنەوەی پشتیووانیەکانی واشنتۆنە لە ئۆکراین و گەلی ئەو وڵاتە.
ھاوکات نانسی پیلۆسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، پەیامی بۆ ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران ناردووە، کە بەھۆی وتاری زیلینسکی دەبێت سەرجەمیان لە کۆبوونەوەی ئێوارەی رۆژی چوارشەممەی ئەنجومەنەکە ئامادە بن.
بە پێی گرتەیەکی ڤیدیۆیی، سەرۆکی ئەمریکا ٣ی مانگی رابردوو لە میانی بەشداریکردنی لە کەمپینێکی ھەڵبژاردن لە ویلایەتی کالیفۆرنیا، ژنێک داوای لێدەکات مردنی (پلانی کاری گشتگیری ھاوبەش) کە بە رێککەوتنی ئەتۆمی ناسراوە رابگەیەنێت، لە وەڵامدا بایدن دەڵێت کاری واناکات لەبەر زۆر ھۆکار، دواتریش بایدن دەڵێت رێککەوتنەکە مردووە، بەڵام رایناگەیەنن چونکە چیرۆکەکە شیکردنەوەی زۆری دەوێت.
ئەو ژنە کە پێدەچێت ئەمریکییەکی بە رەگەز ئێرانی بێت لە وەڵامی بایدندا دەڵێت، دەسەڵاتی ئێران نوێنەرایەتی گەلەکەی ناکات، ئەگەر چەکی ئەتۆمی بەدەستبھێنێت بەکاریدەھێنێت.
دوای سەرھەڵدانی خۆپیشاندانەکان و ناڕەزاییەکانی ئێران، ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ٢٤ی تشرینی دووەمی رابردوو بە زۆرینەی دەنگ بڕیاریدا لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران پێکبھێنێت، لە ھەوڵێکیشدا بۆ دەستپێکردنی کاری لیژنەکە، (فیدیریکۆ فیلیگاس) سەرۆکی ئەنجومەنی مافی مرۆڤ ناوی ئەندامانی لیژنەکەی راگەیاند، کە پێکھاتووە لە ( سارا حسین لە بەنگلادیش، شاھین سەردار علی لە پاکستان، ویویانا کرستیجویج لە ئەرژەنتین).
دوای دیاریکردنی ئەندامانی، لیژنەکە ئەرکەکانی دەستپێدەکات کە بریتییە لە لێکۆڵینەوەیەکی گشتگیر و بێلایەن لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران بە تایبەت ئەو پێشێلکاریانەی لە خۆپیشاندانەکاندا لە دژی ژنان و منداڵان کراوە.
لە ھەنگاوێکی مێژوویدا سەرجەم پەرلەمانتارانی نەمسا کە ژمارەیان ١٨٣ پەرلەمانتارە بڕیاریاندا دۆسیەی ١٨٣ زیندانی سیاسی لە ئێران لەئەستۆ بگرن.
ھاوکات ژمارەی پەرلەمانتارانی ئەڵمانیا کە بەشداری ھەڵمەتی لەئەستۆگرتنی دۆسیەی زیندانیانی سیاسی ئێرانیان کردووە بۆ ١٢٠ پەرلەمانتار بەرزبووەتەوە.
پەرلەمانتارانی ئەڵمانیا رایانگەیاندووە، لە رێگەی فشاری سیاسی و ناردنی نامە بۆ باڵیۆزی ئێران و ئەنجامدان چاوپێکەوتن لەگەڵ راگەیاندنەکان ھەوڵدەدەن رێگری بکەن لە جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان بەسەر زیندانیانی ئێران.
لەلایەکی ترەوە، ژمارەیەک سیناتۆری کۆماری و دیموکراتی ئەمریکا ئیدانەی سەرکوتکارییەکانی دەسەڵاتی ئێران دەکەن و جەختدەکەنەوە لەسەر چڕکردنەوەی فشارەکان لەسەر دەسەڵات و گرتنەبەری ھەموو میکانیزمەکان بۆ پشتیوانیکردنی خۆپیشاندەرانی ئێران.
تیم کین سیناتۆری دیموکراتەکان راگەیاند، دوای دەرکردنی تاران لە لیژنەی ژنانی نەتەوە یەکگرتووەکان، پێویستە بیر لە ستراتیژ و رێگەی نوێ بکەنەوە بۆ خستنەڕووی رادەی خراپی رەفتارەکانی دەسەڵاتدارانی ئێران و ھەموو فشارێک دەکەن بۆ راگرتنی ئەو رافتارانە.
سوپای تورکیا لە ٢٠ی تشرینی یەکەمی رابردوو ئۆپراسیۆنی سەربازی ( چنگ- شمشێر)ی لە باکوری سوریا دەستپێکردووە و لەو کاتەشەوە تائێستا بەردەوام ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ھەسەدە بۆردوومان دەکات، خلوسی ئاکار وەزیری بەرگری تورکیا لەبارەی ئۆپراسیۆنی زەمینی بۆ سەر باکوری سوریا رایگەیاندووە، وڵاتەکەی بۆ ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی سەربازی لە دژی ھەسەدە مۆڵەت لە کەس وەرناگرێت .
بە پێی راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان، فشارەکانی ئەمریکا ئۆپراسیۆنەکەی تورکیای سڕکردووە و لە ئامادەکاریدایە ھێزەکانی بگەڕێنێتەوە ئەو شوێنانەی لێی کشابوونەوە.
بە وتەی سەرچاوەکان، ھێزەکانی ئەمریکا دوای گەڕانەوەیان بۆ رەقە و کردنەوەی بنکەی سەربازی، پلانیان ھەیە بگەڕێنەوە ھەموو بنکەکانیان لە کۆبانێ و مەنبەج و تەلرەفعەت .
کۆشکی کرملین بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ پوتن کۆبوونەوەیەکی فراوان لەگەڵ وەزارەتی بەرگری ئەنجام دەدات و تیایدا چالاکییەکانی سوپا لە ساڵی ٢٠٢٢ دەخرێنەڕوو، ئەرکەکانی ساڵی داھاتووش دیاری دەکرێن.
سێرگی شویگۆ وەزیری بەرگری روسیاش رایگەیاندووە، لە کۆبوونەوەکەدا رادەی بەرەوپێشچوونی ئۆپراسیۆنی سەربازی لە ئۆکراین و پرۆسەی پڕچەککردنی ھێزە چەکدارەکان دەخاتەڕوو.
رونیشیکردەوە، ١٥ ھەزار ئەفسەری سوپا لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە بەشداری کۆبوونەوەکە دەکەن.
زیاتر لە نۆ مانگە سوپای روسیا ھێرشی بۆ سەر ئۆکراین دەستپێکردووە و ھیچ ئاماژەیەک نییە بۆ کۆتایی ھاتنی جەنگەکە لە ساڵی داھاتوودا.
وەزارەتی خوێندنی باڵای حکومەتی تاڵیبان، پەیامێکی ئاڕاستەی سەرجەم زانکۆ حکومی و تایبەتەکان کرد و داوای لێکردوون، تاکو کاتێکی نادیار خوێندنی کچان لە زانکۆکان رابگرن، ھاوکات ئەمڕۆ لە بەردەم دەرگای سەرجەم زانکۆکانی ئەفغانستان، ھێزی ئەمنی بۆ رێگریکردن لە چوونە ژوورەوەی کچان بۆ زانکۆکان جێگیرکراوە.
قەدەغەکردنی خوێندنی کچان و ژنان لە زانکۆکانی ئەفغانستان کاردانەوەی نێودەوڵەتی لێکەوتەوە و ستیڤن دووجاریک وتەبێژی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، ھەست بە نیگەرانییەکی قووڵ دەکەن لەبارەی ئەو بڕیارە، داواشی لە بزووتنەوەی تاڵیبان کرد، گەرەنتی خوێندنی یەکسان لە ھەموو ئاستەکان بکات، ھەروەھا بڕیارەکەی بە پێشێلکردنی مافی ژنان ناوبرد و رایگەیاند، کاریگەریی وێرانکەری لەسەر داھاتووی ئەفغانستان دەبێت.

بە پێی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی بڵاوکراونەتەوە، شەوی رابردوو لە شەقامەکانی تاران و کەرەج خۆپیشاندان و ناڕەزایی رێکخراوە و خۆپیشاندەران چەندین دروشمیان لە دژی دەسەڵات وتەوە.
لەلایەکی ترەوە ئاژانسی (ھرانا) بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، ژمارەی کوژراوانی خۆپیشاندانەکانی ئێران و رۆژھەڵاتی کوردستان بۆ ٥٠٦ کوژراو بەرزبووەتەوە کە ٦٦یان لە ھێزە ئەمنییەکانن.
ئاماژەی بەوەشکردوە، ژمارەی کوژراوانی خوار تەمەن ١٨ ساڵ بۆ ٦٩ کەس بەرزبووەتەوە، لە سێ مانگی رابردووشدا ١٢٠٠ خۆپیشاندان لە ١٦١ شار ئەنجامدراون.
بۆرێل لە تویتێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە پەراوێزی کۆنگرەی بەغداد دوو کە لە وڵاتی ئوردن بەڕێوەچوو، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران کۆبووەتەوە و جەختیکردووەتەوە لەسەر پێویستی راگرتنی ھاوکارییە سەربازییەکان بۆ روسیا و کۆتایھێنان بە سەرکوتکارییەکانی ناوخۆ.
ئاماژەی بەوەشداوە، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران جەختیانکردووەتەوە لەسەر گرنگی ھێشتنەوەی کەناڵە دیبلۆماسییەکان بە کراوەیی و گەڕانەوە بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی ٢٠١٥ لەسەر بنەمای دانوستانەکانی ڤییەنا.
وەزیری دەرەوەی ئێرانیش رایگەیاند، وڵاتەکەی ئامادەیە لە دانوستانەکانی ڤییەنا بگاتە ئەنجام لەسەر بنەمای ئەو رەشنوسەی کە دوای چەند مانگێک لە دانوستانی چڕ ئامادەکراوە.
پوتن لەکۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ فەرماندەکانی سوپای ڕوسیا بۆ دیاریکردنی ئەرکەکانی دامەزراوەی سەربازی لە ساڵی داھاتوودا ئاماژەی بەوەکرد، بەردەوامن لە پشتیوانیکردنی توانای ھێزەکانیان و ئامادەکارییەکانی ھێزی ئەتۆمی، بۆ گرەنتی پاراستنی سەروەری و یەکێتی خاکی روسیا.
وتیشی ئامادەکارییەکانی ھێزی ئەتۆمی ڕوسیا بۆ لەسەدا ٩١ زیادیکردووە.
سەرۆکی ڕوسیا باسی لەوەشکرد، بۆ یەکەمجار سیستەمی ئەتۆمی وڵاتەکەی بە سیستەمێکی نوێی موشەکی کیشوەربڕ ناسراو بە "شەیتان" پڕچەککراوە، کە ھاوشێوەی نییە لە جیھاندا.
لای خۆشیەوە، سیرگی شویگۆ وەزیری بەرگری روسیا پێشنیازێکی خستە بەردەم پوتین بۆ زیادکردنی ژمارەی سەربازانی وڵاتەکەی بۆ ملیۆنێک و ٥٠٠ ھەزار لەگەڵ زیادکردنی تەمەنی خزمەتی سەربازی.