ئاژانسی سی سی تیڤی رەسمی چین بڵاویکردووەتەوە، شی جین بینگ سەرۆکی ئەو وڵاتە لە سەردانێکیدا بۆ بنکەیەکی سەربازیی دەریایی لە باشووری وڵاتەکەی کە سەرقاڵی مانۆڕی سەربازین لە ئاوەکانی نزیکی تایوان لە وتارێکدا رایگەیاند، چین رووبەڕووی ھەڕەشە و مەترسییەکی گەورەو راستەقینەی شەڕ بووەتەوە و پێویستیان بە ئامادەکارییەکی زۆری سەربازیی ھەیە بۆ رووبەڕوبوونەوەی مەترسییەکان.
سەرۆکی چین داواشی لە ھێزە وشکانی و دەریایی و ئاسمانییەکانی وڵاتەکەی کرد وەک ئەوەی خۆیان بۆ شەڕێکی راستەقینە ئامادە بکەن، مەشق و راھێنان بکەن، بەڵام شێوەیەک نەبنە ھۆی پێشێلکردنی سەروەری خاکی وڵاتانی دراوسێیان.
ڤێدانت پاتێل، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە ھێرشەکەی حەوتی ئەم مانگەدا بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی، ھیچ ئەمریکییەک زیانی پێنەگەیشتووە، بەڵام دژی ھەموو ھەنگاوێکن کە ھەڕەشە لەسەر ئەمنییەت و سەلامەتی ئەمریکییەکان دروستدەکات.
وتیشی، وەزارەتی بەرگری ئەمریکا لێکۆڵینەوە لە ھێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی دەکات و جەختدەکەنەوە لەوەی، دەبێت رێز لە سەروەری و سەلامەتی خاکی عێراق بگیرێت.
ئەو لێپرسراوە ئەمریکییە ئاماژەی بەوەشکرد، ھێزەکانی ئەمریکا بۆ پشتیوانی ھاوپەیمانەکانیان بۆ روبەڕوبوونەوەی تیرۆریستانی داعش لە عێراق و سوریان، لەناوبردنی داعشیش لە ناوچەکە کاری لەپێشینەی ئەمریکایە.
فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا، لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، موشەکێک ئاڕاستەی ناوەندی پشتیوانی کێڵگەی غازی کۆنیکۆ لە پارێزگای دێرەزوور کراوە و موشەکێکیش لە شوێنی ئەنجامدانی ھێرشەکە دۆزراوەتەوە، ئاماژەی بەوەشکردووە، ھێرشەکە ھیچ زیانێکی گیانی و ماددی نەبووە.
ھاوکات ھێزەکانی سوریای دیموکرات ھەسەدە، دوای ھێرشەکە ھەڵمەتێکیان لە ناوچەکەدا دەستپێکردووە و تەواوی رێگەکانی ناوچەکەیان داخستووە.
ھەرچەندە تائێستا ھیچ گروپ و لایەنێک بەپرسیارێتی ھێرشەکەی لەئەستۆ نەگرتووە، بەڵام گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران بە ئەنجامدانی ھێرشەکە تۆمەتبار دەکرێن.
بەپێی زانیارییەکان، بنکە سەربازییەکەی ئەمریکا گەورەترین بنکەی سەربازییە لە سوریا کە لەناو کێڵگەی غازی کۆنیکۆدایە و بەردەوام چاودێری ورد دەکرێت.
ئەمڕۆ دادگای دەستوری تورکیا سەبارەت بە دۆسیەی داخستنی ھەدەپە کۆبووەوە، بەڵام بەھۆی ئەوەی ھەدەپە بەرگری زارەکی لەخۆی نەکرد و لە دانیشتنەکە ئامادەنەبوو، دەستەی گشتی دادگاکە بڕیاریدا راپۆرتنوس لە میانی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکەدا، راپۆرتێک ئامادەبکات.
پارتی دیموکراتی گەلان ھەدەپە رایگەیاند، دۆسیەی داخستنی پارتەکەیان بەپاساوی سیاسی کراوەتەوە و بە دەستوەردانی سیاسی بەڕێوەدەچێت و داواکارییەکانیان بۆ دواخستنی دۆسیەی داخستنی پارتەکەیان بۆ دوای ھەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکایەتیی تورکیا کە ١٤ی ئایار بەڕێوەدەچێت، بە پاساوی جیاجیا لەلایەن دادگای دەستوورییەوە رەتکراوەتەوە، لەبەرامبەر رەتکردنەوەی داواکارییەکانیان، پارتەکەیان بەشداری لە دانیشتنی مافی بەرگریی لەخۆکردنی زارەکی نەکرد.
پارتی دادوگەشەپێدان رایگەیاند، لە رۆژی سێ شەممە ١١/ی نیسانەوە، ھەڵمەتی بانگەشەی ھەڵبژاردن بۆ ھەڵبژاردنە سەرۆکایەتی و پەرلەمانییەکەی تورکیا دەستیپێکردووە کە بڕیارە ١٤ی ئایاری داھاتوو بەڕێوەبچێت و ئەگەر لە قۆناغی یەکەمیشدا ھیچ کاندیدێک زیاتر لە ٥٠٪ی دەنگەکانی بەدەست نەھێنێت، لە دوای دوو ھەفتە و لە ٢٥ی ئایار خولی دووەمی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی ئەنجام دەدرێتەوە.
بەپێی میدیاکانی تورکیاش پێشبینی دەکرێت، ئەردۆغان لەم ھەڵبژاردنە روبەڕوی ئاستەنگ و کێبڕکێی توندی رکابەرەکانی ببێتەوە کە ٢٠ ساڵە کەسی یەکەمی سیاسەتی تورکیا و بەپێی راپرسییەکانیش ئاستە جەماوەرییەکەی زۆر کەمبووەتەوە.
کۆمیسیۆنی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کارەباری پەنابەران رایگەیاند، لەسەرەتای سەرھەڵدانی ھێرش و بۆردومانەکانی سوپا و فڕۆکە جەنگییەکانی روسیا بۆ سەر شار و ناوچەکانی ئۆکراین، تا نۆی ئەم مانگە ھەشت ھەزار و ٤٩٠ ھاووڵاتی مەدەنی ئۆکراین کوژران و ١٤ ھەزار و ٢٤٤ ھاوڵاتی مەدەنی تریش برینداربوون، زۆربەی ئەو کوژراوانەشی تۆمارکراون لەو ناوچانەن کە تائێستاش لە ژێردەسەڵاتی حکومەتی ئۆکراینن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، پێشبینی دەکەن ئەو ژمارانەش زۆر ورد نەبن و ژمارەیەکی زۆر زیاتری کوژران و برینداربوونی ھاوڵاتیانی مەدەنی ھەبێت کە تۆمار نەکراون، بەتایبەتیش لەو ناوچانەی ئۆکراین کە لەلایەن روسیاوە داگیرکراون و رێگەش بە ھیچ کەس و تیمێک نادەن سەردانی ئەو ناوچانە بکات بۆ کۆکردنەوەی زانیاری و بەڵگەکان.
رێکخراوی "ئەلارم فۆن" کە لە ھەڵمەتەکانی رزگارکردنی کۆچبەران لە دەریای ناوەڕاست کار دەکات بڵاویکردەوە، کەشتییەک کە نزیکەی ٤٠٠ کۆچبەری ھەڵگرتووە، رێگەکەی لەنێوان ماڵتا و لیبیا ونکردووە و ئاویشی تێچووە. راشیگەیاند، پەیوەندییان لە کەشتییەکەوە بۆ چووە سەرنشینەکانی دووچاری ترس بوون و بەشێکیشیان پێویستیان بە ھاوکاری تەندروستییە.
رێکخراوی "سی وۆچ ئینتەرناشناڵ" کە رێکخراوێکی ناحکومی ئەڵمانییە رایگەیاندووە، ھەڵمەتێک بۆ رزگارکردنی ئەو بەلەم و کەشتییانە دەستپێدەکەن کە لە دەریادا دووچاری کێشە بوونەتەوە، لەنێویاندا ئەو کەشتییەی کە رێکخراوی "ئەلارم فۆن" باسی کردووە.
لە لایەکی دیکەوە، بەلەمێک لەنێوان تونس و ئیتاڵیا بە ٤٠ کۆچبەرەوە نقوم بووە و بەھۆیەوە دوو کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە و ٢٠ی دیکە بێسەروشوێن بوون، ٢٢ کەسیشیان رزگارکراون.
بەپێی ئامارێکی رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ساڵی ٢٠٢٢، ھەزار و ٤١٧ کۆچبەر لە دەریای ناوەڕاست بێسەروشوێن بوون، کە یەکێکە لە مەترسیدارترین رێگەکانی کۆچکردن لە جیھاندا.
سوپای چین بڵاویکردەوە، مانۆڕەکە ھۆشدارییەکی جدییە بۆ جودایخوازانی تایوان، بەھۆی ئەوەی دەستیان لەگەڵ وڵاتانی تر تێکەڵکردووە، مانۆڕەکەشی بە گرنگ بۆ سەروەری خاکی وڵاتەکە وەسفکردووە.
چین راشیگەیاندووە، فڕۆکەیەکیان کە چەک و تەقەمەنی پێبوە لە نزیک تایوان تاقیکردنەوەی کردووە، ھەروەھا فڕۆکەھەڵگری "شاندونگ" لە مانۆڕەکە لە نزیک گەرووی تایوان بەشداریپێکراوە.
وەزارەتی بەرگری تایوانیش لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، چین سەردانەکەی سەرۆکی تایوان بۆ ئەمریکا بە ھۆکارێک دەزانێت بۆ دەستپێکردنی مانۆڕە سەربازییەکەی، کە ئەو مانۆڕە مەترسی بە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە دەگەیەنێت. راشیگەیاند، سوپای تایوان بە داناییەوە وەڵام دەداتەوە و ١١ کەشتی جەنگی و ٥٩ فڕۆکەی جەنگیان لە دەوروبەری گەرووەکە بینیوە.
ھاوکات دەریاوانی ئەمریکا بڵاویکردووەتەوە، کەشتی جەنگی "میلیوس" کە مووشەکی ھەڵگرتووە، بەرەو دەریای باشوری چین رۆشتووە، کە چین داوای سەروەرییەکەی دەکات.
ئاژانسی ھەواڵی "فارس" لەزاری "عەلی رەزا عنیاتی" یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئێرانەوە گواستییەوە، بەپێی رێککەوتنی گواستنەوەی ئاسمانی، بڕیاردراوە گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان ئێران و سعودیە دەستپێبکاتەوە، ئەوەش لە چوارچێوەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ھەردوو وڵات، کە ماوەی حەوت ساڵ بوو راگیرابوو.
پێشتریش وەفدێکی تەکنیکی سعودی گەیشتە ئێران بۆ ئامادەکاری بۆ کردنەوەی باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەکانی سعودیە لە تاران و مەشھەد. بڕیارە سبەینێش وەفدێکی تەکنیکی ئێران بچنە سعودیە، بۆ ھەمان مەبەست.
ئیران و سعودیە لە ١٠ی ئاداری ئەمساڵ بە نێوەندگیری سەرۆکی چین رێککەوتن لەسەر دەستپێکردنەوەی دانوستان و پەیوەندییە دیبلۆماسییەکان و کردنەوەی باڵیۆزخانەکانیان لە ماوەی دوو مانگدا.
سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی میعراج ٥٣٢یان بە سەرکەوتوویی تاقیکردووەتەوە کە توانی بڕینی ٤٥٠ کیلۆمەتری ھەیەو لە ماوەی سێ سەعاتیشدا ١٢ ھەزار پێ بەرزدەبێتەوە و توانایەکی زۆر وردیشی ھەیە لە پێکانی ئەو ئامانجانەی بۆی دیاری دەکرێن.
راشیگەیاندووە، یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی فڕۆکەی بێڕۆکەوانی میعراج ٥٣٢ ئەوەیە کە لەسەر بنکەیەکی جێگیرکراوی سەر بارھەڵگرێکی بچوک توانای ھەڵفڕین و نیشتنەوەشی ھەیە کە لەلایەن رێکخراوی توێژینەوە و توانای خودبژێوی سەر بە سوپای پاسدارانەوە بەرھەمھێنراوە.
ھەریەکە لە پارتی گەلی کۆماری و سەعادەت و ئایندە و دیموکراسی و پێشکەوتن و پارتی دیموکراتی بڕیاریاندا بە یەک لیست بەشداری ھەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا بکەن پارتی باشی نەتەوەیش بڕیاریداوە بە لیستێکی سەربەخۆ بەشدار بێت.
دیاترین کاندیدیش لە لیستەکاندا مستەفا سارگیول سەرۆکی پارتی گۆڕانی تورکیایە کە ریزبەندی یەکەمی لیستی کاندیدانی گرتووە لە ئیرزینجان شوێنی لەدایکبوونی خۆی.
بە پێی یاسای ھەڵبژاردن ھەریەکە لە ئەنقەرە و ئیستەنبوڵ کراون بە سێ بازنەی ھەڵبژاردن و ھەر بازنەیەکیش زیاتر لە ١٨ پەرلەمانتاری ھەیە ، بۆرسا و ئیزمیریش کراون بە دوو بازنەی ھەڵبژاردن، ویلایەتەکانی تریش ھەریەکەی بازنەیەکە لەبەرئەوەی ١٨ پەرلەمانتار کەمتریان ھەیە.
پشکی ئەنقەرە بە ٣٦ پەرلەمانتارو ئیستەنبوڵ ٩٨ و ئیزمیر ٢٨ و بۆرسا٢٠ پەرلەمانتار دیاریکراوە.
ھەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا پشت بە سیستمی ھۆندت بۆ نوێنەرایەتی رێژەیی دەبەستێت، ھەر پارتێک ئەگەر بەتەنھا بەشداری ھەڵبژاردن بکات دەبێت بەربەستی ٧٪ی ھەڵبژاردن تێپەڕێنێت ئەو کات دەتوانێت بگاتە پەرلەمان.
ئاژانسی میزانی، سەر بە دەسەڵاتی دادوەریی ئێران بڵاویکردەوە، بە ئامانجی وەستانی بەرەنگاربوونەوەی یاسای باڵاپۆشی، کامێرای چاودێریی لە شەقام و شوێنە گشتییەکان جێگیر دەکەن، بۆ تۆمارکردنی دیمەنی ئەو کچ و ژنانەی، پابەندنی یاسای باڵاپۆشی نابن.
ھەروەھا پۆلیسی ئێران رایگەیاند، ئەو ژنانەی پابەندنی یاسای باڵاپۆشی نابن، رووبەڕووی سزا دەبنەوە.
ئەو رێکارەی دەسەڵاتی ئێران لەکاتێکدایە، پێش دوو مانگ نوسینگەی داواکاری گشتیی ئێران، فەرمانێکی ئاڕاستەی پۆلیسی وڵاتەکەی کرد و داوای دەستگیرکردنی ئەو ژنانەی کرد، کە پابەندی یاسای باڵاپۆشی نابن.
شەپۆلێکی بەفربارین ھەرێمی کیبیک و ئۆنتاریۆی لە کەنەدا گرتەوە، کە باران بارین و بایەکی بەھێزی لەگەڵدا بوو، بەھۆیەوە دوو کەس گیانیانلەدەستداوە و چەندین درەختی گەورە کەروتوون و کارەبای زیاتر لە یەک ملیۆن کەسیش پچڕاوە.
بەپێی ئامارەکان، لە ھەرێمی کیبیک کارەبا لە نزیکەی یەک ملیۆن ماڵ و و لە ھەرێمی ئۆنتاریۆ نزیکەی ١١٠ ھەزار ماڵ بێ کارەبا بوون.
ئەو دوو ھەرێمەی کەنەدا کە شەپۆلی بەفربارین گرتوویەتیەوە، زیاتر لە نیوەی دانیشتووانی کەنەدا پێکدەھێنن کە ژمارەیان نزیکەی ٣٩ ملیۆن کەس دەبێت.
جاستن ترۆدۆ سەرۆک وەزیرانی کەنەداش پێشنیاری پێشکەش کردنی ھاوکاری کردووە بۆ ھەر کەسێک، کە پێویستی بێت.
رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان "فاو" رایگەیاند، نرخی خۆراک لە جیھاندا کە ھێشتا بە بەرز دادەنرێت، بۆ دوانزەیەمین مانگ لەسەر یەک دابەزی، بەڕێژەی ٢٠.٥٪ بۆ مانگی ئادار، بە بەراورد بە ھەمان ماوەی ساڵی رابردوو، کە جەنگی ئۆکراین لە لوتکەدا بوو.
رێکخراوی فاو راشیگەیاند، بەردەستی ھەموو پێداویستییەکان و کەمبوونەوەی خواست لەسەر ھاوردە و درێژکردنەوەی دەستپێشخەری سەبارەت بە دانەوێڵە لە دەریای رەش، ھۆکارن بۆ دابەزینی نرخی خۆراک، بەڵام ھێشتا نرخەکان بارگرانین بۆ ئەو وڵاتانەی ئابورییەکانیان باش نییە.
ئاژانسی ھەواڵی فەرمی ئێران ئێرنا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ ئەمیر حسێن عەبدوڵاھیان، وەزیری دەرەوەی ئێران و ئەمیر فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعودیە لە پەکینی پایتەختی چین کۆبوونەوە، ئامانجی کۆبوونەوەکەش جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەی مانگی رابردووی نێوان ھەردوو وڵات بووە.
بەگوێرەی رێککەوتنی نێوان ئێران و سعودیە پێویستە لە ماوەی دوو مانگدا پەیوەندییە سیاسییەکان ئاسایی بکرێنەوە و باڵیۆزی ھەردوو وڵات بچنەوە تاران و ریاز، لە ھەنگاوی داھاتووشدا رێککەوتنەکانی پێشووتری نێوان ئێران و سعودیە کارا دەکرێنەوە.
لە رێککەوتنامەکەی نێوان تاران و ریازدا ھاتووە، دەبێت ھەردوو وڵات رێز لە سەروەری یەکتری بگرن و دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆیی یەکتردا نەکەن، ھەروەھا رێککەوتنەکانی پێشووتریان لە بوارەکانی ئەمنی، بازرگانی، ئابوری، وەبەرھێنان و کاری پێکەوەییدا کارا دەکەنەوە.
ئاژانسی ھەواڵی ناوەندی کۆریا بڵاویکردەوە، کۆریای باکور ئەمریکا و کۆریای باشوری تۆمەتبار کردووە بە پەسەرەسەندنی ئاڵۆزییەکان تا ئاستی لێواری جەنگی ئەتۆمی، ئەوەش بەھۆی ئەو مانۆڕە سەربازییە ھاوبەشەی کە ھەردوو وڵات لە نزیک نیمچە دوورگەی کۆریا بە بەکارھێنانی فڕۆکەی ستراتیژی و ھاوەنی ئەنجامی دەدەن.
داواشی کردووە کۆمەڵی نێودەوڵەتی ئەو ھەورە رەشە ئەتۆمییەی کە باڵی بەسەر نیمچە دوورگەی کۆریا کێشاوە، بەزووترین کات لاببەن.
لێپرسراوانی کۆریای باشور و ئەمریکا لەسەرەتاکانی ساڵی ٢٠٢٢ەوە ھۆشداری دەدەن لەوەی کۆریای باکور رەنگە تاقیکردنەوەی حەوتەمی ئەتۆمی ئەنجام بدات، بۆ روبەڕوبوونەوەی ئەو مەترسییەش ھەردوو وڵات کار دەکەن لەسەر پتەوکردنی توانا سەربازییەکانیان.