وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن) رایگەیاند کە سەردەمی پلەبەرزکردنەوە لەسەر بنەمای رەگەز و رەچەڵەک بە تەواوی کۆتایی پێهاتووە، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ ئەو راپۆرتانەی باس لە دوورخستنەوەی ئەفسەرانی ژن و ئەفسەرانی رەشپێست لە ریزەکانی هێزی دەریایی ئەمریکا دەکەن.

نووسینگەی راگەیاندنی پنتاگۆن لە رێگەی "ئێکس"ەوە رونکردنەوەی داوە کە پێوەرەکانی لێهاتوویی، شایستەیی و ئەدا، دەبنە تاکە دیاریکەری دامەزراندن و پلەبەرزکردنەوە لە ناو دامەزراوەی سەربازیدا، و هەر جۆرە رەچاوکردنێکی ناسنامەی رەگەزی یان نەتەوەیی لە بڕیارە پیشەیییەکاندا رەتکردەوە.

نووسینگەکە جەختی لەوە کردووەتەوە کە: شایستەترین کەسەکان ئەوانەن کە پۆستەکان بەدەستدەهێنن و شایستەی پلەبەرزکردنەوەن.

ئەم کێشەیە دوای بڵاوبوونەوەی ئەو راپۆرتانە تەقییەوە کە ئاماژە بەوە دەکەن وەزیری بەرگری، پیت هێگسێت، فەرمانی کردووە بە سڕکردنی پلەبەرزکردنەوەی ژمارەیەک لە ئەفسەرانی ژن و ئەفسەرانی رەشپێست لە هێزی دەریایی ئەمریکادا.

بەپێی هەمان زانیارییەکان، زیاتر لە 60%ی ئەو ئەفسەرە باڵایانەی کە دوور خراونەتەوە، سەر بە توێژی ژنان و ئەمریکییە رەشپێستەکانن، ئەمەش شەپۆلێکی بەرفراوانی رەخنەی لە ناوەندە سەربازی و سیاسییەکاندا لێکەوتووەتەوە.