ناتانیاھۆ لەبەردەم پەرلەمانی ئیسرائیل کە بە کنیست ناسراوە بەرنامەی حکومەتی نوێی خستەڕوو و بەر لە سوێند خواردنی رایگەیاند، رێگریکردن لە ھەوڵەکانی ئێران بۆ پەرەدان بە چەکی ئەتۆمی کە ھەڕەشە لە ھەموو جیھان دەکات، لەپێشینەی کارەکانیانەوە.
وتیشی گرەنتی ئەوە دەکەن توانای سەربازی ئیسرائیل لە پێش وڵاتانی تری ناوچەکەوە بێت و بازنەی ئاشتی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی فراوانتر دەکەن.
ناتانیاھۆ تەمەنی ٧٣ ساڵە و لە مێژووی ئیسرائیل زۆرترین ماوە بە سەرۆک وەزیران ماوەتەوە، کە لە ساڵانی ١٩٩٦ بۆ ١٩٩٩ و دواتر لە ٢٠٠٩ بۆ ٢٠٢١ سەرۆک وەزیران بووە، دوای ئەوەشی ھاوپەیمانییەکەی لە ھەڵبژاردنەکانی مانگی تشرینی دووەمی رابردوو توانی ٦٤ کورسی پەرلەمان بۆ خۆی مسۆگەر بکات، بۆ سێیەمین جار سوێندی یاسایی وەک سەرۆک وەزیران خوارد.
بەدران جیا کورد ھاوسەرۆکی وەزارەتی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بە ئاژانسی نۆرس پرێسی ڕایگەیاندووە، کۆبوونەوەکەی شەوی چوارشەممەی مۆسکۆ، لەنێوان وەزیرانی دەرەوەی روسیا و تورکیا و سوریا و کۆبوونەوەی نێوان وەزیرانی بەرگری و بەرپرسانی ھەواڵگری ھەر سێ وڵات، قۆناغێکی نوێی ڕێککەوتن و پلانی دوژمنکارانەی ھاوبەشە بۆ سەر گەلانی ناوچەکە.
ئاماژەی بەوەشکرد، قۆناغی داھاتوو سەرھەڵدانەوەی گروپە تیرۆریستییە توندڕەوەکان و شکستپێھێنانی ھەوڵە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکانی پەیوەست بە گفتوگۆ و چارەسەر دەبن.
ئەو بەرپرسەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ھۆشداریدەدات و دەڵێت، ئەگەر تورکیا توانی ڕژێمی سوریا بکێشێتە ناو پیلانەکانییەوە، ئەوا پشێوییەکی گەورە لە ناوچەکە روودەدات و ململانێکانی دەگێڕێنێتەوە بۆ سەرەتا.
میدیاکانی رۆژئاوای کوردستان بڵاویانکردەوە، تیرۆریستانی داعش ئۆتۆمبێلێکی سەربە ھێزی ئاسایشی ناوخۆ لە شاری رەققە لە باکور و خۆرھەڵاتی سوریا کردووەتە ئامانج کە بەڕێکەتبوو بە ئاڕاستەی شارۆچکەی "جەدیدات" بەرەو مەزاری شەھیدان.
ئاماژەیان بەوەشکردووە، لەو ھێرشەی داعش ئەندامێکی ھەسەدە گیانی لەدەستداوە و دووانی دیکەش برینداربوون.
ئەو ھێرشەی داعش لەکاتێکدایە کە رۆژی دووشەممە تیرۆریستانی داعش لەسنوری پارێزگای رەققە ھێرشیانکردە سەر بارەگایەکی ھەسەدە و بەھۆیەوە شەش ئەندامی ھەسەدە و ھێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ گیانیان لەدەستدا.
ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا، ئاماری کارو چالاکییەکانی لە ساڵی ٢٠٢٢ بڵاوکردەوەو رایگەیاند، لە سوریا ١٠٨ کردەوەی ھاوبەش و لە عێراق ١٩١ کردەوەی ھاوبەشی سەربازی لە دژی گروپی تیرۆریستی داعش ئەنجامداوە. رونیشیکردەوە، ھیچ سەربازێکی ئەمریکی لە کردەوە سەربازییەکاندا نەکوژراوە.
ھاوکات سوپای ئەمریکا لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، لە ئۆپراسیۆنەکانی دژی داعش لە سوریا، ٢١٤ ئەندامی داعش دەستگیرکراون و ٤٦٦ ئەندامی دیکەی ئەو گروپە کوژراون.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ھەروەھا لە عێراق، ١٥٩ ئەندامی داعش لە ئۆپراسیۆنەکاندا دەستگیرکراون و ٢٢٠ ئەندامی دیکەی ئەو رێکخراوە کوژراون.
سوپای ئەمریکا دەشڵێت، ھەر لە ئۆپراسیۆنەکاندا ژمارەیەک سەرکردەی داعش لەعێراق و سوریا کوژراون.
ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە ساڵی ٢٠١٤ بە سەرۆکایەتی ئەمریکا پێکھێنرا بۆ بەرەنگاربوونەوەی گروپی تیرۆریستی داعش لە سوریا و عێراق و لە ئێستاشدا لەگەڵ ھەسەدە لە سوریا و پێشمەرگەو سوپا لە عێراق لە ھەماھەنگیدایە بۆ لەناوبردنی شانە نوستوەکانی داعش.
چاوشئۆغلو لە کۆنفرانسی رۆژنامەوانی ھەڵسەنگاندنی ساڵانەی وەزارەتەکەی رایگەیاند، گفتوگۆکانیان لەگەڵ نەتەوەیەکگرتوەکان و ئەمریکا و روسیا و عێراق و سوریا بەردەوامە و حکومەتی سوریا خواستی گەڕاندنەوەی ئاوارەکانی بۆ وڵاتەکەی ھەیە بەمەرجێک بە شێوەیەکی ئەرێنی بێت و گەرەنتی سەلامەتییان بکرێت.
وتیشی، دوای کۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگری و ھەواڵگری تورکیا و سوریا و وەزیری بەرگری روسیا لە مۆسکۆ، وەک قۆناغی دووەمی نەخشە رێگەکە پێویستە پلان دابنێن بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوە لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوە، بەڵام تا ئێستا ھیچ خشتەیەکی زەمەنی بۆ کۆبوونەوەکە و کۆبوونەوەی سەرکردەکانی ھەرسێ وڵات دانەنراوە.

وتەبێژی بانکی ناوەندی ئێران رایگەیاند، ساڵح ئابادی پارێزگاری بانکی ناوەندی لە دەرئەنجامی دابەزینی بەھای دراوی وڵات لە چەند ھەفتەی رابردوودا، دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەشکردووەو ئەنجومەنی وەزیران محەمەد رەزا فەرزینی کردۆتە بەڕێوەبەری جێبەجێکاری بانکی ناوەندی.
ھاوکات ئیبراھیم رەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا جەختی کردەوە لە گرنگی ھەماھەنگی تەواو لەگەڵ تیمی ئابوری حکومەت لە پێناو سەقامگیری بەھای دراو و ھەڵئاوسان.
بەھای تمەن لەبەرامبەر دۆلار دابەزینی مێژوویی تۆمارکردووەو سەد دۆلار بە زیاتر لە ٤٠ ملیۆن تمەن مامەڵەی پێوەدەکرێت ، سەنتەری ئاماری ئێرانیش ئاماژەی بەوەکردووە، رێژەی ھەڵئاوسان ئاستێکی پێوانەیی تۆمارکردووەو گەیشتۆتە ٦٧% بۆ خۆراک و خواردنەوەکان و توتن.
شەبنەم کورور فینجانچی تەمەن ٦٣ ساڵ کە مانگی ئەیلولی رابردوو لەسەر لێدوانێک کە داوایکردبوو لێکۆڵینەوە لە بەکارھێنانی چەکی کیمیایی لە دژی گەریلاکانی پەکەکە بکرێت دەستگیرکرا، ئەمرۆ لە دادگای ئیستەنبوڵ دووەم دانیشتنی دادگایکردنی بەڕێوەچوو، لە دادگاییەکەدا فنجانچی بە سەرۆکی دادگاکەی رایگەیاند، وەک مەترسیدارترین گومانلێکراو مامەڵەی لەگەڵ دەکەن تاکو کاریگەری لەسەر دروستبکەن.
لە کۆتایی دانیشتنەکەشدا، سەرۆکی دادگا داواکاری ئازادکردنی سەرۆکی سەندیکای پزیشکانی رەتکردەوەو رۆژی ١١ی کانونی دووەمی بۆ سێیەمین دانیشتنی دادگا دیاریکرد.
ھاوکات سەندیکای پزیشکانی تورکیا لە دەرەوەی ھۆڵی دادگاییەکە راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوەو رایگەیاند، سەرجەم ئەندامانی لیژنەی جێبەجێکاری سەندیکاکەیان کە ١١ کەسن خراونەتە ژێر لێکۆڵینەوەوە.
بەڕێوەبەری کارگێڕیی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، پەیامێکی ئاڕاستەی ھەموو ئەندام و فەرمانبەرانی ئەنجومەنەکە کرد و ئاماژەی بەوەکرد، بڕیاریانداوە بەھۆی بەرزیی ئاستی مەترسییەکانی بەھۆی چەند دۆسیەیەکی ئەمنییەوە، بەکارھێنانی تیکتۆک قەدەغە دەکرێت و پێویستە ئەپڵیکەیشنەکە لە ئامێر و تەلەفۆنی سەرجەم ئەندام و فەرمانبەرانی ئەنجومەنی نوێنەران بسڕێتەوە، ھاوکات ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران پێشنیازیانکردووە، بەکارھێنانی لە سەرتاسەری ئەمریکا قەدەغە بکرێت.
قەدەغەکردنی بەکارھێنانی تیکتۆک کە ئەپڵیکەیشنێکی چینییە، دوای زنجیرەیەک لە ھەوڵی حکومەتی فیدڕاڵیی ئەمریکا بۆ قەدەغەکردنی لە ئامێرە حکومییەکان دێت، پێشتریش دۆناڵد ترامپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا ھەوڵی کڕینەوەی کۆمپانیای خاوەنداری تیکتۆکیدا.
وەزارەتی دەرەوەی ئیتاڵیا بڵاویکردەوە، بەھۆی توتدوتیژییەکانی ئێران بەرامبەر خۆپیشاندەران، محەمەد رەزا سەبوریی باڵیۆزی ئێران لە رۆما بە وەکالەت بانگھێشتدەکەن و نیگەرانییەکانی خۆیان لەبارەی توندتیژییەکان و کوشتنی خۆپیشاندەران ئاڕاستەی ئەو وڵاتە دەکەن.
ھاوکات ئەنتۆنیۆ تاجانی وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا رایگەیاند، وڵاتەکەی رێبازێکی توندی بۆ بەرگرییکردن لە ژنان ھەیە و سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکانی ئێران قبوڵ ناکەن.
دوای سەرھەڵدانی خۆپیشاندانەکانی ئێران و رۆژھەڵاتی کوردستان، توندوتیژیی ھێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە بەرامبەر خۆپیشاندەران ناڕەزایی و کاردانەوەی نێودەوڵەتی لێکەوتەوە و چەند وڵاتێک سزایان بەسەر تاراندا سەپاند.
رێکخراوی "ئەشریفی توندوتیژی بە چەک"، ئاماری رووداوەکانی تەقەکردن و ژمارەی قوربانییەکانی ساڵی ٢٠٢٢ی لە ئەمریکا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەمساڵ زیاتر لە ٤٣ ھەزار و ٦٠٠ کەس بەھۆی رووداوەکانی تەقەکردنەوە کوژراون و ٣٧ ھەزار و ٩٠٠ کەسیش بریندار بوون.
بەپێی ئامارەکە، چوار ھەزار و ٤٠٠ منداڵ بەھۆی رووداوەکانی تەقەکردنەوە برینداربوون و زیاتر لە ھەزار و ٦٠٠ منداڵیش کوژراون.
ھەر بەپێی ئامارەکە، ئەمساڵ ژمارەی قوربانیانی رووداوەکانی تەقەکردن لە ئەمریکا، بەراورد بە دوو ساڵی رابردوو کەمیکردووە، کە ساڵی ٢٠٢١ نزیکەی ٤٥ ھەزار و ساڵی ٢٠٢٠ زیاتر لە ٤٣ ھەزار و ٧٠٠ کەس کوژراون.
ئەبو فەزڵ عەموئی وتەبێژی لیژنەکە رایگەیاند، شیکردنەوەی ئەوروپییەکان بۆ رەوشی ناوخۆی ئێران ورد نییە و وێنەیەکی ھەڵەیان دروستکردووە لەبارەی ئەوەی ئێران ئامادەیە لە دانوستانە ئەتۆمییەکاندا سازش بکات.
وتیشی، پلانی کاری ھاوبەشی گشتگیر لەنێوان ئێران و گروپی ٥+١ ھێشتا ماوە و گەڕانەوەی ئێران بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی بەندە بە رادەی جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان لە لایەن ئەمریکاوە.
کۆشکی کریملن بڵاویکردەوە، ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی روسیا بڕیاریداوە نەوت و بەرھەمە نەوتییەکان بەو وڵاتانە نەفرۆشێت، کە نرخیان بۆ نەوتی روسیا دیاریکردووە، بڕیارەکەش لە مانگی شوباتی ٢٠٢٣ دەچێتە بواری جێبەجێکردن و تا سەرەتای مانگی تەمموز بەردەوام دەبێت.
ئەو بڕیارەی سەرۆکی روسیا نرخی نەوتی خاوی برێنتی لە بازاڕەکانی جیھان بەرزکردەوە و نرخی یەک بەرمیل ٨٦ دۆلاری تێپەڕاند، بەڵام دواتر بۆ خوار ٨٤ دۆلار دابەزی.
ھەفتەی رابردوو وڵاتانی جی حەوت و یەکێتی ئەوروپا و ئوسترالیا نرخیان بۆ نەوتی روسیا لە بازاڕدا دیاریکرد و ھەر بەرمیلێکیان بە ٦٠ دۆلار دیاریکرد.
ئەنجومەنی ئاسایش لە راگەیەنراوێکدا نیگەرانی قوڵی خۆی دەربڕی لە زیادبوونی کۆت و بەندەکانی بزوتنەوەی تاڵیبان بەسەر خوێندنی کچان لە ئەفغانستان و داوایکرد زانکۆکان بکاتەوە و بەخێرایی پاشگەزبێتەوە لە سیاسەتی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەکان.
ئەنجومەنی ئاسایش ئیدانەی کۆتوبەندی سەپێنراوی سەر کارکردنی ژنانی لە رێکخراوە ناحکومییەکان کرد و ھۆشداریدا لە ئاسەواری نەرێنی ئەو ھەنگاوە لەسەر کاری رێکخراوە فریاگوزارییەکان لە وڵاتێک کە گەلەکەی پشت بە ھاوکارییەکان دەبەستێت.
ھەروەھا ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، کوتوبەندەکانی بزوتنەوەی تاڵیبانی بەسەر ژنان و کچانی ئەفغانستان بە پێشێلکارییەکی بێ پاساوی مافەکانی مرۆڤ ناوبرد و بە پێویستی زانی ھەڵبوەشێنرێنەوە.
وتیشی، لەرێگەی سەرچاوەکانیانەوە سەرقاڵی کۆکردنەوەی زانیاری ورد و بەڵگەی پێویستن لەسەر ئەو ھاوڵاتییانەی وڵاتەکەیان کە لە ئێران دەستگیرکراون و رێگەش نادەن دەسەڵاتدارانی تاران دەستگیرکردنی ئەو ھاوڵاتییانە وەک کارتی فشار لە دژی بەریتانیا بەکاربھێنن.
ھێزەکانی سوریای دیموکرات"ھەسەدە" ئاماری شەڕ و پێکدادانەکان و چالاکییەکانی خۆی لە ساڵی ٢٠٢٢ لە رۆژئاوای کوردستان بڵاوکردەوە، بەپێی راگەیەنراوەکە، لە ھێرشەکانی تورکیادا ٥٩ ھاووڵاتی کوژراون، کە ١٢ منداڵ و ٥ ژن لە ناو کوژراوەکاندان، ھەرەوەھا ٢٦٣ ھاووڵاتی برینداربوون کە ٥٩ کەسیان منداڵ و ٤٤ یان ژنن.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، ١٧٨ شەڕڤان گیانیان لەدەستداوە و ٤٤ سەربازی تورکیا و ٢٢ چەکداری گروپەکانی سەر بە تورکیا و ٣٨٧ چەکداری داعش کوژراون.
جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، بەھۆی ئەو شەپۆلی سەرما و بەفربارینەی چەند رۆژێکە ویلاتەکەی گرتووەتەوە، باری نائاساییان لە نیویۆرک راگەیاندووە، ھەروەھا ئاژانسی بەڕێوەبردنی باری لەناکاو و وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆی ئەمریکاشی بۆ ھاوکاریکردنی زیانلێکەوتووانی شەپۆلەکە راسپارد.
ھاوکات کۆشکی سپیی ئەمریکا بڵاویکردەوە، جۆ بایدن بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ کاسی ھۆکوڵ حاکمی ولایەتی نیویۆرک کردووە و ھەموو ھاوکارییەکی بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی ئەو شەپۆلی سەرمایە دەربڕیووە، کە نیویۆرکی گرتووەتەوە.
چەند رۆژێکە شەپۆلێکی سەرمای سەخت و بەفربارین دەیان ویلایەتی ئەمریکای گرتووەتەوە، بەپێی دوایین ئاماریش ٥٣ کەس گیانیان لەدەستداوە، کە زۆرینەیان لە ولایەتی نیویۆرکن.