تەلەفزیۆنی رەسمی ئێران بڵاویکردەوە، فائیزە رەفسنجانی کە بەتۆمەتی ھاندانی توندوتیژی و خۆپیشاندان لە زینداندایە، بە تۆمەتێکی تری ھاوشێوە سزای پێنج ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنراوە .
فائیزە رەفسنجانی بە رەخنەگرێکی توند لە سیاسەتەکانی حکومەتی ئێران لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە دادەنرێت و یەکێک بووە لەو کەسانەی دژی لابردنی سوپای پاسدران بووە لە لیستی سزاکانی ئەمریکا.
فائیزە رەفسنجانی راشیگەیاندوە، گومانێکی جدی ھەیە لەسەر تواناکانی ئیبراھیم رەئیسی سەرۆک کۆمار لە بەڕێوەبردنی دەسەڵاتی جێبەجێکار.
رۆژنامەکە لە زاری بەرپرسێکی دیبلۆماسی رۆژئاواوە گواستییەوە، ئەمریکا بە نیازە بە ناردنی بەرپرسێکی باڵای وڵاتەکەی نێوەندگیری بکات لە نێوان ھەسەدە و تورکیا، پێش ئەوەی تورکیا ئەو ئۆپراسیۆنە سەربازیەی دەستپێبکات کە بریارە پێش ھەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی تورکیا لە نیوەی ئەمساڵدا لە ناوچە سنورییەکانی تورکیا- سوریا ئەنجامی بدات .
ئەنقەرە داوا لە روسیا و واشنتۆن دەکات پابەندبن بە رێککەوتنی ٢٠١٩ی تایبەت بە کشانەوەی ھەسەدە بە قوڵای ٣٠ کیلۆمەتر لە سنوری تورکیا -سوریا، بەڵام ھەسەدە جەختدەکاتەوە کە ھێزەکانی ئاسایش ناکشێنێتەوە.
سەرچاوەیەکی دیکەی دیبلۆماسی دەڵێت، ئەنقەرە خۆشحاڵ نییە بە دزەکردنی زانیارییەکانی کۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگری سوریا و تورکیا لە مۆسکۆ لەبارەی رەزامەندی ئەنقەرە بۆ کشانەوەی تەواوەتی لە باکوری سوریا.
لە کۆبوونەوەکەدا، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی تاوتوێی درێژکردنەوەی گەیاندنی ھاوکارییەکان لەڕێی دەروازەی "بابلھەوا" بۆ باکوری خۆرئاوای سوریا کە لەژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆندایە تا ١٠ی تەمووزی داھاتوو دەکات، بەوەش گەیاندنی ھاوکارییەکان بۆ چوار ملیۆن و ١٠٠ ھەزار کەس لەو ناوچانە بەردەوام دەبێت.
چاوەڕوان دەکرێت روسیا لەو کۆبوونەوەیەدا دژی بڕیارەکە دەنگبدات، چونکە چەندین جار جەختی کردووەتەوە لەوەی گەیاندنی ئەو ھاوکارییانە کە لەساڵی ٢٠١٤ەوە دەستیپێکردووە دەبێت بۆ ماوەیەکی کاتی بێت، ئێستاش دەیەوێت ھاوکارییەکان لەڕێی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی سوریاوە بگەیەندرێن نەک تورکیا.
ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنفڕانسی رۆژنامەوانی ھەفتانەیدا و لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێری کوردسات نیوزدا لەبارەی کۆنتڕۆڵکردنی سنورەکان لەلایەن عێراقەوە رایگەیاند، چاوەڕوانن حکومەتی عێراق بەرپرسیارێتی خۆی لە کۆنتڕۆڵکردنی خاڵە سنورییەکان جێبەجێ بکات و بەپێی ئەو راپۆرتانەش بەدەستیان گەیشتووە، ھەنگاوی باش لەو بوارەدا نراوە، بەڵام ئێران خوازیاری ھەنگاوی زیاترە و دەیەوێت سنورەکان بە تەواوەتی کۆنتڕۆڵ بکرێن.
وتیشی کوماری ئیسلامی ئیران پەیوەندییەکی مێژوویی لەگەڵ بەرپرسان و کەسایەتییەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق ھەیە و ئامادەی ھەرجۆرە ھاوکارییەکن بۆ لێکنزیککردنەوەی ھەولێر و بەغداد و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەختیکردەوە، بڕوای تەواویان بە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری عێراق ھەیە.
یەنس ستۆڵتنبێرگ سکرتێری گشتی رێکخراوی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) رایگەیاند، لەماوەی ئەمساڵدا سەرجەم رێکارە رەسمی و یاساییەکانی بە ئەندامبوونی سوید و فینلەندا لە ناتۆ تەواو دەکرێن و لە کۆتایی مانگەکانی ئەمساڵیشدا ئەو دوو وڵاتە بە رەسمی دەبنە ئەندامی نوێی ناتۆ، بەتایبەتیش دوای ئەوەی سوید و فینلەندا مەرجەکانی تورکیا و رێکەوتنەکانیان لەگەڵ ئەو وڵاتە بە تەواوی جێبەجێکردووە.
ئۆڵف کریسترسۆن سەرۆک وەزیرانی سویدیش رایگەیاند، تورکیا ئاستەنگی زۆر دروست دەکات و تەنھا بۆئەوەی کێشە بۆ ئەندامبوونیان لە ناتۆ دروست بکات، ھەندێک مەرج و داواکاری ھەیە کە بەھیچ وڵاتێک جێبەجێ ناکرێت.
سوپای ئۆکراین رایگەیاند، لە ماوەی ٢٤ سەعاتی رابردوودا زیاتر لە ٢٧ ھێرشی موشەکی و ئاسمانیان بۆسەر پێگە کاتییەکانی روسیا لە ئۆکراین ئەنجامداوە و سوپای روسیان ناچارکردوە لە ھەردوو شارەکانی زابۆریژیا و خیرسون تەنھا لە حاڵەتی بەرگریدا بمێنێتەوەو نەتوانن ھیچ ھێرشێک ئەنجامبدەن.
وەزارەتی بەرگری بەریتانیاش رایگەیاند، لە ماوەی رابردوودا سوپای روسیا موشەکی دوورمەودای جۆری " سۆخۆی فیلۆن" لە ئۆکراین بەکارھێناوە، ئەوەش رەوشەکە مەترسیدارتر دەکات.
دوێنێ وەزارەتی بەرگری روسیا رایگەیاند، لە تۆڵەی کوژرانی ٨٦ سەربازیان لە شەوی سەرساڵدا لە لایەن سوپای ئۆکراین، بۆردوومانێکی مووشەکیان کردووەتەوە سەر سوپای ئۆکراین لە شاری کراماتورسک زیاتر لە ٦٠٠ سەربازیا کوشتوە، دەسەڵاتدارانی ئۆکراینیش ھەواڵەکەیان رەتکردەوە.
ھێزەکانی سوریای دیموکرات رایگەیاند، لە چوارچێوەی ئۆپراسیۆنی "رەشەبای جزیرە" دژی شانە نوستووەکانی تیرۆریستانی داعش لە ناوچەکانی باکور و خۆرھەڵاتی سوریا، دەستیان بەسەر کۆگایەکی گەورەی چەک و کەلوپەلی سەربازی گرتووە، کە تەقەمەنی و پشتێنی بۆمبڕێژکراو و بۆمبی تەوقیتکراو و چەک و چەندین کەلوپەلی تری تێدا بووە.
راشیانگەیاند، ئەو کۆگایە لە گوندی قەیرەوان بووە لە ریفی تەلحمیس و ئەمە دووەمین جارە کە کۆگای چەک و تەقەمەنی لەو گوندە دەدۆزنەوە.
ھاوکات ھەر لەو گوندە و لە چوارچێوەی ئۆپراسیۆنەکەدا، سێ تیرۆریستی داعش دەستگیرکراون، کە ساڵی رابردوو بەشدارییان کردبوو لە پەلاماردانی گرتووخانەی "سناعە" لە شاری حەسەکە.
میدیای ئێران بڵاویکردەوە، لەسەر رێگای ئەردەبیل-کەوسەر پاسێک وەرگەڕاوە و بەھۆیەوە سێ کەس گیانیان لەدەستداوە و ١٠ کەسی تریش برینداربوون.
ھاوکات سەردار مۆئمنی سەرۆکی پۆلیسی ھاتووچۆی ئێران لە سەردانێکی بۆ کرماشان و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو پارێزگایە رایگەیاند، ساڵانە زیاتر لە ١٧ ھەزار کەس بە رووداوی ھاتووچۆ لە ئێران گیان لەدەستدەدەن و زیاتر لە ٣٠٠ ھەزار کەسیش بریندار دەبن.
وتیشی، خراپی رێگاوبان و ئامێرەکانی ھاتووچۆ و پابەندنەبوونی شۆفێران بە رێنماییەکان، ھۆکاری سەرەکی رووداوەکانی ھاتووچۆن.
ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ دەنگدان لەسەر درێژکردنەوەی میکانیزمی گەیاندنی ھاوکارییەکان بۆ سوریا کۆبووەوە و بە کۆی دەنگ بڕیاریدا پڕۆسەی گەیاندنی ھاوکارییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە رێگەی تورکیاوە بۆ ھاووڵاتیانی سوریا بۆ ماوەی شەش مانگی دیکە درێژبکاتەوە.
نوێنەری سوریا لە ئەنجومەنی ئاسایش رایگەیاند، ھەماھەنگی تەواو لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان و ئاژانسە مرۆییەکان دەکەن لەپێناو گەرەنتی پێشکەشکردنی ھاوکارییەکان بە ھەموو سورییەکان، وتیشی، ھەندێک لە وڵاتی رۆژئاوا کارە مرۆییەکانیان بە سیاسی کردووە ئەوەش نەھامەتییەکانی گەلی سوریای زیاتر کردووە، نوێنەری سوریا داواشی لە وڵاتانی کۆمەکبەخش کرد پابەندی بەڵێنەکانیان بن بۆ پارەدارکردنی پلانی وەڵامدانەوەی مرۆیی لە سوریا.
نوێنەری ھەمیشەیی روسیاش لە ئەنجومەنی ئاسایش دووپاتیکردەوە، سزاکانی رۆژئاوا بۆ سەر سوریا فاکتەری سەرەکی بوون لە تێکچوونی رەوشی مرۆیی لەو وڵاتە.
میکانیزمی گەیاندنی ھاوکارییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سوریا لە ساڵی ٢٠١٤ەوە دەستیپێکردووە و زیاتر لە ٤ ملیۆن و ١٠٠ ھەزار کەس لە باکوری رۆژئاوای سوریا پشت بەو ھاوکارییانە دەبەستن.
پێگەی "زە ھێڵ"ی ئەمریکی لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە ئاشکرای کرد، جۆ بایدن پلانی خۆکاندیدکردنەوەی بۆ خولی دووەمی سەرۆکایەتیی وڵاتەکەی ھەیە و ئێستا لە ھەرکاتێک نزیکترە بۆ خۆکاندیدکردنەوە و بە نیازە مانگی داھاتوو خۆکاندیدکردنەوەی رابگەیەنێت.
ئەگەری خۆکاندیدکردنەوەی جۆ بایدن بۆ خولی دووەمی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، نیگەرانی لای بەشێک لە دیموکراتەکان دروستکردووە، ئەوەش بەھۆی زۆری تەمەنی بایدن، کە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو تەمەنی بووە ٨٠ ساڵ و لە چەندین بۆنەشدا ھەڵەی بەرچاووی کردووە، کە بووەتە جێگەی رەخنە.
عەبدولزەھرە ھنداوی وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لە ساڵی ٢٠٢٢ رێژەی ھەژاری گەیشتووەتە ٢٥٪ی کۆی ژمارەی دانیشتووان، رێژەکە بەراورد بە ساڵانی ٢٠١٩ و ٢٠٢٠ زیادیکردووە، کە لەو ساڵانەدا ٢٠٪ی تێنەپەڕاندووە.
وتیشی لێکەوتەکانی قەیرانی دارایی و ڤایرۆسی کۆرۆنا و راوەستانی چالاکییە ئابوورییەکان و دابەزینی نرخی نەوت و راوەستانی پڕۆژەکان، ھۆکارەکانی بەرزبوونەوەی ئاستی ھەژاریین.
وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق راشیگەیاند، وەزارەتەکەیان زۆر ھەوڵیان داوە کە سەرژمێری ئەنجام بدەن بەڵام رەوشی سیاس و تەندروستی نەبوونی بوددجە رێگربوون لە ئەنجامدانی بەڵام وەزرەت بەردەوام دەبێت لە ھەوڵەکانی بۆ ئەوەی بتوانن لە ماوەیەکی کورتدا سەرژمێری ئەنجامبدەن.
ئۆڵف کریسترسۆن سەرۆک وەزیرانی سوید بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، تورکیا لە مانگی ئایاری رابردووەوە بۆتە رێگر لەبەردەم بەئەندامبوونی سوید و فینلەندا لە ناتۆ ، وتیشی، تورکیا بەردەوام جەختدەکاتەوە لەوەی کە ئەوەی بەڵێنیان دابوو جێبەجێیان کردووە، بەڵام ھەندێک مەرج و داواکاریی تری تورکیا ھەیە قبوڵیان ناکەن و ناتوانن جێبەجێیان بکەن.
تورکیا بۆ بەئەندامبوونی سوید و فینلەندا لە ناتۆ، ژمارەیەک مەرجی بۆ ھەردوو وڵات داناوە، بەتایبەت رادەستکردنی داواکراوان ، لەماوەی رابردووشدا سوید سێ داواکراوی رادەستی ئەو وڵاتە کردۆتەوە.
بە پێی میدیاکانی رۆژئاوا، سوپای تورکیا لە ناوچەکانی" ئارتوکلو و نوسەیبین و قۆسەرەی ماردین" کە نزیکن لە سنورەکانی باکوور و ڕۆژھەڵاتی سوریا، ناوەند و بنکەی سەربازی نوێدەکاتەوە، گوندنشینەکانی ناوچەکەش ناڕازین لە دروستکردنی ئەو بنکانە و ئاماژە بۆ ئەوەدەکەن، نابێت ئەو بنکانە لە نزیک گوندەکانیان دروستبکرێت و گوندەکانیان وەک قەڵغان بەکار بھێندرێت.
ھاوکات لە ناوچەکانی"ئارتوکلو و نوسەیبین و قۆسەرە" شوێنە کۆنە سەربازییەکان دەگۆڕێن و دەگوازرێنەوە و شوێنە کۆنەکانیش مین ڕیژ دەکرێن و کامێرای چاودێریشیان تێدا جێگیر دەکرێت.
ھەروەھا لەو ناوچانە خاڵی پشکنینی سەربازی دادەنرێت و دەبێت گوندنشینانی ئەو ناوچانە بەردەوام ناسنامەیان پێبێت لەبەر ئەوەی لێکۆڵینەوە لە ناسنامەکانیان دەکرێت.
لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا ١٥ مین خولی دەنگدان بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکی نوێ ئەنجامدراو، کیڤن مکارسی سەرکردەی کۆمارییەکان توانی متمانەی زۆرینەی پەرلەمانتاران بەدەستبھێنێت و ببێتە سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران لە شوێنی نانسی بیلوسی سەرکردەی دیموکراتەکان.
ھەرچەندە کۆمارییەکان زۆرینەی ئەنجومەنی نوێنەران پێکدەھێنن و خاوەنی ٢٢٢ ئەندامن، بەڵام بەھۆی ناکۆکی نێو ئەندامانی فراکسیۆنەکان، لە ١٤ خولی دەنگداندا کیڤن مکارسی تەمەن ٥٧ ساڵ نەیتوانی دەنگی پێویست بھێنێت ، ئەوەش جاری یەکەمە لە دوای ساڵی ١٨٥٦ کەلەو ساڵەشدا ١٣٣ خولی دەنگدان بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆک بەڕێوەچوو.
ئاژانسی ئیرنا لە زاری ئەمیر لاجوردی سەرۆکی کۆمپانیای ژێرخان لە ئێران بڵاویکردووەتەوە، لە ماوەی دوو شەوی رابردوودا زنجیرەیەک ھێرشی ئەلیکترۆنی کراوەتە سەر بانکی ناوەندی ئێران و ژمارەیەکی زۆر دامەزراوەی دارایی و کۆمپانیاکانی تایبەت بە ئینتەرنێت و پەیوەندیکردن.
راشیگەیاندوە، توانیویانە سەرجەم ھێرشە ئەلیکترۆنییەکان پوچەڵ بکەنەوە و رێگەیان نەداوە ئامانجەکەیان بپێکن، بەڵام ئەوەی روویداوە گەورەترین ھێرشی ئەلیکترۆنی بووە کە تائێستا کرابێتە سەر دامەزراوە رەسمی و حکومییەکانی ئێران.

کارین جان بیار وتەبێژی کۆشکی سپی ئەمریکا رایگەیاند، لە چوارچێوەی بەردەوامی ھاوکارییە سەربازیی و مرۆییەکانی وڵاتەکەی بۆ ئۆکراین، لە چەند رۆژی داھاتوودا کاروانێکی تری ھاوکاری سەربازیی بە بەھای زیاتر لە سێ ملیار دۆلار رەوانەی ئۆکراین دەکەن، وتیشی، ھاوکارییە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ سوپای ئۆکراین ژمارەیەکی زۆر تانک و زرێپۆش و تۆپھاوێژ و چەندین جۆری مووشەک لە خۆدەگرێت.
لورا کوپەر جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەمریشکاش رایگەیاند، لە چوارچێوەی ئەو ھاوکارییە نوێیەدا زیاتر لە چوار ھەزار مووشەکی جوجو لە جۆری زونی دەدەنە ئۆکراین.
ھاوکات جۆن کیربی رێکخەری پەیوەندییەکانی کۆشکی سپیش رایگەیاند، پێشبینی ناکەن لە چەند مانگی داھاتوودا شەڕ لە ئۆکراین کۆتایی بێت، بۆیە بەگرنگی دەزانن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ھاوکاری ئەو وڵاتە بکەن بە تایبەتی لە رووی سەربازییەوە.