(شیبنەم کۆرور ڤینکانسی) سەرۆکی سەندیکای پزیشکانی تورکیا دوای دەستگیرکردنی لە ٢٧ی تشرینی یەکەمی رابردوو، داوایکرد لێکۆڵینەوە بکرێت لە بەکارھێنانی چەکی کیمیایی لە دژی گەریلاکانی پەکەکە.
 ڤینکانسی ئەمرۆ بە کەلەپچەکراوی برایە ھۆڵی دادگا و لەمیانی دانیشتنی دادگاشدا جارێکی تر پێداگری لەسەر ھەڵوێستەکانی کردەوەو داوایکرد پشکنینی مەیدانی و توێکاری بۆ تەرمی ئەو گەریلایانە بکرێت کە گیانیان لەدەستداوە.

شیبنەم کۆرور ڤینکانسی تەمەن ٦٣ ساڵ و پزیشکی دادوەری وتیشی، بەسیفەتی بەرگریکار لە مافەکانی مرۆڤ، بەرپرسیارێتی بەرگریکردن لە ئازادی رادەربڕین و مافی ھاووڵاتی لە دەستکەوتنی زانیارییەکان لە ئەستۆ دەگرێت .

پارتی کرێکارانی کوردستان لە مانگی تشرینی یەکەمی رابردوودا رایگەیاند، سوپای تورکیا چەکی کیمیایی لە دژی گەریلاکانیان بەکارھێناوەو ١٧ گەریلا گیانیان لەدەستداوە.