میدیاکانی ئەوروپا بڵاویانکردووەتەوە، بەھۆی خراپبوونی پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی ئەوروپا و ئێران بە تایبەتیش بەھۆی پشتیوانیکردنی ئەوروپا لە خۆپیشاندانەکانی ئەو وڵاتە و راگرتنی دانووستانە ئەتۆمییەکان، بڕیارە ئەمڕۆ وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا بۆ سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر ئێراندا، لە شاری برۆکسل کۆببنەوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنساش لەگەڵ ژمارەیەک لە کەسایەتییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران کۆبووەتەوە بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکانی ئێران و ئەو توندوتیژییانەی لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتەوە لە دژی خۆپیشاندەران بەکاردەھێنرێت.
لە بەرامبەریشدا ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، سزاکانی یەکێتی ئەوروپا ھیچ کاریگەرییەکیان لەسەر وڵاتەکەی نابێت، بەڵام لێدوانەکەی راوێژکاری ئەڵمانیا کە وتویەتی پشتیوانی لە سزادانی ئێران دەکات و کۆبوونەوەی سەرۆکی فەڕەنساش لەگەڵ نەیارانی ئێران، دوو بابەتن تاران لە بیریان ناکات و بەدەستوەردانی راستەوخۆ لە کاروباری ناوخۆی ئێرانی دەزانن.
وەزارەتی بەرگری بەریتانیا رایگەیاندووە، ئەمساڵ ٤٠ ھەزار و ٨٨٥ کۆچبەری نایاسایی کەناڵی ئینگلیزیان بەرەو بەریتانیا تێپەڕاندووە، کە زۆربەیان خەڵکی ئەلبانیا و ئێران و ئەفغانستانن، ئامارەکەش لە ساڵی رابردوو زۆر بەرزترە، بەوپێیەی لە ساڵی ٢٠٢١ زیاتر لە ٢٨ ھەزار کۆچبەر ئەو کەناڵەیان بەرەو بەریتانیا تێپەڕاندبوو.
ھەر بەپێی ئامارەکانی حکومەتی بەریتانیا، لە ساڵی ٢٠١٨ نزیکەی ٣٠٠ کۆچبەر کەناڵی ئینگلیزیان تێپەڕاندووە، لە ساڵی ٢٠١٩ ژمارەکە بۆ زیاتر لە ھەزار و ٨٠٠ کەس بەرزبووەتەوە و لە ساڵی ٢٠٢٠ گەیشتووەتە ٨٤٦٦ کۆچبەر.
ھاوکات "ریشی سوناک" سەرۆک وەزیرانی بەریتانیاش رایگەیاندووە، سەرقاڵی ئامادەکردنی پلانێکی نوێن لەگەڵ "ئیمانوێل ماکرۆن" سەرۆکی فەڕەنسا بۆ رێگریکردن لە کۆچی نایاسایی.
مەزڵوم کۆبانێ فەرماندەی گشتی ھەسەدە، ھێزەکانیان ھیچ پەیوەندییەکیان بە تەقینەوەکەی ئیستەنبوڵەوە نیە و تۆمەتبارکردنی ھێزەکانیان بە تێوەگلان لە تەقینەوەکە رەتدەکەنەوەو سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانیان و گەلی تورکیا دەکەن.
ھەروەھا ناوەندی پاراستنی گەل ھەپەگە رایگەیاند،ھیچ پەیوەندییەکی بە تەقینەوەکەی ئیستەنبوڵ نیە و ئەوان راستەوخۆ کەسانی مەدەنی ناکەنە ئامانج و ھەر چالاکییەک کەسانی مەدەنی بە ئامانج بگرێت قبوڵی ناکەن.
راشیگەیاندوە، دەوڵەتی تورکیا بۆ گۆڕینی وێنەی خۆی پیلانێکی قێزەونی ئەنجامدا و بە ئامانجگرتنی کۆبانێ نیازی پشت پیلانەکە بوو ، ھەوڵەکانیان بۆ ناساندنی ئەو کەسەی دەستگیرکراوە وەک کورد یا سوری ناتوانن راستییەکان بشارنەو ئامانجەکەیان بەدی نایەت.
ئەنجومەنی یەکێتی ئەوروپا لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، ٢٩ کەسایەتی و سێ قەوارەی ئێرانی خراونەتە لیستی سزاکانەوە، کەلە نێویاندا وەزیری ناوخۆ و تەلەفزیۆنی رەسمی ھەیە.
جۆزێب بۆرێل بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند، یەکێتی ئەوروپا ئیدانەی بەکارھێنانی توندوتیژی لە خۆپیشاندانەکانی ئێران دەکات و لە پاڵ گەلی ئێراندا دەبێت و پشتیوانی مافی خۆپیشاندانی ئاشتیانە دەکات.
ھاوکات بەریتانیا، سزای بەسەر بەرپرسانی ئێرانی تێوەگلاو لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکاندا سەپاند، لە نێو سزادراوەکانیشدا وەزیری تەکنەلۆژیا و گروپێک لە بەرپرسانی ئەمنی ھەیە.
جیمس کلیفرلی وەزیری دەرەوەی بەریتانیا رایگەیاند، لەگەڵ ھاوبەشەکانیان پەیامێکی روونیان ئاراستەی دەسەڵاتدارانی ئێران کردووەو پێویستە توندوتیژییەکان دژی خۆپیشاندەران کۆتاییان بێت و رێز لە ئازادی رادەربڕین بگیرێت.
راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکاش پێشوازی لە سزاکانی یەکێتی ئەوروپا بۆ سەر ئێران کردوو بە پێویستی سزانی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەو وڵاتە بەبێ سزا تێنەپەڕێت.
رەنج پشدەری رۆژنامەنوس لە یۆنان رایگەیاند، ژمارەیەک کۆچبەر لەکەناراوەکانی دانکیخ بەرەو بەریتانیا بەرێکەوتون، بەڵام چوپەکەیان پەکی دەکەوێت و زیاتر لە حەوت سەعات لەئاودا ماونەتەوە و داوای بەھاناوەچون دەکەن.
راشیگەیاند، ژمارەیەک کۆچبەری کورد دوای حەوت شەو مانەوەیان لەنێو ئاودا لەتورکیاوە گەیشتنە ئیتاڵیا، بەپێی وتەی کەسوکاری کۆچبەرەکان زیاتر لە ١٤ کەسیان کوردە و ژن و منداڵیشیان تێدایە و ژمارەیان ٥٥ کۆچبەرە و لە مەرمەریزەوە بەرێکەوتوون .
میدیاکانی ئەمریکا بڵاویانکردەوە، سیناتۆری دیموکراتەکان (کاترین کۆرتێز) لە ولایەتی نیڤادا سەرکەوتنی بەسەر رکابەرە کۆمارییەکەی بەدەستھێناوە، بەوەش ژمارەی کورسییەکانی دیموکراتەکان لە ئەنجومەنی پیران، بۆ ٥٠ کورسی لە کۆی ١٠٠ کورسی بەرزبووەوە و زۆرینەی ئەنجومەنەکەیان بەدەستھێنا.
کۆشکی سپی بڵاویکردەوە، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا پەیوەندی بە ھەریەکە لە (کاترین کۆرتێز) سیناتۆری دیموکراتەکان و (چاک شومەر) سەرۆکی زۆرینەی دیموکراتەکان لە ئەنجومەنی پیران کردووە و پیرۆزبایی سەرکەوتنی لێکردوون.
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکردووە، کە ھێشتا گرنگی بە پۆستی ویلایەتی جۆرجیا دەدەن، کە دیموکراتەکان ئەگەری بەدەستھێنانی ئەو ویلایەتەشیان ھەیە، بە تایبەت کە شەشی مانگی داھاتوو ھەڵبژاردنی خولی دووەم لەو ویلایەتە بەڕێوەدەچێت.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بڵاویکردەوە، ئەنتۆنی بلینکن و دیمیتری کۆلیبا وەزیری دەرەوەی ئۆکراین کۆبوونەتەوە و بلینکن جارێکیتر جەختیکردووەتەوە کە دیاریکردنی وادە و ناوەڕۆکی ھەر دانوستانێک لە دەست ئۆکرایندایە و دەرفەت بۆ ئۆکراین رەخساوە بڕیار لەبارەی دیاریکردنی وادەیەک بۆ دانوستان لەگەڵ روسیا بدات.
پێشتر جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، پێویستە جەنگ لە ئۆکراین بە گەیشتن بە رێککەوتن کۆتایی بێت، ھاوکات میدیاکانی ئەمریکا ئاماژەیان بەوەکرد، بە فشاری ئەمریکا سەرۆکی ئۆکراین مەرجەکانی دانوستانی لەگەڵ روسیا کەمکردووەتەوە.
ناتانیاھۆ ٢٨ رۆژ وادەی بۆ دانراوە تاوەکو حکومەت پێکبھێنێت و ئەگەر پێویستیشی کرد، کاتەکە بۆ ماوەی ١٤ رۆژی دیکە درێژ دەکرێتەوە.
راشیگەیاند، حکومەتی نوێ دەبێت حکومەتێکی بەھێز و سەقامگیر بێت و خزمەتی ھەموو ئیسرائیلییەکان بکات ھەروھا جەختی لەوەشکردەوە، بە ھەموو شێوەیەک رێگری لە پێشێلکارییەکانی ئێران لە ناوچەکە دەکەن.
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا لە دوای تەقینەوەکەی شەقامی ئیستیقلال لە ناوچەی تەقسیم لە ئیستەنبوڵ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە تەقینەوەکەدا شەش کەس کوژران و ٥٣ کەسیش برینداربوون، بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانیش ژنێک رۆڵی لە تەقینەوەکەدا ھەیە، بەڵام لە داھاتوویەکی نزیکدا ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە دەدۆزنەوە و بە سزایان دەگەیەنن.
ئەردۆغان وتیشی، تائێستا دڵنیا نین تەقینەوەکە تیرۆریستی بووبێت و بۆئەوەش چاوەڕوانی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دەکەن.
لە درێژی خۆپیشاندانەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان و ئێران دژی گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی و رەوشی وڵاتەکە، شەوی رابردوو لە شارەکانی سنە و مھاباد و بۆکان و سەقز و خوڕەم ئاوا و تاران و چەند شارێکی تر خۆپیشاندان بەڕێوەچوو و خەڵک بە ئاگرکردنەوە لەسەر شەقامەکان ناڕەزاییان دەربڕی و دروشمەکانی دژی حکومەتیان وتەوە.
بەپێی ھەندێک لە راپۆرتەکان لە خۆپیشاندانەکانی رۆژی ھەینی شاری زاھیدان لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان گرژی و ئاڵۆزیی لە نێوان ھێزە ئەمنییەکان و خۆپیشاندەران دروستبووە و دوو گەنجی تەمەن ٢٠ ساڵ و ٢٥ ساڵ بە تەقەی ھێزە ئەمنییەکان کوژراون.
وەک کاردانەوەیەک، رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە راگەیەنراوێکدا داوای لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد، بە زووترین کات لێکۆڵینەوە لە توندوتیژییەکانی ئێران بەرامبەر خۆپیشاندەران بکات.
رۆژی ھەینی ئەڵمانیا نامەیەکی ئاڕاستەی ئەنجومەکە کرد و داوایکرد کۆبوونەوەیەکی تایبەت ئەنجامبدات بۆ گفتوگۆکردن سەبارەت خراپی رەوشی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران بە گشتی و رەوشی ژنان و منداڵان بە تایبەت.
کۆبوونەوەی ئەنجومەنەکە پێویستی بە دەنگی یەک لەسەر سێی ٤٧ ئەندامەکەیەتی و ئەڵمانیاش لە نامەکەیدا ئاماژەی بە کۆکردنەوەی دەنگی پێویست بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەکە کردووە.
ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا لە بەرامبەر بەکارھێنانی توندوتیژی لە دژی خۆپیشاندەران چەندین سزایان بەسەر بەرپرسانی ئێراندا سەپاندووە و لەماوەی رابردووشدا داواکرا ئێران لە ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتوەکان دەربکرێت.
جەیک سۆلیڤان راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا رایگەیاند، ھەفتەی داھاتوو لە پەراوێزی لوتکەی گروپی ٢٠ کە لە ئیندۆنیزیا بەڕێوەدەچێت، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا و شی جینپینگ سەرۆکی چین لە دورگەی بالی ئەو وڵاتە کۆدەبنەوە بایدن بە سەرۆکی چین دەڵێت دەتوانێت رۆڵی گەورەی ھەبێت لە روبەڕوبوونەوەی مەترسییەکانی تاقیکردنەوە موشەکییەکان و بەرنامە ئەتۆمییەکەی کۆریای باکور.
وتیشی، پەرەپێدانی موشەکی بالیستی و چەکی ئەتۆمی لەلایەن کۆریای باکوورەوە تەوەری سەرەکی گفتوگۆکانی نێوان ھەردوو سەرۆکی ئەمریکا و چین دەبێت، چونکە کۆریای باکوور تەنھا مەترسییە نییە بۆ ئەمریکا، بەڵکو ھەڕەشەیە لەسەر ئاسایش و ئارامی تەواوی وڵاتانی جیھان.
وەزارەتی دەرەوەی روسیا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، لەوەڵامی ئەو سزایانەی واشنتۆن بەسەر مۆسکۆدا سەپاندویەتی، سزایان بەسەر ٢٠٠ ھاوڵاتی ئەمریکیدا سەپاندووە کە چیتر رێگەیان پێنادرێت سەردانی روسیا بکەن و براکانی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکاش لەناو ئەو کەسانەدا کە سزاکە دەیانگرێتەوە.
راشیگەیاندووە، (کارین جان بیێر) وتەبێژی کۆشکی سپیش لەناو ھاوڵاتییە سزادراوەکانی ئەمریکادایە و رێگەی پێنادرێت سەردانی روسیا بکات.
تۆبیاس بیلسترۆم وەزیری دەرەوەی سوید رایگەیاند، حکومەت و ھەموو لایەنە سیاسییەکانی سودیش بە درێژایی مێژوو دژی چەکی ئەتۆمی بوون و ھەمیشە لەو بەرەیەدا بوون کە دژی وڵاتانی خاوەن چەکی ئەتۆمین و ھیچ کاتێکیش دەستبەرداری ئەو بنەمایە نابن، بۆیە ئەگەر وڵاتەکەیان بێتە ئەندامی رێکخراوی پەیمانی باکوری ئەتڵەسی ناتۆش، رێگە نادەن چەکی ئەتۆمی لەسەر خاکی سوید جێگیر بکرێت.
ئەو وتانەی وەزیری دەرەوەی سوید دوای ئەوە دێت کە رۆژنامەیەکی ئەو وڵاتە بڵاویکردبووەوە، بەپێی ئەو بەرنامەیەی دانراوە، دوای بوون بەئەندامی ناتۆ، چەکی ئەتۆمی لە خاکی سوید جێگیر دەکرێت.
رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە دوایین راپۆرتیدا سەبارەت بە ژمارەی دانیشتووانی جیھان رایگەیاندووە، تاوەکو ١٥ی ئەم مانگە ژمارەکە دەگاتە ھەشت ملیار کەس.
ئاماژە بەوەشکراوە، ساڵی ٢٠٣٠ ژمارەی دانیشتووانی جیھان دەگاتە نزیکەی ٨.٥ ملیار کەس و لە ساڵی ٢٠٥٠ش ئەو ژمارەیە بۆ ٩.٧ ملیار کەس بەرزدەبێتەوە، پێشبینیش دەکرێت لە ساڵی ٢٠٨٠دا ژمارەی دانیشتووانی سەر زەوی بۆ ١٠.٤ ملیار کەس بەرزببێتەوە و تاوەکو ساڵی ٢١٠٠ش لەو ئاستەدا بمێنێتەوە.
لە ئەمریکاش رەوشی لە ناکاوی کۆرۆنا کە لە مانگی کانونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٠ەوە راگەیەنراوە درێژەی ھەیە و تا مانگی نیسانی داھاتوو ملیۆنان ئەمریکی دەتوانن بێ بەرامبەر پشکنین بکەن و ڤاکسین وەربگرن.
دەسەڵاتدارانی چین بڵاویانکردەوە، رۆژی پێنجشەممە ١٠ ھەزار و ٥٣٥ حاڵەتی نوێی توشبوون بە کۆرۆنا لە ناوخۆی وڵات تۆمارکراوە، کە بەرزترین رێژەیە لە دوای ٢٩ی نیسان کە لەو کاتەدا بەھۆی تەشەنەکردنی ڤایرۆسەکەوە ناوەندی بازرگانی شەنگەھای داخرا.
ھەرچەندە بە پێی پێوەرە تەندروستییەکان بەراورد بە رێژەی دانیشتوانی چین کە ملیارێک و ٤٠٠ ملیۆن کەسە، ژمارەی توشبووان کەمە، بەڵام دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە پرۆسەکانی داخستن و کۆتوبەندەکانیان بۆ رێگری لە تەشەنەکردنی ڤایرۆسەکە چڕکردۆتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ماوەی کەرەنتینەیان لە ١٠ رۆژەوە بۆ ٨ رۆژ کەمکردەوە.